لەتیف ئەمین: تیرۆر.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاروانی کۆمەڵگەی کوردی، ئەگەر ڕاستەڕێ نەکرێتەوە، لە ئێستادا بەرەو تاریکی و شەوەزەنگێک هەنگاودەنێ، کە تروسکاییەک ئارامی تێیدا شک نابرێ، بەرەو گەرداو و گێژاوێک سەوڵ لێدەدات، کە لە هیچ کەنارێکی ئارام لەنگەر ناگرێ، بەرەو ئەشکەوتێکی تاریکی ئەنگوستەچاو ڕادەکات، کە هاتنەدەرەوەی بۆ نییە، بەرەو چاڵێکی قووڵ خلۆر دەبێتەوە، کە گەڕانەوەی بۆ نییە.
وەهم و خورافیات و گەمژەیی، جێی بە عەقڵ و لۆژیک و زانست لەق کردییە. تیرۆر و تۆقاندن و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕۆیی و تەکفیر، ڕووبەرێکی بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و ئارامی و دڵنیایی نەهێشتۆتەوە. (تەکفیر) شوێنی (تەفکیر)ی گرتۆتەوە. مرۆڤ لەسەر بیروباوەڕی جیاواز تیرۆر دەکرێت. لەسەر ڕای جیاواز، دەنگی جیاواز، دینی جیاواز، مرۆڤ ژیانی لێ دەسەنرێتەوە. بۆچی دەبێ هەموو یەک ڕەنگ و یەک دەنگ و یەک ڕا و یەک دید و یەک دین و یەک بیروباوەڕ بین، ئەگینا مافی ژیانمان نییە؟ جۆن ستیوارت میل لە کتێبەکەی (لەبارەی ئازادییەوە)، دەڵێت”ئەگەر مرۆڤایەتی هەموو لەسەر یەک ڕا و بۆچوون بوون، تەنها کەسێک ڕایەکی جیاوازی هەبێت، نابێ ڕێ لەو کەسە بگیرێت بۆئەوەی ڕای خۆی بە ئازادانە دەرببڕێت”
هیچ کەسێک بۆی نییە کەسێکی دیکە ناچار بکات بۆئەوەی بڕوا بە بیروباوەڕ و ئایین و ئایدیۆلۆژیاکەی ئەو بێنێت. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بەناوی ئایین و ئاسمانەوە، ڕێ لە ڕۆشنگەران و ئازادیخوازان بگرێت.
ئەرکی حکوومەت و دامەزراوەکانیەتی، بەر لەو تەوژمە توندڕۆ و تاریکپەرستییەی ئیسلامییەکان بگرێت، کە دەیانەوێ هەناسەی ئازادی لەم وڵاتە نەمێنێت، کە دەست بۆ هەموو قۆڕگێک دەبەن، ئەگەر دەنگێکی دلێر و جیاوازی لێوە دەربێت. ئیسلامییەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە، نەوەیەکیان پەروەردەکردووە و پێگەیاندووە، کە تەنها بە دەستلێدانێک لە پشتیان، بە تەکبیر و ئەلڵاهو ئەکبەرێک، بە هاندانێک، ئامادەنە سەری هەرکەسێک ببڕن، کە لەسەر ئایینی ئەوان نەبێت، ئامادەنە هەرکەسێک تیرۆر بکەن، کە بیروباوەڕێکی جیاواز لە هی ئەوانی هەبێت. گەنجێک، هەرزەکارێک، کە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئایینەکەی خۆیشی نییە، تەنها بە گوێگرتنی وەعز و وتاری پڕ لە ڕق و کینە و توند و تووڕەی چەند مەلایەکی تاریکبیری مەرگدۆستی ژەهرڕێژ، فتوای کوشتن بۆ ئەوانە دەردەکەن، کە نایانەوێ بەگەل مەڕ و مێگەل و عەوام و حەشامات بکەون، بەئاسانی فتوای کوشتن و لەناوبردنی ئەوانە دەدەن، کە سەرچاوەی بڕیاردانیان عەقڵە نەک نەقل.
دەپرسین، ئەوانەی دەوڵەتی سیوکراتی و حوکمی شەریعەتییان دەوێت، خۆ خەلافەتەکەی داعش زۆر دوور نەبوو، بۆ نەچوونە ناویان و بەیعەتیان پێ بدەن و چەکیان بۆ هەڵگرن و جیهاد بکەن؟ ئەوە ئەڤغانستان، خۆ حکوومەتی تاڵیبان کار بە شەریعەتی ئیسلامی دەکات، بۆ کۆچ ناکەن بۆ ئەوێ؟
بەڵێ، دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) لەڕووی سەربازییەوە تێکشکێنرا، ڕاستە ئەوان لە ئێستادا هیچ شار و شارۆچکە و جوگرافیایەکی دیاریکراویان بەدەستەوە نەماوە، بەڵام داعشییەت کۆتایی پێ نەهاتووە، فیکر و عەقیدەی داعشی هێشتا هەر ماوە و وا بە ئاسانیش کۆتایی پێ نایەت. داعش لە پزدانی سەلەفییەتەوە بەربۆتەوە، داعش لە هەناوی دونیای ئیسلامی سوننییەوە چەکەرەی کردووە. داعش ئەو دڕکەیە، کە لە کێڵگەی ئیسلامی سیاسییەوە سەری دەرهێناوە. داعش لەنێو دەقی کتێبەکانی عەقیدە و شەریعەتەوە هەناسەدەدات. داعش لە هەموو شوێنێک گەرای داناوە و ڕۆژانە دەترووکێن. بەڵێ داعش ماوە و بە ئازادییەکی ڕەهاوە لەناومان دەژین و دێن و دەڕۆن و هیچ بەربەست و لەمپەرێک لەبەردەمیان نییە، بوونیان هەیە و کار و چاڵاکی و قسەی خۆیان دەکەن، تەنیا ئەوەیە چەکدار نین.
داعشەکان لێرە ڕاگەیاندن و ڕادیۆ و کەناڵی تەلەفزیۆنی و دەستگای چاپ و پەخشی کتێبیان هەیە، داعشەکان لێرە لەسەر مینبەری مزگەوتەکانن و بەردەوام خەڵکی گۆش دەدەن، خەڵکی پەم دەدەن و پڕ دەکەن. داعش و تیرۆرستەکان بە ئاشکرا لەسەر لاپەڕەکانی سۆشیال میدیا دەبینرێن و پەیامی گلاو و خوێناوی خۆیان بڵاودەکەنەوە. داعشەکان لەناو قوتابخانەکانن و بوونەتە ڕابەر و مامۆستا. زۆر ساویلکانەیە ئەگەر پێمانوابێ داعش کۆتایی پێ هاتووە. داعش تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی لەڕووی سەربازییەوە وەستێنرا. ئەوان خۆیان مەڵاس داوە، هەر کاتێک و لە هەر شوێن و جوگرافیایەک دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ، مانیفێستی خۆیان ڕادەگەیەنن. کەمێک بارودۆخەکە بۆیان لەباربێ، ئیعلانی خەلافەتەکەیان دەکەنەوە و شمشێری ژەنگاوی و ژەهراوییان دەردێنن.
لەناوبردنی داعش پێویستی بە شۆڕشێکی فیکری و فەرهەنگی هەیە، پێویستی بەپێداچوونەوەی سیستەمی پەروەردە هەیە. دەبێ ئاو لە ڕەگیان ببڕدرێت، پێویستە سەرچاوە فیکری و مەعنەوییەکانیان وشک بکرێ، دەبێ بەریان لێ بگیرێت. بەڕاستی نابێ بەم شێوەیە بەرەڵابکرێن و ئەو ئازادییە ڕەهایەیان پێ بدرێت. وەک نووسەری فەرەنسی(ئۆلیڤەر ڕوا) لە کتێبی عەلمانیەت لەبەرامبەر ئیسلامدا دەڵێت”ئازادی بۆ ئەو کەسانە نییە، کە دوژمنی ئازادین”. ئیسلامییەکان دوژمنی ئازادی و هەموو کەسێکی ئادیخوازن، دوژمنی ئەوکەسانەن کە بڕوایان بە عەقڵانییەت و مەدەنییەت و ئینسانییەت هەیە. ئەوان بڕوایان بە جیاوازی و فرەیی و پلورالیەت و کرانەوەی عەقڵ و مرۆڤدۆستی نییە. بیرکردنەوەی چەقبەستوو و دۆگم و داخراوی ئایینی، دونیا دابەشی سەر دوو بەرە دەکات، کوفر و ئیسلام، ئیمان و ئیلحاد، دیندار و بێدین، ڕەش و سپی. ئەوە ئەو ئایین و ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕەیە، کە لە میسر(فەرەج فۆدە)ی پێ تیرۆرکرا و (نەجیب مەحفووز)ی پێ خەڵتانی خوێن کرا و لێرەش(خواناس وریا). لەپاڵ دەزگاکانی حکوومەت، ئەرکی نووسەر و ڕۆشنبیران و ئازادیخوازانیشە، هەڵوێستیان هەبێ و بێدەنگ نەبن لەبەرامبەر تیرۆرستان و تاریکبیران، پێویستە هەڵوێست و ناڕەزایەتی دەربڕن و ئەم شەپۆڵی توندڕۆیی تیرۆر و تۆقاندنە بوەستێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت