فه‌رمان عزیز شریف: بایكۆت & مووچه‌ & به‌غدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئه‌م سێ وشه‌یه‌ی ناونیشانی بابه‌ته‌كه،‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ژیانی هاوڵاتیانی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.

بایكۆت
نزیكه‌ی مانگێكه‌ بایكۆتی به‌شێكی زۆری فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان له‌سنوری سلێمانی و گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین، به‌هۆی دواكه‌وتنی مووچه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌. له‌ 13- 9- 2023 ده‌وامی قوتابخانه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكردووه،‌ كه‌چی تاكو ئێستا له‌سنوری پارێزگای سلێمانی پڕۆسه‌ی خوێندن ده‌ستی پێنه‌كردووه‌. به‌گوێره‌ی وته‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایان له‌ 7- 9- 2023 ده‌ڵێت: (700هه‌زار قوتابی له‌سنوری سلێمانی ده‌ستیان به‌خوێندن نه‌كردووه‌ كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 40 ی قوتابیان له‌ هه‌رێمی كوردستان)، له‌هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 1ملیۆن و 800 هه‌زار قوتابی هه‌یه‌. له‌ 13 په‌روه‌رده‌ی سنوری سلێمانی ده‌وامی قوتابخانه‌كان نیه‌ به‌هۆی بایكۆت كردنی مامۆستایان، وه‌كو ساڵانی ڕابردوو جارێكی دیكه‌ پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردن كه‌وتۆته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌یكی دیكه‌ی جدی و حكومه‌تیش هیچ باكی پێ نیه‌ و ده‌ڵێت مووچه‌ له‌ ده‌ستی به‌غدایه‌.
ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای بایكۆتی فه‌رمانگه‌كانی دیكه‌ی سلێمانی كه‌چی له‌سنوری هه‌ولێر و دهۆك ده‌وامی قوتابخانه‌ و فه‌رمانگه‌كان ئاسایی یه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌ولێر و دهۆك كێشه‌ی دواكه‌وتنی موووچه‌یان نه‌بێ، له‌كاتێكدا هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه‌ و هاوشێوه‌ی سلێمانی تاكو ئێستا مووچه‌ی مانگی 8 و 9 یان وه‌رنه‌گرتووه‌.

مووچه‌
بابه‌تی (دواكه‌وتن و بڕین و پاشه‌كه‌وت و لێبڕین)ی مووچه‌ له‌ ساڵی 2015 تاكو ئێستا به‌رده‌وامه‌، 8 ساڵه‌ خه‌ڵك ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ست حكومه‌تی هه‌رێم و ئێستاش حكومه‌ت ده‌ڵێت دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ نیه‌ و ئه‌گه‌ر به‌غدا پاره‌بنێرێت دابه‌شی ده‌كه‌ین و پێشتریش هه‌ره‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئابورییان له‌ به‌غدا ده‌كرد. مانگی‌ ڕابردوو دوای 50 رۆژ مووچه‌ دابه‌ش كرا ئێستاش وا مانگی 10 تێده‌په‌ڕێت مووچه‌خۆرانی هه‌رێم هێشتا مووچه‌ی مانگه‌كانی 8 و 9 یان وه‌رنه‌گرتووه‌.
دۆخی گوزه‌ران و دارایی خه‌ڵك ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ خراپتر ده‌بێت، داموده‌زگاكانی حكومه‌ت په‌كیان كه‌وتووه‌، حكومه‌تیش هه‌رخه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی باجه‌، هه‌رشتێك پاره‌ په‌یداكردنی تێدا بێت، حكومه‌ت ده‌ستی بۆ ده‌بات، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند ڕۆژی رابردوو نووسراوێكی سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كراوه،‌ داهاتی خۆی زیادبكات له‌ڕێگای زیادكردنی رسوماتی تاقی كردنه‌وه‌ی ده‌ره‌كی له‌ 25هه‌زاردینار بكرێته‌ 50هه‌زار دینار و دوای ده‌وامی قوتابخانه‌كان گۆڕه‌پانی وه‌رزشی قوتابخانه‌كان به‌كرێ بده‌ن و چه‌ند شتێكی دیكه،‌ له‌كاتێكدا قوتابخانه‌كان كه‌مترین پاره‌ی بۆ خه‌رج ده‌كرێت له‌لایه‌ن حكومه‌ت. له‌ ئێستادا دایك و باوكی قوتابیان و مامۆستایان و خێرخوازان پاره‌ بۆ كۆمه‌لێك له‌ خه‌رجیه‌كانی قوتابخانه‌كان كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و حكومه‌تیش به‌بیانوی دابینكردنی مووچه‌ی مانگانه‌، ئه‌و داهاته‌ی كۆیده‌كاته‌وه‌ له‌ باج گوایه‌ ده‌یدات به‌ مووچه‌، كه‌چی داهاتی سێ مانگی ڕابردوو به‌شی زیاتر له‌ مووچه‌یه‌كی ده‌كرد و ده‌یتوانی مووچه‌ی مانگی 7 ی پێ دابه‌ش بكات. به‌ڵام موچه‌ی یه‌ك وه‌زاره‌تیشی دابه‌ش نه‌كرد، تاكو ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ به‌غدا وه‌ك قه‌رز هات، ئینجا ده‌ستی كرد به‌دابه‌ش كردنی مووچه‌ی مانگی 7ی 2023 له‌كاتێكدا ته‌نها به‌داهاتی ناوخۆ ده‌یتوانی موچه‌یه‌كدابه‌ش بكات ئه‌وه‌شی نه‌كرد.

به‌غدا
له‌ مانگی ڕابردوو له‌ هه‌رێمی كوردستان ئیمزای 36هه‌زار فه‌رمانبه‌ریان برده‌ به‌غدا بۆئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق ڕاسته‌وخۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ڕێگای بانك، یان كارتی زیره‌ك هاوشێوه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق له‌كاتی خۆی مووچه‌كه‌یان له‌ لایه‌ن به‌غدا وه‌ربگرن بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ به‌غدا سه‌رجه‌م فڕاكسیۆنه‌ كوردیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عێڕاق پشتگیری خۆیان بۆ ئه‌و داوایه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌ربڕی، جگه‌ له‌ فڕاكسیۆنی پارتی. چونكه‌ ئه‌مه‌ی به‌ لاوازكردن و له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێم له‌ قه‌ڵه‌مدا.
ڕۆژی پێنج شه‌مه‌ 5- 10- 2023 له‌ مه‌ڕاسیمی ئاهه‌نگی ده‌رچوانی خولی 42 ی زانكۆی صه‌لاحه‌دین له‌ هه‌ولێر مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم باسی له‌وه‌ كرد هه‌ندێك لایه‌ن له‌ به‌غدا ده‌یانه‌وێت قه‌واره‌ی هه‌رێم لاواز بكه‌ن. هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وام یه‌كتری تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌ كێشه‌كانی نێوانیان، حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به‌ناوی ئابوری سه‌ربه‌خۆ و دواتر فرۆشتنی نه‌وت بێ حیساب كردن بۆ به‌غدا و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا نه‌وتی كوردستانیان له‌ڕێگای توركیاوه‌ ده‌فرۆشت و دواتر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم ئه‌مانه‌ له‌كاتی بی هێزی ده‌سه‌ڵاتی عێڕاق بوو به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و بێمنه‌تی هه‌رێم بوو له‌ به‌غدا ئێستاش هاوكێشه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بۆته‌وه‌ هه‌رێم لاوازه‌ و به‌غدا به‌هێزه‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێم و تۆڵه‌ی خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ له‌ عێڕاق زاڵه‌ به‌ پشتگیری ئێران هه‌موو گه‌مارۆیه‌كیان خستۆته‌ سه‌ر هه‌رێم و توركیاش پشتی له‌ هه‌رێم كردووه،‌ له‌كاتێكدا پارتی له‌ڕابردوو هه‌موو هێلكه‌كانی خۆی خستبووه‌ سه‌به‌ته‌ی توركیاوه‌، ئێستاش توركیا به‌رامبه‌ر عێڕاق پشتی له‌ پارتی و هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت