عیماد عەلی: تەنها بۆ بەرچاوی دڵسۆزانی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش هەموو شتێک لەوە یەکلایی بوومەتەوە کە دەسەڵاتی کوردستان بە سەرجەم حزبەکانیەوە لە دونیایەکدا سیاسەت دەکات و دیفاکتۆی دەسەڵاتی خۆی فەرزکردووە کە برٍوای بەم قسانەم نیە و تا ئێستا جگە لە بەرژەوەندی تەسکی حزبی و هۆز و عەشیرەت و ناوچە و زۆنی خۆی، هیچ لەبەرچاو ناگرێت و کەرٍو لاڵە لە ئاست بیروبۆچون و حیکمەتی سەرجەم دڵسۆزانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە. بۆیە ئامانجی ئەم نوسینە تەنها بۆ مێژوو و خستنە بەرچاوی خەڵکە دڵسۆزە بەشخوراو و بەشمەینەت و پەراوێزخراوەکەیە، نەک خۆسەپێنەرانی سەرلوتکەی دەسەڵاتی کوردستان.
ئەوەی زانراوە هەموو دەسەڵاتێکی دڵسۆزی دیموکراسی لە هەموو جیهاندا، لەو ماوەیەی لە دەستورەکەیدا بۆی دیاریکراوە، لە هەرماوەیەکدا بەخۆداچونەوەی جددی بە خۆیدا دەکات و خۆی هەڵدەسەنگێنێت و کێماسی و کەموکورتیەکانی خۆی دیاری دەکات و تا ئەو ئاستەی بە رێژەیەک لە خۆی رازیبێت بەردەوام دەبێت و گۆرٍانکاری دەکات، بەو مەرجەی نەگەیشتبێتە پلەی شکست و زیان گەیاندن بە میلەتەکەی. ئەگەر پێچەوانە بێت، ئەوان پێش ئەوەی میلەت راو بۆچون و هەڵوێستی خۆی دەربرێت، خۆیان بەرکەنار دەکەن و ئەڵتەرناتیڤی ئیجابی و چارەسەری کێشەکان و هەنگاوی بەخۆداچونەوە و گرتنەبەری رێگەی راست هەڵدوەبژێرن و بە سنگفروانیەوە داوای لێبوردن لە گەل و نیشتمانەکەیان دەکەن..
ئەوەی لە کوردستانی لەمەر خۆمان دەیبینین، لە وەزعێکدا دەیگوزەرێنین گەیشتۆتە چڵەپۆپەی شکست و نەزانی و زیانی گەورە تا رادەیەک کە ترس و دڵەرٍاەکێ گەیشتۆتە رادەی لەناوچونی ئەزمونەکە بە یەکجاری و ئەگەری تەفروتونابونمان زۆر لە ئارادایە و بە روون و ئاشکرا دەیبینین و تەنها ئەم دەسەڵاتەی کە ناتوانرێت جگە لە کەمتەرخەمی و نادڵسۆزی و گوێنەدا بە خوێنی خۆبەختکردوان و قوربانیان هیچ ناوێکی تری لێ بنێیت. ئەگینا گەر تەماشای دۆخەکە بە گشتی بکەیت و ئەگەر بەراوردێکی سەرپێیانەی ئەمرۆی هەرێم و ساڵانی پێشووش بکەیت، جگە لە دواکەوتن و خراپبوون و گەیشتن بە رۆخی هەرەسی یەکجاری هیچی تری لێنابینرێت و لەوە خەمەتر هیچ هەوڵێک لە هیچ لایەک لە ئارادا نابینرێت بۆ گرتنەبەری هەنگاوی راستەرٍێکردن.
بۆیە، گەر بڵێین ئەم دەسەڵاتە زادەی ئاستی بیرکردنەوە و رۆشنبیری و تێگەیشتنی ئەم میلەتەیە، بۆیە وا گەیشتۆتەی ئاستێکی وا، ناحەقی دەکەین. بەڵام ئەوەی چاوەرٍوانی دەکرێت و لەم میلەتە بینراوە کە مێژووەکەی دەخوێنیتەوە، لەوە یەکلایی دەبیتەوە کە جامەکە پر بووە و خەریکە لێی دەرژێت و چاوەرٍێی هەنگاوی جدی دەکرێت. بەڵام دڵسۆزان لەوە دەترسن هەموو شتێک لەباربچێت و رەش و سپی تێکەڵ بن و بۆ چەندین ساڵی تر ئەم ژێر دەستەییە بەردەوام بێت و چەندین نەوەی تر بناڵێنن. بۆیە تەنها هەوڵی رزگار بوون لەبەردەستدا دەمێنێتەوە کە ئەویش دیاریکردنی کاتی گونجاوە بۆ تارٍنان و دەرکردن و دادگایی کردنیان. لە بەرامبەردا لای ئەوان، جگە لە وازهێنان خۆقوتارکردن و گرتنەبەری رێگەی راکردن، هیچیان لەبەردەستدا نەماوە و گەندەڵان و خۆسەپێنەران، جگە لە شکست و ملکەچبون و نەفرەت لێکردنیان، هیچی تریان بۆ نەماوەتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت