شـــوان خورشــــید: چۆن کەرکوک بکەینە شاری پێکەوەژیان؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەرکوک شارێکە جیاواز لە شارەکانی دەوروبەری و تەنانەت لە هیچ شارێکی تری ووڵات ناچێت، جیاوازیەکەشی بونی فرەنەتەوەیی و فرە ئاینییە و هەر یەک لە نەتەوەکان خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی کەرکوک ئەژمار دەکەن و بە هۆی دروستبونی ئەو ناکۆکیانەی نێوان پێکهاتەکانەوە، ڕق و قینەو ناکۆکی و دوبەرەکێی زۆر کەوتۆتە نێوان دانیشتوانەکەیەوە ،کە لە دێر زەمانەوە لەژێر یەک بنمیچ و ڕوبەرێکی دیاری کراوی شارەکە، پێکەوە بە بەرژەوەندی هاوبەشەوە دەژین و هەر ڕوداوێکی ئەرێنی و نەرێنی ڕووی لە شارەکە کردبێ بەرۆکی سەرجەم پێکهاتەکانی گرتۆتەوە بەبێ جیاوازی،جا ئەو ڕوداوە سروشتی بوبێت یان سیاسی و ئابوری و سەربازی.
سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک بە کوردو عەرەب و تورکمان و مەسیحیەوە، بە سونەو شیعەو بەهائی و کاکەی و سائیبیەوە، ئەوەی کۆی کردونەتەوە پێی دەڵێن کەرکوک،کەواتە بمانەوێت و نەمانەوێت دەبێت لەگەڵ ئەو ژینگە ئاڵۆزەی کەرکوک هەڵ بکەین و باشترین بژاردەی بەردەمیشمان بریتییە لە خۆگونجاندن لە گەڵ کەشی ململانێ و ئەو بەریەکەوتنانەی کە هەیە، بەڵام دەبێ لەو ڕاستیە بگەین کە کەرکوک چارەنوسی هەموانەو هەموان بە خۆشی و ناخۆشی لە ڕوبەرێکی ئاڵوزکاوی وەک کەرکوک کۆی کردوینەتەوە، بۆیە دەبێت تاک بە تاکی پێکهاتەکان بە بیروڕا ئاینەکانیانەوە ئەوە بزانن چارەنوسیان کەرکوکەو دەبێت هەموان کار بۆ ئەوە بکەین وەک کەرکوکی یەکتر قبوڵ بکەین، پەرە بە پەیوەندی برایەتی بدەین لە شارەکەدا، بە جۆرێک هەموو ئەو هۆکارانە دەستنیشان بکەین کە دەبێتە هۆی ناکۆکیەکان وهەوڵ بدەین چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە،لەگەڵ سەرجەم ئەو چارەنوسە هاوبەشانەی نێوانیان و پەرەپێدانیان،بە مەبەستی زیاتر لێک نزیک بونەوەو لێک گەیشتن،لەبەر ئەوەی کەرکوک لەڕوی ئەنتۆگرافیەوە نەک لە شارێک، بەڵکو لە وڵاتێکی بچوک ئەچێت دەبێ کار بۆ ئەوە بکرێت چارەنوسی هاوبەش، ژیانی هاوبەش، بەرژەوەندی هاوبەش پەرە پێ بدرێت، تا سەرجەم پێکهاتەو ئاینزاکانی شارەکە لەو ڕاستیە بگەن کە هەموان کەرکوک چارەنوسیانەو بە ئاشتیانەو لێکگەیشتن ژیانێکی تەندروست و دوور لە تەشەنوج فەراهەم بکەن نەک ئەوەی کە هەیە،چونکە گەر کەرکوکیەکان بیریان بەگەڕ نەخەن لە جیاتی برایەتی و پێکەوە ژیان دۆخێکی ئاڵۆزوو پڕ لە کێشمە کێش و تەنگ و چەڵەمە بۆ خۆمان دروست دەکەن، بەجۆرێک داهاتوی نەوەکانی داهاتوو ڕوبەڕوی مەترسی دەکەنەوە،بۆیە دەبێت تاک بە تاکی دانیشتوانی کەرکوک کار بۆ پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن بکەن، بە تایبەت ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسانی شارەکە دەبێت پێشەنگ بن لەو پرۆژەیەدا و لە هەوڵی ئەوەدا بن هەرچی دەکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی پێکهاتەکانی کەرکوک دریغی نەکەن و ڕێگا چارەی پێویست دەستەبەر بکەن بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی کەرکوک لەو ڕاستیە بگەن کە چارەنوسی هەموان پێکەوە گرێ دراوەو دوا بژاردەی سەرجەمیان، یەکتر قبوڵکردن و دەست خستنە نێو دەستی یەکە لە پێناو ژیانێکی ئارام و پێکەوە ژیانی سەرجەم خەڵکی کەرکوک بە جیاوازی نەتەوەیی و ئاینیشیانەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت