شوان خورشید: ئێستا قەزێیی کوردی تەنها مووچەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەر گوزەرێک بە مێژووی گەلی کوردا بکەین، لەوە تێدەگەین لەوەتەی کورد هەیە، هەردەم خەباتی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کردوەو، لەو پێناوەدا دەریایەک خوێنی ڕشتوە، بەتایبەتیش دوای داگیرکردنی کوردستان و دابەشکردنی لە نێوان عێراق و ئێران و تورکیاو سوریا. ئەو گەلە ستەمدیدەیە هەمیشە خوێنی بەخشیوەتە کوردستان و کەمی نەکردوە لە هاوکاری بەناو شۆڕشەکانی کوردایەتی. بەڵام موخابن چەنێک خوێن ڕژاوە، چەنێک دایک جەرگی سوتاوە، دوای ئەوەی هەزارەها مناڵ بێ باوک و بێ لانە بونە، سەدان خوشک ڕەشپۆش کران، شۆڕشەکان، یان ئەوەی پێیان ووتراوە شۆڕش،بەویست، یان ئیرادەی دوژمن لەبەر یەک هەڵوەشاوەتەوە. مانوبون و خوێن و تێکۆشانی دڵسۆزانی میللەتیش هاتۆتەوە خاڵی سفر. تۆ وەرە لە هەموو ڕابردوو گەڕێ، با لە حکومەتی هەرێمەوە دەس پێ بکەین، کەبەهۆی بارودۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەییەوە، باشترین فرسەتمان بۆ ڕەخسا، تا بتوانین زۆربەی مافەکانمان بەدەست بهێنین. چونکە تا ڕادەیەک زلهێزەکان لێمان تێدەگەیشت، بارودۆخی عێراق هی ئەوە نەبوو گرەومان لێ بباتەوە، چونکە کاتی ڕژێمی پێشووی عێراق ڕووخا، کورد خاوەنی هەموو شتێ بوو لەدامودەزگای ئیداری و سەربازی و تەنانەت دارایش، عێراق پۆلیسێکی نەبوو کوردستان بەچکە حکمەتێک بوو، کورد ئەو کات ئەبوایە زۆر بابەتی یەکلا بکردایەتەوە، نەک قوماری دەستور بکات، لەجێی ئەوەی داکۆکی لە کوردستانیەتی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکان بکردایە، کە بەناوچەی جێناکۆک ناوزەد کراوە، نەکرایەتە قومارێکی دۆڕاوەوە، وەک دەبینین سپێردراوە بە مادەی 140ی دەستوری عێراقی و، وەک ئەوەی هەر نەبێت ساڵ دێت و دەڕوا، تێدەپەڕێ، سەیر لەوەدایە ئەوەی ناوی لێ دەنێین حکومەتی هەرێم هەروا بە سانای نەبوتە ئەوەی کەهەیە. بەڵام ئیدارەدانی لە بونەکەی گرنگترە، چونکە حکومەتی هەرێم و کارەکتەرەکانی حکومەت، لەجیاتی ئەوەی ئینجازی تازەترو، بەدەسهێنانی زیاتری ماف، لە پاشەکشێدایە، وەک دەبینین مادەی 140 وەک کەلەپور لێی دەڕوانرێ و ئەوەندە تۆزو خۆڵ لێی نیشتوە، خۆش بەحاڵی مردوو، ئەبوایە هەرێم باشترین شەڕی ئەو مادە دەستورییەی بکردایە، لەبەر ئەوەی نیوەی خاکی کوردستانیان لەوەها قومارێک لەسەر مێزی دەستور داناوە، جا ئێوەیەکیش داکۆکی لێ نەکەن و کاری بۆ نەکەن، دڵنیا بن لایەنە عێراقیەکان نایەن و پێشنیاری جێبەجێ کردنی بکەن بۆتان. ئێوەیەک ئەو مادە دەستورییەی کە زۆربەی کێشەکانی هەرێمتان بۆ چارەسەر دەکات،گرنگ نەبێ لەلاتان، ئەی چی دەتان گەیەنێک بە مەبەست، پلەو پۆستی بێ ناوەڕۆکی بەغدا، ئەو پارە زۆرەی لە ڕێگای پۆستەکانتانەوە دەسەبەری دەکەن، بەڕاستی سەیرە لە ئێستادا قەزێی نیشتمانی و نەتەوایەتی و سنور، پێدانی مووچە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە جێگای گرتۆتەوە،کاتێ عێراق بڕیار ئەدا مووچەیەک بەهەموو کەموکوڕیەکەوە بنێرێ،حکومەتی هەرێم وەک ئەوەی هەنگوینی لە کلۆری دارا دۆزیبێتەوە، وەک باشترین دەسکەوت بەخەڵک و موچەخۆرانی دەفرۆشێتەوە، بەڵام لەئاست مادەی 140نەبای دێ و نە باران، کە دەبوایە لە جێگای شەڕی پلەو پۆست و دەسکەوتی مادی، شەڕی مادەی 140بکرایە، چونکە بەجێبەجێکردنی ئەو مادە دەستوریە، یان شەرکردن لەسەری، وای دەکرد ئەوەندە لای حکومەتی عێراقی بچوک نەبوینایەتەوە.
بریمەر لە یاداشتەکانی دەیگێڕێتەوە، ئەڵێ: سەرەتای پڕۆسەی ئازادی عێراق بوو، سەرکردە کوردەکان سەردانیان کردم، وام زانی داواکاری سیاسیان هەیە، کەچی سەرجەمیان داوای پارەیان لێ کردم، ئەمە جۆرێکە لە کارەسات کە باشترین هەڵ لەبار بەری لە پێناو پارە، بەداخەوە ئێستا ئیشی حکومەتی هەرێم و حیزبە باڵا دەستەکانی کوردایەتی، لە جیاتی ئەرکە نیشتمانی و نەتەوایەتیەکان بوەتە موچەو بەس، عێراقیش بەوپەڕی مەزاج سازیەوە، یاری بەهەرێم دەکات، موچەی ئەوەندە گەورە کردوە، ئەرکە لەپێشینەکانی کە هەرێم و حیزبی کوردی باشور بیری لێ ناکەنەوە لەبیر بردونەتەوە، وەک دەبینین هەر ئەم مانگە کە چەند ڕۆژێک لە نیوە تێپەڕیوە، چەندین وەفدی باڵا سەردانی بەغدایان کردوە، لە پێناو بەدەستهێنانی موچە. بەڵام کەی بینیوتانە، یان بیستوتانە، وەفدێکی تایبەت بە مادەی 140سەردانی بەغدا بکات، یان وەفدێک بچێت و داوای مافە مللی و نیشتمانیەکان بکات، گرنگی سنور ئیبراز بکات، قسە لەسەر مافە دەستوریەکان بکات، بەڵام لە پێناو وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەرێکی گشی، یان سەفقەیەک پارە،کەبۆ کەڵەکەبونی سەرماییەی خۆیانە ئامادەن هەر لە بەغاو لە پەنا دیواری ناوچەی سەوز بکەون، لەهەموو ئەمانەش بگەڕێ سەیری لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بکەن، دەبینین هەر لایەنەو کلکی لەگەڵ داگیرکەرێکی کوردستان گرێ داوەو، لەبەرژەوەندی خۆی و ئاغاکەی کە قەت نایەوێ کورد بکەوێتە سەر پێی خۆی، دژایەتی لایەنەکانی تر دەکات، تا ئەوە بیرکردنەوەی حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان بێت ڕۆژمان لەوە باشتر نابێت، ئەمانە ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوایەتیان لە ناخی تاک بەتاکی کورد سڕیوەتەوە، ئەوەی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان نەیان توانی بیکەن، ئەحزابی کوردی بەتایبەت پارتی و یەکێتی کردیان، بەو خیانەتەشیان گەورەترین خزمەتیان بە داگیرکەرانی کوردستان کردوەو ئەیکەن.

شـــــــوان خورشـــــــید

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت