دانا مەنمی: کابینەی نۆیەم و ڕۆڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێم.
خراپی ڕۆڵی سەرۆکی حکومەت (مەسرور بارزانی ) لە کابینەی نۆیەمدا، شکستی پلەیەک و قوڵبونەوەی ناکۆکییە سیاسی و ئیدارییەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە. سەرۆکی حکومەت پێناسەی حکومەتداری و هونەری بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی گۆڕیووە بۆ هونەری خولقاندنی قەیران و دوژمنایەتیکردنی هێزە هاوبەشەکانی ناو حکومەت و ژینگەیەکی خولقاندووە لە گەندەڵی و ئاڵنگاری مافەكانی مرۆڤ و پرسی ئازادییەكان، لە ئێستادا ئەم کابینەیە هیچ مواسەفاتێکی هاوبەش و شەراکەتی ڕاستەقینەی بۆ یەکێتی و گۆڕان تێدا نییە و خودی یەکێتی و گۆرانیش نەیانتوانی ببنە هاوبەشێکی جدی و راستەقینە لە بڕیاردان لە کابینەی نۆیەمدا بەهۆی سیاسەتی خۆسەپاندن و بە هەواڵگریکردنی کابینەکە، سەرۆکی حکومەت لە کابینەی نۆیەمدا ژێرخانێکی لەرزۆک و حکومەتێکی هەواڵگری قەرزارو ژینگەیەکی پڕ لەترس و تۆقاندنی بۆ بنیات ناوین، موچە نادەن و بازاڕ و ژیانی خەڵکیان پەکخستووەو لە پشتی هەموو ئەمانەوە دەرگای سنورەکانیان بۆ تورکیا کردووەتەوە!
ئەمین زەکی بەگ کەلە بیستەکانی سەدەی ڕابردودا پەرلەمانتار بووەو نوێنەری سلێمانی بووە لە پەرلەمانی عێراق لەساڵی 1928دا وتویەتی: ئەوەی حسابی پاکە لەموحاسەبە بێباکە. لەم سۆنگەیە سەرۆکی حکومەتی هەریم ترسێکی زۆری لە چاودێریکردن و لێپرسینەوە لە بەردەم پەرلەماندا هەیە، هەربۆیە لەگەڵ کابینەیەی نۆیەمدا پەرلەمانی کوردستانیشیان پەک خستووەو جەنگی مان و نەمان لەگەل میدیا و پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆندا دەکەن بەئامانجی خۆدزینە لە چاودێریکردن و لێپرسینەوە! گەندەڵی لە کابینەی نۆیەمدا سیستماتیک کراوەو گەندەڵکارانیش خاوەن پێگەو نفوزن، لە کابینەی نۆیەم هیچ ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ چاکسازی و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و سڕینەوەی سیمای دووئیدارەیی و ئاشکراکردنی داھاتی نەوت و ناوخۆ لە ئارادا نەبووە، هیچ هەنگاوێکی جدیمان لە کابینەی نۆیەم دا نەبینی و بگرە دەستوەردانی حزب لەدادگاکان، زیادکردنی تەسکیەی حیزبی، قەبارەی گەندەڵی، نەبوونی هاوسەنگی نێوان شارەکان لە دام و دەزگاکانی حکومەت زیادی کردووە و کەمی و خراپی خزمەتگوزاریی ڕێگاوبان، تەندروستی، ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا و نەوت و غاز لە زیادبوندایە.
باشی و خراپی کابینەی نۆیەم لە دەستی سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانیدا نییە کە بڕیار بدەن کابینەکە کابینەی خزمەتگوزاری و چاکسازی بووە یان نا، بەلکو دەبێ خەڵکی پسپۆرو شارەزا خوێندنەوەو هەڵسەنگاندن بۆ تەمەنی کابینەی نۆیەم بکەن، ئاشکرایە ئەوەی دەیبێنین رۆژ لە دوای ڕۆژ نرخی خواردەمەنی، سوتەمەنی، باج و رسوماتی مامەڵەکانی حکومەت لەسەر هاوڵاتیان زیادیکردووە، سێکتەری تەندروستی و پەروەردە بەناوی تایبەتکردنەوە هەرەسی بەهەموو سیکتەرەکانی تر هێناوە و لە پاڵ ئەمانەیشدا پرسی موچەو نەمانی پارە لە بانکەکاندا، رێژەی کوشتن و دیاردەی چەکداری و دزی و ماددەی هۆشبەرو جیابوونەوەی هاوسەران و کۆچکردنی گەنجان ، کشانەوەی بەشێک لەکۆمپانیاکانی نەوت لەهەرێم، زنجیرەی هیرش و پەلاماردانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم زیادی کردووە و کۆماری ئیسلامی ئیرانیش درێغی نەکردووە لە موشەکبارانکردن.
لە زۆرینەی وڵاتانی دونیادا کاتێک باس لە ڕۆڵی دادگاو دادوەران دەکرێت، خەڵکی وڵاتەکە هەست بەوە دەکەن بەرگرییان لێ دەکرێت یان لانیکەم ستەمیان لێ ناکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەیە و کاتیک باس لە رۆڵی دادگاو داوەران دەکرێت هاوڵاتیان ئەزموونی باشیان لەگەل دادگاکان و دادوەراندا نییە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو دەسەڵاتە و دەستێوەردانی حیزبیان لەسەرەو لە هاوکێشەکە بەدەر نین و ڕۆڵی دادگاو دادوەران لە کابینەی نۆیەمدا لە خراپترین ئاستدایە بەتایبەت بۆ نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و بەرەی ناڕەزایەتیەکان، تۆمەتبارکردنی ڕۆژنامەنوسان بەناوی سیخوڕی و بەرتەسکردنەوەی ئازادی و رادەربڕین و کاری میدیای بەرەوخراپی رۆشتووە، دۆسیەی گیراوانی بادینان فەزاحەتێکی نایاساییە کە کۆمەلگای نیودەوڵەتی متمانەی بە کابینەکەو سێکتەری دادوەری لەهەرێم لاواز بووە، لەپاڵ ئەمانەیشدا پرسی موچەو نەمانی پارە لە بانکەکاندا، نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان شارو شارۆچکەکاندا لە بواری خزمەتگوزاریدا، رێژەی کوشتن و دیاردەی چەکداری و دزی و ماددەی هۆشبەرو جیابوونەوەی هاوسەران و کۆچکردنی گەنجان، کشانەوەی بەشێک لەکۆمپانیاکانی نەوت لەهەرێم، ئیدی ئەوە سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی نین بڕیار بدەن کابینەکەیان باش و خزمەتگوزارە و دواجاریش شانی سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی لە شکستی سیاسی و لە خولقاندنی قەیرانەکان و تێکچوونی دۆخی ئابوری و ئاسایش و سەقامگیری خەڵک پاکناکاتەوە.