يوسف محەمەدبەرزنجى: تێپەڕینى کتێبە قاچاغەکان، بەسنوورە دەستکردەکاندا – بەشی یەکەم.
دەسپێک و ڕونکردنەوە
چاپکردنى کتێب، ڕۆژنامەو گۆڤارەکان، ساڵى 1978 و دواى ساڵى 1980، لەدۆخ و هەلومەرجێکى تایبەتیدا بوو، هەموو نووسین و بابەتێک لە باشوورى کوردستان و عێراقدا، لەلایەن حکومەتى تۆتالیتارى و تاک ڕەوى بەعسەوە ڕێگەپێدراو نەبوو، چونکە دەسەڵات و تواناى ڕژێمى عێراق و کۆنترۆڵکردنى پانتایى ڕۆشنبیرى و سەپاندنى دەسەڵات بە زەبرى هێزو جڵەوکردنى خەڵکى ناڕازى و ئۆپۆزسیۆن لەژێر پەردەى یاسادا، دەسەڵات و هێزو هەیمەنەى بەعسى پێشانى هەموو عێراقییەکان دەداو کەس نەیدەتوانى ڕوو بەڕووى بەعس و تواناکانى بووەستێتەوە، بەرەى نیشتمانى (الجبهە الوطنية الديمقراطية) کە حیزبى شیوعی عێراقى بەشداربووى ئەو بەرەیە بوو لەگەڵ حزبى بەعسدا، لەیەک بەرەداهاوبەش بوون پێکەوە، بەعس گەمارۆى ئەم پارتەیشى دابوو، زۆرى خەڵکە ڕوناکبیرو خوێندەوارەکە دووى حیزبى شیوعی کەوتبوون و هاوپەیمانى بەعس بوون، ئەوانیش لە سایەیى زەبرو زەنگ و تواناکانى حزبى بەعس و ڕژێمەکەى نەیان دەتوانى تەنانەت لە ڕویى ڕۆشنبیرییەوە گەشە بە بوارەکە بدەن و چاپکراوەکان بەگشتى گەشەپێبدەن و ئاستى ڕۆشنبیرى و سیاسیى بەتایبەتى چاپەمەنییەکان گەشەپێبدەن، ئەوەش بەهۆى ئەو فشارە زۆرى کە لە سەر پارت و کەسایەتییە سیاسیى و ڕۆشنبیریەکان بوون، چونکە دەرگایى ئازادی و بۆچونە کراوەو دەربڕینە ئایدیۆلۆژییەکان لەقاڵبدراو گەمارۆ دراوبوون لە عێراقدا، هەموو چاپەمەنییەکان لەژێر چاوەدێرى سانسۆردا بوون، تەنانەت گەر لەساڵى 1970 تا ساڵى هەشتاو وەدەرنانى شیوعییەکان بکەین لەعێراقدا بەرهەمێکى ئەوتۆى سیاسیى و ڕۆشنبیرى وەک چاپکراو ڕێگە بەبڵاوکردنەوەى نەدراوە، هەموو چاپکراوە تێوێرى وئایدیۆلۆژییە فیکرییەکان دیارى کراو بەپەنجەکانیش دەژمێردرێن، چونکە سانسۆرى عێراق ڕێگەى بەبڵاوکراوەى بەرەى چەپ نەدەدا بۆئەوەى لاوان و گەنجان پێیى کاریگەر و سەرقاڵ بکاو وەک شارە زوردەواڵە لە خۆى بوروژێنێت، ئەو سەردەمەش باوو گەشەى بەرى سۆشیالیست و چەپەکان و بیروبۆچونەکانى مارکسیزم ــ لینینیزم و ماو هۆشیمینەو جیفاراو ئەوانى تربوو، بۆیە ئەوەى بۆنى ئایدیۆلۆژیاو ئەم جۆرە بابەتانى لێبهاتایەو بە عەرەبى و کوردى و فارسى و…. دەست ڕژێم بکەوتایە لەزیندانەکاندا تونددەکرا، بۆیە تەنانەت شیعرو چیرۆک و بابەتە ئەدەبیەکانیش لەژێردەست و چاوى سانسۆرو ڕژێمى بەعسدا دەرنەدەچوون، ئازادى ڕوناکبیرى و چاپ وچاپەمەنى بەتەواى خنکابوون، هەموو بەرهەمێک بڵاونەدەکرایەوە.
چاپەمەنى کوردى
چاپەمەنى کوردى لە ژێر فلتەرو سانسۆرێکى گراندا بوو، فشاریش زۆربوو، بەعس ڕێگربوو لە بەرهەمەکاریگەرەکان لە شیعر و چیرۆک ووتار و بابەتى بەرگرى، شیوعییەکانیش لەبەرە لاوازەکەیاندا نەمان و چونە شاخەکان و زۆرێک لەئازادیخوازانیش لەزیندانەکاند شەویان ڕۆژ دەکردەوە، شاخەکان و گوندەکانى کوردستان بە ئازادیخوازان سیخناخ بوونو بەرەو گەشەسەندن دەچوون، لە ساڵانى هەشتاکان لە ساڵێکدابیست کتێب جگە لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانى ژێردەسەڵاتى بەعس وەک ڕۆژنامەى( هاوکارى، گۆڤارەکانى بەیان، ڕۆشنبیرى، رۆژى کوردستان، کاروان، دەردەچوون ڕێگە بە بابەتە گرنگە کانى وەک مێژوو، کەلەپوور،شوێنەوار… نەدەدرا هەمووى بابەتە ڕۆشنبیرو ڕوناکبیرییەکان لە چیرۆک و شیعردا بچوک کرابوونەوە، زۆر گرنگى بەم باتانە دەرا، چونکە مەترسى بۆ سەر ڕژێم و دەسەڵاتەکەى نەبوو، جارجار لێکۆڵینەوەو بابەتى تێۆرى زمانەوانیش بەکەمى دەردەکەوتن، بۆیە نێوەندى ڕۆشنبیرى لە ژێر فشارو سانسۆى قورسدا بوون، بۆ ئەوەى خەڵکو نەوەکان وشیارییان بۆ کێشەى گەلەکەیان نەبێت و بەهەموو شتێک ڕازى بن و تەنیا دژى دەسەڵات و سیستەم نەبن.
شۆڕشى ئێران و چاپەمەنییە کوردییەکان
لە دوایى ساڵى 1978و 1979 بەدوواوە، شۆڕشى ئیسلامى لە ئێران لەهەڵچون و گەشەکردندا بوو، زانکۆ وقوتابخانەو کارخانەو شوێنە چڕەکانى شارەکانى ئێران دەستیان بەخۆپیشاندان وناڕەزایەتییەکان کردوو، ساڵى ١٩٧٩ (محەمەد ڕەزاشا) یان لە وڵاتەکەیان وەدەرناو ئازادیخوازان و ڕوناکبیران هەواى ئازادیان هەڵمژى و چاپەمەنییەکان لەو وڵاتەش بەئازادیی هاتنە مەیدانەکەوە، ئەم تەوژم ودۆخ وهەلوومەرجەنوێیە سیاسییە ڕۆژهەڵاتى کوردستانى گرتەوە، چاپەمەنى و سیاسەت و پارتەکان کەوتنە دۆخ وهەلومەرجێکى نوێوە، شارو گوندەکانى ڕۆژهەڵات سوکە ئازادیى وسەربەستییەکیان بۆ گەڕایەوەو هەبوو، حزب و پارت و ڕێکخراوەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەستیان بەکارو چالاکى ئازادانە کرد، چاپەمەنى و کتێب و ڕۆژنامەو گۆڤارەکان … دەستیان بەبڵاوکردنەوە بەکوردى وفارسى کردو چاپخانەکان دەستیان بەچالاکى چاپەمەنى کرد، پارت وڕێکخراوە کوردییەکان لە شارەکان ڕۆژنامەو گۆڤارو چاپەمەنییەکانیان بەکتێبیشەوە پەرە پێدا بەشێوەیەکى ئازادانەو بێسانسۆر.
چاپەمەنیە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵات
جگە لەچاپەمەنیەکان کە لەلایەن پارت و حزبەکانى ڕۆژهەڵاتەوە چاپدەکران و بڵاودەبوونەوە، لە شارى مەهاباد دوومەلا بە ناوى (سەیدیانى مەهاباد)، چاپەمەنییەکیان دانابوو بە ناوى(سەیدیان)، ئەو چاپخانەیە لەئۆفسێت و فۆتۆکۆپى پێشکەوتوو پێکهاتبوو، ئەم چاپخانەیە لەدواى سەرکەوتنى شۆڕى ئیسلامى ئێران و باڵکێشانى ئازادى بەسەر شارو گوندەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دامەزراو دەستى بەچاپکردنى کتێب کرد. وەک مەسەلەیەکى ڕۆشنبیرى و بازرگانى، سەیدیانى مەهاباد، زیاتر ئەو چاپکراوانى دووبارە چاپدەکردەوە کە پێشتر لە باشوورى کوردستان چاپکرا بوون و تیراژیان یان لە کتێبخانەو کتێبفرۆشییەکاندا نەمابوو یان زۆر کەم بووبوونەوە، بۆیە چاپخانەى (سەیدییان)ى مەهاباد ئەم بەرهەمانەى چنگ دەخستوو بە تیراژى زۆر لەچاپى دەدانەوەو دووبارە لە سنوورەکانەوە بەهۆى وڵاخدارەکانەوە لەگەڵ کەلوپەلە بازرگانى وقاچاخەکاندا ئامدیووى باشوورى کوردستان دەکرانەوەو خوێنەرانیش کە پێشتر ئەم بەرهەمە چاپکراوانەیان دەست نەکەوتبوو، یاخود تامزرۆى دەخستنى بوون بۆ ئەوەى هەیانبێت، لە نرخێکى مام ناوەندا دەهاتنە ناو شار و گوندەکانەوەو خوێندەواران دەیانکڕین.
کتێبە قاچاخەکان یان قەدەغەکان
چۆن فەرش، سرکەیى، قوماشى پیاوان و ژنان پێڵاو گۆرەوى بستە، فستق وخەنەو وسمەو، جگەرە… لەڕێگەى وڵاخدارەکانەوە بەنێوگوندو سنوورەکاندا دەهاتنە کوردستانى باشوور بەتایبەتى بۆ دەڤەرى پشدەرو شارباژێڕو پێنجوێن و شاندەرى و هەڵەبجەو گەلێگ شوێنى تر، ئەم کتێبانەش هەر لەڕێگەى ئەم وڵاخدارو قاچاخچیانەوە دەهاتنە ئۆردوگاى شانەدەرى، قەڵاچوالان و میراواو شاناخسێ و… گەلێک شوێنى تر، ئەوەندەى من بزانم ئەوانەى زیاتر بۆمەسەلەى بازرگانى لەڕێگەى قاچاخچییەکانەوە کتێبیان دەهێنا، ئەم بەڕێزانە بوون، کەمال مەروێیى، حەمەلاو، مەلاحەسەن کە لەگەڵ کەمال خزم بوون، ئەمان زیاتر لە ڕێگا قاچاخەکانى شارباژێرەوەو بە ناو سەربازگەو مۆڵگەکاندا لە سنوورەکانەوە کە زۆریش پڕ مەترسى بوون دەیان هێنایە مەروێ و شاناخسێ و قەڵاچۆلان و ناو شارى سلێمانییەوەو بە ئێمەو مانان و هەندێک کتێبخانەدا ساخیان دەکردنەوە، ئەوانى لە سلێمانى ئەو کتێبە قەدەغەکراوانەیان دەفرۆشت، کتێبخانە (پەیام) لەکۆتایى شەقامى مەولەوى بەرانبەر سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى جاران، خاوەنەکەى مامۆستا ئەنوەر برزو بوو. کەبەکتێبەکانەوە دەستگیرکراو پاش چەند ساڵێک ئازادکرا، کتێبخانەى زمناکۆخاوەنەکەى خوالێخۆشبوو مەلاسەعیدى زمناکۆ لە شەقامى کاوە، کتێبخانەى ژیان خوالێخۆشبوو مامۆستا مستەفا، کتێبخانەى هودا، تەنیش مزگەوتى گەورە خاوەنەکەى خوالێخۆشبوو مامۆستا ئەحمەد، ئەمانە، وەک کتێبخانەى فەرمى بەنهێنى ودزییەوە کتێبەکانیان بڵاودەکردەوەو دەفرۆشت، ئێمەش لە شەقامى مەولەوى وەکدەستگێڕى سەر شەقام ئەم کتێبانەمان لە قەڵاچوالان و شانەدەرى و هەڵەبجەو بەستەستێن و قەڵادزێوە دەهێنا بۆ سلێمانى و بڵاومان دەکردنەوەو دەمان فرۆشتن ئەوانەى شەقامى مەولەوى وەک خوالێخۆشبوو شەهید مەحموود خاکى، یوسف محەمەد، ئیسماعیل محەمەد، شێخ عومەر محى ددین، کەمال کۆڵنەدەر،دلێر غەفور، شەهاب جەمال، عوسمان، خالیدى حەمەکاكۆڵ و مامۆستا محەمەد مەحموود حاجى مامەندى، کە ئەم دووانەى دواییان بەکتێبەکانەوە دەستگیر کران و لە( 24. 6. 1984 تا 30. 6. 1985 )لە بەندیخانە مانەوە، کە پاشان جۆرى دەستگیرکردن و مانەوەیان لەبەندیخانە لەزمان و بیرەوەرى خۆیانەوە لە پاشکۆى ئەم نوسینەدا بڵاودەکەینەوە،من و مەحموود خاکیش چەندجارێک بەهۆى چاوەدێرى و کتێبەکانەوەدەستگیرکراین و گیراین و براینە ئەمنى بەلدەو پۆلیسى سەراو بەهۆى لێکۆڵینەوەو وریایى و یەک دەنگى خۆمانەوە ئازاد کراین، چەند جاریش هەڕەشەو ئاگادارکراومەتەوە لە سەر دانان و بڵاوکردنەوەى ئەو کتێبانە، تەنانەت بە خزمەتگوزارى شارەوانیش هەراسانیان دەکردین. یەکدو جاریش ملازمى ئەمن (علاء) لە سەرچاپکراوە کوردى و تەنانەت عەرەبیەکانیش هەڕەشەى لێدەکردووم کە ئەو کتێبانە دانەنێم ونەى فرۆشم وەک ملوانکەى شینى شەریف، و دیوانى پیرەمێرو قانع و… ئاسایشى بەعس هەمیشە کتێبفرۆشى سەرشەقامەکانى خستبووە ژێرچاوەدێرى و فشارەوەو زورنەمان دەتوانى هەموو کتێبێک بە خەڵک بفرۆشین ئەوەى نەمان ناسیاییا نەمان دەتوانى کتێبەکانیان پێبفرۆشین، بێجگەلەوانەى کەمتمانەمان پێیان هەبوو، بەتایبەتە خوێندەواران و شاعیران ونوسەران و هەندێ بەڕێوەبەرى فەرمانگەو قوتابخانە لەموشتەریەکانمان بوون دەمان ناسیین و چاپکراوە ئێرانى و کتێبە (چەپە) عەرەبییەکان و بڵاوکراوەى کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى ئێران لەڕێگەى کاک فاروقى نەقشى و ئەوانى ترەوە، وەک حزبى دیموکرات لە ڕێگەى عەبدولقادرى دەبباغى و کۆمەڵەى یەکسانى لەڕێگەى کاکە عەبەو کاک مەنسورەوە بۆیان دەگەیاندینە ناو شارەوەو بڵاومان دەکردەوەو کاریگەرى زۆرى لەسەر خوێندنەوەو خوێنەرەکان هەبوو .. محسن شاسوارى گۆڤارى چیاى لە شاخ کە خۆى بڵاوى دەکردەوەو دەرى دەکرد وەک سەرنووسەرو خاوەنى گۆڤارەکە بۆى دەهێنام بۆ بڵاوکردنەوە، گەلێک بابەتى تریشمان بڵاودەکردەوە وەک کتێبەکانى پاسۆک زیاتر لەڕێگەى مامۆستا عەبدوڵا ئاگرین و یەکێتیى وحزبى شیوعى و… ئەوانەزیاتر بەندە بڵاوم دەکردنەوەو دەم هێنان بۆ شار بەڕێگەى تایبەتى و قاچاخە ڕێدا، جگە لە کتێبەکانى لکە لەلایەن سەیدیانى مەهابادەوە چاپکرابوون.
بەشێک لە ناوى چاپکراوەکانى مەهاباد
دیوانى پیرەمێرد، دیوانەکانى قانع وەک چوارباخى پێنجوێن، گوڵاڵەى مەریوان… دیوانەکانى گۆران بەهەشت و یادگار، فرمێسک و هونەر، دیوانەکانى ڕەفیق سابیر، پشکۆکان ئەگەشێنەوە، ڕێژنە، دیوانەکانى شێرکۆ بێکەس، تریفەى هەڵبەست کەژاوەى گریان، کاوەى ئاسنگەر، توتنەوانى مەلا ئاوارە، کورد و کوردستانى شوکروللەى بابان، کوردستان و کورد دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملۆ، شەرەفنامەى هەژار، هەژار بۆ کوردستان، مەموزین،خیام، کتێبەکانى عەلى شەریعەتى، سەید قوتب ئەمانى دوایى لەتاران چاپکرابوون، کوردو کوردستان ئەمین زەکى بەگ سێبەرگ بوو لەیەک کتێبدا، دیوانى نارى کاکەحەمەى بێلو، دیوانى ئەفخەمى، دیوانى تاهربەگى جاف، دیوانى ئەدیب، ديوانى ئەدەب، ملوانکەى شین شەریف، تارک و ڕوون و ناڵەى جودایى و پاشەڕۆکى مامۆستا هێمن. پێکەنینى گەدا حەسەن قزڵجى، پێشمەرگە ڕەحیمى قازى، کتێبەکانى سەیدعبوبەیدوڵاى ئەیوبیان لە تاران چاپدەکران، کتێبەکانى سدیق بۆرەکەیى……، چوارینەکانى بابەتاهیرى عوریان، پێشبینیەکانى عێلی بەگى جاف، زۆرى تریش.
- بابەتەکانی تری یوسف محەمەد بەرزنجى
-
یوسف محەمەد بەرزنجى: فریشتەکانى بەفر ئاوێتەیەک لە (برین و خەم و ئازار و ناڵەو فرمێسک)ى گەلێک.
- -
يوسف محەمەد بەرزنجى: تێپەڕینى کتێبە قاچاغەکان، بەسنوورە دەستکردەکاندا – بەشی کۆتایی.
- -
يوسف محەمەد بەرزنجى: تێپەڕینى کتێبە قاچاغەکان، بەسنوورە دەستکردەکاندا – بەشی دووەم.
- All Posts