puk

تەحسین عەبدوڵلا : یەکێتى لە نێوان قەیران و هەژمووندا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتێکی سیاسی لەسادەترین ناساندندا بەوە پێناسە دەکرێت کە بریتى یە لە گروپێک یان کۆمەڵەیەکى ڕێکخراوى خاوەن بەرنامە بە ئامانجى گەیشتن بەدەسەڵات ، لە نێو ئەو گروپەى کە پارتێکى سیاسی پێکدێنن ئاساییە چەند بۆچوونى جیاواز بەدى بکرێن، یاخود چەند جەمسەرێکى فکرى هەبن ، ئەمە بۆ خودى پرۆسەى دیموکراسیش بەقازانج دەشکێتەوە ، بەڵام لە ئەنجامدا پێویستە مەرکەزێکى بڕیار هەبێت بۆ ئەوەى ئەو پارتە سیاسیە بتوانێت لەکاتى زەرووردا بڕیار بدات ، ئەمە یارمەتى بەهێز بوون و مانەوەى پارتى سیاسی دەدات ، بە پێی سەردەم و بارودۆخە جیاوازەکان ، لەلایەکى تریشەوە جەمسەرە فکرییە جیاوازەکان هەمیشە دەبێت لەبەرژەوەندى مانەوە یان زیندوو بوونەوەى پارتى سیاسی بێت ، نەک بەپێچەوانەوە جەمسەرە جیاوازەکان ( باڵ باڵێن ) ى نێو حیزب یارمەتیدەرى لێک ترازان و هەلوەشانەوە بێت ، چونکە ئەگەر بەم شێوەیە بێت کە باڵە جیاوازەکان مەترسی دروستکە بن بۆ لێک هەلوەشانەوەى پارتى سیاسی ئەوا ئەو کات ئەوە ڕوون دەبێت کە جیاوازییەکان لە نێو خۆى حیزب لەسەر بنەماى فکرەوە نییە بەڵکو لەبنەڕەتدا ململانێیەکە سروشتەکەى جیاوازە ، بەجۆرێک ناکۆکیەکان لەسەر پڵە و پۆستن ، لەم کاتەدا ئەم جیاوازى و ملمڵانێیە لەبەرژەوەندى حیزب و تەنانەت لەبەرژەوەندى پرۆسەى دیموکراسیش دا نابێت ، چونکە ئەو کات کەسەکان لەسەر بنەماى لێهاتووى پۆست و پلەیان پێ نادرێت بەڵکو لەسەر بنەماى نزیکى لە باڵەکان و لەسەر حیسابى لاواز کردنى باڵەکەى تر دەخرێنە نێو پۆستەکان ، لێرە پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو فرە بۆچوون و باڵ بالێنەى لە نێو یەکێتى نیشتمانى کوردستان بەدى دەکرێت لە بەر ئەوەیە کە ئەم حیزبە حیزبێکى دیموکراسیە یان بە پێچەوانەوە ئەمە دەر خەرى ئەو ڕاستی یە کە هەموو کات ئەندامانى سەرکردایەتى ئەو حیزبە خۆیان لێ لادەدەن یاخود نایانەوێت ڕاى گشتى لەسەر زارى ئەوان ببیستێت ئەویش قەیرانى نێو خۆى ئەو حیزبە و زاڵ بوونى هەژموونى گروپێک یان بنەمالەیەکە .
سەرەتا بەر لەوەى بچینە سەر وەڵامى پرسەکە پێویستە ئەوە بخرێتە کە کە یەکێتى کەى و چۆن هاتۆتە دروست کردن، یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە ئەنجامى یەکگرتنى چەند پارت و لایەنێک لە ناوەڕاستى حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو هاتە بوون ، بەمەش ئەم پارتە بوو بە پارتێک کە هەموو کات بەوە ناسراوە کە فرە بۆچوون بە خەسڵەتێکى جیانەکراوەى ئەم حیزبە دابنرێت، بەدیراسە کردن یان خوێندنەوەى وێستگە جیاوازەکانى ئەم حیزبە بە شێوەیەکى ئاشکرا ئەم خەسڵە ڕەنگدانەوەى بەسەر کۆى ژیانى سیاسی ئەم حیزبە دا دیار بووە ، بەجۆرێک هەر لەیەکەم ساتى لە دایک بوونى ئەم حیزبە بژاردەى جیابوونەوەى باڵە جیاوازەکان لە نێو یەکێتى ئەگەرێکى چاوەڕوان کراو بووە، سەرکردایەتى ئەم حیزبەش هەمیشە ئەو پاساوە دێنێتەوە کە ئەم فرە بۆچوونەى نێو یەکێتى دەرئەنجامى دیموکراسی بوونى ئەو حیزبە دەر دەخات ، بەڵام ئەمە وەڵامى قەناعەت پێکەر نییە ، نەک تەنها بۆ کەسانى دەرەوەى ئەم حیزبە ، بەڵکو بۆ بەشێک لە نێو خۆى یەکێتیش، کە قەناعەتى تەواویان بەم پاساوە نییە .
هاوکات لەگەڵ ئەوەى ئاماژەمان پێی کرد پێویستە بۆ زیاتر ڕون کردنەوەى زیاترى وەڵامى پرسەکە زۆر گرنگە ئاماژە بە دوو بابەتى زۆر گرنگ بکەین هەر یەکە لە دوو بابەتەکەش بەرەو ڕووى یەکێتى بوونەوە دواى نەخۆش کەوتنى تالەبانى و دوورکەوتنەوەى بووە لە یەکێتى نیشتمانى کوردستان، بابەتى یەکەمیان کێشەى دیارى کردنى کەسێک بووە بۆ جێگرى سەرۆکى حکومەت لە هەریبَمى کوردستان ، لە دواى هەڵبژاردنى 21ى ئەیلوولى 2013 یەکێتى نیشتمانى کوردستان بۆ ماوەیەکى درێژ نەیتوانى کەسێک دیارى بکات بۆ پۆستى جێگرى سەرۆکى حکومەت کە خۆیى لە خۆیدا کابینەکە کاتێکى زۆرى پێ چوو تا لایەنەکان بتوانن ڕێک بکەون لەسەر دابەش کردنى پۆستەکان، کەچی یەکێتى پشکى هەرە گەورەى بەرکەوتبوو لە هۆکارى دواکەوتنى کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێم، چونکە نەیدەویست لەسەر بنەماى ئیستحقاقى هەڵبژاردن بەشدار بێت لە حکومەت، دواى ئەوەى لایەنەکان ڕازى بوون بەوەى کە یەکێتى زیاتر لە قەبارەى خۆى بەر کەوێت لە کابینەى هەشتەمى حکومەت ، بەڵام دیسان لە نێو خۆیاندا کێشە لەوە دروست بوو کە کێ بکەنە جێگرى سەرۆکى حکومەت ، بەڵام دواى کێشمە کێشى زۆر لە نێوان سەرکردایەتى ئەو حیزبە دیسان باڵە زاڵەکەى نێو یەکێتى هەژموونى سەپاند بەسەر ئەوانى تر، خاڵى دووەم یان بابەتى دووەمى کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەى ئەو پرسەى کە خستومەتە ڕوو زیاتر ڕوونتر بێت، ئەویش دواى ئەوەى یەکێتى نیشتمانى دیسات تووشى قەیرانێک بوو بۆ ئەوەى کەسێک دیارى بکات بۆ شوێن گرەوەى تاڵەبانى و وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار کە بەپێی ڕێککەوتنى سیاسی لە عێراق ئەم پۆستە پشکى پێکهاتەى کوردە لە عێراق ، بەڵام یەکێتى نیشتمانى کوردستان نەیانتوانى لە نێوان خۆیاندا ئەو کەسە دیارى بکەن بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە، بەڵکو سەرکردایەتى ئەو حیزبە دابەشی سەر دوو ئاراستە بوو بە شێوەیەک کە ئاراستەیەک بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو سازش لەسەر ئەوە بکەن کە ئەم پرسە لە نێو خۆیاندا یەکلا بکەنەوە، پاشان بابەتەکەیان دایە سەرۆکى هەرێم بۆ ئەوەى کەسێک دیارى بکات بەڵام سەرۆکى هەرێمیش خۆى لەم بابەتە لادا و نەیویست ببێتە بەشێک لە ناکۆکى و مڵملانێیە نێو خۆیەکەى یەکێتى ، دواتر ئەم پرسەیان لە ڕێی ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران یەکلاى کردەوە، بەڵام لێرە پرسیارەکە لەوە دایە بۆچی نەجمەدین کەریم بڕیارى خۆکشانەوەى نەدا تاوەکو لەوە دڵنیا نەبوو کە لە نێوان بەرهەم سالح و فواد مەعسوم کام کاندیدى کوردن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار، کە پێشتر نەجمەدین کەریم ئەوەى ڕاگەیاندبوو بە هیچ شێوەیەک ناکشێتەوە و یەکێتى خۆى لێ بێ بەرى کردو وتى کاندیدى ئێمە نییە، بەڵام ئەوەى بەم قسەیە قەناعەت بکات ئەوا دوورتر لە نینۆکەکانى خۆى نابینێت، چونکە ئەمە ئەوەى دەرخست کە کێشەکە لە نێو یەکێتى لەسەر دکتۆر بەرهەم بووە کە باڵە دەست ڕۆیشتووەکەى یەکێتى نەیدەویست ئەو پۆستە بدرێت بە بەرهەم سالح، کە چی بەشێکى زۆر لە ڕاى گشتى نیو خۆى یەکێتیش کۆک بوون لەسەر ئەوەى بەرهەم سالح ئەو پۆستە وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەى بەشیک لەو ئەکادیمسیەنانەى نزیک لە یەکێتى پاساوى ئەوەیان بۆ یەکێتى دەهێنایەوە کە یەکێتى ئەمە لەبەرژەوەندى پرۆسەى دیموکراسی دایە بەڵام ئەم پاساوە زۆر جێگەى ئیعتیبار نییە، لەبەر ئەوەى یەکێتى ئەگەر ئەوەندە پەرۆشى دیموکراسی بوایە ئەوا دەکرا بگەڕابایەوە بۆ ئەنجومەنى ناوەندى کە بە پەرلەمانى حیزب ناودەنرێت، چونکە ئەمە پشکى یەکێتى بوو، نەدەکرا ئەم بابەتە بخات بەردەم لایەنەکانى تر تا بۆى یەکلاى بکەنەوە .
کەواتە بەپێی لێکدانەوە ئەو باروۆدخەى کە لە دواى دوور کەوتنەوەى تاڵەبانى لە نێو یەکێتى نیشتمانى کوردستانى بەدى بریتى یە لەوەى کە ئەم حیزبە بەرەو قەیرانێکى نێو خۆى قوڵ بۆتەوە، بالێک دەیەوێت هەژموونى خۆى بسەپێنێت بەسەر ئەو حیزبە، نەک بابەتە پەیوەست بێت بە چەند جەمسەرێکى فکرییەوە لە نێو یەکێتى دا، بەدوریش نازانرێت ئەم دۆخە لە زیانى یەکێتى تەواو بێت و دواجار دۆخەکە بەشێوەیەک تەواو بێت کە دیسان ئەو حیزبە بەرەو ڕووى هەمان ئەو دۆخە بکاتەوە کە بەر لە هەڵبژاردنى 25ى تەموزى 2009 تووشی هات و بەشێک لە سەرکردایەتى ئەو حیزبە جیابوونەوە لە یەکێتى و بزوتنەوەى گۆڕانیان دروست کرد، کە ئێستا کێبڕکارى سەرسەختى یەکێتى یە بەتایبەتى لە ناوچەى سەوز .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت