لەتیف ئەمین: ڕۆڵ و کاریگەری مامۆستا لە پرۆسەى پەروەردە و فێرکردندا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو هەوڵ و هەنگاوێک بۆ گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنى پرۆسەى پەروەردە و فێرکردن, بێ هوودە و بێ ئەنجام دەبێت, ئەگەر مامۆستاى پەروەردەیی و ئامادەکراومان نەبێت. هەموو فەلسەفە و تیۆرە پەروەردەییە پێشکەوتووەکان, هەموو ڕێگە و ڕێبازە نوێ و هاوچەرخەکانى بوارى پەروەردە و فێرکردن, بێ ئاکام دەبن, ئەگەر مامۆستاکان خاوەن هزر و بیرێکى پەروەردەیی نەبن، ئەگەر مامۆستاکان هەڵگرى خەمێکى پەروەردەیی نەبن، ئەگەر مامۆستاکان کێشە پەروەردەییەکانى کۆمەڵگەى خۆیان بە کێشەى خۆیان نەزانن، ئەگەر مامۆستاکان تامەزرۆى نوێخوازى و گۆڕانکارى نەبن.
قسەکردن لەسەر پەروەردە, ئاوجوینە, ئەگەر مامۆستاکان پڕ لە دڵسۆزى و لێوانلێو لە ویژدان نەبن. بڕبڕەى پشتى پرۆسەى پەروەردە مامۆستایە. بزوێنەر و ڕۆحى پرۆسەى پەروەردە مامۆستایە. مامۆستایە ئاییندەى کۆمەڵگە دیاری دەکات, ڕێڕەوى کۆمەڵگە دەستنیشان دەکات. نەخشەى ئاییندەى هەموو کۆمەڵگەیەک بەدەستى مامۆستاکانى دەکێشرێت. مامۆستایە نەوەى ئێستا بۆ ئاییندە ئامادە دەکات. پەروەردەکردن و پێگەیاندنى نەوەى ئێستا لە ئەستۆى مامۆستایانە. ئەرکى مامۆستایان مرۆڤسازییە, ئامادەکردن و ڕاهێنانى مرۆڤە بۆ ژیان, مرۆڤێک, کە پڕ لە هیوا و خەون و خۆزگە و خولیاى جوان بێت.
بەڵێ, مامۆستا دەبێ ڕابەر و ڕێنیشاندەر و سەرمەشق و نموونەیەکى جوان و باڵا بێت بۆ قوتابییەکانى. مامۆستایەتى, چوونە ژێربارى ئەرک و بەرپرسیارێتییەکى گەورەیە، ئەرکێکى قورس و هەستیار, کە پێویستى بە خۆپێگەیاندن و خۆ ئامادەکردن و خۆماندووکردن هەیە. مامۆستایەتى, پێویستى بە قوربانیدان هەیە, وەکو مۆم, پێویستى بە تواندنەوەى تەمەنى خۆى هەیە لەپێناو ڕۆناککردنەوەى ژیانى ئەوانى دیکە. جوتیارێک, قوربانى بە دەنکەگەنمێک دەدات و دەیخاتە ژێر گل, بۆ دەستکەوتنى گوڵەگەنمێکى پڕ لە دان. بەهەمان شێوە, پێویستە مامۆستا قوربانى بەخۆى بدا, بۆ پێگەیاندنى چەند پۆلێک لە قوتابى, کە پڕ بن لە زانست و زانیارى و داهێنان.
بوون بە مامۆستا, جیاوازە لە مامۆستایی. جیاوازى هەیە لەنێوان کەسێک کە بۆ خۆژیاندن دەبێتە مامۆستا, وەک کار و کەسابەت و سەرچاوەى داهات, سەیرى پیشەى مامۆستایەتى دەکات. زۆرێک لە مامۆستایان, وەک ئاسنگەرێک, وەک دارتاشێک, وەک بازرگانێک, وەک دکاندارێک, وەک هەر پیشەیەکى دیکە لە مامۆستایەتى دەڕوانن, ئەمانە جیاوازن لەگەڵ مامۆستایەک, کە خاوەن بیرکردنەوەیەکى پەروەردەییە, لەگەڵ مامۆستایەک, کە لە لوتکەى هۆشیارى و هۆشمەندى و ئاگاییدا بێت و کەڵکەڵەى نوێگەرى و گۆڕانکارى و پێشکەوتن لە هزریدا بێت. لەبەرئەوە دەڵێم, بوون بە مامۆستا, جیاوازە لە مامۆستایی.
بە هەموو کەسێک لە ناوەندەکانى خوێندن کە خەریکى وانەگوتنەوە و دەوامکردنە, دەگوترێ مامۆستا. بەڵام ئایا هەموویان مامۆستاى ڕاستەقینەن؟ هەموویان لەخەمى پەروەردە و فێرکردنن؟ هەموویان بۆ گۆڕانکارى و پێشکەوتنى کۆمەڵگەکەیان هەوڵ دەدەن؟ ئێمە قسەمان لەسەر بارودۆخ و ڕەوشى پەروەردە و فێرکردنە لە کۆمەڵگەى کوردیدا. بەر لەهەموو کەسێک, ئێمەى چینى مامۆستایان دەبێ ڕەخنە لە خۆمان بگرین. دەبێ لەخۆمان بپرسین ئەرکى ئێمە چییە لە کەمکردنەوە و کالکردنەوەى کێشە و گرفت و ناڕێکى و ناشیرینییەکانى کۆمەڵگە؟ ڕۆلمان چییە لە ئاراستەکردنى کۆمەڵگە بەرەو ئاشتى و ئازادى و پێکەوەژیان و لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی؟ تا چ ڕادەیەک کاریگەریمان هەیە یان هەبووە لەبارەی چاندن و چەسپاندنی هزر و بیری نیشتیمانی و نەتەوەیی لەلای تاکی کورد؟ ڕۆلی مامۆستایان لە بێدارکردنەوەی کۆمەڵگە چییە سەبارەت بە ماف و ئازادییە کەسییەکان، ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان، یەکتر قەبوولکردن، پرسی ژینگە و زۆر شتی تر. ئەو هەموو لادان و سەرپێچى و تاوان و کێشە و ئاڵۆزییەى کە هەیە, بەشێکی ئۆباڵەکەى لە ئەستۆى مامۆستایاندا نییە؟ ئەوە دەرخەرى ئەوەنییە, کە ئەرکەپەروەردەییەکەى خۆمان بە دروستى و دڵسۆزییەوە جێبەجێ نەکردووە؟ نیشانەى ئەوەنییە, کە نەمانتوانیوە ڕابەرێکى پەروەردەیی بین؟ هەوڵدان بۆ گۆڕانکارى و نوێگەرى لە سیستەمى پەروەردە و فێرکردن, بەبێ گۆڕینى بیرکردنەوەى پەروەردەکاران, ئاوکێڵانە. مامۆستایەتى, تەنها وانەگوتنەوە نییە لەناو پۆلێکى خوێندن بۆ ژمارەیەک لە قوتابییان. مامۆستایەتى, تەنها گواستنەوەى زانیارییەکانى ناو پرۆگرامەکانى خوێندن نییە بۆ مێشکى قوتابى. مامۆستایەتى, تەنها هەڵگرتنى ناسنامەیەک و هاتوچۆکردنى چەند کاتژمێرێکى کەمى ڕۆژانە نییە بۆ قوتابخانە. مامۆستایەتى تەنها دامەزراندن و چاوەڕێکردنى سەرى مانگ نییە بۆ مووچەوەرگرتن. مامۆستایەتى ڕابەرایەتیکردنە, خۆتەرخانکردنە بۆ خزمەتى گشتى, هەوڵدانە, تێکۆشانە, خۆماندووکردن و نەوەستانە, خوێندنەوە و گەڕان و دۆزینەوە و خۆ نوێکردنەوەى بەردەوامە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت