ڕەووف محەمەد ئالانی: بایکۆتی خوێندن و بێباکی حکومەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای ساڵی 2014 هەرێمی کوردستان توشی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەی بۆتەوە، زۆربەی ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانە بەهۆی نەدانی مافەکانی خەڵک بووە بەتایبەت موچە، جگە لە خۆپیشاندانەکانی 17ی شوباتی 2011 کە زیاترهاندانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتەو گۆڕانکاری ناوچەیی و شەپۆلەکانی بەهاری عەرەبی بوو، ئەو ناڕەزایەتیە، تاقە ناڕەزایەتی بوو کە لایەنی پەیوەندیدار بەپەرلەمان و حکومەتەوە بێنە سەرخەت وەڵامبدەنەوە، لەدانیشتنێکی پەرلاماندا کرا بەپاکێجێکی 17 خاڵی و ئاراستەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کرا، بەڵام هیچ لەو خاڵانە نەچوونە بواری پڕاکتیکیەوە. هەربۆیە خەڵک بێهیواوبی ئومێدە لە حکومەت داوا ڕەواکانی بسەلمێنێت.
زۆربەی ناڕەزایەتیەکان توێژی مامۆستایان پێی هەستاون، ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتیەش بەرناوچەیەک لەهەرێم کەوتوە، ئەویش سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجەیە، ئەوەش سەلماندنی دوو زۆنی و دوو ئیدارەیی دەسەلمێنێت، لەبەرئەوە حکومەت یەک سیستمی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی هەیە، ناکرێت لەوکاتەی هەموو مامۆستایان و فەرمانبەران بێبەشبکرێن، تەنها بەشێکیان لەناوچەیەکی دیاریکراو ناڕازیبن، بۆئەمەش کۆمەڵێ فەکتەربوونیان هەیە، گرنگترینیان شێوازی مامەڵەی دەسەڵاتی ئەوزۆنە نیشان دەدات، کە تا چەند قبوڵی ناڕەزایەتی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا لەمێژوودا هەندێ شوێن واناسراوون کە هەمیشە سرک و یاخین، سلێمانی لە سەرەتای دروستبونیەوە ئەم ناسنامەیەی هەبوە، بۆیە شاعیری ناودار(کامەران موکری) نازناوی (شاری هەڵمەت و قوربانی) بەمشارە دەبەخشێت، بەڵام من مەبەستم ئەوە نیە لە خەبات و قوربانی و جوامێری و ئاست بەرزی شارەکانی تر کەمبکەمەوە، زیاتر تیشک خستنە سەر ئەوەی زۆربەی ناڕەزایی و خۆپیشاندان و بایکۆت لەو سنوورە بوە.
لەم کاتەشدا وانزیکی هەفتەیەکە بایکۆتی خوێندن و نەکردنەوەی دەرگاکانی قوتابخانەو خوێندنگەکانی سنووری سلێمانی بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەی لەناوچەکانی تر دەرگاکانی قوتابخانەوخوێندنگەکان کراونەتەوە بەڕووی قوتابیان و خوێندکاراندا، لەهیچ شوێنێکی دنیا نیەونەبوە حکومەت خەمی پرسێکی لەو جۆرە نەخوات و لێی بێدەنگ بێت، مەگەر ووڵاتە دکتاتۆرو خۆسەپێنەکان.
لە هەر شوێنێکی دنیا پرۆسەی پەروەردە پەکبخرێت و پەراوێز بکرێت، ئەوە نیشانەی کەوتن و وێرانی ئەو کۆمەڵگەیەیە، لەسەر ئەم وتەیە پیرەمێردی گەورە دەڵێ:
ڕێی ڕاست ئەمەیە گەر ڕاستت ئەوێ
کە دیوار ڕووخا، بانیش ئەکەوێ
بەڕای من لەم پەندەدا دیواری کایەکانی کۆمەڵگە پەروەردەیە، جا ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بیر نەکەنەوەو هەست بە مەزنی پەروەردە نەکەن، وابزانن کێشە نابێت بۆیان، زۆر بەهەڵەدا چوون، چونکە لەدنیادا بان(سەقف)ی هیچ بینایەک بەبێ دیوار ناوەستێت.
ئەم شێوازی بەڕێوەبردن و کارگێڕیەی هەرێم تاسەر بەمجۆرە بڕناکات، کەوادەڵیم لەدڵەوە نیگەرانم، بەڵام حوکمڕانیەک نەتوانێ دڵی مامۆستا و موچەخۆرانی خۆی ڕازی بکات، ئەوە چ حوکمڕانیەکە؟ لەکاتێکدا لەووڵاتێکی پڕساماندا بیت، گومان و دوودڵی و نامۆیی هەموو کۆمەڵگەی باشوری کوردستانی گرتۆتەوە، کە ئەم دەسەڵاتە جگە لەخۆیان هیچ خەمێکی تریان نیە، (عومەرموختار)تێکۆشەری لیبیا وسەرکردەی قوربانی مافەکانی خەڵکی ئەو ووڵاتە، لەسەر دوودڵی و گومان وتوێتی: (دوودڵی گەورەترین بەربەستە لەبەردەم سەرکەوتن).
لەسەروو هەموو شتێکەوە دەبوایە حکومەت ببوایە جێی ڕەزامەندی خەڵک و متمانەی ببەخشییایە، نەک بەجۆرێک بێت کەس دانی خێری پێدانەنێت، پێموایە ئەمەش زۆرخراپە بۆی.
(گۆتە 1749 – 1832)ی نوسەر دەڵیت: (ئەگەر متمانەت بە خۆت هەبێت، ئەوا متمانە بە کەسانی تر دەبەخشیت).
دۆخی ناڕوون و ناڕێک و نادادی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاقارێکی پر لەمەترسی و ناخۆشی و دڵەڕاوکێ و ڕوولەچاڵی تاریکی و وون بوون دەکات، بەدەست کۆمەڵێ حیزب و بەناو سەرکردەی بێخەم و بێئاگا لەخەڵکی ئەم هەرێمە.
ناچارم، خەمساردی و بێنمەتی و بێباکی بەرپرسانی کورد وایکردوە کە لەگەڵ شاعیری جوانەمەرگ و خەمخۆری کورد (ئەحــمەد مـختار جــاف)دا پڕبەدەمی هاواربکەم و بڵێم:
لادە شــاعیــر تۆ لە بـــاسـی عشــقبـازی و ســەیـرکە
چـــۆن خـەریـکن چـەنـد کەســـێ ئێـــستا وەتەن وێـران ئەکەن
جـاھـیـلان بـۆ ئیسـتیفادەی زاتی خـۆیان ڕۆژ و شـەو
لـەم مـوحـیـطە مەنـعی عیــلم و ســنعەت و عیـرفــان ئەکەن
ڕوو ڕەشــی دوونـیا و قیــامەت ئەو نەفــامانەن کـەوا
ھەجــووی قەوم و میــللەتـی خۆیان بە پــارە و نان ئەکەن
ئـاسـمان ئێسـتا وەھــا چەرخــاوە جــاھـل غـــالیــبە
گــوربــە و ڕێــوی خــەیـــاڵـــی مـەرتەبەی شـــێران ئەکەن
چــەن کەسێــکی تــازە پیـا کەوتوو لە کــوورە دەرچـــوون
پیــاو کە چـــوو بـۆ ئیـش لە پێــــشـدا یـوقــلمـەی گیرفان ئەکەن
خەڵــکە، بەعــزێ کەس لـە ئینــسانیەت چیــان دیــوە زەرەر
وا ھەمیــــشە مـەشــقی وەحـــشی و پەیـــڕەوی حـەیــوان ئەکەن.
لەم دۆخە هەستیارەدا دڵنیام هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگیە، ئەو هەستەی کە ئەحمەد موختار بەگی جاف دەریبڕیوە، هەیەتی و ئەم دەسەڵاتە بەو شێوازە دەبینێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت