پێشڕەوی سەید برایمی: باجەکەی دەدەین.

ئێمەی کورد هەر لەو ساتەی ( هارپاگ) سەرکردەی سوپای میدیییەکان خۆی دایە پاڵ ( کۆرش) شای فارسەکان لە 550 پ.ز،. ئیپراتۆریەتی میدی دەروخێ، ئیدی لەو کاتەوە کورد باجی ناپاکی و خیانەت دەدا و کورد دەوڵەتی لەدەست داوە.
لەگەڵ هاتنی ئیسلام، کورد بەسەر چەند ئاینێک دابەش ببوو ( زەردەشتی، دیانی، جوولەکەی و میثرایی) شەڕی گەورەیان دژ بە ئیسلامەکان کرد، بە تایبەتی لە گوڵاڵە ( جەلەولا)، هەرمۆتە و دۆڵی ئەسحابان لە دەڤەری سماقوڵی سەر بە کۆیە، هەروەها لە بەری مەرگە و دۆڵی شەهیدان لە پشدەر. ئیدی لەو کاتەوە باجی ئاینی دەدەین و گشت ئاینزایەکانی ئیسلام و زۆربەی ئیسلامی سیاسی ناوچەکە گومان لە موسڵمان بوونمان دەکەن. ئەوەندە رقیان لێمانە بە نەوەی جندوکە ناومان دەبەن. دژایەتی تەواومان دەکەن وەک دەبینین لە سەر دەستی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی ئیخوانی لە تورکیا، هەروەها سەرجەم رێکخراوە ئیسلامییەکانی عەرب و تورک و فارس.
لەوانەیە ئەبو موسلیم خوراسانی ( 718 – 754)ز مەبەستی بووبێ روویەکی دی بۆ کورد بگەڕێنێتەوە، کاتێ لە خوراسانەوە بە هێزێکی گەورەی کوردەوە دەوڵەتی ئەمەوی روخاند و دەوڵەتی عەباسی دامەزراند و ئەبو عەباسی خوێنرێژ ( ابو عباس السفاح) وەک خەلیفە دامەزراند. ئەبو موسلیم جگە لەوەی کەسایەتییەکی سەربازی گەورە بوو، شاعیرێکی بەرچاویش بووە، هەروەها یەکێک بووە لە پیاوانی گەورەی دەوڵەت، کە پێشبڕكێی دەسەڵاتی دەکرد. ئەبو جەعفەری مەنسور رقی لێ بووەو زۆری لێ ترساوە، بۆیە دڕندانە کوشتویەتی.
ئەبو دەلامەی شاعیر، دەربارەی مەنسوور بەم شیوەیە هێرش دەکاتە سەر ئەبو موسلیم:
أبا مجرم ما غير الله نعمة على عبده حتى يغيرها العبد
أفي دولة المهدي حاولت غدره ألا إن أهل الغدر آباؤك الكرد
ئیدی لەو کاتەوە غەدارو تاوانبارین، باجی چاکەی سەربەخۆ دەدەین.
بە هاتنی خاچپەرستەکان بۆ ناوچەکە، ئیسلام لێی قەوما، بەڵام موسڵمانانی عەرەب و فارس و نەتەوەکانی دی خۆیان لێ نەکردە ساحێب، تەنیا کورد نەبێ، سەلاحەدینی ئەیوبی ( 1138- 1193)ز، بە لەشکری کوردو ماڵ و دارایی کوردەوە بە هانای قودسی ( اولی القبلتین) هات و رزگاری کرد لەچنگ خاچپەرستەکان.
لەو کاتەوە کورد بەلاش و حەلاش باجی بەریگریکردن لەسەر قودس و ئیسلام دەدا. لەو ساتەوەش دنیای مەسیحی رقی گەورەی لێ هەڵگرتووین و کوردستانی لێ پارچەپارچەکردین. سەیرەکە لەوە دایە جەنەڕال هینری گۆرۆ سەرکردەی هەڵمەتی فەڕەنسی بۆ سەر سوریا، کە دوایی شەڕی یەکەمی جیهانی سوریای داگیرکرد، یەکسەر چووە سەر گۆڕی سەلاحەدین لە دیمەشق و پێیەکانی بە پۆستاڵەوە لەسەر گۆڕەکەی داناو گوتی: لەشەڕی خاچپەرستی بە ئێمەت گوت: جارێکی دی نایەنەوە، هەڵسە وا هاتینەوە!!
سەلاحەدین دوای شەڕی خاچپەرستەکان پەلاماری دەوڵەتی فاتیمییەکانی دا لە میسر و روخاندی. لەو کاتەوە لەلایەن شیعەو خەڵکی میسر باجی دوژمنکاری دەدەین. میسرییەکان دوای ئەوە گاڵتە بە کورد دەکەن، کاتێ دەڵێن: بتستکردني؟! واتە قابیلە کوردی گێل بم!!
لە دوورەوە زۆر لە دوورەوە لە نزیک سیبریاو لە ناوەڕاستی ئاسیاوە تەتەر، مەغۆل، ئاق قۆینلۆ، قەرە قۆینلۆو سەلجوقییەکان هاتن، ئەوان خۆیان رێکخستبوو، یەکگرتوو وەڵاتی خۆیان بەجێ هێشت هاتن بۆ ماڵی کوردان، خاکیان داگیرکردین، ناوی شوێن و گوندەکانیانی گۆڕی. حوکمیان کردین و هیچمان نەکردو بێدەنگ بووین. لەو ساتەوە باجی بێدەنگی و رەزامەندی دەدەین!!
کە عوسمانییەکان پەیدا بوون، کورد پێی وابوو فڕیادڕەسی کوردن. بوونە بە کۆڵەکە سەرەکییەکی دەوڵەتی عوسمانی، گەورەترین بەشداریان کرد لە گرتنی قوستەنتەنییە. سەرەتا ئۆتۆنۆمییەکە وەدەست هات دواتر بە ئاگرو ئاسن کەوتنە کورد. لەو ساتەوە باجی ساویلکەیی و ملکەچبوون دەدەین؟!
ئیمپریالیزم هات و داگیریکردین و کردینە چوار پارچە، ئێمەیان بە زۆر بەستەوە بە چوار دەوڵەتی نوێ، ئێمەش هەر ئەوەندەمان پێکرا هانا بۆ ئەو دەوڵەتانە ببەین، کە بەزۆر لکێندرابووین پێیانەوە، هەر خەریکی عێراقچێتی و ئێرانچێتی بووین. لە باکووریش ئەوەندە زەندەقمان لە گورگەبۆر چوو بوو ناوی خۆمان لە بیر چوویەوە. کاردانەوەیەکی ئەوتۆمان نەبوو زۆربەمان دەستمان بە کڵاوی خۆمان گرتبوو! بۆیە لەو ساتانەوە باجی لە بیرکردنی خۆمان دەدەین!!
گەر کورد نەبوایە داعش ناوچەکەی تەنی بوو، خەریک بوو عەرشی مەکەو مەدینەی تێک و پێک بدا، ئەو سەڵتەنەتەی ئیمارات و قەتەر و کەنداو لەناو دەبرد. زۆربەی زۆری عەرەب و ئیسلام لە ناوچەکە کەیفیان بە داعش دەهات، بەتایبەتی ئیخوانەکانی تورکیا، بۆیە دژی نەوەستان. مەلایەکی عێراقی نیشتەجێ بووی ئیمارات بەناوی ( کوبەیسی) داخۆیانی دا، کە کورد داعش لەناو دەبا! واش دەرچوو! نیشانەکانی لە رۆژئاوا لەکوبانێ دەستی پێکرد. لە باشوریش لە شەنگال و زەبری پێشمەرگە. کوبانێ بۆ کورد بووە سیمبۆلی بەرخودان، بۆ سەرجەم ئەوانی دی شکستی گەورە و ئاشبەتاڵ، بۆیە ئوردوگان تا کوبانێ نەگرێ ئۆقرەی ناکەوێ! تا شەنگالیش داگیر نەکا ئەبەد ناسرەوێ، مەگەر مەرگ بۆ خۆی بیباتەوە.
لەوکاتەوە ئیدی باجی لەناوبردنی خیلافەتی ئیسلامی نوێ دەدەین، خەریکە هەردوو ئەزموونی بەڕێوەبردنی کوردانەشمان لە دەست دەدەین، گەلانی ناوچەکە بە حکومەت و دەوڵەتەکانیانەوە پێیان وایە کوفرمان کردووە! هەرگیز چاوەڕێش نەکەین لێمان خۆش بن. جوڵە و پیلانی داگیرکەرانی کوردستان لە ئێستادا بەڵگەیە.
کوردی باشوری لە دوای راپەڕینەوە باجی حزبایەتی و دوو ئیدارەیی و ناوچەگەرێتی دەدا، لە ئێستادا خەریکە دەگاتە لوتکەی ئەو باجدانە!
ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە لەمەودوا باجی : کوردایەتی، یەکبوون و یەکێتی، کوردو کوردستان، سەربەخۆیی و رزگاری بدەین؟!