سەرکۆ یونس: هەڵگرتنی باج و رسوماتی سەر ماددەخۆراکییەکان و چەند سەرنجێک.
هەرێمی کوردستان، لەدوو سەرچاوەوە ماددەخۆراکییەکانی دابین دەکات، یەکەم بازاڕ و دووەم کۆبونی خۆراکی وەزارەتی بازرگانی.
پێداویستییەکانی خۆراک و خواردەمەنی، بەڕێژەی (90%) لەدەرەوە هاوردە دەکرێن، دەرئەنجامەکانی داگیرکاری ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ووشکەساڵی وکۆرۆنا و بەرزی نرخی نەوت وسوتەمەنی و چەند کێشەو قەیرانی جیهانی وهەرێمایەتی، زیادبوونی کرێی تێچونی گواستنەوە و عەمبارکردن لەبەندەرەکانی گواستنەوە، هەموو ئەمانە کاریگەری خراپیان لەسەر داهات وئابوری و بازاڕی وڵاتانی بەکاربەر دروست کرد، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش، بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ، بەرزبونەوەی نرخەکانی بەخۆوە بینی.
حکومەتی هەرێم، لەڕێگای وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدڕاڵەوە، بەپاڵپشتی یاسای ئاسایشی خۆراک، کەلەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کرا، بڕەکەی بەنزیکەی 25 ترلێۆن دینارە، هەندێ لەسەبەتەی خۆراکی سەرەکی دابەشدەکات بەسەر سەرجەم دانیشتواندا، بێ گومان دابەشکردنی خۆراک لەڕێگای بریکارەکانەوە، تاڕادەیەک بازاڕەکانی لەشڵەژان ڕزگار کردووە، هەنگاوێک لەهاوسەنگی نزیک کردووەتەوە.
حکومەتی هەرێم، لەماوەی رابردودا، بەبڕیارێک باج وڕسوماتی لەسەر نزیکەی 14 ماددەی خۆراکی سەرەکی، کەپێویستی ڕۆژانەی بەکاربردنی کۆمەڵگان، هەڵگرت و لەئێستادا وەرناگرێن، واپێدەچێت بڕیارەکە بۆ جارێکی تریش لەئەنجومەنی وەزیرانەوە، درێژبکرێتەوە.
بێگومان، ئەم بڕیارە تاڕادەیەکی باش کاریگەری لەسەر بازاڕ و هاوسەنگی لەنێوان خواست وخستنەڕوودا دروست کرد، تاڕادەیەکیش هەڵاوسانی لەهەرێمدا خاوکردەوە و ڕێژەیەک لە بارگرانی سەرشانی هاونیشتمانیانی سووککرد.
ئاشکرایە، ئەم بڕیارە دراسەکراوە لەلایەن حکومەتەوە، خۆشبەختانە ڕەنگدانەوەی کاریگەری بڕیارەکە بەسەر بازاڕدا ئەرێنی بووە، سەرەرای کەمی داهاتی خێزانەکان، بەڵام تاڕادەیەکی باش، هاوکارو یارمەتیدەر بووە.
بەڵام ئەوەی گرنگ بێت لەم بڕیارەدا و پێویستە ڕەچاوبکرێت، پێویستە کاتەکەی زیاتر بێت، چونکە گواستنەوەی شمەک وکاڵاکان ماوەیەکی پێویستە، بەهۆی ئاستەنگەکانەوە ماددەخۆراکییەکان لەوڵاتانی هەناردەکارەوە تادەگاتە دەستی بەکاربەران لەهەرێمدا، کەزۆربەی کات، زیاتر لە 3 مانگە.
هەروەها، زۆر گرنگە وەزارەتی بازرگانی، بەووردی دراسەی پێویستییەکانی کۆمەڵگا بکات، بۆئەوەی بڕیارەکە لەلایەن هەندی کەس و لایەن و بازرگانەکانەوە نەقۆزرێتەوە و بازارەکانی هەرێم پڕبکەن لەماددەخۆراکییەکان.
لەلایەکی ترەوە، بۆئەوەی قەبارەی هاوردەکراوی ماددەخۆراکییەکان گەورەتر نەبێت، زیاد لەپێویست نەبێت. هەروەها چونکە ماددەخۆراکییەکان لەماوەیەکی دیاریکراودا بەسەردەچن و کەڵکی بەکارهێنانیان نامێنێت، گرنگە قەبارەی دیاریکراو و کواڵیتی باش هاوردە بکرێن.
هەرئەمەش لەڕاپۆرتەکانی لیژنەکانی چاودێری بازرگانی و قائیمقامییەتەکانەوە، رۆژانە گوێبیستی دەستبەسەراگرتنی چەندین تەن لەماددەخۆراکیەکان دەبین، کەماوەکەیان بەسەرچووە. ئەمە جگەلە زەرەرو زیانی ئابوری کە بەدەیان ملیۆن دۆلارە و زیانی تەندروستی گشتی و نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بەتایبەتی، لەسەر کۆمەڵگا.
بێ گومان، درێژکردنەوەی بڕیارەکە، لەجێگەی خۆیدایە، چونکە هێشتا کاریگەرییەکانی کێشەو قەیرانەجیهانی و هەرێمایەتییەکان ماوە و بەردەوامە. ڕاستە داهاتی حکومەتی هەرێم، لەبابەتی باج و رسومات کەم دەکات، بەڵام لەبەرئەوەی بڕیارەکە، لەبەرژەوەندی گشتی یە، هەنگاوێکی ئیجابی یە.
بۆئەوەی لەم دەردەسەریانە ڕزگارمان بێت، واقعیانەیە حکومەتی هەرێم، بگەڕێتەوە بۆ کەرتی کشتوکاڵ و دەرامەتە ئابوریەکانی ئەم کەرتەستراتیژییە بەکاربخرێنەوە، لەڕێگای بودجەییەکی گەورەو پلانی زانستی و مەیدانی، تاهیچ نەبێت، بتوانرێت خۆراک و خواردەمەنی بۆ دانیشتوانی هەرێم دابین بکرێت، ئاستی خۆژێنی بەدەست بهێنرێتەوە، چیتر پێویستیمان بەو قەبارەگەورەیەیی هاوردەکردنی ماددەخۆراکییەکان نەبین.
* ئابووریناس
- بابەتەکانی تری سەرکۆ یونس
-
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
- -
سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
- -
سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts