بەختیار نامیق: هێڵە گەرمەکەی بافڵ تاڵەبانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕاستەوخۆ تێل، دوای چەندین جار هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هێڵی سەوز، هێڵە گەرمەکەی بافڵ تاڵەبانی، باش بو ئەم جارە وەری گرت:
من: ئەلو.
هێڵی گەرم: فەرمو، ڕاستەوخۆ بفەرمو کێشەت چیە؟
من: جەنابت کێێ و لێپرسراویەتیت چیە لەم دامەزراوەیەدا؟
هێڵی گەرم: من بافڵ تاڵەبانیم بفەرمو .
من: خۆشحاڵم کە جەنابتی، من نەهاتوم بۆ مەعبەد و قسە بکەم، بۆ دیدەنی خوا و پێغەمبەر نەهاتوم تا ستایشت بکەم، دەمەوێ هەندێ هەقیقەت بڵێم ئەگەر توڕە نابی و لێم قبوڵ دەکەی و کاتت هەیە.
بافڵ: ئەم هێڵە بۆ کێشە دانراوە.
من: بەڵێ منیش کێشەم هەیە وەک هەر هاوڵاتیەک، بەڵام کێشەکەی من گشتیە نەک شەخسی.
بافڵ: ( کەمێک بە بێزارییەوە) بفەرمو گوێم لێگرتوی.
من: هەر هاوڵاییەک بگری دنیایەک کێشەی هەیە لەگەڵ دامەزراوەکان و کاتێک بەر دامەزراوەکان دەکەوێت پڕ دەبێت لە توڕە بون، بە مانایەکی تر ئەگەر هاوڵاتییەک قاچی بکەوێتە چاڵێک، ئەگەر هاوڵاتیەک پارەی چارەسەری نەخۆشی پێ نەبو، ئەگەر هاوڵاتییەک غەدری لێکرا، ئەوە بێگومان بە حاکمی ئەو وڵاتە، یان ئەو زۆنە، یان ئەو شارە لێی بەرپرسە، تۆ وەک حاکمی ئەم شارە هەوڵێکی سەرەتایی باشت دەست پێ کردوە کە ڕایەڵەیەکت دروست کردوە تا هاوڵاتی سەبارەت بە کێشەکانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خۆت قسە بکات. ( پێێ بڕیم )
بافڵ: هەمو ئەمانەی تۆ باسی دەکەی لە تۆ باشتر دەیزانم و لەگەڵ خوێنداکارانی زانکۆ باسم کردوە و هەنگاوی کرداریشم بۆ ناوە، ئەم هێڵە یەکێکە لە هەنگاوەکانم.
من: ببورە کاک بافڵ با قسەکانم تەواو بکەم.
بافڵ: فەرمو برا، بەڵام هەوڵ بدە بە کورتی، خەڵکی تر چاوەڕێمانە.
من: تۆ بتەوێ و نەتەوێ حاکمی زۆنێکیت و بەرپرسیاریەتی قورست لەسەر شانە، لە دڵێ هەمو هاوڵاتیەکی میرنشینەکەتدا هەر گلەیەک هەبێت ئەستۆی تۆ دەگرێتەوە، لە بەرامبەردا یەک دنیا گەندەڵی و دزی هەیە، یەک دنیا جیاوازی چینایەتی هەیە لە نێوان خەڵکی خانوە قوڕەکان و چواردەوری ئێوە لە کۆشکی شاهانەدا، کوڕانی بەرپرسانی دەوری ئێوە، چۆن دەژین و کوڕە هەژارێک چۆن دەژی، زۆر سەرت نائێشێنم ئەم چەند خاڵەم هەیە:
1. کوڕانی سەرکردەکانی شاخ کە ئێستە زۆربەی جومگەکانی دەستەڵاتیان، بە چەند بازنەیەک لە دەستدایە، زیاتر کار بۆ چواردەور و خۆیان و خزم دەکەن، تۆ هەوڵێکی سەرەتایت دەست پێکردوە، من دڵخۆشم پێێ. بەڵام هیوام کەمە پێی، گەندەڵییەکان لە دەوری خۆتان و ئەوانەن لە هەرەمی سەرەوەی حیزبەکاندان.
2. بە حوکمی ئەوەی هەرێم دابەش بوە بۆ دوو زۆن و لەسەرو ئیرادەی ئێوەشەوەیە ( ئێران زۆنی سەوز و تورکیا زۆنی زەرد) تۆ حاکمی کولفی کولی زۆنی سەوزی لەگەڵ ئاوایی ئەوبەر جیاوازن، زۆنی زەرد ڕێککەوتنی ستراتیژی هەیە لەگەڵ یەکێتی و زۆنی سەوز مەهێڵە، ببنە پاشکۆی پارتی و خۆتان وەک هێزێک بەرامبەر پارتی ببینن. کاتێک باوکت و کاک نەوشیروان و یەکێتی لە زاخۆوە تا خانەقینیان بە دەستەوە بو، وە کاتێکیش ڕاپەڕین کرا، پارتی هەر نەبو، مەبنە پاشکۆیەکی لاوازی پارتی، کە تۆ ئەم هەوڵەت داوە بەردەوام بە لەسەریی، ئەوەنەش پارتی تاوانبار مەکەن بەوەی کە ئەوان غەدر لە زۆنی سەوز دەکەن، ئەوان لە ماڵی خۆیان و ئێوەش لەماڵی خۆتان. ئەوان لەم دیو سنوری دێگەڵەوە دەستەڵاتی دانانی مدیری مەکتەبێکیان نیە، خۆتان خۆتان بن.
3. گەندەڵی ڕۆچوەتە هەمو جومگەیەکی دامەزراوەکانەوە بە شێوەیەک، ئەگەر یەكێ نەناسی لە دامەزراوەیەکدا کارت لەبەر ناڕوا، هەڵبەت ئەمە ڕێژەییە، هەر خۆتان چەند کەسێک زەرع بکەن، دەتوانن بیادۆزنەوە و توند بن لەگەڵیان کە بێگومان پیاوەکانی دەوری خۆتانە، ئەم کارەت چەند جارێک ئەنجام داوە، سەرەتایەکی باشە.
4. خۆت لە ئێمە باشتر دەزانی دزەکانی زەوی کێن، دزەکانی مەرزەکان کێن، دزەکانی خانو بەرە کێن و… هتد، ئەو هەوڵەی دەستت داوەتێ، قورستری بکە.
5. من و هەزاران کەسی تر کە ناشیرینیەک دەبینین ڕەخنە لە تۆ دەگرین، ئەگەر من ڕەخنە بگرم خەڵک هەیە توڕەترە، بەلاتەوە ئاسایی بێت و سنوری ئازادییەکان فراوانتر بکە و هەر سەر بەم هێڵە گەرەمە لیژنەیەک دروست بکە، چاودێری ڕەخنەی ناو سوشیال میدیا و ماڵپەڕەکان بکات و بە دواداچونی بۆ بکەن، سنوری ئازادییەکانی ڕەخنەی بونیاتنەر فراوان بکە و ڕەخنەی شەخسی بێتام و تێکدەر سنوردار بکە.
6. ئەم ‌هێڵە گەرمەی تۆ یەک مانا و یەک وێنە دەدات بەدەروەی خۆی، ئەویش ئەوەیە کە یاساکان و دادگاکان و دامەزراوەکان نەیانتوانیوە کاری خۆیان بکەن، بۆیە ئەم هێڵە دامەزراوە، تکایە هێز بدەرەوە بە داداگاکان و دامەزراوەکان.
7. باوەڕی تەواوم هەیە، ئەوەی نەتوانی خزمەتی شارەکەی خۆی بکات، ناتوانێ خزمەتی وڵاتیش بکات، ئەمە با مانای ئەوە نا کە ناوچەگەریی بکرێت، بەڵام سنوری سلێمانی تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، هەرگیز وەک شوێنەکانی تر نابێت، تۆش لە خانەوادەکەتەوە تا کاک نەوشیروان و باقی سەرکردەکانی بازنەکانی تر خەڵکی سلێمانین و پێشکەوتنی ئەم زۆنە سەربەرزیە بۆ تۆ داڕمانیشی داڕمانی شکۆی خانەوادەکان کە حاکمی ئەم شارەن.
8. پێم مەڵێ تۆ وەرە کارمان لەگەڵ بکە، ئێمە پیر بوین بەم ئەخیری عومرەمانەوە دەبێت بچین دوو درەخت بڕوێنین، مەهێڵە پیرە فاشیلەکانی شاخ و شار دیسانەوە وەک باوکت و کاک نەوشیروان کۆمەڵێک بەچکە فیرعەونی تر دروست بکەنەوە، با کۆمەڵیک گەنجی ڕاهێنراو ئەم کارە بکەن.
9. ئێوەی کوڕانی سەرکردەکانی شاخ، ئەگەر کوڕی ئەو سەرکردانە نەبونایە لە سلێمانیدا بە شاگرد چێشتخانە قبوڵ نەدەکران، ئێستە هەڵۆکە نیشتوەتەوە بەسەر شانی ئێوەوە و تا ئاستێک تۆ و براکەت جیاوز ترن، بەڵام حاکمی ئەم شارەن و بەرپرسیاریەتی قورستان لەسەر شانە، تکایە بازنەی بینینتان فراوان بکەن و ڕو بکەنە خانوە قوڕەکان.
10. سەرەتایەکی باشت دەستداوەتێ بۆیە ئەم تێلەم کرد، ئەگینا لە ماوەی 10 ساڵی پێشتردا دوای باوکی ڕەحمەتیت و کاک نەوشیروان لەسەر جادەشە، وەک هەمو خەڵک حەزم بە بینیتان نەکردوە، دروست کردنی ئەم ڕایەڵەیە و هەوڵەکانی ترت زۆر باشن و منیش و خەڵکیش دڵخۆشین بەم هەوڵانە، بەڵام وەک هەوڵەکانی تر دەترسین و هیوامان تەواو پێی نیە، بەو هیوایەن حاکمێکی باشی ئەم زۆنە بیت و سنور بۆ ئەو هەمو گەندەڵێ و جیاوازی چینایەتیە دابنێی و وا بکەی گەنجەکەنمان نیشتمان بە هی خۆیان بزانن نەک تەنها نیشمانێک بێت بۆ بەرپەرسەکان، وەک شێرکۆی مەزن دەڵێ؛
ئەی نیشتمانی بێ گوێچکە
تۆ دەتەوێت هەرچۆنێک بی و
هەرچیەک بێت خۆشم بوێیت؟
بەفر بی، یان قوڕولیتە
هەتاو بیت یاخود تەم و مژ
تەپ و تۆز بیت یاخود فەزایەکی بێ گەرد
هەروەکوو یەک تەماشات بکەم؟
هەرچۆنێک بیت خۆشم بوێیت؟
ببی بە ئەسپی قاچاخچی و باری تلیاک و هێرویین بێنی و بەری، خۆشم بوێی؟
ببی بە چەکمەی چەرمینی ژەنەڕاڵێکی دراوسێ،
یاخود ببیت بە مێزەری فەتوایەکی ڕق و تۆڵە
من هەر ئەبێ خۆشم بوێیت؟
11. بافڵ: هەرچەندە کاتت زۆر بردم، بەڵام سوپاس بۆ پەیوەندیەکەت و لای خۆمان یاداشتی دەکەین کاری لەسەر دەکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت