alai_Kurdistan

تەحسین زراری : سەربەخۆى هەرێمى کوردستان کۆتا چارەسەرى کێشەکانە .

( بەشی یەکەم )

نەتەوەى کورد بەیەکێک لەنەتەوە هەرە مەزنە بێ دەوڵەتەکان دادەنرێت لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وجیهانیش ، بەڵام بەهۆى دابەش کردنى خاکەکەى بەسەر چەندین دەوڵەت تا ئێستا نەبوتە خاوەنى کیانێکى سەربەخۆ، دەوڵەمەندى خاکەکەى بە نەوت و گازى سروشتى و کانزاکانەوە لە جیاتى ئەوەى هۆکارى یارمەتیدەر بێت بە پێچەوانەوە فاکتەرێک بووە بۆ نەهامەتى و چەوسانەوەى گەڵەکەى، ئەمەش پەیوەستە بە فاکتەرى ناوخۆیی و هەڵومەرجى نێودەوڵەتى .
بەبێ ئیرادەى دانیشتوانەکەى ڵکێنراوە بە عێراق!!!!!
کاتێ لە لایەن ئینگلیزەکانەوە دەوڵەتى عێراق دروست کرا لە دەرئەنجامى سەرنەکەوتنى پیاوە نەخۆشەکە ( ئیمپراتۆریەتى عوسمانى) لە یەکەم جەنگى جیهانیدا ، ئەمەش لە ڕێگەى پێکەوە گرێدانى هەردوو ویلایەتى بەغدا و بەسرە، کە پێشتر هەردوو ویلایەتەکە بەشێک بوون لە ئیمپراتۆریەتى عوسمانى ، بەڵام دواتر بەپێی بڕیارێکى نێودەوڵەتیەوە لە ڕێگەى کۆمەڵەى گەڵانەوە ویلایەتى موسلیش ڵکێنرا بە دەوڵەتى تازە دروست کراوى عێراق، بەشی زۆرى دانیشتوانى ویلایەتى موسل کورد بوون بە پێی سەرژمێرییەکان کورد نزیکەى 70%ى ڕێژەیی دانیشتوانى ویلایەتى موسلی پێکدەهێنا ، بەڵام بەبێ گەڕانەوە بۆ خەڵک و لەدەرەوەى ئیرادەى دانیشوانى ویلایەتەکە ، بە شێوەیەکى ئیجبارى خرایە سەر دەوڵەتە تازە دروست کراوە ، ئەمەش لە پێناو بەردەوامى دان بە هەژموونى دەوڵەتە سەردەستەکانى ئەو کات بەتایبەتى بەریتانیا لەناوچەکە و پاراستنى بەرژەوەندییەکان ، پرسی ویلایەتى موسل بە بێ گەڕانەوە بۆ دانیشتوانەکەى یەکلایان کردەوە ، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستاشى لەگەڵ دابێت عێراق سەقامگیرى بەخۆیەوە نەبینیوە بەڵکو بەپێچەوانەوە بوو بەدەوڵەتى ناسەقامگیر و پڕ لە کێشە ، بۆیە تا بەم شێوەیە کات بڕوات ناکۆکیەکان زیاتر بەرەو فراوانى دەچن .
بەبێ چارەسەرى بنەڕەتى بۆ کێشەى کورد ڕۆژهەڵاتى ناوەراست سەقامگیر نابێت!!!!
ڕۆژهەڵانى ناوەڕاست یەکێکە لە ناوچە هەرە پڕ کێشەکان لەسەرئاستى جیهان ، ئەمەش دەرئەنجامى ناڕێکى یان ناتەواوى نەخشەى سیاسی ناوچەکەیە ، واتە نەخشەیە بە شێوەیەکى ناسروشتى دابەش کراوە بە شێوەیەک فاکتەرى دەرەکى زاڵ بووە لەسەر چۆنیەتى دابەش کردنى نەخشەى سیاسی ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، کەبە پێچەوانەوەى پێکهاتە و دابەش کردنى دانیشتوانى کۆمەڵگەکانى ناوچەکە ، بۆیە لە دەرئەنجامى ئەمەشەوە ناوچەکە بەناوچەیەکى ئالۆز و کێشەدار ناسراوە لە سەر ئاستى جیهان ، دەوڵەتە زلهێزەکانى جیهان بەهۆى دەوڵەمەندى ناوچەکە لەبوارى نەوت و گازى سروشتى و هەروەها گرنگى شوێنى جوگرافی ناوچەکە، نەتەوەى کوردیش یەکێک لەو نەتەوانەیە کە کەوتۆتە نێو ئەو ناوچەیە ، خاکەکەى دابەشی سەر چوار دەوڵەت کراوە ، ئەوانیش هەریەکە لە دەوڵەتى تورکیا، ئێران ، عێراق و سوریا، ئەمەش واى کردووە لە پێناو بەرژەوەندى دەوڵەتە سەردەستەکانى جیهان نەتەوەى کورد بکرێتە قوربانى بەرژەوەندییەکان، ئەمەش یەکێک لە فاکتەرەکانى ناسەقامگیرى و نائارامى ناوچەکە بووە بەدرێژایی مێژوو ، بۆیە هەمیشە توند و تیژى و نائارامى خەسڵەتێکى جیانەکراوە بووە لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، لەئەنجامدا چەندین قوربانى لێکەوتۆتەوە، بۆیە لێرەدا دەگەینە هاوکێشەیەک کە ئەویش بریتى یە لەوەى کە پەیوەندییەکى ڕاستەوانە هەیە لە نێوان مانەوەى پرسی کورد بەبێ چارەسەرى لەگەڵ ناسەقامگیرى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، بەو مانایەى کە تا کێشەى کورد بەردەوام بێت ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئارامى بەخۆە نابینێ، بۆیە دەبێت ئەو نەخشە دەستکردەى ناوچەکە لێک هەلبوەشێنرێتەوە و دووبارە نەخشەیەکى تر دابڕیژرێتەوە، بەهۆى ئەوەى کە زڵهیزەکانى گۆڕانکارییان بەسەر داهاتوە ، ئەمەش بەو مانایە دێت کە بەرژەوەندییەکانیش پێویستیان بەدووبارە سەرلەنوێ داڕشتنەوە بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ گۆڕانکارییە سەردەمییەکان، لە میانەى ئەم گۆڕانەى نەخشەى ناوچەکە دەبێت بە پلەى یەکەم نەتەوەیی کورد ببێتە خاوەنى کیانى سەربەخۆى تایبەت بەخۆى چونکە بە پێى زۆربەى پێشنیارەکان و گریمانەکانیش کە بۆ ناوچەکە کراون یەکێک لەو دەوڵەتانەى کەلە ناوچەکە لە دایک دەبێت دەوڵەتى کوردییە ، ئەمەش بۆخۆى جۆرێکە لەو قەناعەتەى کە هەم دەوڵەتە باڵادەستەکانى جیهان و هەمیش دەوڵەتانى ناوچەکە بۆیان دروست بووە کە تا چارەسەرى پرسی نەتەوەیی کورد بەردەوام بێت ئالۆزییەکان زیاتر دەبن ، بۆیە بە هەموو پێوەرێک دەبێ لە داڕشتنەوەى نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کورد ببێت بە خاوەنى کیانێکى سەربەخۆى خۆی .

هەرێمى کوردستان لە دواى ڕاپەڕینەوە بوو بە ئەمرى واقیع!!!!!
کوردستانى باشور کە مەبەست لەو پارچەى کوردستانە کە ڵکێنراوە بە دەوڵەتى عێراقى دەستکردى دەوڵەتە باڵا دەستەکان، کەوتۆتە باکورى عێراق، لە دواى ڵکاندنى ئەو پارچەیەى کوردستان بەعێراقەوە بەردەوام لە هەوڵى ئەوە دابووە کە ببێتە خاوەنى هەرێمێکى جیاواز لە ناوچەکانى ترى عێراق، بەڵام بەهۆى ئەوەى دەوڵەتە باڵادەستەکانى جیهان پەیوەندییەکى پتەو و بەتینیان هەبوە لەگەڵ دەوڵەتى عێراق ، ئەمەش فاکتەرێکى زۆر بەهێز بووە بۆ ئەوەى دەوڵەتى عێراق بە پاڵشتى ڕستەوخۆى دەوڵەتانى باڵادەست بزوتنەوە و شۆڕشەکانى ئەو بەشەى کوردستان دابمرکێننەوە باشترین و بەرچاوترین بەڵگەش نسکۆى شۆڕشی ئەیلول بوو لەناوەڕاستى حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو، بەڵام لە دواى هەڵوەشانەوەى یەکێتى سۆڤیەتى پێشوو و ڕوخانى دیوارى بەرلین و شەڕى گەردەلوولی بیابان ( جەنگى ئازاد کردنى کوەیت ) کە ئەم سێ روداوە سێینەى وەرچەرخانى مەزن بوون لە مێژووى مرۆڤایەتى بە شێوەیەکى گشتى و سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکى تایبەتى، لەو سەر و بەندەشدا کە حکومەتى عێراق بەهۆى گەماڕۆدانى لە لایەن هێزەکانى هاوپەیمانان و دەرکردنیان لە کوەیت، هەرێمى کوردستان ئەم بارودۆخەیان بە هەڵزانى بۆ ئەوەى بتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، بارودۆخى نێودەوڵەتیش هاوکار بوو بۆ هەرێمى کوردستان، ئەوەبوو خەڵکى هەرێمى کوردستان بەگژ دام ودەزگاکانى حکومەتى عێراق دا چوونەوە لەماوەیەکى کورتدا توانرا گشت هەرێمى کوردستان پاک بکرێتەوە لە دام ودەزگاکانى حکومەتى دیکتاتۆرى عێراق، کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش ناوچەیەکى دژە فڕینى بۆ ئەو بەشەى کوردستان دروست کرد بەمەش وەرچەرخانێکى مەزن لە مێژووى ئەو بەشەى کوردستان هاتە کایەوە ، هەرێمى کوردستان بوو بەئەمرى واقیع لەناوچەکەو ڕزگارى بوو لە دەست دەوڵەتى ستەمکارى عێراق ، بەمەش هەرێمى کوردستان بوو بەناوچەیەکى خۆبەڕێوەبردنى خۆجێی، هەرێمى کوردستان بووە خاوەنى حکومەت و پەرلەمانى خۆى و توانى بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتى عێراق ناوچەکەى خۆى بەڕێوە ببات، بەڵام هێزەکانى نێوخۆى بە هۆی جیاوازى بیرو بۆچوون و فاکتەرى هەرێمیەوە بەرە و ڕووى شەڕى ناوخۆیی بوونەوە ، بۆماوەى نزیکەى پێنج ساڵ هێزەکان کەوتنە گیانى یەکترى، ئەمەش کاریگەرییەکى قوڵی دەرونى لە لاى هاوڵاتیان دروست کرد کە ئەم کاریگەیەش تا ئێستاش لە دەرونى هزرى تاکەکان بەدى دەکرێت .

2003 وەرچەخانى گرنگ بوو بۆ هەرێمى کوردستان!!!!
کاتێ ئیدارەى ئەمریکا لە 19ى ئازارى 2003 هێرشی کردە سەر ڕژێمى عێراق و لە ماوەیەکى کەم توانى بنەمکانى ڕژێمى بەعسى عێراقى بڕوخێنى، ئەم هەنگاوەى ئەمریکا بۆ زۆربەى زۆرى عێراقییەکان خەونێک بوو بەوەى ڕزگاریان بێت لە دەست حکومەتە ستەمکارییەکەى عێراق کەبەدرێژایی ماوەى حوکمڕانى بەعسیەکان دەستیان نەپاراست بوو لە گیانى هاوڵاتیانى خۆى بەتایبەتى کوردەکان و شیعەکان، ئەمەش دەرفەتێکى تازە لە عێراق هاتە کایەوە بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى فۆڕمى دەوڵەتى عێراق بنیات بنێرێتەوە بەشێوەیەک کە جیاوازتر لە سەردەمى پێشوو تر، ئەمەش لە ڕێگەى دەستورێکەوە کە گوزارشت بکات لەسەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانى نێو عێراق، ئەمەش بۆ هەرێمى کوردستان بەوەرچەرخانى مەزن دانرا لەبەر ئەوەى لە ڕێى دەستورە سیستمى فەرمانڕەوایی بوو بە سیستمێکى کۆمارى فیدڕاڵی، هەروەها بە پێی دەستور دان بە هەرێمی کوردستان دانرا و لە نێو دەستورەکەش چەندین ماددەى تایبەت بە دەسەڵاتى هەرێمەکان خرانە نێو دەستورەکە، ماددەیەکى تایبەت بە ناوچەکانى دەرەوەى هەرێم دانرا ئەویش ماددەى 140 بوو ، کە ئەو ناوچانە لە لایەن حکومەتى ڕوخاوى بەعس بەچەند قۆناغێکى جیاواز لە هەرێمى کوردستان دابڕێنرابوون و خرابوونە سەر عێراق، لە دواى 2003 هەرێمى کوردستان بە تواوەتى ڕزگارى بوو لە دەسەڵاتى حکومەتى دیکتاتۆرى عێراق ، ئەمەش یارمەتى دەر بوو بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان سیاسەتێک لە پێش بگرێت لە بوارە جۆراوجۆرەکان بەگشتى و بوارى نەوت و وزە و پەیوەندییە دەرەکییە و خزمەتگوزارى و ئاوەدان کردنەوە بە شێوەیەکى تایبەتى، بەمەش هەرێمى کوردستان بوو بەناوچەیەکى تەواو جیاواز لە باشور و ناوەڕاستى عێراق، تەنانەت لەسەرئاستى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەراستیش بە ناوچەیەکى سەقامگیر و ئارام ناوى دەرکرد، ئەمەش بووە فاکتەرێکى زۆر بەهێز بۆ ئەوەى کۆمپانیا بیانییەکان لەسەر ئاستى جیهان ڕووبکەنە هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى وەبەرهێنان بکەن لە بوارەکانى ئابورى و ئاوەدانى وگەشەپێدان ، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ پەیڕەو کردنى سیاسەتێکى تایبەت بە هەرێمى کوردستان لەگەڵ جیهانى دەرەوە ، بە ئامانجى زیاتر ڕاکێشانى کۆمپانیا زەبەلاحەکانى جیهان و ناساندنى پرسی کورد بە دەوڵەتانى جیهان، سەرەئەنجام ئەو هەرێمە بوو بە ئارامترین ناوچە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە ناوچەکە بە قۆناغێکى سەخت لە نائارامى و شەڕ و ململانێی نێوان هێز و گروپە جیاوازەکان تێپەڕ دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوەى ئەو ئالۆزیانەى ناوچەکە هەرێمى کوردستان ناوچەیەکى سەقامگیر و ئارام ناودەبرێت .

فیدڕالیش دەردى کوردى تیمار نەکرد لە عێراق!!!!
لەماددەى یەکەمى دەستورى هەمیشەى عێراق کە لەمانگى تشرینى یەکەمى 2005 زیاتر لە 80%ى هاوڵاتیانى عێراق بەبەلێ دەستورەکەیان پەسەند کرد تێیدا دیارى کراوە کە عێراق دەڵەتێکى فیدراڵیە و ڕژێمى حوکمڕانى تێیدا کۆمارى نوێنەرایەتى پەرلەمانییە، بە پێی دەستورى هەمیشەیی ماف و دەسەڵاتى تایبەت بە هەرێمەکان دیارى کراوە، عێراقیش لە ڕووى جوگرافیەوە هاوکار و یامەتى دەرى سیستمى فیدڕاڵییە ، چەندین پێشنیاز و تێزى جیاواز بۆ سیستمى فیدڕاڵی عێراق خراونەتەڕوو، کە دیارترینیان تێزەکەى جۆ بایدن بوو ، بە پێی تێزەکەى بایدن عێراق دابەشی سێ هەرێم بێت کە ئەمەیان بە باشترین بژاردە دانا بۆ عێراق لە پێناو بەهێز بوونى دەوڵەت و ڕزگار بوون لە پارچە پارچە بوون، بەڵام بە پێچەوانەى تیۆر و تێزەکان جگە لە هەرێمى کوردستان هیچ هەرێمێکى تر نەهاتە کایەوە بەڵکو لە جیاتى ئەمە عێراق بەرە و ڕووى شەڕى تایەفی مەزهەبی بووەوە لە نێوان شیعە و سوننە، بەمەش عێراق چووە نێو قۆناغێکى سەخت لە ململانێی نێوان پێکهاتەى شیعە و سوننە، لە دەرئەنجامدا شێوازى دابەش بوونى دانیشتوان بە قازانجى لایەنى شیعە شکایەوە بەهۆى ئەوەى زۆرینەى دانیشتوان پێکدەهێنن، بۆیە لایەنى دەسەڵاتدار کە شیعەکان بوون هەموو هەولێکیان بۆ پاوان کردنى دەسەڵات بەکار هێنا، دەسەڵات بەرە و سەنتەڕاڵی هەنگاوى نا کە ئەمەش پێچەوانەى بنەماکانى سیستمى فیدڕاڵیە، بۆیە فیدڕالى لە عێراق شکستى هێنا، لەبەر ئەوەى هزرى دەسەڵاتى فەرمانڕەوا هیچ کات بەو ئاراستەیە نەبووە کە کار بکات بە ئامانجى چەسپاندنى دەوڵەتى فیدڕاڵى بەڵکو بە پێچەوانەوە بەرەوە کۆکردنەوەى دەسەڵات بووە لە ناوەند ، ئەم هەنگاوەى حکومەتى عێراق بوویتە هۆى دروست بوونى ململانێ زۆر لەگەل هەرێمى کوردستان ، کە تا دێت ململانێیەکان بەرەو قوڵ بوونەوە دەچن ، لەبەر ئەوەى حکومەتى عێراقى لە دەستوریش لاى داوە کە ئامادە نییە بە پێی دەستور مامەڵە لەگەڵ هەرێمەکان بکات، ئەمەش بە مەترسیەکى گەورە دادەنرێت لەوەى کە حکومەتى عێراقى دەیەوێت هەموو ئەو بنەما یاساییانە پێشێڵ بکات کە حەقى بە هەرێمەکان داوە لە چۆنیەتى هەڵسوکەوت کردن ، بۆیە ئێستا دواى 11 ساڵ لە ڕووخانى ڕژێمى بەعسى پێشوو لە عێراق لایەنە پەراوێز خراوەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى کە فیدڕالیش کێشەکان لە عێراق چارەسەر ناکات ، لەم نێوەندەشدا هەرێمى کوردستان دواى چەندین جار لە گفتو گۆ و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتى عێراق نەگەیشتنە چارەسەر بۆ پرسە هەڵواسراوەکان ، بۆیە کوردیش لە ئێستادا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەى فیدڕاڵى لە عێراق ئەستەمە بەو لۆژیکەى دەسەڵاتداران جێ بەجێ بکرێت، بۆیە بێ هیوا بوون لەبارەى فیدڕاڵی لە عێراق، چونکە دواى 11ساڵ سەرجەم ئاماژەکان بەرەو کۆکردنەوەى دەسەڵاتن بۆ یەک هێز لە عێراق لەسەر حیسابی پەراوێز خستنى لایەنەکانى تر .