ئەحمەد ڕەسوڵ: ئۆلیگارشیزمی کوردایەتیی، هیستییریانە لە پارەکێشانەوە و ڕووتاندنەوەی خەڵکدا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کلیپتۆکراسیی کوردایەتیی، تەنها شتێک کە بیریلێدەکاتەوە، بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ “بە ملشکاندنیی یاسایی و داتاشینیی یاسایی بۆی”، پلان و پڕۆژەی بۆ دەخاتە گەڕ، کردنی هەموو شتێک و هەموو خزمەتگوزارییەک بەپارە، چەند قاتکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشتر بە بڕێک پارەی کەم و ڕەمزیی بوون، هەروەها تاڵانکردن و داگیرکاریی بۆ هەر شتێک و هەر شوێنێک کە چاویان بچێتە سەریی و بیریلێبکەنەوە و بە خەیاڵیاندا بێت.

سیستمی کامێرای ڕووتاندنەوە و سەرانەسەندن
بە گوێرەی زانیاریی من و تا ئەو شوێنەی ئاگاداربم لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایە” لە هیچ شارو ناوچە و وڵاتێکدا ئەم شێوازە لە چاودێریی چڕ و کۆنتڕۆڵکردنە توندەی شەقام و ڕێگاوبانەکان بە تۆڕێکی چڕی پێکەوە گرێدراویی کامێرا، بە سیستمی داهێنراوی خۆیان پۆینت تو پۆینت نەوەکو هەر نییە، بەڵکو بڕواناکەم لە ئاییندەشدا هەبێت، کە ئامانجی یەکەم و سەرەکیی لەم داهێنانەی چەتەگەرییەکەی کوردایەتیی، ڕووتاندنەوە و سەرانەسەندنە هەڵبەت لە هاوڵاتییانی سادە و ئاسایی نەوەکو وورگ و سەرە زل و بەتاڵەکان کە ئەویش داتەکاندنی گیرفانی خەڵکە و کەڵەکەکردنی زیاتری خواکەیانە کە پارە و پارە و پارەیە.

بەربەریزمی داگیرکاریی هەر زەوی و شوێنێکی بەنرخ.
لەسەر بنەمای زانیاریی نا، بەڵام هەر ئاوا ئەوەی من بیزانم، لە دوای نیوەی سەدەی بیستەمەوە و لەوکاتەوەی ئوتۆمبیل زۆر بووە لە شاری سلێمانیی، تێرمیناڵی تاکسیی و پاصی شارەکانی تر “ناسراو بە گەراجی بەغا” لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی پیشەسازیی سلێمانیی بووە و لەگەڵ ئەوەی خەڵک لەگەڵ شوێن و ناوچە و هەڵکەوتەی تێرمیناڵەکە ڕاهاتبوو و بووبووە بەشێک لە مێژوو، کلتور و ئاگایی کۆمەڵیی خەڵکی شارەکە و هێڵی پاصی تایبەتیی هەبوو “لە گەراجی پاصەکانی مەیدانی دارەسووتاوەکەوە”.
ئایا چ نهێنیی و حیکمەتێک لە گواستنەوەی ئەو تێرمیناڵەدایە بۆ 25 کیلۆمەتریی دەرەوەی شاری سلێمانیی؟
نهێنیی و حیکمەتێک لەم کارە شەرمئاوەرانە و هەنگاوە بەد و وێرانسازە وەک یەکێک لە زنجیرەی هەنگاوە وێرانسازییەکانی عیمرانی شار و تێکدانی سیما و ئادگاریی مەدەنیی و ژیاریی شاری سلێمانیی، جگە لە پارەی مۆڵی وەدەستهاتووی بەشبەشکردن و پارچەپارچەکردنی زەوی گەراجی بەغا و کردنیان بە پێشانگای ئۆتۆمبیل فرۆشیی، زیاتربوون و قورسکردنی تێچووی گەیشتنی خەڵکیش بە تێرمیناڵە تازە بێ هیچ خزمەتگوزارییەکە (کرێیی تاکسیی لە شارەوە تا تێرمیناڵە تازەکە 8 هەزار تا 10 هەزار دینارە، لە کاتێکدا نرخی کرێی پاص لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر هەم لە گەراجی بەغا “تێرمیناڵە کۆنەکە” وە و هەم لە تێرمیناڵە تازەکەوە 8 هەزار دینارە) لەگەڵ کاتێکی زیاتر و ماندووبوونێکی زیاتر و سەرەڕای ئەوەش کە بەشێک لە تاکسییەکانی ناوشار ناچن، بە تایبەتیی بەیانیانی زوو، بە ملی خەڵک و بە جەههەننەم لە ڕوانگەی نزم و دیدی تەڵخ و تاریکی دەسەڵاتداران و پارەپەرستانی بڕیاردەری شارەکەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت