دانا مەنمی: لینین و بەلشەفیەت شۆڕش و تیرۆری سوور.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەپگەرای رەوتێکی هزری سیاسییە کە داوای یەکسانی ئەندامەکانی نێو کۆمەڵگا دەکات، سەرچاوەکەی بۆ شۆڕشی فەرنسا ساڵانی “ 1789 – 1799” دژ بە شانشینی ئەو وڵاتە دەگەریتەوە، دەستەواژەکە فرەچەشنە و بە تێپەربوونی کات گۆڕانکاری لە ڕەوتە چیاوازەکانی چەپڕەویدا هاتووە، بەڵام هێڵەگشتیەکانی چەپ یەکسانی کۆمەڵگاو دادپەروەری کۆمەڵایەتی و حوکمڕانیەتی عەلمانیە. دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕوسیا بە زۆرینەی جیهاندا بڵاوبونەوە، لە هەرێمی کوردستان ساڵی 1934 حیزبی شیوعی دامەزراو ئەمیندای حیزبەکە بەهادین نوری بوو، دواترو لە ساڵی 1970 کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان دامەزرا کە ( پێشتر ناوی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان ) بوو، ساڵی 1976 یش حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دامەزرا و لە ژێر هزری چەپدا کاری دەکرد.
سەردەمی خۆی زەمان زەمانی بیری چەپ بوو، هاوتەریب لەگەڵ چاوچنۆکی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزمدا، چەپەکان لینین وەک شۆڕەسوارێکی مەیدانی پێناسە دەکەن، هەتا هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە مۆسکۆوە کتێب بەناوی (لینین و سۆسیالیزمەوە) چاپ دەکراو دەگوازرایەوە بۆ وڵاتانی تر، زۆرینەی کتێبەکان وەهمی حیزبی بوون و جیهانیان دابەش دەکرد بۆ دوو ئۆردوگا بە ناوی ( سۆسیالیستی و سەرمایەداری ). لینین کاریزمای سەردەمی خۆی بوو لە هەموو بۆنەو یادەکانی پرۆلیتاریا ناوی دەهێنرا، لەم سەردەمەدا ئەگەر دوو مرۆڤ ببوایە بە شەریان ئەیانگوت ( خەتای ئیمپریالیزم)ـە!
جەنگ و شۆڕش دوو پرسی گرنگی ناو بەلشەفییەکان بوو لە ڕوسیا، لینین پێی وابوو “ دۆخی جەنگ دۆخێکی دابڕاو نیە لە دۆخی پێش جەنگ و هەر جۆرە کورتکردنەوەیەکی مێژوو بۆ ساتی جەنگ، تینەگەیشتنە لە مێژوو”. ستراتیژی لینین بریتی بوو لە گۆڕینی هەڵوێستی کرێکاران و جوتیاران و خەڵکی شۆڕشگێر بە گشتی و ئومێدێکی زۆری بە شۆڕش هەبوو، هەڵبەت جەنگ بوعدێکی نێوخۆی هەبوو کە حکومەتی تزاری تێوەگلابوو بە جەنگەکەوە و کۆمەڵگای ڕوسی بووبوە قوربانی هەژمونی دەرەکیی، وە بوعدێکی نێودەوڵەتیشی هەبوو لە نێوان وڵاتانی زلهێزی ئابوریدا بەتایبەت ئەڵمانیا کە وڵاتێکی ئابوری تازە پێگەیشتوی دڕندە بوو لە بەرامبەر بەریتانیادا، بۆیە لە بەرژەوەندی وڵاتانی زلهیزی ئابوریدا بوو کە جارێکیتر بۆ داڕشتنەوەی نەخشـەی ئابوری و سیاسی جیهان بە پێی داڕشتنەوەی بەرژەوەندیەکانیان جەنگ هەلبگیرسێنن.
فەرەنسا لە ساڵی 1789 دا شۆڕشێکی مەزنی بەرپاکرد و سیستەمی پاشایەتی گۆڕی بە کۆماری، ئەڵمانیا وەک هێزێکی نوێ لەبەرامبەر بەریتانیا و فەرەنسا قووت بوویەوە و دەیگوت“ چیتر نەخشەی جیبان نابێت وەکو خۆی بمێنێتەوە و دەبێ جارێکیتر نەخشەکە دابڕێژینەوە!” لینین لە ناو ئەم کێشمە کێشمەدا جەنگێکی بە دوای خۆیدا هێنابوو دژ بە حکومەتی تزار لە ڕوسیا کە دواجار سەرکەوتن و حکومەتی کرێکاریان دامەزراند، سەرکەوتنی لینین ڕوسیای کرد بە قوتبێکی جیهانی لە بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا کە حکومەتی وڵسن دژی وەستانەوە، شۆڕشی ئۆکتۆبەر پرسێکی چینایەتی بوو بۆیەکەمین جار چینی کرێکاری سەربەخۆ دەبێت و نابێتە پاشکۆی بورژوازی ،بەڵام ئەمە سەرەتای جەنگێکی دریژخایەن بوو لەناو وڵاتەکەدا چونکە بورژوازەکان هاوکاری سیاسی و سەربازی دەکران لە لایەن ( ئینگلتەراو ئەمریکاو فەرەنساو ژاپۆن ) لە بەرامبەریشدا بەلشەفیەکان پەنایان برد بۆ سیاسەتی سەرکوتکردن و ڕویان کردە تیرۆری سوور.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت