وەڵامێک لە (مولازم عومەرەوە) بۆ چاوپێکەوتنەکەی (کاک کەمال کەرکوکی) لە سایتی درەوو.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم ڕۆژانە لە (سایتی درەوو)، چاوپێکەوتنێکی (کاک کەمال کەرکوکی)م بینی، کە زامی (کارەساتی هەکاری) کولاندەوە. هەر لە زووەوە چەندین هاوڕێی نزیکم داوایان لێکردووم لەسەر کارەساتی هەکاری بنوسم، هەمیشە وتوومە ئەوەی ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) لەسەری نوسیوە، زۆر تێروتەسەلە و پێویستی بە قسەی زیاتری من نیە.
هەرچەندە لە ساڵی 2001 ەوە دەستم لە کاری سیاسی و حزبی کێشاوەتەوە و دوورم لە ململانێکانەوە، هەروەها دۆخی سیاسی هەرێم و بژێوی هاوڵاتیان بە جۆرێک نالەبار و ئاڵۆزە، کە ناکرێت هاوڵاتیان بە هەڵدانەوەی کارەساتێکی کۆن زیاتر ناڕەحەت بکرێن.
بەڵام (کاک کەمال کەرکوکی) ناچاری کردم وەڵام بدەمەوە، بەتایبەت کە (شەهید عەلی عەسکەری و شەهید دکتۆر خالید و شەهید حسێن بابە شێخ)، هەروەها ڕەوانشاد (مام جەلال و کاک نەوشیروان) لە ژیاندا نەماون، هەتا بەرگری لە خۆیان بکەن، بۆیە من بە ئەرکی ئەخلاقی و سیاسی دەزانم کە ڕاستی ڕوداوەکان بە کورتی بگێڕمەوە.
یەکەم/ ئەو هێزەی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) کە بەڕێکەوت، بەندەشی تیابوو؛ ئەوکات ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و ئەندامی مەکتەبی عەسکەری بووم و (شەهید عەلی عەسکەری) لێپرسراوی هێزی پێشمەرگە و مەکتەبی عەسکەری بوو. بە هیچ جۆرێک ئەوە ڕاست نیە کە ئەو هێزە بەڕێکەوتبێت بۆ لێدان و لەناوبردنی (قیادەی مۆقەتە). هێزێک بۆ شەڕ بچێت، 200 پێشمەرگەی بێ چەک نابات لەگەڵ خۆی. هێزەکەمان نزیکەی 800 پێشمەرگە بوو، 200 ی بێ چەک بوون.
ئامانجی سەرەکیمان ئەوە بوو کە بچینە بادینان و لەوێوە بۆ سەر سنوری سوریا بۆ وەرگرتنی چەک، کە بەشێکی لیبیا پێی دابووین و بەشێکی مقاوەمەی فەڵەستینی، بەتایبەتی جەبهەی شەعبی و جۆرج حەبەش. ئامانجی دووهەممان ئەوە بوو کە لەگەڵ (شێخ حسێن بابە شێخ) ماوەیەک لە بادینان بمێنینەوە، هەتا هێزەکەی تەواو جێگیر دەبێ و بنکە و بارەگا دائەنێن.
دووهەم/ ساڵی 1975دوای ڕێکەوتننامەی جەزائیر لە نێوان عێراق و ئێران، بەسەرپەرشتی (محمد ڕەزا شای ئێران و سەدام حسێن) و نسکۆی شۆڕشی ئەیلول کە خۆم پێشمەرگە بووم تێیدا، برادەرانی پارتی چوونە کەرەج، نزیک لە تارانی پایتەختی ئێران. تا ڕادەیەک برادەرانی پارتی پەیوەندیان لەگەڵ ئێران و عێراق و تورکیادا ئاسایی بوو.
ساڵی 1978 کە کارەساتی هەکاری ڕویدا، بەشێک لە برادەرانی پارتی لە کەرەج بوون و بەشێکیان بە ناوی قیادەی مۆقەتەوە لە شاخ بوون. هێشتا شای ئێران و سەدام لە حوکمدا بوون و لە سایەی ڕێکەوتننامەی جەزائیرەوە پەیوەندیان لەگەڵ پارتیدا باش بوو.
کاک (کەمال کەرکوکی) باسی نزیکی (شەهید عەلی عەسکەری و یەکێتی) دەکات لە حکومەتی عێراقەوە، بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەک. چۆن دەکرێت هێزێک لە یەک کاتدا نزیک بوبێت لە عێراق و لە سوریاشەوە، لە کاتێکدا سەدام حسێن و حافز ئەسەد دوژمنی سەرسەختی یەکتر بوون.
لەو کاتەدا ئێمە تەنها لەگەڵ سوریا و لیبیا و هەندێک لە فەڵەستینیەکاندا نێوانمان باش بوو. بۆیە لە عێراق و ئێران و تورکیاش پەلاماردراین. چەند ساڵێک بەر لەوە (خاڵە شەهاب و شەهید جەعفەر و شەهید ئەنۆر زۆراب) لە ئێران گیران و تەسلیمی عێراق کرانەوە و لە سێدارە دران.
لە کارەساتی هەکاریدا، ئێران و عێراق وەکو دەوڵەت لێیانداین، لە تورکیاش کۆمەڵێک هۆزی نزیک لە پارتیەوە لێیانداین. دواجار قیادەی مۆقەتە پەلاماریان داین و بە ئەسیری (کاک عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و کاک حسێن بابە شێخ)یان شەهید کرد.
سێهەم/ شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ) قاڵبووی شۆڕش و پێشمەرگایەتی و نمونەی سەرکردەی بوێر و چاونەترس و ئازابوون. من لەڕوی هەڵسوکەوت و ئەرکی لێپرسراوێتی لەناو هێزی پێشمەرگە، خۆم بە قوتابی شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید) دەزانم و زۆر شتی باشیان لێوە فێربووم.
ئەو کاتانەش کە ڕەوان شاد (مام جلال و کاک نەوشیروان) گەڕانەوە بۆ وڵات، لە هەردووکیان زۆر نزیک بووم و بە درێژایی 25 ساڵ لەگەڵ مام جلال لە نزیکەوە کارم کردوە؛ دوای وازهێنانیشم لە کاری حیزبی، هەر پەیوەندیمان بەهێز بووە. هیچ کات هەستم نەکردووە کە ئینسانێکی داخ لە دڵ بێت، بەڵکو نمونەی سەرکردەی جوامێر و لێبوردە بووە.
هەمیشە هەستم دەکرد پەیوەندی ڕۆحی لەنێوان مام جلال و شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدا) هەیە، چونکە لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە پێکەوە کاریان کردووە. هەر (مام جلال)یش پێشنیاری کرد کە شەهید (عەلی عەسکەری) ببێتە فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی.
شەهید (شێخ حسین بابە شێخ)یش لە سوریاوە لەگەڵ مام جلال گەڕایەوە و پەیوەندیەکی قوڵ و برایانە لە نێوانیاندا هەبوو. کەس لە ئێمە هەستی نەکردوە ناکۆکیەک، یان ساردوسڕیەک لە نێوان (مام جەلال) و شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ)دا هەبێت.
ئەوەندەی شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ)م ناسیبێ، پیاوی ئەوە نەبوون لە پێناوی ڕزگار کردنی گیانی خۆیان پاکانەیان بۆ هیچ کەس و لایەنێک کردبێت.
شێواندنی مێژووی یەکتر سود بە هیچ لایەک ناگەیەنێت. نەدەبوو کاک کمال قەتماغەی ئەو برینە هەڵبداتەوە؛ وەکو هەڵشیدایەوە دەبوو بەڵگە و دەستخەتی شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ) ی پیشان بدایە، نەک بە بێ بەڵگە قسە بخاتە پاڵیان. نەمری بۆ شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ) و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت