عەبدوڵا کەریم مەحمود: لە گوزەری خومخانەکان دا هەموو رەنگەکان جوانن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە 8. 4. 1998بۆ کارێکی رۆژنامەنووسی رووم کردە گوزەری خومخانەکانی شار ، چەندان جلی رەنگاو رەنگی تەڕم بینی لە بەردەم دواکانەکاندا هەڵواسرابوون.
دیمەنەکانی پۆلی دووەمی سەرەتایی قوتابخانەی بێکەسم هاتەوە یاد. لە گەڵ حسین محەمەدی هاوڕێم، بە 10 فلسی رۆژانەکامان، روومان دەکردە دوکانی عەباسی ماستاو لەوێ نان و ماستاومان دەخوارد. سەیری ئەو ماسیە رەنگاو رەنگانەمان دەکرد لە نێو چوارچێوەی شوشەیەکی پڕ لە سەوزایی و قەوزەو گەڵا و گوڵ، بە بەردەوامی مەلەیان لە ناو ئاوەکەدا دەکرد، دەیانویست لە ئاوە مەنگەکەوە بگەنە چەم و رووبارو دەریا و زەریاکان، بەڵام چارەنوسیان وەک بەردەکەی سیزیڤ بوو هەمووجارێ خۆیان لە سەرەوە خل دەبوونەوە بۆ خوارەوە.
دیمەنی رەنگاو رەنگی خومگەرەکان پڕبوون لە نهێنی جوانی رەنگەکان، پەیوەست بوون بەسروشتی رۆمانسیەتی ژیانی مرۆڤ. خومچییەکان لەو بازارەدا، وەک سەرکردەی حیزبەکان رقیان لە یەکتریی نی یە، ئەوان هەموو رەنگەکان و یەکتریان خۆش دەوێت، هەموو رەنگەکان بەیەکەوە جوانن و تێکەڵ بەیەک دەبن، هیچ رەنگێک دژی رەنگەکەی تر نییە و هیچ رەنگێک رەنگەکەی تر ناسڕێتەوە.
لە سەرەتای بیستەکاندا،گوزەری خومخانەکان لە مەیدانی ماست فرۆشەکان بوو، لە نزیک عەلافەکان، یەکەم خومگەری ئەو سەردەمە (شێخ ئیسماعیل بەرزنجی )بوو، دواتر (شێخ رەشیدی خومگەر)بوو، خومگەرەکان ئەو سەردەمە بە سەلیقەی خۆیان توانیویانە هەموو رەنگەکان ئامادە بکەن و جاویان رەنگ دەکرد.
وەستا قادری خومگەر لە تەمەنی 12ساڵی دا شاگردی جاجی رەشیدی باوکی بووە، حاجی رەشیدی باوکی سوودی لە ئەزموونی باوکی وەرگرتبوو، لە ساڵی گرانیەکە،باسی کۆدەتاکەی رەشید عالی دەکرا ، هەموو رەنگەکانیان لە بەغدا دەکڕی و (جاویان) رەنگ دەکرد. وەستا قادر دوای کۆچی باکی بوو بە خومگەر.
ساڵانی زوو، خەڵکی مەرگەو پشدەر کراسی درێژیان لەبەر دەکرد و بە سەر پشتێنەکانیاندا هەڵیان دەگێڕایەوە، ئەوان بەزۆری کراسەکانیان رەنگ دەکرد، خەڵکی ئابڵاخیش جلەکانیان خوم دەکرد ، خەڵك بە زۆری حەزیان لە رەنگی شین بوو، نانەواکان ئەو سەردەمە جلەکانیان شین دەکرد، جونکە رەنگی شین بەرگری لە گەرما دەکات. رەنگەکان لە قسڵ و دۆشاو دەگیرانەوە.
لەساڵانی زوودا خومگەرەکان دۆشاوی ترێ یا خورما و قسڵیان لە کوپەیەکی گەورەدا دەگرتەوە، ئەو کوپانە 20 تەنەکە ئاوی دەگرت، رەنگی خومەکانیشیان بە جیاجیا لە مەنجەڵی گەورەی ئاودا گەرم دەکرد، گیراوەکە یەک رۆژ بەو شێوەیە دەمایەوە، بۆئەوەی بە تەواوی تێکەڵ بە یەک ببن. دواتر خومچییەکان دۆشاو قسەڵەکەیان دەکرد رەنگەکانەوە بۆ ئەوەی رەنگەکان نەنیشێن و بەیەکسانی لە گەڵ ئاوەکەدا بتوێتەوە، بۆ رۆژی دوایی چیان بویستایە پێیان رەنگ دەکرد. ئەو سەردەمە ئەم وەستایەنە خومچی ناسراو دیاری شار بوون (حاجی رەشید، حاجی مستەفا، تۆفیقی حەسەنە گۆج، وەستا غەفور، دەروێش مەجی، ساڵحە جوو.
لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، باپیری وەستا قادر سەربازبوو، بە هۆی شەڕو شۆڕەکانەوە چەندان وڵات گەڕاوە، (هندستان، پاکستان، تورکیا، بەریتانیا )، بە هۆی سەلیقەی خۆیەوە، خولیای ئەو کارە بوو، خۆی فێریی خومچێتی کردبوو، ئەو یەکەم کەس بوو، کە خومی هێنایە سلێمانی یەوە دوکانی خومگەری داناوە.

سەرچاوەو پەراوێز :
عەبدوڵڵا کەریم مەحمود : لە گوزەری خومخانەکان دا ،هەموو رەنگەکان جوانن،کوردستانی نوێ ، ژمارە ١٥٩١ ، دووشەمە ، ١٣ / ٤ / ١٩٩٨، ل ٥.
*ئەم نووسینە هی خۆمە ،ئەوەتا بە ئەمەنەتەوە ، سەرچاوەکەیم دەست نیشان کردوە ،چەند بەناو نوسەرێک لە سەر هەوڵ و گەڕان و رەنج و ماندووبوونم ، چەندان نوسینیان دزیوم و کردویانە بە هی خۆیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت