شەماڵ بارەوانی: گێلە فەقێ/ بەشی یەکەم.

هێسترۆلۆژی..!
ئێوارەیەکی پایزی ساڵی 2009بوو، پانزەی مانگی ڕەمەزان بوو، لە مەلایەتی ڕەمەزانێ، لە دێی(بێ تەبیعات ئاوا) مەلابووم و خەریک بووم، وتارێکم لەسەر( موعجیزەکانی پەیامبەر) دەنووسی و کتێبێکم سەبارەت بەوە، بەناونیشانی(ألف معجزة من معجزات الرسول)، لای خۆم دانابوو. ئەو کتێبە، باسی لە هەزار موعجزەی پەیامبەریی دەکرد. خەریکی دەرهێنانی کۆمەڵێک پەڕچو بووم، بۆ وتاری بەیانی.
وەک: موعجیزەی ( ئیسرا و میعراج. لەت بوونی مانگ.
زۆر بوونی خواردن لەسەر دەستی پێغەمبەر. دەرچوونی ئاو لەنێوان پەنجەکانی پەیامبەر. گریانی دارخورمایەک بۆ پەیامبەر. سەلام کردنی بەردێک لە پەیامبەر و… تاد.
وەک گوتم، من خەریکی نووسینەوەو ئامادەکردنی وتارەکەم بووم بۆ بەیانی. لە نکاوڕا، دەنگێکی گڕ و سامناک هاتەبەرگوێم:
ها فەقێ فشەکەر چۆنی؟
ئەوە خەریکی چیت؟
کوڕە دەواز لەو خەڵکەی بێنن.
باشە بەمن ناڵێیت سودی ئەو بابەتە چییە بۆ کۆمەڵ، کە تۆ هەڵت بژاردووە بۆ بەیانی؟
ئاخ خودایە، تۆ سەیرکە، خەڵکی لە واقیع هەزار و یەک کێشەی هەیه، ئەو مێشک ژەنگاویەش هاتووە باسی هەزار و چوارسەت ساڵ پێش ئێستا و هەزار موعجیزە دەکات!
فەقێی گێڵ، (کتێبی هەزار کێشەی خەڵک)ت خوێندووەتەوە؟
ئەی ڕۆمانی (گێلە پیاو)؟
بە دڵنیاییەوە چیرۆکی(گێڵە فەقێ)شت نەخوێندووەتەوە؟
گێلە فەقێ جا جگە لە مێژووی عەرەب و فیقهی عەرەبی و کتێبی عەرەبان، کوا شتی تر و فەلسەفه و بیروباوەڕی تر دەخوێننەوە!
تو شەڕەفت ئەتوو کاتێک ئەقڵ دابەشکرا، هیچت بەرکەوت؟
کوڕە وەڵاهی وەبیلاهی وەتیلاهی، یان دیکارت درۆی دەکات و خودا ئەقڵی بە یەکسانی بە هەموو مرۆڤەکان نەبەخشییە، یانیش ئەو فەقێ و مەلایانە، هەر لە کاتی دابەشکردنەکە، لێیان ونبووە.
باشە مێشک خەرەفاوینە، ئەنگۆ مەوزوع خلاس بووە هەتا بێن و باسی موغەیرە و قەعقاع و خالدی کوڕی وەلید و کێ و کێیتری ناو مێژووی عەرەب بۆ کوردی بەستەزمان بکەن و وەکو سۆپەرمانەکەی نیچە و پاڵەوانێک بەو هەموو مەڕەی مزگەوتێ و خوا و خەڵکیان بناسێنن؟
تو ئەو مێشکەت، خۆ باشیش دەزانم کەر هەیبیتن، وەڵاهی ئەتوو نیتە، تۆ دەزانی موغەیرەی کوڕی شوعبە و خالید و قەعقاع کێ بوون؟
کوڕم ئەوانە لەو پرۆسە نەفرەتی و شاڵاوە داگیرکارییەی کە عەرەب فێڵبازانە و ئێوەی مەلا و فەقێ و فێندەمێناڵیستی کوردیش، نەزانانە و گێلانە، ناوتان لێناوە(فتوحات)، داک و کچ و خوشکی کوردیان، لە جەنگی گوڵاڵە و نەهاوەند و شارەزوور و کوێ و کوێیتر، وەک ئەو دواییەی داعشە دڕندەکان لە شنگال لەگەڵ کچە کوردە ئێزدانیەکان کردیان، دەکرد بە کەنیزە و کۆیلە و دەیانبردن بۆ نەجد و حیجازێ و خاک و شەڕەفی کوردیان داگیر و ئەتک و وێران دەکرد.
فەقێی خەرەفاو، هەی لەو فەهم و ئیدراکەت بەم، کە ئەویشت نییە.
هەی جاهیل و نەخوێنەوار. وەڵاهی تۆ دەڵێیت پسپۆڕیت لە فەلسەفەی هێسترۆلۆژی هەیە، هێندە هێسترانە بیردەکەیتەوە!
فەقێ تڕۆ، ئەو وتارەی ئەو هەفتەی ئەولاشتم گوێم لێبوو، کە بەو کوردە ئێزدایی و زەردەشتیانەی باب و باپیری خۆتت دەگوت: شەیتان پەرست و ئاگر پەرست و مەجوسی و، یەزدەکورد و ساسانیه کوردەکانت بە هەمان ئاوازی نووسەرە عەرەبی و ئیسلامیە دەمارگیرەکان، بە فارس ناودەبرد!
ئای لەو کوردە بۆرە و بەستەزمان و گێڵ و وێڵەی!
کوڕم، دەزانیت کە دەماخ پەڕۆترین نەتەوەی سەر هەسارەی زەوی کوردە؟
ئێ تۆ بینیوتە، لەو کوردە داماوتر و کەرترهەبێت؟ لەگەڵ ڕێزما!
باشە هیچ نەتەوەیەک هاتووە وەک کورد، پیرۆزی نەهاوەندی قارەمانی خۆی کرووە بە (ئەبو لوئلوئەی مەجوسی) و گۆڕی ئەو هەموو شەهیدە کوردانەی باب و باپیری خۆی، کە لەسەر خاک و شەڕەف و بەرگری کردن لە نیشتمانی خۆیان شەهید کراون. ناو بنێت گۆڕی مەجوس و ئاگرپەرست و کافرەکان و هی ئەو عەرەبە پێ پەتی و داگیرکارانەیش هاوەڵ و پاڵەوان و پیاو چاک و بۆ مراز حاسڵ بوون و چارەسەری نەزۆکی و نەخۆشی فتق و ژانە سەر و میز بەخۆداکردن و چی و چیتر زیاترەتیان بکات!
باشە گێلەفەقێ، تۆ دەزانی وشەی مەجوس لە چییەوە هاتووە؟
هەی جامانە گەورەی مێشک بچووک، مەگوسەکان، مۆغەکانن. ئەو مۆگانەی کە تیرەیەک لەو حەوت تیرەی ماد بوونەوە و باشترین چینی ماتماتیک زان و پزیشک و زانا و کیمیا زان و فەلەک ناس و کەشناس و خواناسی کورد بوونە و ئینجا هیچ کەسێک نەدەبوو بە پاشا لە ناوکوردان، مەگەر لای مۆگەکان خوێندنی تەواو نەکردبایە.
ئێستا تۆی نەزان هاتووی شوێن قنی ئەو تەفسیرە حیزو قسە پڕی لە ڕق و دەمارگیرانەی موفەسیر و نووسەرە ئیسلامی و عارەبەکان کەوتووتی و مۆگەکان دەکەیت بە مەجوس و ئاگر پەرست!
وەڵاهی کەرایەتی و گێلایەتی ئێوە، هەموو سنورێکی تێپەڕاندووە.
داروینی سەگباب لە تیوری(ئیڤۆڵەیشن) و سەبارەت پەرەسەندنەکەی هەڵەیەکی زۆر زلی کردووە، کە نەیگوت کورد لە جاشکە کەرێ پەرەیان سەندووە.
ئاخر ناحەقم کەواتان پێ بڵێم؟ دڵم پڕە، دڵم ژان دەکات. شەو ڕۆژ و بە درێژایی ماوەی هەزار و چوار سەت ساڵە بۆ حاڵی ئەو کوردە داماوە دەگریم و فیغان و ڕۆڕۆ دەکەم و فرمێسک دەڕێژم.
لەو ڕۆژەی ئیمپڕاتۆڕی میدیا ڕۆخاوە دڵم شکاوە، دووەم جاریش، کاتی ڕۆخانی ئیمپڕاتۆڕی ساسانیەکان هەمان شێوە، بۆ حاڵی ئەو کوردە سادە لەوح و داماوە، لە عەزابدامە و فرمێسکی به کۆڵ لە چاوەکانی من نەوەستاوە.
لەو ڕۆژەوە، لە خودا و مرۆڤایەی و هەموو شتێک یاخی و دڵشکاو ماتەم داربوومە، تا کوردیش نەبێتەوە بە دەوڵەت و ئیمپڕاتۆڕیەت، هەرگیز، جلی ماتەم فڕێ نادەم و ڕێگە نادەم هەرگیز، خەندە توخنی لێوەکانم بکەوێت.
ئەو کوردەی کە ئێستا لە لاوازترین و هەژارترین قۆناغی فیکریدایە.
ئەو کوردەی پشتی لە مێژووی باب و باپیرانی خۆی کوردووە و شوێن سێبەری مێژووی خەڵکی ترکەوتووەە و بووەتە داردەست و خزمەتکار و بوکەڵەی دەستی عەرەب و مەڕی دەستی پارس و سوخرەکێشی ئاڵی عوسمان.
کوڕم، یەک فەردە کتێبت لەسەر مێژووی دەوڵەتی: نەبەوی و ڕاشدی و ئەمەوی و عەباسی و سلجوقی و بوەیهی و فاتمی و عوسمانی و کێو کێی تری عەرەبی و تورکی و پارسی خوێندووەتەوە، کەچی یەک لاپەڕە لە مێژووی باب بیرانی خۆت، لە مێژووی سۆمەری و میدی و خوری و گوتی ولولویی و کاشی و ساسانیەکان شارەزایی و ئاگاییت نییە.
هەی فەقێی دەبەنگ، تۆ دێیت و بە دە وتار، باسی پاڵەوانێتی زەینەب غەزالیەکی عەرەبی و ئیخوانی و میسری بۆ کوردی داماو دەکەیت، کەچی بە یەک دێڕ لا لە بەکەنیزکردن و ئەتکردنی شەهرەبانووی خوشکی خۆت و کچی ئێزدی کوردی ئیمپڕاتۆڕی ساسانی ناکەیت، لەلایان فتوحات چی و داگیرکەرەکان.
هەی فەقێی فشەکەر، لە جیاتی ئەوەی باسی حەپسەخانی نەقیب و لەیلاقاسم و سینەم بەدرخان و قازی محەمەد و سەیدڕەزای دێرسمی و شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودی حەفیدو سمکۆی شکاک و ڕەفیق حیلمی و دەوڵەتی مادو دیاکۆ کەیخەسرەو ئەستیاگ بکەیت.
هاتوویت باسی زەینەب غەزالی و سوڵتان عەبدولحەمید و سوڵتان مورادو هارون ڕەشید و خەلیفەعەباسی و ئەمەوی و عوسمانی و ئیسلامیەکانی ترمان بۆ … بکەیت، سەفاح و قەعقاع و فلان و فيسارتری عەرەبی و ناو مێژووی عەرەب و دەیان داگیرکەری تری خاک و مێژوومان، زۆر چەواشەکارانە، وەک پاڵەوان و قارەمانگەلێک بە ڕۆڵە و نەوەی کورد بناسێنیت و یەزدەکورد بەرگریکارانی خاک و شەڕەفی کوردیش، لە جەنگەکانی قادسیە و گوڵاڵە و نەهاوەند و حەلوان.. وەک کافر و بێ بڕوا!
هاتووی تا مێژووی عەرەب، بەناوی ئایینەوە بکەیت بە مێژووی کورد و ڕۆڵەی کورد لە مێژووی باب و باپیرانی خۆی نەبان و نەناس بکەیت و دووریان خەیتەوە و دایانببڕیت و لەبیریان بەریتەوە!
ئائا باسی دەوڵەتی مەروانی و ئەیوبی و هاوشێوەکانیان بکە و بڵێ کوردبوونە، ئەو دەوڵەتانەی جگە لەپرۆژەی عەرەب و خزمەتکردنی مەزهەب و کلتور و هەموو شتێکی عەرەب، هیچ شتێکیان بۆ کورد نەکوردووە.
ئەوانەی وەک خۆت و هاوشێوکانت، کە تەنها دەتوانین وەک بەشێکی خزمەتکاری مێژووی عەرەب و لایەنە نێگەتیڤ و نەرێنیەکەی ناو مێژووی کورد سەیریان بکەین و پۆلێنیان کەین.
ڕۆڵە داوەشێیت، یاخوا، ڕەنگبێت باوکە خێر لەخۆنەدیو دڵپاکەکەت، کاتێک تۆ هاتیتە سەر دنیایێ دڵیشی پێ خۆش بوبێت!
ڕوڵە، خۆزیا باوکت بە چکە سەگێکی لێ پاشکەوتبوایە، نەک وجاخێکی لە جنسی تۆ.
خۆ هەر هیچ نەبێت سەگ وەفای بۆ خاوەنەکەی خۆی هەیه، بەڵام تۆ ئەوەشت نییە و هێندە سپلە و بێ ئەمەکیت لە بەرامبەر مێژووی باب و باپیرانت و شەو ڕۆژ، خەریکی مامەحەمەیی و گەوادیت بۆ مێژوو و کولتووری نەیارانی نەتەوەکەت.
ئاخر خودایە، من چۆن ئەو کوردە داماو و لە خشتەبردراو مێژوو و بوون دزراو بێ هۆشکراوە، حاڵی بکەم و بییانهێنمەوە هۆش، هۆۆۆۆش؟! قورسە خوایه قورس.