كۆنگره‌ی گۆڕان سه‌رۆكی تێدا هه‌ڵنابژێردرێت

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گۆڕان له‌ ترسی وازهێنانی كاندیده‌ ده‌رنه‌چووه‌كان كۆنگره‌ ده‌به‌ستێ 

راپۆرت : ستیڤان شه‌مزینی

* سۆران ساڵح : ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ناویناوه‌ كۆنگره ‌، هه‌رچییه‌ك بێت كۆنگره‌ نییه‌

* د . كاوه‌ حه‌سه‌ن : كۆنگره‌ی گۆڕان ده‌بێته‌ شانامه‌ خوێندنه‌وه‌ و گۆڕانكاریی ناهێنێته‌ ئاراوه‌

وا بڕیاره‌ 26 ی دیسامبه‌ری 2013‌ ، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان یه‌كه‌م كۆنگره‌ی خۆی به‌ به‌شداریی زیاتر له‌ 700 نوێنه‌ر ، ببه‌ستێت . ئه‌م كۆنگره‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ باس و خواسی زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ بۆچی گۆڕان ، كۆنگره‌ی ئاسایی خۆی نابه‌ستێت به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 4 ساڵه‌ به‌ فه‌رمی مۆڵه‌تی حزبی وه‌رگرتووه ‌؟. به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان له‌م كۆنگره‌یه‌دا سكرتێر یان رێكخه‌ری گشتیی حزب هه‌ڵنابژێردرێت ، به‌ڵكو نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك سه‌ركرده‌ی بێ ركابه‌ر بێ هیچ ده‌نگدانێك ده‌بێته‌وه‌ به‌ رێكخه‌ر . هه‌ڵسوڕاوێكی ناڕازی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌م كۆنگره‌یه‌ به‌ سیناریۆیه‌كی كۆمیدیی ناو ده‌بات كه‌ نه‌ سه‌رۆكی حزب و نه‌ ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتمانیی تێدا هه‌ڵنابژێردرێت ، به‌ڵكو به‌وته‌ی ئه‌و ته‌نیا ئیش دۆزینه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌و كاندیده‌ ده‌رنه‌چووانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی 21-9ی رابردوو ده‌رنه‌چوون ، كه‌ به‌شێكی زۆریان هه‌ڕه‌شه‌ی وازهێنان ده‌كه‌ن له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌دا .

له‌ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی كۆنگره‌ له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كان كێشه‌ی جۆراوجۆر روویاندا ، به‌ پێی ئه‌و پێوه‌ره‌ی لیژنه‌ی بالای كۆنگره‌ دیاریكردووه‌ هه‌ر 1500 ئه‌ندام ، نوێنه‌رێكیان ده‌بێت له‌ كۆنگره‌دا ، به‌لام له‌ په‌نا ئه‌مه‌دا چه‌ندان نوێنه‌ر به‌ سازان و دوور له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌رچوون بۆ ئه‌ندامێتی كۆنگره‌ ، كه‌ وه‌ك هه‌ڵسوڕاوێكی بزووتنه‌وه‌كه‌ ئاشكرای كرد ” كه‌س نازانێت سازان له‌سه‌ر چ پێوه‌رێكه‌ ؟ ئه‌وانه‌ی به‌ سازان هاتوونه‌ته‌ كۆنگره‌ نیوه‌ی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ پێكده‌هێنن ، ئه‌مه‌ش شه‌رعێتی كۆنگره‌كه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ “. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ پارێزگای دهۆك كه‌ گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵدا 12 هه‌زار ده‌نگی هێنابوو ، به‌ بیانووی كه‌می ئه‌ندامه‌وه ‌، هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ران بۆ كۆنگره‌ ئه‌نجام نه‌درا ، دواتریش به‌ ته‌زكیه‌ نوێنه‌ره‌كان دیاریكران ، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی هه‌ڵسوڕاوانی مه‌كۆ و رایه‌ڵه‌ و بازنه‌كانی سنووری دهۆكی لێكه‌وته‌وه . چوونكه‌ به‌ وته‌ی ئه‌وان ” هیچ بیانوویه‌ك نه‌بووه‌ بۆ ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ران “.

سۆران ساڵح ، چاودێری سیاسیی پێیوایه ‌، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی گۆڕان ناویناوه‌ كۆنگره‌ ، له‌ پانێله‌وه‌ نزیكه‌ و له‌ باشترین حاڵه‌تدا پلینۆمه ‌. وتیشی ” به‌ گوێره‌ی وته‌ی به‌رپرسی ژووری هه‌ڵبژاردنی گۆڕان ، كاری كۆنگره‌كه‌ بۆ پێنج ته‌وه‌ر دیاریكراوه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ن :

یه‌كه‌م : هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ كار و چالاكی‌‌ و ئه‌دائی‌ چوار ساڵی‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ هه‌ردوو په‌رله‌مانی‌ عێراق‌ و كوردستان .

دووه‌م : هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ په‌یكه‌ری‌ رێكخراوه‌یی‌ بزووتنه‌وه‌كه .

سێیه‌م : هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ كار و چالاكییه‌كانی‌ سه‌رجه‌م ژووره‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌كه ‌.

چواره‌م : هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ به‌رنامه‌ی‌ سیاسیی‌ بزووتنه‌وه‌كه ‌.

پێنجه‌م : هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ میدیاكانی‌ گۆڕان . به‌م پێیه‌ش بێت شتێكی تیا نییه‌ به‌ ناوی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی حزب و سه‌ركردایه‌تی حزب . هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ ئه‌وه‌ی گۆڕان ناویناوه‌ كۆنگره‌ ، هه‌رچییه‌ك بێت كۆنگره‌ نییه ‌”.

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ وتیشی ” گۆڕان بانگه‌شه‌ی دامه‌زراندنی سیستمێكی نوێی حزبایه‌تی ده‌كرد ، پارتی و یه‌كێتی به‌ دوو هێزی ته‌قلیدیی و به‌جێماو پێناسه‌ ده‌كرد ، كه‌چی دوای چوار ساڵ به‌ شه‌ڕه‌شه‌ق كۆنگره‌یه‌ك ده‌به‌ستێ و بۆ یه‌كجار به‌شێوه‌یه‌كی كارتۆنیش بێت سه‌رۆكه‌كه‌یان ناخه‌نه‌ ناو بازنه‌ی ململانێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هێزێكی دواكه‌وتووی تۆتالیتاریی و سه‌ركرده‌په‌رسته ‌، ئه‌م به‌ناو كۆنگره‌یه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان روون بكاته‌وه‌ ، گۆڕان ئه‌گه‌ر نه‌توانێ له‌ناو خۆیدا هه‌ڵبژاردن بكات ، ئه‌گه‌ر بگاته‌ ده‌سه‌لات چۆن رێگه‌ ده‌دات له‌ بناغه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت بۆ ململانێی ده‌سه‌لاتی ولات ؟”.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد ، كه‌ ناكۆكیی زۆر له‌ ناو گۆڕان دروستبووه ‌، بۆیه‌ كۆنگره‌ ناتوانێت خۆی له‌ قه‌ره‌ی هه‌ڵبژاردن بدات له‌ میانی كۆنگره‌دا . باسیشی له‌وه‌ كرد ، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی به‌ ناوی سازان و به‌ ته‌زكیه‌ هاتوون ، هێنده‌ی تر پرۆسه‌كه‌ و كۆنگره‌كه‌ی له‌كه‌دار كردووه‌ ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك هه‌ڵسوڕاو بێكارن له‌ناو بزووتنه‌وه‌كه‌دا، كۆنگره‌ هه‌لی كار بۆ ئه‌وانه‌ په‌یدا ده‌كات ، ئه‌گه‌رنا هیچ گۆڕانكارییه‌كی ریشه‌یی به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌یكه‌لی سه‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌دا روونادات . جگه‌ له‌وه‌ش كۆنگره‌كه‌ بۆ خاڵیكردنه‌وه‌ی ئه‌و گووشاره‌یه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌دا رابردوودا له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دروست بووه‌ و هه‌ندێكجاریش وه‌ك خاڵی لاواز به‌ گۆڕان فرۆشراوه‌ته‌وه ‌.

سه‌لاح ره‌شید ، به‌رپرسی ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ی ژووری په‌یجووری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ی گۆڕان دواكه‌وتووه ‌. ئه‌وه‌ش راده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌ ناو گۆڕاندا ته‌نیا قسه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا حسابی بۆ ده‌كرێت . له‌ باره‌ی زه‌مینه‌ی كۆنگره‌كه‌شه‌وه‌ وتی ” هیوادارم زه‌مینه‌ی ده‌ربڕینی بیروڕای جیاواز له‌ ناو گۆڕان مابێت ، ئه‌گه‌ر وانه‌بێ گۆڕانیش وه‌ك هێزه‌كانی دیكه‌ی به‌سه‌ردێ . خۆی له‌ ناو هه‌موو هێزه‌كانی كوردستان موئه‌ساسه‌تی دروستكراو هه‌یه ‌، به‌لام قسه‌ی یه‌كه‌م له‌ ناو یه‌كێتی جه‌نابی مام جه‌لال بووه‌ و له‌ ناو پارتی كاك مه‌سعوده‌ و له‌ناو گۆڕانیش كاك نه‌وشیروانه ‌، ئیتر ئه‌مه‌ پێكهاته‌ی حزبی رۆژهه‌لاتییه ‌”.

د.كاوه‌ حه‌سه‌ن ، مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كان و چاودێری سیاسیی ، پێیوایه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ به‌ستنی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ له‌ رووی مه‌بده‌ئییه‌وه‌ چه‌ند هه‌نگاوێك بۆ پاشه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌، ئه‌وه‌ش ئاسه‌واره‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ریی ده‌بێت له‌ داهاتوودا . وتیشی ” بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌ك كۆنگره‌یه‌كی جیاواز نابه‌ستێت ، به‌ڵكو مه‌هزه‌له‌یه‌ك به‌ ناوی كۆنگره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات ، چوونكه‌ ناكرێت كۆنگره‌ ببه‌ستیت و خه‌تی سوور دابنێی و ده‌رگای خۆ پالاوتن له‌ ئه‌ندامان بگریت بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بۆ پۆسته‌ بالاكانی وه‌ك سه‌رۆكی حزب و ئۆرگانه‌ بالاكان كاندید بكه‌ن ، ئه‌مه‌ تازه‌ترین داهێنانی دواكه‌وتووانه‌یه‌ له‌ بواری به‌ستنی كۆنگره‌ی حزبدا . له‌و روانگه‌وه‌ ده‌ڵێم ، لینین وته‌نی گۆڕان له‌ بری هه‌نگاوێك بۆ پێشه‌وه‌ ده‌یان هه‌نگاو بۆ دواوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ رووی مه‌بده‌ئییه‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌ره‌سه‌ بۆ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ “.

ئه‌و پسپۆره‌ی زانسته‌ سیاسیییه‌كان ، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ، گۆڕان هێشتا له‌ رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ به‌هێزه ‌، به‌لام له‌ رووی به‌رنامه‌ و راگرتنی ئه‌و بارودۆخه‌ به‌هێزه‌ی تێیدایه ‌، ده‌ست و پێ سپییه‌ و هێزی مانه‌وه‌ی به‌م وزه‌ زۆره‌ی ئێستاوه‌ نییه ‌. وتیشی ” كۆنگره‌ی گۆڕان به‌ پێی ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی بۆ كۆنگره‌كه‌ دانراوه‌ ده‌بێته‌ شانامه‌ خوێندنه‌وه‌ و ناتوانێت گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ بهێنێته‌ ئاراوه ‌، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك . له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ناتوانێت به‌م كولتووره‌ سیاسییه‌وه‌ خۆی بۆ ئاینده‌ ئاماده‌ بكات ، هه‌لومه‌رجی سیاسیی و كۆمه‌لایه‌تی ئاینده‌ ئه‌مه‌ له‌ گۆڕان و هیچ حزبێكی تر قبوڵ ناكات . به‌لام من ره‌شبینم و به‌م كۆنگره‌یه‌دا بۆم سه‌لما هێشتا هێزێك له‌ جڤاتی كوردییدا له‌ دایك نه‌بووه ‌، به‌ مانا هاوچه‌رخه‌كه‌ی حزبایه‌تی بكات ، ئه‌وانه‌شی پێیانوابوو گۆڕان ده‌بێته‌ هێزێكی نوێ به‌ خه‌مبارییه‌وه‌ په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌ .