سارا موحەمەد عەلی: بە درێژایی مێژووی سیاسیی رووسیا دۆستێکی باشی کورد نەبووە.

لە سیاسەتە بەرژەوەندیی نەتەوە، ماک و جەوهەری سیاسەتە. بە تایبەتی سیاسەتکردن لەگەڵ وڵاتاندا، چونکە بە بێ بوونی بەرژەواندی نەتەوە مانای نیەو ناتەواوە. ئەوەی جێگەی داخە کورد سەرەرای ئەوەی خۆی بە نەتەوە پێناسە دەکات، بەڵام نەیتوانیوە بەرژەوەندی خۆی دیاری بکات. بۆ زیاتر لە سێ سەد ساڵ دەچێت ڕووسیا پێگەیەکی بەهێزو دیاری هەبووە لەناو زلهێزەکانی جیهاندا. لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی کاریگەریشەوە لە سەر ئاستی جیهان و کیشیوری ئاسیا لەو ماوەیەدا کاریگەری باش و خراپی لەسەر پرسە گرنگ و چارەنووسازەکانی ئاسیاو ئەوروپا بە تایبەت هەبووە. لەم نێوەندەشدا ئەگەر تیشک بخەینە سەر کورد دەبینین بە درێژایی مێژوو رووسیا دۆستێکی باشی کورد نەبووە، گەلی کورد لە هەر یەک لە قۆناغەکانی خەباتی کردنی نەیتوانیوە سوودی لێوەربگرێت و رووسیا پاڵپشت و یارمەتیداریبێت بۆ گەیشتن بە خەونە لەگڵندراوەکەی کە خەونی سەربەخۆیە. بۆ دواندن لەم بارەیەوە ئاوڕدەدەینەوە بۆ هەندێک رووداوی مێژووی کە نێوانماندا ڕوویداوە، یاخود هەڵوێستی رووسیا چۆن بووە؟. باسکردن لە هەڵوێستی رووسیا هەر لە سەردەمی رووسیای قەیسەریی، دواتر یەکێتی سۆڤیەت و هەتا رووسیای نوێ فیدڕاڵی ئێستاش، بەرنامەو ستراتیجیەکی ڕوون و ئاشکرایان بۆ پرسی کورد و نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان نەبووە، بەردەوام کوردیان چەواشە کردوە بۆ گەیشتن بە مەرام و خواستەکانی خۆیان. یاخود کوردیان وەک کارتی فشار بەکارهێناوە لە دژی دوژمنەکانیان کاتێک کەوتونەتە گێژاوی سیاسی بۆ خۆ ڕزگارکردن. ئەگەرچی لە هەندێک ڕووەوە سوودیان بە کورد گەیاندوە. وەک سەرهەڵدانی زانستی کوردناسی، زانستێکە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرجەم پێوەرەکانی ژیانکردن و ڕەگەزو بنچینەو زمان و خاکی کوردان. بۆ یەکەمین جار لەلای ڕووسەکانەوە سەریهەڵدا و ناوەندی ئەکادیمیان کردۆتەوە، هەروەها لە زانکۆکاندا لەبەشی ئێراناسی جیاکردۆتەوە، کە پێشتر بەهۆکاری سیاسی وەک بەشێک لێ دەخوێندرا. سەرەڕای ئەوەی چەندین لێکۆڵینەوەیان کردووە بۆ سەلماندنی نەتەوەی کورد بە هۆی میسیۆنەرەکانیانەوە. ئەگەرچی بایەخپێدانیان بەم زانستە بەهۆکاریی پێوستیی و زانیاریی لەسەر کورد بووەو هەروەها چاوتێبڕینە تەماحکاریەکانیان بۆ ناوچەکە و داڕشتنی سیاسەتی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان، لەبەر ئەوە هۆکارەنە دەستیکرد بە دروستکردنی پەیواندی لەگەڵ کوردەکان. بەڵام لەو ساتەوەی ئاشنایەتیمان لەگەڵیاندا دروستکردووە جگە لە ماڵوێرانی و دەردەسەری هیچی تر نەبوون. زۆر کات دەرفەتی مەزنیان لە دەست وەرگرتووین،. ئەگەرچی کورد هەمیشە بە هیوای سوود لێوەرگرتن و پاڵپشتی کردنی ڕووسەکان بووە هەتا ئێستاش بەو ئاواتەوەیە کە رۆژێک لە رۆژان بتوانێ لە رێگای دەستگیرۆیی ڕووس بگاتە خەونەکەی، بەڵام مەخابن نە پێشوتر و نە ئێستاو نە داهاتووش ئەو چاوەڕوانیەی کورد هیچی لێ سەوز نابێت، چونکە هەندێک رووداو کە بە سەر کورد هاتووە هۆکاریی سەرەکی ڕووسەکان بووە. بۆیە ئەگەر کورد، ڕووس وەک دۆست و پاڵپشتی خۆی دابنێیت، ئەوە تەنها خۆی فریو دەدات. بە ئاوڕدانەوە بۆ مێژووی ڕابردوومان و خستنەڕووی هەندێک لە رووداوەکان و هەڵوێستی رووسەکان بەرامبەر بە کورد لە چەند قۆناغێکی مێژوویدا. ئەو ڕاستیە پشتڕاست دەبێتەوە کاتێک لە سەدەی نۆزدەدا رووسەکان و عوسمانییەکان کەوتبوونە گێژاوی شەڕێکی خوێناویەوەو بەردەوام لە قوڵبوونەوەدا بوو، کوردەکان مەیلیان دەخواست بۆ ڕزگاربوون لە بن دەستی عوسمانیەکان، هەربۆیە لە چەند جێگایەکدا یارمەتی ڕووسەکانیاندا، بەڵام کاتێک ساڵی 1881 ڕاپەڕینەکەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری بەرپابوو دژی عوسمانیەکان، کوردەکان بە ئومێدی هاوکاری و پاڵپشتی لێیان داوای یارمەتییان لێکردن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخبوو ڕووسەکان بە نوێنەرو باڵوێزەکانی خۆیان ڕاگەیاندبوو کە بە هیچ جۆرێک یارمەتی لۆجستی و مرۆیی ڕاپەڕینەکەی کوردەکان نەکەن، کە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی شکستی ڕاپەڕینەکە، گەرچی ڕەنگە بە یارمەتیدانی رووسەکان بارودۆخەکە بە جۆرێکی تر بووایە کە ئێستا باسمان لێوە دەکرد و بە جۆرێکی دیکە مێژوو ئەو راپەڕینەی بنوسیایەتەوە. دوای ئەوەی رێکەوتنامەی سایکس بیکۆ لە ساڵی 1916 مۆرکرا لە نێوان زلێهزاکان بۆ دابەشکردنی خاک و ئاوی بن دەستی عوسمانی، کوردستانیش لە نەخشەی ئەو دابەشکاریەدا بوو، بەوهۆیەوە کرا بە چوار پارچەوە بۆ یەکەمین جار ئاوی کوردستان دابەشکرا. رووسیاش وەک یەکێک لە ولاتانی سەرەکی لەو ڕێکەوتنەدا بەشداربوو و مۆری ڕێکەوتننامەکەی کرد و پشکی شێری بەرکەوت، کە یەکێک لە مەرجەکانی مۆرکردنی ئەو ڕێکەوتننامە بەشێکی خاکی کوردستانی پێبدرێت، دواتریش باکووری کوردستانی پێدراو خستیە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی خۆی. تاکو ئەم ساتە وەختە کورد باجی ئەو ڕێکەوتنە دەدات. دواتریش جارێکی دیکە بەهۆی شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 هەڵدەوەشێیتەوە دووبارە بە زیان بۆ کورد شکایەوە، چونکە وایکرد بەریتانیا و فەرەنسا نەرمی بنوێنن لەگەڵ تورکەکان. گەرچی کورد بە چاوی دۆستەوە لێدەڕوانی. هەتا کاتێک شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 ڕوویدا لە رووسیا بووە هۆی ڕووخاندنی دەسەڵاتی قەیسەری ڕووسیا و دامودەزگاکانی و دواتر هاتنی لینین بۆ سەر تەختی دەسەڵات، جارێکی دیکە کوردەکان کۆمەڵێک هیواو ئاواتیان لە سەر ئەو رووداوانەی ڕووسیاو وتارو دروشمەکانی شۆڕش و سەرانی شۆڕش هەڵچنیەوە تاکو یارمەتیان بدەن، بەڵام لە ڕاستیدا نە شۆڕشی ئۆکتۆبەرو نە سەرانی ئەم شۆڕشە لە هەگبەکەیاندا هیچیان بۆ کورد و پرسی کورد پێنەبوو تەنانەت لە بەرنامەشیاندا نەبوو، وەک داواکاریەکی خالید بەگ لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی 1922 خالید بەگ بیرخەرەوەیەک دەدات بە ڕووسەکان داوایان لێدەکات کە هاوکاری و یارمەتی کوردەکان بکەن بۆ گەیشتن بە مافە ڕاوەکانی خۆیان. ئەحمەد تەقی دەڵێ لە جوابی نامەکەی خالید بەگدا رووسەکان ڕایانگەیاندبوو ئەوان ناتوانن یارمەتی کوردەکان بکەن، چونکە نایەنەوێ دۆستە هەمیشەیەکانیان لە دەست بدەن. هەروەها کاتێک کۆنگرەی ( باکۆک ) لە باکۆک سازکرا لینین لە وتارێکدا لەوێ باس لە مافی گەلانی ژێر دەست دەکات، هەر لەو ڕۆژدا نوێنەری کورد لە کۆنگرەکەدا بیرخەرەوەیەکی پێ دەدەن و داوای مافە ڕاوەکانی کورد دەکەن، بەڵام تاکو ئێستا وەڵامی نامەی ئەو هەشت نوێنەرە کوردەیان نەداوەتەوە. سەرەڕای ئەوانەش یارمەتی نەیاراکانی کوردیان دەدا، هەربۆیە یارمەتیدانی دوژمنانی کورد بە شێوەکی ناڕاستەوخۆ، واتە دژایەتیکردنی پرسی کورد لە هەر چوار پارچەکە. وەک ئەو یارمەتیدانەی بزوتنەوەی کەمالی لەساڵی 1919 تا ساڵی 1924 دەگاتە ترۆپی دەسەڵات. رووسەکان بە چەک و پارەو ئازوخەو چەندان رێگای تر یارمەتی و کۆمەکی تورکەکان دەکەن تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە سەرانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بڕە پارەیەکی زۆریان داوە بە بزوتنەوەی کەمالی تا بیکانە بناغەیەک بۆ بزوتنەوەکە، هەندێ لە سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە سەرانی کەمالی باوەریان بە دروشمەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر 1917 نەبوو. تەنها ڕووسیان پێ هەڵخەڵەتاندوە. هەروەها سەرانی ڕووسیا دەستی هاوکاری درێژ ناکەن بۆ هیج یەکێک لە شۆڕشی خۆیبوون و دواتریش شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، بەهەمان ڕێچکەی پێشوتریان دۆست و هاوکاری دژمنانی کورد دەکەن جا چ بە پێگەیەکی ڕاستەوخۆبێیت یاخود ناڕاستەوخۆ. وەک کورد وەتەنی دەلێت: ئەگەر دۆستێکی باشم نیت، چاتێکەری دوژمنیشم مەبە. هاوکات ڕووسیا وەک یەکەمین دەوڵەت دانیا بە سەربەخۆی تورکیای نوێ و دژایەتی ڕێکەوتنامەی سیڤەری ساڵی 1920 کرد کە بەندی (41 – 42- 43) لە بەرژەوەندی کورد بوو لە هەر چوارپارچەکەدا. دواتریش کاتێک مستەفا کەمال ڕێکەوتنی سیڤەری هەڵوەشاندەوە رووسیا پشتگیریەکی زۆرباشی کرد. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک تورکیا ڕێکەوتنامەی لۆزانی بەست و دواتر مۆرکرا، ڕووسیا وەک یەکەمین دەوڵەت پیرۆزبایی گەرمی ئاڕاستەی تورکیا کرد بە هۆی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی بەدەستیهێناوە. بێگومان بەم ڕێکەوتنە کوردەکان هەلێکی زێڕینی مێژوویان لە دەستدا. ڕووسیا خۆی ئەماژەی پێداوە نەیانویستووە بەهۆی یارمەتیدانی کوردەکان دۆستە هەمیشەیەکان لە دەست بدەن کە تورکەکان بوو. هەروەک پێشتر باسمان کرد دروشمەکانی و سەرانی شۆڕش هیوا بەخش بوون بۆ کوردەکان، شۆڕشگێڕانی شۆڕشی بۆلشەڤیی رووسیا بە سەرۆکایەتیی لینین و هاوڕێکانی و جاڕدانی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلان. کوردیش وەک گەلانی داگیرکراو لە جیهاندا هەستیدەکرد دەرگایەکی بە روودا کراوەتەوە. بەڵام کورد لەم شۆڕشەو سەرانی ئەم شۆڕشە لە ڕووی پراکتیکەوە سوودی بۆ نەبوو، تەنها لە ڕووی دروشمەکانی شۆڕش سوودی بینی، بووە هۆی جۆش و خرۆش بە شۆڕشە کوردیەکان و چەندین کەسایەتی دیاری تیدا هەڵکەوێیت بۆ شۆڕشکردن. کاتێک یەکەمین هەرێمی کوردی لە ساڵی 1923 لە سەر خاکی دێرین و مێژوویی خۆیان لەنێوان ئەرمینیای ئێستاو ئازەربایجاندا رووسەکان ئەو هەرێمەیان راگەیاند و بۆ ماوەی 6 ساڵ و تاوەکو ساڵی 1929 مایەوە، بەڵام بە کۆچی دوایی لینین و کەوتنە دەستی سیاسەت لەلایەن ستالینەوە پاکتاوکارییە سیاسییەکان و چەوساندنەوەی گەلان دەستیپێکرد، کە یەکێک لە دیارترین نموونەکانی هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سوور و دورخستنەوەی گەلی کورد بوو بۆ سیبریا و کازاخستان و کۆمارەکانی تری ئاسیای ناوەڕاست. بەو پاکتاوکارییە نەتەوەیی و سیاسییە تاوەکو ئێستا کورد نەیتوانیوە خۆی لەو ناوچەیە بگرێتەوە و ڕێکبخاتەوە. کوردەکان وەک کەمینەیەکی لانەواز لەژێر رەحمەتی سیاسەتەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجاندا ژیانێکی پەراوێزخراوی کولەمەرگی بەڕێوەدەبەن. هەروەها لە دوای لینین کاتێک جۆزێف ستالین دەسەڵات دەگرێتە دەست بە سیاسەتێکی داپڵۆسێنەر دەگرێتە بەر لە بەرامبەر کوردەکان. جۆزێف ستالین گەلی کوردی وەک ئامڕازێک دەبینی بۆ لاوازکردنی پێگەی ئەمریکی و بەریتانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها دوای ئەوەی لە باشووری کوردستان شێخ مەحموود چەندین جار شۆش و خەباتی دژی نەیارانی کورد کرد، بۆ ئەو مەبەستەش شێخ داوای هاوکار لێکردون، کاتێک لە ساڵی 1923 لە رێگای نوێنەری ڕووسیا لە تەبرێز نامەیەک بۆ یەکێتی سوڤیەت دەنێرێت، ئەو نامەیە پڕ لە هەست و سۆزەبوو تیادا شێخ دەنووسێ کە چۆن چەرخی گەردوون گۆڕاوە و ڕوو ئاڕاستە لە ڕووسیایە، داوایان لێدەکات کە یارمەتیان بدەن تا کورد بگات بە مافە ڕەواکانی، بەڵام تاکو ئێستا وەڵامی شێخ مەحموودیان نەدەواتەوە. ئەگەر ئاوڕێک لە رووداوەکانی بەشی کوردستانی ئێرانیش بدەینەوە دەبینین سیاسەتی ڕووسیا لەگەڵ کوردەکانی ئەوێشدا سیاسەتی ناڕوون بو. کاتێک شۆڕشی سمکۆی شکاک سەریهەڵدا، سمکۆ خۆی نامە دەنێرێت بۆ رووسەکان دوای هاوکاریان لێدەکات، بەڵام بە داخەوە ئەمیش بێ وەڵام دەمێنێتەوە. هەروەها دوای ئەوەی لە کۆتای جەنگی دووەمی جیهانیدا ساڵی 1946 کۆماری مەهاباد بەهۆی بۆشایی سیاسی و سەربازی و ئابووریەوە لە ئێران لەلایەن قازی محەممەدەوە دەمەزرا. لە سەرەتاوە لە لایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە پشگیری دەکرا، بەلام دواتر هاوکێشەکە پێچەوانە بوویەوە یەکێتی سۆڤیەت ئەم کۆمارەی لە بەرامبەر پێدانی ئیمتیازاتی نەوتی باکوور لە ئێراندا فرۆشت و دوای یانزە مانگ دەستبەرداری ئەو کۆمارە بوو یارمەتی ئێرانی دا بۆ هێرشکردنە سەری و ڕووخاندنی لە ساڵی 1946. دواتریش قازی محەممەد و هاوڕێکانی لە سێدارەدران. بەهەمان شێوەی سیاسەتەکەی ستالین کە لە بەشەکانی دیکەدا کوردی وەک کارتی فشار بەکاردەهێنا دژی ئەمریکاو بەریتانیا، لە ئێرانیشدا رووسیا کوردی وەک ئامڕازێک و کارتی فشار بەکارهێناوە لە بۆ لاوازکردنی محەمەد ڕەزا شا. لەگەڵ ئەوەشدا سەرانی کورد بە بەردەوامی داوای هاوکارییان لە ڕووسیا کردوە، بەڵام لەڕاستیدا وەڵامەکانیان لە ئاست چاوەڕوانی کوردەکان نەبووە، هەندێکی دیکەشیان هەتا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە. هەمان سیاسەتیش لەگەڵ ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە جوڵاوەتەوە. دوای ئەوەی تورکیاو سووریا ڕێکەوتن دژی ئۆجەلان، لەو سەروبەندەدا ئۆجەلان ڕوو لە ڕووسیا دەکات بە هیوای پشگیری و داڵدەدانی لەلایەن رووسیاوە. رووسیا لە سەرەتادا پێشوازیەکی گەرمی لێکرد لەلایەن ڤلادیمیر ژیرۆنۆڤسکی. بەڵام دواتر ژیرۆنۆڤسکی سەردانی تورکیا دەکات لە رێکەوتنێکی تەمومژاویدا لەگەڵ تورکیادا ڕێکەوت. رووسیا مامەڵەیەکی گەورەی بە ئۆجەلانەوە کرد، لە بەرامبەر ئەوەی چیدی تورکیا هاوکاری و لۆجستی و مرۆیی گروپە چەکدارە ئیسلامیەکانی چیچان نەکات، هەروەها بانکی جیهانیش بەبڕی 10 ملیار دۆلار قەرزی بێ گەڕانەوە بە رووسیا بدات. ئیدی رووسیا ئۆجەلانی فرۆشت وهیچ شوێنێکی بۆ نەهێشتەوە لە خاکی ڕووسیادا. ئەگەرچی تاکو ئێستا رووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕێکخراوی پەکەکەی نەخستۆتە لیستی تیرۆرەوە. بەڵام بۆچی سەوداو مامەڵەیەکی قێزەونانەی بە ئۆجەلانەوە کرد؟! . بۆ کاتێک بکەوێتە گێژاوی سیاسی کورد دەکاتە قوربانی مەرەمەکانی خۆی؟. یاخود بۆچی لە ساڵی 2019 ڕێکەوتنامەی ئەدەنەی ساڵی 1998ی لە بارەی سنوورەوە بۆ تورکیا نوێکردەوە بە مافێکی ڕەوایەتی تورکیای دەزانی؟. ئەمانە هەمووی پرسیار گەلێکە لە کۆتایدا وەڵامی چەندان پرسیار لە بارەی سیاسەتی رابردووی ڕووسیاو داهاتووی رووسیا لەگەڵ کورد دەداتەوە. هەربۆیە بەوپێیە بێیت ئەمەش بەشێکە لە سیاسەت و پلانەکانی. وەک کارتی فشار وایە لەبەرامبەر نەیارەکانیدا، خۆ ئەگەر نا لە بەر کورد نەبووە ئەو رێکخراوەی نەکردۆتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵکو وەک دژایەتی دوژمن بەکاردەهێنێت لە کاتی پێویستیدا. بەهەمان شێوەش قۆناغ بە قۆناغ سیاسەتەکەی هەر بەو ڕێچکەدا بردوە خراپتر بووە باشتر نەبووە. هەربۆیە رووسیا تاکو ئەم ساتەش بە پێ بەرژەوەندیەکانی خۆی مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات. هیچ کات ئامادە نیە خود موختاری بدات بە کورد، ئەگەر لە کاتی ڕیفراندۆمیش پشتگیری دەکرد بە مافێکی ڕەوای کوردی دەبینی. بەڵام ئەو تێڕوانینەی چەند هۆکارێکی لە پشتیەوە بوو گەر نا لە بەر کورد نەبوو. لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی 2017 لەهەرێمی کوردستان سەرەرای دژایەتی تورکیاو عێراق و ئێران و، تا ئاستێک ئەمریکاش، بەڵام ڕووسیا بە پێچەوانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژایەتی ڕیفراندۆمی نەکرد. بۆیە دوو مانگ پیش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سێرجی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزۆنیدا ووتی: کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی تری جیهان مافی خۆیانە کە گوزارشت لە هیواو ئامانجەکانیان بکەن، ئەو ریفاندۆمەی بە نیازیشن لە مانگی سێپتەمبەر ئەنجامی بدەن ئامرازێکە بۆ گەیشتن بەو هیوایە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئامادەباشی روسیاشی دەربڕی بۆ ناوبژیکردنی لە نێوان بەغداو هەولێر. هەڵوێستی کۆنسۆلی روسیاش لە هەولێر هەمان هەلوێست بوو ” ئێمە رێز لە بریارێک دەگرین کە هی خەڵکی کوردستان بێت”. ئەم هەڵوێستەی روسیا بەرامبەر ریفراندۆم لە راستیدا پڕەنسیپێکی جێگیر نەبوو لە سیاسەتی روسیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو وابەستەی چەند هۆکارێک بوو:
1- وەک پەرچەکردارێک بۆ تێکچوونی پەیوەندی روسیاو تورکیا بە هۆکاری خستنەخواەروەی فڕۆکەکەی روسیا لە سوریا لە 24 نۆڤەمبەری 2015.
2- مۆسکۆ بە زۆری بە دوای پرکردنەوەی ئەو بۆشاییانەدا دەگەڕێت کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرامبەر دۆستەکانیان جێیدەهێڵن، هەرێمی کوردستانیش خۆی بە دۆستی ئەمریکا دەبینی.
3- بوونی سەرچاوەی باشی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا بە قەبارەی (recoverable reserves) 45 بلیۆن دۆلار و هەروەها گازی سروشتی کە بە 5.66 تریلیۆن مەتری چوارگۆشە دەخەمڵێنرێت. ئەمەش بێگومان دەچێتە خزمەتی ئەو بازاڕەی کە روسیا کۆنتڕۆلی کردووە.
4- بوونی کۆمپانیای رۆسنەفتی روسی کارکردنیان لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان. نوێنەری کۆمپانیای رۆسنەفت میخائیل لیۆنتیڤ لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا ووتی: ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردسان کاریگەی نابێت لەسە کارەکانی ئێمە، ئێمە بزنس دەکەین لە هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی لە عێراقدا کە بە یاسا دیاریکراوە، ئێرە سەر بە هەرێمی کوردستانی عێراقە.
5- مۆسکۆ بەوریایی مامەڵەی لەگەڵ ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان کرد. لەدژی ڕیفراندۆم نەبوون، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ یەکپارچەی خاکی عیراقیشدا بوون. ڕووسیا لە راستیدا یاری دەکرد لە نێوانیاندا لە زۆر ڕووەوە، لەو یاریە دەچێت کە لەگەل فەلەستینی و ئیسرائیلیەکاندا دەیکات، واتا روسیا لەیەک کاتدا هەم لەگەل ئیسرائیل و هەم لەگەل فەلەستینیەکانیشدا پەیوەندی هاوسەنگی هەیە. لە راستیدا ئەم نیمچە هەڵوێستەی ڕووسیا بە مانایی پشتگیریکردنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نایەت. چونکە مۆسکو بەرژەوەندی گەورەتری لەگەل تورکیاو ئێران هەیە لە ناوچەکادا. دواتر وەک دیمتری: دەڵێت پشتگیریکردنی نەتەوە جوداخوازەکان لە دەرەنجامدا لە بەرژەوەندی روسیادا نیە. گەرچی ئەم سەوداکاریە بە کوردەوە لە هەر چوار پارچەکە وەک و یەک کراوە، چونکە پێدەچێت رووسیا بیانەوێ لە رێگای پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیکەری ناتۆ و زلهێزێکی وەک ئەمریکا لەق بکات، بۆیە بەم شێوەیە پشت لە کورد دەکات و مەرایی بۆ دوژمنەکانی دەکات وەک ڕووداوی ساڵی 2018 کاتێک ڕووسیا هێزەکانی لە گرێ سپی و عەفرین کشاندەوە ڕێگایان بەهێزی ئاسمانی و وشکانی تورکیادا تا تورکیا گەورەترین تاوان و داگیرکاری لە دژی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامبدەن. ئەم کارەشی لە بەرامبەر کۆمەلێک ئیمتیازات ئەنجامدا. هەر لەبەر ئەمە رووسیا بەردەوام ئاوازی نوێ بۆ سیاسەت لێداوە کورد وەک کاڵایەکی سەوداکاری لە بازاڕی سیاسەدا مامەڵەمان پێوەدەکات، کەچی هەر ئەو رووسیا کە عەفرین و گرێ سپی تەسلیمی تورکیا کرد. لە تازەترین لێدوانیدا وەفدێكی باڵای سەربازی ڕووسیا لە شاری حەسەكە لەگەل مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەبارەی هەرەشەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان كۆبویەوە. وەفدە سەربازیەكەی رووسیا لەو کۆبوونەوەیەدا رەتیان كردۆتەوە پشتیوانی یاخود رێگا بەهیچ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی توركیا بدەن تاکو پێشڕەوی بکەن لەو ناوچەیەدا، زیاتر لەوە بە فەرماندەیی هێزەكانی هەسەدەیان گوتووە: خۆڕاگربن لە گێرانەوەی ئەو ناوچانەش پشتیوانیتان دەكەین كە دوو ساڵ بەر لە ئێستا توركیا و هێزە پاشكۆكانی داگیریان كردووە، كە بەمەبست لێی عەفرین و ناوچەكانی تری رۆژئاوایە. تەنانەت نوێترین لێدوانیاندا ئاراستەی کوردیان کوردبوو لە ئۆکتۆبەری 2021 دا ئەلبیرۆس کۆتراشۆڤ باڵوێزی رووسیا لە عێراق سەبارەت بە بارودۆخی کورد لە سووریا ڕایگەیاند کە باردۆخی کوردانی سووریا ئاڵۆزە و ئەو ناوچەنەی بە دەستیانەوەیە هەمووی کوردی نیە. بێگومان بە سەرنجدانێکی ورد بۆ سیاسەت و دەربڕینەکانی باڵوێزەکان دەرخەری ڕووی ڕاستەقینەی رووسیا بە دیزاینی نوێ رۆژهەڵاتی ناوەراستدا نایەوێت کورد بێیتە خاوەن پێگەو و هێز. هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا تاوناتاوێک بە زمانی زەبرو هەڕەشە گوفتار دەڵێت: کورد بە ئارەزووی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەجولێیتەوە، ئەوەش لە ئایندادە زیانی زۆری بۆ کورد دەبێت، چونکە زوو یان درەنگ ئەمریکا دەکەوێ. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە لەگەڵ نەمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کورد تووشی شکست دەبێت. رووسیا تۆڵە لە کورد دەکاتەوە. خەباتی کوردەکان بەردەوام بووە، هەربۆیە دەگەینە ئەو خاڵەی کە رووسیا هەمیشە وەک کاری لە پێشینەی بە درێژی مێژووی پەیواندیەکان ڕووسیا لەگەل ئێران و تورکیا و دواتر سووریاو عێراقیش کورد وەک کاڵایەک مامەڵەو سەودای پێوەکردووە، بۆ چەسپاندنی بەرژوەندی و ئیمتیازاتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە ناو ئەو دەوڵەتانەدا. بۆیە لە مێژووی پەیواندیەکان لەگەڵ کوردەکان یادەوەریەکی جوان و گەشبینیان بۆ کورد نەبووە. ئەگەرچی کە ئەم شێوازە مامەڵکردنەی رووسیا لەگەڵ کورد، خودی کورد پشکی شێر بەر خۆی کەوتووە لەو جۆرە مامەڵکردنەی لەلایەن هەر دەوڵەتێکەوە، چونکە کورد بە درێژایی مێژوو سیاسەتی بە عەتفی و ئاینی و برایەتی کردوە. لەلایەن بنەماڵەوە سیاسەت ئاراستە دەکرێ و بە کۆیلە کراوە و بەهۆی نازانینی شێوازی دیبلۆماسی کوردەوەیە، هەڵبەتە خاڵە جەوهەریەکەشی سەرکردەو سیاسەکان لە کوردستاندا بەرژەوەندی خودی پێش بەرژەوندی نەتەوە دەخەن، سیاسەتەکەیان لێڵ و ناڕوونە. ئەوەی لای من جێگای سەرسووڕمانە سەرەڕای ئەو هەموو گێرەو کێشانەی ساڵانێکی زۆرە لە لایەن رووسەکانەوە بەسەر نەتەوەی کورد هاتووە و بەردەوامە، هێشتا ئاستی تێگەیشتن و تێڕامانی سیاسی و سیاسەتمەدارەکانمان وەکوو منداڵێکە کە هێشتا زمانی نەگرتووە و نەکەوتووەتە سەر پێ، وەکوو ئەوەی کە ئەو چەن ساڵەی ئەزموون و تاڵی و شەڕ و نەهامەتییە هیچ بە سەر ئەم کوردە تێنەپەڕیوە. هەردەمێک داوامان بکەن بە ئاسانی مل کەچی ئەوان دەبین. هەربۆیە هەمیشە کورد وەک یاریزانێکی ناشارەزا لە گۆڕەپانی یاریگادا یاریکردووە، هەربۆیە زۆر بە قورسی باجەکەی دەدات، بەلام هەمان هەڵە دوبارە دەکاتەوە ناتوانی سوود لە رووداوەکانی میێژوو وەرگرێت لە رابردوودا. هەربۆیە دوور لە هەموو هەست و سۆزێکی نەتەوەیەتی و کوردایەتی و لەبرچاوگرتنی پارچەکردارەکانی رووسیا بەرامبەر بە کورد. هەربۆیە دەتوانم بڵێم رووسەکان چ لە سەردەمی قەیسەری، چ لە سەدەمی یەکتری سۆڤیەت و رووسیای فیدڕاڵی سوودێکی ئەوتۆمان لێنەدیوە لە خەباتی و شۆڕشەکانی کورد لە قۆناخە جیاجیاکانی کورد. ئەگەرچی ئەو رووداوانەی باسمان کرد وەک مشتێک وایە لە خەرمانێک. هەربۆیە ئەو رووداوانەو چەندانی دیکەی ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە ئەگەرچی کورد هەمیشە بە باوەڕی پتەوەوە هەوڵیداوە پەیواندی باشی لەگەڵ ڕووسیا هەبێت، بەڵام ڕووسیا هەمیشە لە کۆتای پشتی لە کورد کردووە. خۆ ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی خۆی داواکاریەکی کەمی کوردی جێبەجێ کردبێ، دواتر لە ناوەڕاستی ڕووداوەکاندا بەجێهێشتووە پشتی تێکردووە.

سوود لەم سەرچاوەنە وەرگیراوە.
1- محەمەد ڕەسوڵ هاوار، کوردوباکورى کوردستان لەسەرەتاى مێژووەوە هەتا شەرى دووهەمى جیهان، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، 2006.
2- هەستیار کەمال کوردى، سیاسەتى رووسیاى قەیسەرى بەرامبەر بەکورد(1850- 1914)، سلێمانى 2011.
3- کورد لە جەنگی رووسیا لەگەڵ ئێران و تورکیدا ( بارودۆخی سیاسی کوردی تورکیاو ئێران). ئەڤێر یانۆڤ، وەرگێڕانی : نەفراسیاو هەورامی.
4- مێژووی پەیوەندیەکانی ڕووسیاو و کورد. خالید موراد چەتۆیێڤ. وەرگێڕانی نەجاتی عەبدوڵڵا.