لەتیف ئەمین: ترس لە تاقیکردنەوە.

تاقیکردنەوە بۆ ئەوەیە ئاستی زانستی قوتابی بزانرێت، بۆ ئەوەیە ڕاددەی تێگەیشتنی قوتابی لەو وانە و بابەتانەی کە خوێندراون دەرکەوێت. تاقیکردنەوە بۆ سزادانی قوتابی نییە، بۆ ماندووکردن و ترساندن و هەراسانکردنی قوتابی نییە. بۆ ئەوەیە تاقی بکرێنەوە داخۆ لە بابەتەکە تێگەیشتوونە، فێربوونە، یان کێشەیان چییە؟ بەڵام لە سیستەمی خوێندن و پەروەردەی ئێمە، ئەوەندەی جەخت لە بەدەستهێنانی نمرەی بەرز دەکرێتەوە لە تاقیکردنەوەکان، ئەوەندە خەم لە فێربوون ناخورێت. لای ئێمە نمرە گرنگە نەک فێربوون. لێرە، بەدەستهێنانی بڕوانامە ئامانجە نەک تێگەیشتن و زانین. ئەوە ڕاستییە، کاری سەرەکی پەروەردەکاران لە ناوەندەکانی خوێندن بووەتە پێدانی نمرە و بەخشینی بڕوانامە. بڕوانامەکانیش هەر بۆ دامەزراندن و دەستکەوتی ماددییە. ئێمە قوتابخانە بە شوێنی کار و کاسبی و نان پەیداکردن تێگەیشتووین، نەک شوێنێک بۆ فێربوونی زانست و مەعریفە و مەڵبەندی هۆشیاری و گەشەی بیر و بناغەی کەسایەتیمان. هۆکارەکەش سیستەمی وەزارەتی پەروەردەیە، تاقیکردنەوە و نمرەی وا گەورە و گرنگ کردووە لەلای قوتابییان و مامۆستایان و تەنانەت لەلای کەسوکاری قوتابییانیش. قوتابی ئەوەندەی خەمی دەرچوونیەتی لە تاقیکردنەوە، ئەوەندە خەمی فێربوون و زانستەکەی نییە. هۆلەکانی تاقیکردنەوە بۆ قوتابی وەک گۆڕەپانی جەنگ و ململانێ و زۆرانبازییان لێ هاتووە. وا وێنا کراوە، قارەمان و پاڵەوانی ئەم گۆڕەپان و مەیدانە، ئەوانەن کە لە تاقیکردنەوەکان دەردەچن. ئەوانەی کە دەرناچن و نمرەی پێویست بەدەست ناهێنن بۆ دەرچوون، شکاو و شەرمەزار و دۆڕاون. لەهەمووش کارەساتبارتر ئەوەیە، دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان بۆ پێدانەوەی ئەنجامەکانیان، سەرجەم قوتابییان لە گۆڕەپانی قوتابخانە ڕیز دەکرێن و بە بڵندگۆ(سماعة) ناوی یەک بەیەکیان دەخوێنرێتەوە و کارتەکانیان دەدرێتەوە. وا وەیلا بۆ ئەوانەی کە دەرنەچوونە، چەند هەست بە شەرمەزاری دەکەن، چ ڕۆژێکی خەمناک و ناخۆشە! وا هەست دەکەن لێقەومان و بەدبەختی و چارەڕەشی ڕووی لێیان کردییە. لەبەرامبەردا ئەوانەی کە دەرچوونە، چەپلەیان بۆ لێدەدرێت و خەلات دەکرێن. وا پیشان دەدرێت، ئەوانەی کە دەرچوونە، شایستەی ڕێز و پێزانینن، ئەوان زیرەک و عاقل و تێگەیشتوون، ئەوان براوە و سەرکەوتوون، بەڵام ئەوانەی کە دەرنەچوونە، بێ دەماغ و کەم عەقلن، بێ هەست و هۆشن، دۆڕاو و شکاو و بەزیون.
مانای چییە ئەگەر قوتابییەک لە نۆ یان دە بابەت، لە هەموویان دەربچێ تەنها لە یەک بابەت نمرەی پێویست بەدەست نەهێنێ بۆ دەرچوون، ساڵێکی بە کەوتن بۆ هەژمار بکرێت؟ کەوتن، کە بە عەرەبی پێی دەڵێن(ساقط). بۆ دەبێ ئەم قوتابییە هەر لەبەرئەوەی لە تاقیکردنەوە چەند نمرەیەک کەمتری بەدەست هێناوە بەراورد بە بابەتەکانی تر، لە پۆلەکەی خۆی بمێنێتەوە و پێی بگوترێت ساقت؟ بۆچی قوتابییەک تەنها لەبەرئەوەی لە یەک بابەت لاوازە، دەبێ ساڵێکی تریش لە پۆلەکەی خۆی دابنیشێتەوە؟ ئەی ئەو هەموو بابەتەی کە لێی دەرچووە و نمرەی باشی لێیان بەدەست هێناوە؟ هەر ئەوەندە بەسە، ئەگەر قوتابییەک بتوانێ لە یەک بابەت، کە خولیا و ئارەزووی لێ هەیە، سەرکەوێ و بتوانێ بەباشی فێربێ و تێگەیشتنی لە ئاستێکی بەرز و باشبێ لەو بابەتە. دواجار ئەگەر پەرەی پێ بدرێ و چاودێری بکرێ، ڕەنگە لەدواڕۆژدا داهێنان لەو بابەت و بوار و پسپۆرییەی خۆی بکات.
بۆچی تاقیکردنەوە بەم شێوەیە کراوە بە مۆتەکە و دێوەزمە بۆ قوتابییان؟ هەموو چارەنووس و دواڕۆژ و ئاییندەی قوتابی بەستراوەتەوە بە چەند کاتژمێرێک لە تاقیکردنەوەکان. بۆ نموونە، لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی، بەدرێژایی ئەو ساڵە، قوتابی لە ترس و دڵەڕاوکێ و شلەژان و نائارامی دەژیت، چونکە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی لەپێشە. ئەو تاقیکردنەوەیەی چارەنووس و ڕێڕەوی ژیانی دیاری دەکات. ترسەکەش لەبەر دەرچوون و دەرنەچوون نییە، ترس لەوەیە نەوەک نمرەیەکی باش نەهێنێ و لە بەش و کۆلێژێکی باش و بەرز وەرنەگیرێت. بۆ هەندێک قوتابی، ئەو تاقیکردنەوەیە بووەتە پردی سیرات، گوایە لە موو باریکترە و لە گوێزان تیژترە. زۆرینەی ئەو ماڵانەی قوتابی پۆلی دوازدەیان هەیە، کڕ و کپ و بێدەنگ و خەمگینن، هەموو خۆشییەکان لەخۆیان قەدەغە دەکەن، هەر لە ماڵێکی پرسەدار دەچن. چییە؟ ئێمە قوتابی پۆلی دوازدەمان هەیە. ئینجا مامۆستای تایبەتی بۆ دابین دەکەن و کڕینی چەندین مەلزەمەی جۆراوجۆر و…هتد. دواتر ئەگەر قوتابییەکە لەبەر هەر هۆکارێک بێت، نەیتوانی ئەو نمرەیە بەدەست بهێنێ کە لێی چاوەڕوان دەکرا، ئەوە کۆلێک شەرمەزاری و سەرزنشت و لۆمەی ئاراستە دەکرێ. هەندێکجار گەیشتووەتە ڕادەیەک، قوتابی هەبووە هەوڵی خۆکوشتنی داوە، لەبەرئەوەی نەیتوانیوە نمرەی بەرز بەدەست بێنێت. بۆ دەبێ چارەنووسی قوتابی هەمووی بە چەند کاتژمێرێک لە تاقیکردنەوەکان گرێ بدرێت؟ ئەی بەدرێژایی ماوەی ئەو ساڵەی کە خوێندوویەتی؟ ئەی ئەو هەموو ساڵانەی خوێندنی؟ ڕەنگە بەهۆی بارودۆخێکی تایبەتەوە، بەهۆی ڕووداوێکەوە، بەهۆی نەخۆشییەکەوە، بەهۆی تێکچوونی باری دەروونییەوە لەو کاتەدا، بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ و شلەژانەوە، قوتابی نەتوانێ وەڵامی چەند پرسیارێکی دیاریکراو بەدروستی بداتەوە، بۆ دەبێ ئەو قوتابییە بە ساقت و فاشل و گێژ و گەمژە دابنرێت؟
کاتێک ئەوەندە بایەخ و گرنگی بە نمرە دەدرێت، قوتابی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەدەستهێنانی نمرە. بۆیە زۆرجار دەبینین قوتابی لەترسی کەوتن و دەرنەچوون لە تاقیکردنەوە، پەنا بۆ گزیکردن(غش) دەبات. ئەگەر گزییەکەشی لێ ئاشکرا بکرێ، جگە لە شەرمەزاری و شکاندنەوە لەپێش چاوی هاوڕێ و هاوپۆلەکانی، ئەگەری ئەوەی هەیە ئەو ساڵەی بە کەوتن بۆ دابنرێت.
نمرە هیچ کاتێک پێوەر نییە بۆ ڕادەی زانین و تێگەیشتن و بەرزی ئاستی زانستی قوتابی. کاتێک قوتابییەک نمرەی زۆر و بەرز بەدەست دێنێت، مانای ئەوەنییە ئەو قوتابییە زیرەکتر و ژیرتر و هۆشیارتر و تێگەیشتووترە لە ئەوانی تر. یان کاتێک قوتابییەک لە تاقیکردنەوەکان نمرە ناهێنێت، بەو مانایە نایەت ئەو قوتابییە گێڵ و دەبەنگ و تەمبەڵ و بێ مێشکە. هۆکارەکانی دەرنەچوونی قوتابی زۆرن. بۆچی هەر دەبێ قوتابی تاوانبار بکرێت؟ ناکرێ ئۆباڵی ئەو هەموو شکست و شێواوییەی پەروەردە و فێرکردن بخرێتە ئەستۆی قوتابی.
بەهۆی ئەم سیستەمەی تاقیکردنەوەکان و نمرەدانانەوە، هەزاران قوتابی نەیانتوانیوە بەردەوام بن لە خوێندن، وازیان هێناوە. هەرچەندە هۆکارەکانی دابڕانی قوتابی لە خوێندن زۆرن، بەڵام یەکێک لە هۆکارەکان دەرنەچوونی قوتابییە لە تاقیکردنەوەکان، بەدەستنەهێنانی نمرەیە بۆ دەرچوون، ترسە لە تاقیکردنەوە. قوتابی هەبووە تا دوو ڕۆژ پێش تاقیکردنەوە بەردەوام بووە لە خوێندن، لە یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوەوە نەهاتووە، تاقیکردنەوە ئەژنۆی شکاندووە و نەیهێشتووە بەردەوام بێت. کاتێک لێیمان پرسیوە بۆچی نایەیت بۆ تاقیکردنە؟ گوتوویەتی: ئەگەر بێمیش هەر دەرناچم، وا باشترە هەر نێم.
کاتێک بەم شێوەیە تاقیکردنەوە گەورە دەکرێت، قوتابیش هەوڵ بۆ فێربوون و تێگەیشتن نادات، لەبەرامبەردا هەموو تواناکانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی نمرەی بەرز دەخاتە ڕوو. وەک (فایەق سەعید) لە کتێبی (فیدباک و کارایی خوێندکار)دا دەڵێ: “سیستەمی نمرە وا لە خوێندکار دەکات زۆر بیر لە کوالێتی فێربوون نەکاتەوە، واتە پێشبڕکێ و چەندایەتی دەبنە پێوەری پرۆسەی فێربوون.”
ئامانج لە پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن، پێگەیاندنی قوتابی بیرکەرەوە و هۆشیار و هزرمەندە. گرنگ ئەوەیە ئاستی زانستی و هۆشیاری بەرزبێتەوە نەک تەنها نمرە.
مامۆستایەکی بەڕێز، لە پۆلێک کە لە( 20 ) قوتابی پێکهاتبوو، لە یەکێک لە بابەتەکان بۆ زۆرینەی قوتابییەکانی نمرەی( 50 )ی دانابوو، جگە لە چەند قوتابییەک. پرسیارم لێ کرد، گوتم مامۆستا دەمەوێ بزانم هۆکاری دانانی ئەو هەموو پەنجایە چییە؟
گوتی: خۆ پەنجا بە دەرچوون هەژمار دەکرێت، گرنگ ئەوەیە هەموویان دەرچوونە. گوتم: ڕاستە هەموویان دەرچوونە، بەڵام بەلای منەوە گرنگ فێربوونە نەک دەرچوون. ئەو نمرانەش کە زۆرینەیان پەنجایە، مانای ئەوەیە ئەو قوتابییانە بەپێی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی بەڕێزتان، نیوەی بابەتەکەیان زانیوە و لێی تێگەیشتوون، لە نیوەکەی تر تێنەگەیشتوون، یان زانیارییان لەبارەوە نییە.
ئەوەی جێی بایەخە و پێویستە خەمی هەمووان بێت، ئەوەیە کە قوتابی ئاستی تێگەیشتن و زانستی بەرز بێت، خاوەن بیرکردنەوەیەکی فراوان بێت، عەقلێکی کراوە و ڕەخنەگرانەی هەبێت، توانای شیکاری و شرۆڤەی بۆ باس و بابەتەکان هەبێت، توانای گەڕان و پشکنین و دۆزینەوە و داهێنانی هەبێت، حەز و خولیای بۆ فێربوون هەبێت، زانستخواز بێت، کەڵکەڵەی داهێنان و خۆ دەوڵەمەندکردنی بەزانست هەبێت، ببێت بە مرۆڤێکی ڕۆشنبیر و ڕۆشنگەر. ئەم جۆرە تاقیکردنەوە و شێوازی پرسیاردانانەی ئێمە، ئەم سیستەمە فێرکارییەی خۆمان، گەشە بە لایەنی هزر و هۆشیاری قوتابی نادات، بەڵکو هۆکارێکە بۆ پووکانەوەی مێشکی قوتابی، خنکاندن و لەگۆڕنانی توانا عەقلییەکانی قوتابییە، سڕکردنی هەست و ویست و حەز و ئازادییەکانی قوتابییە. وەک (شێرزاد حەسەن) لە کتێبی(گۆشتەکەی بۆ ئێوە و ئێسقانەکانی بۆ من)دا دەڵێت: “ئەگەر پرسیارەکان وا لە کوڕ و کچەکان نەکات ئازاد بن و بۆ سەرچاوەکان بگەڕێنەوە، کە دەکرێت لە وەختی تاقیکردنەوەدا لەسەر مێزەکان بن، بە خواستی خۆیان بەناو ڕەفەی دوور و درێژی کتێبەکاندا بگەڕێن و وەڵامە خەوتووەکان بێدار بکەنەوە، یان لە ئینتەرنێتدا لاپەڕەی ئەلیکترۆنییەکان هەڵدەنەوە، گەر نەبێتە گەمەی مەراق و خولیا و پشکنین و سۆراغێکی مەعریفی، ئەزموونێکی دیکە نەخاتە سەر پەروەردەکردنی ئەو زاتە، گەر تاقیکردنەوە نەبێتە مایەی مشتومڕێکی زۆر و خوێندنەوەی جیاواز و دروستکردنی پرسیاری دیکە و گەڕان بۆ وەڵامی جیاواز، هەتا بۆ هەندێک زانستی سروشتی کە دەکرێت تەنیا یەک وەڵامی هەبێت، گەر شەیدایی و حەز و خۆشەویستی بۆ زانین لەلای کچ و کوڕەکان گەرم نەکات، تاقیکردنەوەکان دەبنە مایەپووچی و کات بەفیڕۆدان و سووتاندنی عەقلەکان” ساڵانە بە دەیان و سەدان و هەزاران قوتابی لەم وڵاتەی خۆمان بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا وەردەگرن، کوا داهێنان و دەستکرد و بیردۆزی ئەو خاوەن بڕوانامانە؟ ئەوەنییە هەموویان لە تاقیکردنەوەکان دەرچوونە و نمرەی بەرز و باشیان بەدەستهێناوە؟ ناڵێم با تاقیکردنەوە هەر بە یەکجاری نەبێت. مەبەستی من ئەوەیە ناکرێ تەنها نمرە و تاقیکردنەوە بکرێتە پێوەر بۆ دەرچوون، یان بۆ هەڵسەنگاندن و زانینی ئاستی زانستی و تێگەیشتنی قوتابی. کاتێک ئامانجی پرۆسەکە بۆ پێگەیاندن و تێگەیاندن و زانست و داهێنان بێت، نەک بۆ نمرە و بڕوانامە، دەکرێ قوتابییان ڕابهێنرێن لەسەر کێبڕکێ بۆ زانینی زیاتر و فێربوونی باشتر و ئاست و کوالێتی بەرزتر. ئەویش بە گفتوگۆ و دیداکتیکی جیاواز و پێشکەوتوو و بە پێدانی فیدباک لەلایەن مامۆستایانەوە بۆ قوتابییان و بە مۆتیڤ و ڕێنمایی بەردەوام. کە ئەمە کرا، ئیتر نمرە بایەخی نامێنێ و نابێ بە خەم و ئامانجە سەرەکییەکە. دواجار کەس لە قوتابی ناپرسێ تۆ نمرەکەت چەندبوو؟ کێ بەرزترین نمرەی بەدەست هێنا؟ پرسیارەکە بەم شێوەیەی لێدێ: تۆ چی‌ فێر بووی؟ تۆ چی تێگەیشتی و چۆن فێر بووی؟ تۆ، بۆ خاک و خەڵک و کۆمەڵگەکەت و بۆ مرۆڤایەتی دەتوانی چی بکەی؟