عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دوو تاڵ قژی زه‌رد..!
لە مانگی 2ی 1988 تیپی 51 ی گه‌رمیان لە ئەنفالی یەک، له به‌ر زریان و کڕێوه ی به‌فر، له چیاکانی پشتی گوندی گه‌ڕه‌دێی دۆڵی جافایەتی به‌رامبه‌ر به سوپای عێراق دامه‌زرابوون. له سه‌عات 12 ی شه‌وی 25/ 26. 2. 1988، تۆپخانەکانی سوپای عێراق ده‌یان و سه‌دان گوله تۆپ و ره‌تڵی راجیمهیان به سه‌ر سه‌نگه‌ره‌کانی پێشمەرگەکاندا باراند، هەموو شاخەکە و گوندەکەیان نوقمی ئاگرو ئاسن و باروت کرد. هێزەکانی سوپا هێرشیان کرد، شه‌ڕ لە ئێوارەوە تا سه‌عات 9 ی به‌یانی 26. 2. 1988به‌رده‌وام بوو، پێشمه‌رگه‌کانی گه‌رمیان به چه‌کی ساده‌و ته‌قه‌مه‌نیه‌کی کەمەوە، هەمووهێرشهکانیان شکاند.
ئێواره‌ی 26. 2. 1988 بۆمبێک له به‌رده‌م سه‌نگه‌ره‌کانیان تەقییەوە، دووپارچە بەر(عه‌لی سوور‌و جه‌میل حه‌سه‌ن ) کەوت برینداربوون. پارچەیەک بۆمب بەر پشتی (بورهان نوری ئەکبەر ) کەوت، له سنگییه‌وه ده‌رچوو، فواره‌ی خوێن تێكه‌ڵ به به‌فری سه‌نگه‌ره‌که‌ی بوو. تاریکایی سەراپا ناوچەکەی داگیر کرد، (جه‌بار عه‌لی قازی) و (مارف سه‌رسپی )، ته‌رمی بورهانیان بەناو بەفرو زریان لە گەڕدێوە گواسته‌وه بۆ به‌رگه‌ڵوو. لە بەرگەڵو چاڵێکیان بۆ هەڵکەند، مارف بە قورگێکی پڕ لە گریانەوە ده‌ستی کرد به گیرفانی بورهاندا، نیو دینار‌و دوو تاڵ قژی زه‌ردی ده‌زگیرانه‌که‌ی تیا بوو. بورهانیان به جل و به‌رگه خوێناوییەکەیەوە، بەو چاڵە سپارد.
مارف له‌سه‌ر پارچه‌یه‌ک کاغه‌زێک، ئەم ناونیشانەیان نووسی:
لە 26. 2. 1988، بورهان نوری ئه‌کبه‌ر، پێشمه‌رگه‌ی تیپی 51 ی گه‌رمیان له گەڕه‌دێ شه‌هید کرا، ئەو پارچە کاغەزە و دووتاڵ قژەکە و نیودینارەکەی، خستیه ناو شووشه‌یه‌که‌وه بە کێلی ئارامگەکەی بورهانی سپارد. بەیانییەکەی مارف و جەبار رێگای مالومەیان گرتە بەر، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆسەنگەرەکانیان لە گەڕەدێ، مارف لە نزیک گابەردێک وەستاو ئاوڕێکی لە بەرگەڵو دایەوە: بورهانی بینی وەک جاران زەردەخەنەیەک لە رووی دەدرەوشایەوە، چاوە شینەکانی گەش و جوان بوو دەبریسکایەوە، وەک جاران چیرۆکی ئەوینی چاوە سەوزەکانی خۆشەویستەکەی و تاڵ تاڵی نهێنی قژە زەردەکەی بۆ دەگێڕایەوە.
نیگای چاوە شینەکانی بورهان و نیگای چاوە سەوزەکانی ئەویندارەکەی تێکەڵ ببوون، وەک شینایی و سەوزایی رووباری سیروان، هەناسەو رۆحی دەبەخشیی بە سروشت بە ژیان. تۆپێک لە لاپاڵەکەی بەردەمی مارفدا دەنگی تەقینەوەکە دیمەنی چاوە شین و سەوزەکانی بورهان و خۆشەویستەکەی، لە خەیاڵ و لە چاوە ماندووە بێ خەوەکەی مارف ون کرد.
سه‌ر چاوه و په‌راوێز :
دیدارێکی کورت له گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌و پارتیزان کاک جه‌بار عه‌لی قازی.
* له گه‌ڵ مامۆستا عه‌لی په‌رله‌مان و دوو هاوڕێ ی تر، سه‌ردانی کاک (جه‌باری عه‌لی قازی) ی پێشمه‌رگه‌و پارتیزانمان لە گەرەکی قالاوا کرد، نه‌خۆش بوو،بەڵام به وره‌یه‌کی پۆڵاین وبە ئیراده‌یه‌کی باڵاوه باسی یادەوەرییەکانی ئەوسای شاخ و بێ وه‌فایی ئەم سەرکردەو فەرماندانەی بۆ کرد ین، ئەوسا هەموویان لە یەک سەنگەردا بوون، له دوای راپه‌رینه‌وه ئەوان لە سەرووی هەورەکانەوە دەژین، خۆپەرستی و بێ وەفاییان کرد بە کلتوری سەردەم.
* بورهان نوری ئه‌کبه‌ر له ساڵی 1967 له گوندی گڵابادی سه‌ر به ناحیه‌ی کفری له خانه‌واده‌یه‌کی جوتیار له دایک بووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی له گوندی (کنگرباد )و ناوه‌ندی له کفری ته‌واو کردووه.
له ساڵی 1985 ماڵیان گویزراوه‌ته‌وه بۆ که‌لار، بورهان گه‌نجێکی باڵابه‌رزی هێمن و قژ زه‌رد و چاوشین بوو، به‌رده‌وام جلی کوردی له بهردهکر ، له گه‌ڵ کچێکی قژ زه‌ردی چاوسه‌وز، عاشقی یه‌ک بوون لە کەلار.
له 1986 په‌یوه‌ندی به ریزه‌کانی ( کۆمه‌ڵه‌ی مارکسیی لینینی کوردستان)ەوە کردووە، له 1987له پۆلی دووه‌می ئاماده‌یی پیشه‌سازی کفری بووە، رووی کرده شاخ بو به پێشمه‌رگه له تیپی 51 ی گه‌رمیان، محه‌مه‌د نوری ئه‌کبه‌ر.
* سه‌رکرده سیاسییه‌کانی کورد له دوای راپه‌ڕینه‌وه به‌های شکۆی شه‌هیدانی خاک و پێشمه‌رگه‌یان کاڵ کاڵ کرده‌وه. چیرۆکی تراژیدیای ( دوو تاڵه قژی زه‌رد )و ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاره‌ها تراژیدیای پێشمه‌رگه‌ی ونی وەک( بورهان و بورهانەکان)ی ئه‌م نیشتمانه‌یان کرد بە قوربانی دەسەڵاتی خۆیان و خانەوادە بنەماڵەکانیان.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
-
عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حه‌فر – بەشی دووەم.
- -
عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حه‌فر.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: مه‌رگی خانه‌واده‌یه‌ک.
- All Posts