دانا مەنمی: دۆخی ئێستای عێراق و پارتی چۆن عێراقێکی دەوێ؟!

دۆخی عێراق لە دوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتی ڕزگاری نیشتیمانی لە نێوان ( سەدرو بارزانی و حەلبوسی و خەنجەر) ناسەقامگیرترەو و هیچکات عێراق دۆخی وا ترسناکی وەکو ئەوەی ئێستا بەخۆوە نەدیووە، هاوپەیمانێتی ڕزگاری نیشتیمانی پاڵپشتی گەورەی ئیقلیمی هەبوو هەریەک لە وڵاتانی ( تورکیا و ئیمارات و سعودیە ) ڕۆڵیان هەبووە لە دروستکردنیداو ئامانجیشیان لە دروستکردنی ئینقازی نیشتیمانی بۆئەوەبوو کە زیاتر دەستکراوەبن لە دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی لەعێراق داو توانیان ململانێ نێوخۆییەکانی نێوماڵی شیعە و پێکهاتەو هیزە سیاسیەکانیان تۆختر بکەنەوە، بۆیە ئینقازی نیشتیمانی هێندەی کاری لەسەر لێکترازانی سیاسی دەکرد هێندە کاری بۆ یەکڕیزی و تەبایی سیاسی لە عێراق نەدەکرد لەپاڵ ئەمانەشدا سیمای ئەجێندای دەرەکی بە هاوپەیمانەتییەکەوە دیار بوو وە بێ ئاگابوون لەوەی کەوتبونە ناو گەمەیەکی ئیقلیمی و لە پیناو مەسلەحەتی حیزبی و خیزانی و تائیفی رێگربوو لە هەلبژاردنی سەرۆک کۆمارو سەرۆکێکی نوێی وەزیران بۆ عیراق کە دواجار عێراق کەوتە ناو بۆشایی یاسایی و دەستورییەوە و بەم دۆخەی ئیستا گەیشتووە!
دابەشبوونی کوردو شیعەو سوننە بەسەر بەرەی ئێرانی و تورکی بە ئەگەری زۆرەوە نەک کێشەو ئاڵنگارییەکان لە عێراق چارەسەر ناکات، بەڵکو ئەگەری ئاڵۆزتریشی لێ دەکرێت، لەپاڵ ململانێی نێوماڵی شیعە کە هەموو پرەنسیپ و وادە دەستوورییەكانی شكاندووە ململانێی و عوقده‌ی تائیفی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە بەغداد گه‌وره‌ترین كێشه‌ی نێوماڵی كورد و هێزە سیاسییەکان بووە، ڕێکەوتنێکی بارزانی لەگەڵ (سەدرو حەلبوسی و خەنجەر) بە ناوی تێکشکاندنی سیاسەتی تەوافوقی سیاسی و دروستکردنی حکومەتی ئینقازی نیشتیمانی قسەی قۆڕو بێ مانا بوو نەک نەیتوانی حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت، بەڵکو ڕۆڵێکی خراپی گێرا لە تێکدانی ئەو تۆزە هاوسەنگییەی کە بە هۆی تەوافوقەوە بونیاد نرابوو، کورد هیچ سودێکی لەو ڕێکەوتنە ژێر بە ژێرانەی پارتی نەبینیووە کە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئەنجامی ئەدات، تاکە خەم و خەونی پارتی لە بەغداد پاراستنی بەرژەوەندیی حیزبی و خێزانی و خەونی پارتیش بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقە کە لە هەموو هەلبژاردنێکدا بەربژێری هەبووە.
هاوپەیمانەتیەکەی (بارزانی و سەدرو حەلبوسی و خەنجەر) توانیان دانیشتنەكانی پەڕلەمانی عێراق پەك بخەن و وڵات بکەوێتە ناو بۆشایی یاسایی و دەستورییەوە، واتە نە سەركۆمار هەڵبژێرن و نە حكوومەتیش دێتە پێكهێنان کە دیوی پشتەوەی نە سەرۆککۆمارو نە حکومەت سیناریۆو ئەجێندایەکی تورکی بوو کە هاوپەیمانەتیەکەی کۆتوبەند کردبوو پارتیش وەک بەرەیەکی هاوپەیمانەتیەکە ئەلقە لەگوێی ڕاسپاردەکانی تورکیا بوو لە بارەی عێراقەوە و ترسیان هەبوو لە هەنگاوەکانیان کە دڵی تورکیا نیگەران بکات، بۆیە هێشتنەوەی دۆخەكە بەو شێوەیە رەنگە بۆ پارتی باشتر بێت، تێکچوونی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا هەتا لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر شنگال و ئابڵوقەدانی موسڵ بە پاساوی پەکەکە هەر لە سودی پارتی و بەشێک لە سوننەکانەو ئەم هاتنەی تورکیایان پێباشە! هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە عێراق لاوازە پڕە لە دەستێوەردانی هەرێمایەتی و ڕێگاش بۆ دەستێوەردانی زیاتر خۆش دەکرێت.
پارتی لە واقیعدا دەیەوێت کە عێراق بە جۆرێک هەبێت کە توانای دەوڵەتداری و لێپرسینەوەو کۆکردنەوەی داهات و سەروەری یاساو سزادانی تاوانباران و پاراستنی سنورەکانی لەگەڵ دراوسێکانیدا نەبێت، مەسەلەن هەمان ئەزموونی شکستخواردی کابینەی نۆیەم لە شەڕی نان و ئاوو کارەباو سوتەمەنی و بێکاری و ئازادی و نەبوونی موچە بگوازنەوە بۆ عێراق و لە واتا ڕاستەقینەکەی حکومەتداری دایبماڵن و هەموو پرەنسیپ و موراڵ و بەها دیموکراتیەکان ژێر پێ بخرێت و خەسڵەتی فرەیی لە عێراقدا نەمێنێت و جێگای ئەو تۆزە لە جیاوازی ئاین و کەلتورو نەتەوەو گروپی جیاوازی تێدا نەمێنێتەوە.

دانا مەنمی