عیماد عەلی: خودپەرستی لە ماجەرای جامی جیهانەوە دەرکەوت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە تەمەنی خۆم، ئەوە نزیکەی دوانزە خولی جامی جیهانی دەبینم و چاودێری چۆنێتی بەرێوەچونی یاریەکان و کاروباری وەرزشی و مامەڵە لەگەڵ تۆپ و رەوشت و بۆچونی ولاتانم لەمەرٍ بیرکردنەوە و ژیانیان لەو چوار گۆشەیەدا بۆ روون بۆتەوە. زۆرینەی ئاهەنگەکانی کردنەوەی خولەکانم بینیوە، زۆر بە وردی دیقەتی مامەڵەی تیپەکانم لەگەڵ یەکدی و لێدوانەکان و رەفتاری وەرزشیانەی هەموو تیپەکانم لەبەر چاو بووە و رەخنەی زۆرم لە رەفتاری زۆرێک لە وڵاتان هەبووە و هەمیشەش قسەم لەسەر ئەوە هەبووە کە ڤیڤا یەکەم لایەنی خەتابارە کە ئەم پاڵەوانێتیەیان لە گەوهەری وەزشیانەی خۆیان بە هۆی پارەو بەرژەوەندی مادیەوە پۆچەڵ کردۆتەوەو ئەم یاریە جەماوەریەیان وا لێکردووە تەنها خۆی لە چۆنێتی بەدەستهێنانی پارە بدۆزێتەوە و لە کۆتاییشدا پارە و نەوت بونە هۆکاری ئەوەی راکێشانی خولەکە بۆ وڵاتێک کە تا سەر ئێسقان پرٍ پرٍە لە ئایدۆلۆجیا و عەقیدە و بیری ئایینی و فکری سیاسی تاکرەوانە و ناوەندی ئیسلامی سیاسی و لەبەر چەندی هۆکاری سیاسی ئەکەر نا ئیسلامیش بێت ئەم وڵاتە بۆتە سەرچاوەی هەڵقوڵاوی فکری ئەخوانی.
پێشتر بیرمان لەوە کردەوە، بەڵکو ئەم وڵاتە لەم بوارەدا پەند لە خولەکانی پێشووی بینیبێت و وەکو روحی وەرزشی بەدوور لە هەر کەموکورتیەک مامەڵە لەگەڵ تۆپی پێدا بکات و وەرزش وەک گوێرایەڵی و خۆشەویستی و رێزگرتنی بەرامبەر ببینێت.
هەر لە دەستپێک و ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتیەکەوە، تاکرٍەوی و خودپەرستی و دەربرٍینی عەقیدی و ئایینی و فکری ئیخوانیانە لە ناوەخنی ئاهەنگەکەیاندا بەجوانی دەرکەوت. هەر لەیەکەم چرکە ساتەوە چەندین پرسیارم لا دروست بوو:
* ئایا لە کام پاڵەوانێتیدا بیرو هزر و عەقیدە و ئایین و رەمزی ئایینی زەق کراوەتەوە، لە پاڵەوانێتەکەی قەتەری سەرچاوەی گەشەپێدانی ئبخوان نەبێت؟
* ئایا لەکام پاڵوانێتی زەنگی کەنیسە لێدراوە یان ئنجیل و تەورات خوێندراوەتەوە تاوەکو لە نێو مەیدانی تۆپێندا قورئان ئەزبەر بکرێت و منداڵی خوار هەژدە ساڵ پەڵکێِش بکرێت بۆ دەرخستنی رەمزی ئایینی گەوران تەلقین بکرێن؟.
* ئایا لە کام پاڵەوانێتیدا کۆمەڵە شیعارێکی ئایینی تایبەت لە کوچە و کۆڵان و گۆرٍەپان و دەشت و دارو بەرد هەڵکراوەو تایبەت بووە بە ژمارەیەک خەڵک کە لە چاو ژمارەی هەڵگری ئایینەکانی دیکە کەمینە بن؟
* ئایا فەرمانە گشتیەکان و ریزبەستنی کردەوە و فەرمانی سەپاندنی بیری تایبەت و فەرزکردنی پرەنسیپی قەدەغەکراوەکان بەقەد ئەم پاڵەوانێتیە لە هیچ کاتێکدا فەرز کراوە؟
* ئایا لە هیچ پاڵەوانێتیەکی پێشتردا، کەس وێنەی کڵێسا و قوبەی پەرستگای جووەکانی بینیوە فەرزکرابێت بەسەر هەڵگرانی ئایینی ئیسلامدا؟
لەمبارەوە ئەوەمان بۆ روون بووەوە، کە ئەگەر پاڵەوانێتیەکانی پپَشتر فێری کەلتوری لێبوردەیی و رێزگرتن لە بەرامبەر و تۆلیرانسی فراوانی کەسی و کۆمەڵایەتی و لەخۆبوردویی کردین، بەڵام ئەمجارە فێری کەلتوری تاکرەوی و خۆ بەزلزانی و خودپەرستی و باڵاکردنی خود و فەرزکردنی کەلتوری زەقی ئایینی تایبەت بە خود کردین و، دەرکەوت ئەو بۆچونە تەسکبینانە بە زەقی خۆی فەرزکردووە بەسەر پاڵەوانێتیەکەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت