شێرزاد شێخانی: شەڕی خۆتڕێنى حەماس.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەی فامم کردووە، قەت کەیفم بە چارەی سەرکردەکانی فەلەستیندا نەهاتووە. لەگەڵ ئەوەی لەناخی دڵەوە پشتگییری خەباتی ڕەوای گەلی فەلەستین دەکەم لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی کە ئەوانیش وەکو میللەتەکەی خۆم خاکیان داگییرکراوەو دووچاری زوڵموستەمی نەژادی و ئایینی بوونەتەوە. بەڵام جاران و ئێستاش سەرکردەکانیان لەبازرگانێکی سیاسی و خۆفرۆش و بەکرێگییراو زیاتر نابینم!.
1- لەساڵانی زووی سەرەتای سەدەی رابردوو، هەر باوکو باپیری ئەو خۆفرۆشانە بوون، دەیان هەزار باخ و بێستان و خاکی وڵاتەکەیان بە پارە فرۆشتە جولەکە کە ئەوسا بە لێشاو بە جانتای پڕ پارەوە دەهاتنە فەلەستین و خاکەکەیان لەعەرەب دەکڕی. تا وایلێهات سێ بەشی خاکی فەلەستین بە پارە فرۆشرایە بە جولەکەو ئەوان بوونە خاوەن ئەرز وتێیدا نیشتەجێ بوو!.
2- لەساڵانی شێست و حەفتایەکان هەر ئەو سەرکردانەی فەلەستین بوون، کلتووری قێزەونی ڕفاندنی فرۆکەی مەدەنییان داهێناو لەسەرانسەری دونیا فڕۆکەیان دەتەقاندەوەو دەیانفڕاندن و سەرنشیینەکانیان بە بارمتە دەگرت.
3- لەم ساڵانەی دواییەشدا دیسان زۆربەی سەرکردەکانی حەماس و جیهاد و قەسام و باڵەکانی تری چەکداری، هەموویان لەئوتێل و قەسرە خۆشەکانی قەتەڕو ئیمارات نیشتەجێ بوون و تەنها لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنی جەزیرەوە دەردەکەوتن و شەڕە بەردیان بە منداڵەکانی ناوەوە دەکرد.
4- ئـێستاش هەر ئەو سەرکردانەی حزب و رێکخراوە ئیسلامییەکانن کە ژیانیان لەخەڵکی وڵات تاڵ کردووەو بە وەکالەتی ئێران و تورکیاو سوریا و رژێمە دیکتاتۆرەکانی دونیا، گەنجی وڵاتەکانیان دەکەنە سووتەمەنی شەڕێکی بێ ئامانی بە ناوی تۆفانی ئەقسا.
هەر ئەوانەشن بەیانی بەهەمان رەفتاری فاشییانەی داعش و قاعیدە دیلە جولەکەکان دەکوژن و لەنەتیجەشدا دەرگای دۆزەخ لەخۆیان دەکەنەوەو هانی ئیسرائیل دەدەن خاک و وڵاتیان بکاتە خۆڵەمێش.
ئەوان لەئوتێلە پێنج ئەستێرەکانی قەتەڕو ئیمارات ژیان بەسەر دەبەن، میللەتەکەشیان بێ کارەباو بێ ئاوو نان رووبەڕووی ئالەتی زەبەلاحی جەنگی ئیسرائیل دەبنەوەو سبەی ئەمریکاو وڵاتانی تریش دێنە پاڵ ئیسرائیل و خاکی غەزە دەکەنە بیابان و میلەتەکەشی دەربەدەری وڵاتان دەکەنەوەو دیسان هەمان تراجیدیای تەهجیری فەلەستینیەکان دووبارە دەبێتەوە.
ئەمجارە ئیسرائیل هیچ چارەیەکی بە دەست نەماوە، تەنها و تەنها لەناوبردنی یەکجارەکی ئەو هێزە شەڕخوازە ئیسلامیانەى بە وەکالەتی دەوڵەتانی دیکتاتۆر شەڕی پێدەفرۆشن.
ئاخر ئەو سەرکردە فەلەستینیە ئیسلامیانە ئەگەر تۆزیک عەقڵیان هەبێت، چۆن رووبەڕووی هێزی زەبەلاحی ئاسمانی ئیسرائیل و مووشەکەکانیان و کەشتیەکانی دەریایان دەبنەوە؟. چۆن ئەتوانن بەرگەی هێزی ئاگرینی ئیسرائیل بگرن کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی بە هەموو هێزەکانیانەوە پشتگییری لەو وڵاتە دەکەن؟.
ئیسرائیل یەکەمجارە ئەم هەموو زیانە گیانیە گەورەیەو ئەم زەبرە کوشندەیەی بەر بکەوێ، ئایا ئاوا بە ئاسانی شەڕەکە کۆتایی پێدێنێ بۆ ئەوەی حەماس و هاوەڵەکانی وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچن؟.
بۆچی ئەم سەرکردانەی حەماس ئەزمونیان لەو صەدامە وەرنەگرت کە پەیکەریان بۆ دروستکردووە لەناو شارەکانیان کە چۆن خۆی تووشی کارەساتێک کرد کاتێ رووبەڕووی هێزە زەبەلاحەکەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بووەوە؟!.
پرسیارە گەورەکەش لێرەدا ئەوەیە: نزیکەی هەشتا ساڵە 22 دەوڵەتی عارەبی بەهەموو چەک و جبەخانەکانیانەوە شەڕی ئیسرائیلیان کرد بێ ئەوەی دەرەقەتی بێن، ئایا حەماس ئەیەوێ بە چەند ماتۆڕسوارێک ئیسرائیل تەفروتوونا بکات؟!.
سەیرم پێدێ لەلای خۆشمان حزبە ئیسلامییەکان کەوتوونەتە هەڵەداوان و ئیعلانی پشتگییری خۆیان دەکەن بۆ شەڕی حەماس!. جا ئەگەر ئەوانە بەڕاستی حەماس گرتوونی بۆ پشتگییری حەماس، دەبا تۆزی حەماسیش بیانگرێ و لەشکرێ خۆیان بنێرنە هانای حەماس و دیفاعی لێبکەن، نەک لێرە لەدووری هەزاران کیلۆمەتردا فشەفشی درۆزنانە بکەن و بە فیتی ئەردۆغان و ئێران ئەو شەڕە نەگرییسە موبارەک بکەن.
ئاییندەی حەماس ئاشبەتاڵێکی سەختە، شەڕەکەش، یان بە خاپوورکردنی غەزە کۆتایی دێ، یانیش لەکەمترین حاڵەتدا بە دەربەدەرکردنی یەکجارەکی ئەم رێکخراوەو ناردنیانە بۆ باوەشی ئاغاکانیان لە تاران و قەتەڕو ئیمارات. باقی وەلسەلام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت