زەبەنگ بەهادین: نازانم گوێمان لێدەگرن، یان نا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارەی زۆر و دەسەڵاتی زۆرتان بۆچییە، هەموو مرۆڤێک لە 40گم گوشت و 20 گرام سەوزە و 10 گرام نانی زیاتری پێناخورێ. ئەو جلەی بەرت مارکەی فیرساجی بێت، یان کراسێکی ئاسای بێت، هەر پۆشتەت دەکات و لەسەرما و گەرما دەتپارێزێ. کام کەسایەتی لە مێژوو ناوی بە باشی مایەوە لەبەر ئەوەی رۆژی شەش جار نانی چەوری خواردوە. کام سیاسەتمدار چووە مێژوو بە نەمری لەبەر ئەوەی قاتەکەی بەری دۆلچی بوو. ئەمرۆ بەسەربەرزی بژی، مێژووش سەربەرز راتدەگرێ، سەربەرزی دەسەڵات لە باشکردنی ژیانی میللەتەکەیدایە.
ئەگەر دەسەڵات دەرگاکانی بەروی میللەتی خۆیدا بکاتەوە، هەرگیز ناچار نابێت بچێتە بەردەم دەرگای بێگانە. ئەگەر گوێ بۆ میللەتی خۆی بگرێت، ناچار نابێت گوێ بۆ بێگانە شل کا. کامیان باشترە لە بێگانە بپارێیتەوە، یان داوا لە میللەتی خۆت بکەی. جولەکە بۆیە سەرکەوتن، خۆیان ئاڵتونەکانی بەری خۆیان دەبرد بۆ دەسەڵات، چونکە دەسەڵاتەکەیان راست و باش بوو لەگەڵیان.
لێرە بە دوا لە نەوت و بازرگانی و تاڵانی و سیتی و زەوی و پارە گەرێن، ئەوەندەتان هەبێ کە سەر و ماڵتان بە ئاشتی بەرێکرێ، ئەوندەتان بەسە کە شەرفەمەندانە بژین و ناوتان بە جوانی لە مێژوودا بنوسرێ. بۆ جارێکیش بێ گوێمان لێگرن، بۆ جارێکیش بێ سەیرێکی چواردەورتان بکەن، بزانن ئەوانەی لە دەورتان راستیتان پێدەڵێن، یان لە پاڵ ئێوەدا بە بلۆک دولار و باڵاخانەی بەرز بنیات دەنێنن. لە دوایشدا دەبێ ئێوە بچنە بەر قاپیان و ئێوە زەرەرمەند بن ئەوانیش بزەی سمێلیان دێ. هەر ئەو پارەی دەیدەنە کوێلە و دووروەکان، هەزار قوتابخانە و خەستەخانەی پێ دروست دەکر، سبەی کوپەڵەتان بەتاڵ بێت، هەر ئەوانەی دەورتان بەشەق کوپەڵەکە دەشکێنن. کێ براتە تورک، یان فارس، یا عەرب، یان کوردێک لە هەر بستێک ئەم کوردوستانە گەورەیە بێ، کێ فریات دەکەوێ هاوزمان یان ئەوانەی هەر نایانەوێ ناوی کورد ببیسترێ، لەو بەرزیە وەرنە خوار ووردە ووردە کارێک بکەن میللەت خۆشی بوێن، لە بیرتان دێ لە ساڵانی نەودەکان خەڵک بە نانە رەقە رازی بوو، بەس ئازاد و سەرفراز بێ.
بەخۆتانا بچنەوە هیچ زەرەر ناکەن، ئێستاش درەنگ نییە، با هەمومان لە کیس نەچی. جا ئییتر نازانم گوێمان بۆ دەگرن، یان بەردەوام دەبن تا واتان لێدێت ئیتر لە هیچ کوێ گوێشتان بۆ ناگیرێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت