farwq-m-m

دکتۆر کەمال میراودەلی : نا ، نا ، نا بۆ پرۆژەکانی گەشت و گەوادیی .

پەیامێکی کراوە بۆ کاک فاروقی ملا مستەفا

برای گەورەم کاکە فاروقی بەرێز
بە ترس و داخێکی زۆرەوە هەوالی ئەم پرۆژە زەبەلاحەی بەرێزتانم لە خەنداندا خوێندەوە بەتایبەتی لەم کاتە ناسکەدا کەوا دیارە ئێوە بێ خەبەربن بەشێکی گەورەی نەتەوەکەمان قەڵاچۆکراون و ئێستا شالاوی قەڵاچۆکردن کوردەکانی موسڵ یشی گرتۆتەوە کەچی تاکە یەک هەواڵم لە سەر ئەوە لە میدیای کوردیی نەدیوە..
دیارە بەرێزتان لە خێزانێکی ناوداری چاک و پاک و زاناو تێکۆشەرن و بەرێزیشتان کەم یان زۆر مێژوویەکی خزمەتگوزاریی و چاکەخوازییتان هەیە ، من پێم ناخۆشە میرات و مێژوویەکی ناشیرین بەجێبێڵن و بنەماڵەکەتان لەکەدار بکەن.
بەلام ئەوەی دەیڵێم پێوەندی تەنیا بەو پرۆژەیەی بەرێزتانەوە نییە کە هیوادارم تەنها بیرۆکەیەکی بەسەرچوو بێت و پرۆژەو پلان و ئەنجامدان نەبێت.
من دەمێکە پرۆژەکانی گەشت و گوزاریی باشوورم , ناو ناون پرۆژەکانی گەشت و گەوادیی.
عادەتەن ئەو ولاتانە پەنا دەبەنە بەر سیاحەت و گەشت وگوزار کە هیچ سەرچاوەیەکی ئەوتۆیان نییە خۆیانی پێ بژێنن .
ئێمە نەوت و گازێکی زۆرومەرو مالات و کشت وکاڵ و بازرگانیی و قاچاغچیتی و چەندەها سەرچاوەی داهاتمان هەیە جگە لە شەریکایەتی لە داهاتی عێراقدا. زۆرمان لە خۆمان زیادەو پێویستیمان بە سەرچاوەی گەشتوگوزار نییە . مەگەر بۆ ناساندنی کەلتوورو مێژوو- و شەرەفی نەتەوەیی و میوانداریی گەلەکەمان .. ساڵی ١٧ ملیۆن کەس روو دەکەنە بەریتانیا نەک بۆ خۆشیی وەرگرتن لە هیچ پرۆژەەیکی تایبەتی گەشت و گەوادیی بەڵکو بۆ ناسینی هەموو ولاتەکە وەک مێژوو ، وەک کەلتوور ، وەک هەزاران چالاکی رۆشنبیریی و هونەریی و وەرزشیی.
تەنیا لە ئۆپیرا و شانۆگەریی و سینەما و شەکسپیر ، بەریتانیا ساڵانە دەیان بلێۆن دۆلاری دەست دەکەوێ . بەلام لەشفرۆشیی قەدەغەیەو پیاوەکان و گەوادەکان دەگیرێن و زیندانی دەکرێن و ژنەکان وەک قوربانیی ئازاد دەکرێن.
بەلام بەداخەوە هەموو شارەکان و پرۆژەکان و ناوچەکانی گەشت و گوزار لە هەر شوینێکی دنیادا : ئەسپانیا ، پورتەگال ، مەغریب ، تایلاند ، فلیپین ئاخری دەبنە شوێنی نێرگێلەو مەیخانەو حەشیشەو قومارو قاحبەخانەو ، خەڵکەکەیان دەبێت کچ و ژنەکانی خۆیان بۆ لەشفرۆشتن بەرەلا کەن. ئەمە واقیعەو هەرکەسێ تۆزێ شارەزای ناوچە سیاحییەکانی دنیا بێ دەزانیت .
پێم ناخۆشە بەرێزتان لەم تەمەنەدا زیاتر رێگا بۆ ئەم کارانە خۆش بکەن و بەناهەقیی ناوچەیەکی جوان و چاک و پاکی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە گڵاو و ناشیرینە دیارە بەپشتگیریی گەوادە سیاسییەکان ، داگیر بکەن .
دوکان ، کە درێژەی جوگرافیی مەرگەی زێدی لەدایکبوونم و جافەتی یەو خۆشەویستییەکی رۆحی زۆرم بۆی هەیە و وەک هاولاتییەکی کوردستان بەخاکی خۆم و خەلکی ناوچەکەی دەزانم ، شوێنێکی گەورەی لەناو دڵ و دەروونمدا هەیە و ، نامەوێ ئەو شوێنە گەواداویی بکرێت . من بە تاوان و دەستدرێژییەکی گەورەی بۆ سەر شەخسی خۆم و شەرەفی خۆم دەزانم کە دوکان بکرێتە پرۆژەی گەشت و گەوادیی و ناتوانم لێی بێدەنگ بم و بە هەموو شێوەیەک دژی دەوەستم . تەنیا لە سەردەمی دەسەلاتی بەربەری کوردیی و پرۆژەکانی گەشت و گەوادییدا ، باڕە تاریکەکان و مەیخانەکان و شوێنەکانی مەساج و لەشفرۆشتن و دەرمانی هۆشبەرو ترافیک و بازرگانی کردن بە ئافرەتەوە ، کە ئەمە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی ، تەشەنەیان کردووە …
بەپێی راپۆرتێک ، کە تا ئێستا کەس بە درۆی نەخستۆتەوە ، تەنیا لە ناو شاری سلێمانیدا ١٥٠٠ خانەی لەشفرۆشتن هەیەو لە هەولێر زیاتریش. ئەوە بازرگانیکردن بە ئافرەتەوە بۆ لەشفرۆشیی و لە ژێر پەردەی خزمەتی ماڵەوە دیاردەیەکی زەق و ئاشکرایە.. هەمان مودێلی ژیانی گەوادەکانی خەلیج و ئەمارات لە کوردستان دووبارەکراوەتەوە. ئەوە نیشانەی زاڵبوونی هاوپەیمانی ئایدیۆلجی گەوادیی دینیی و گەوادی سیاسیی یە کە پرۆژەی ئاوا گەورە لە سەر ئەرزو خاکی خەڵک لە ناکاوێکدا هەلدەتۆقێ و کەس نایەتە دەنگ.
بەلام تکایە تکایە لەم تەمەنەدا بەزەییت بە ناوبانگ و میراتی خۆتدا بێتەوە . تکایە تکایە بەردێکی بناغەیی تری گەورە لە پێناو تاوەرو تەلارەکانی گەشتو گەوادیی لەم ولاتەدا دامەنێ .. گەرچی دەزانم درەنگ یان زوو گەلەکەمان رادەپەڕێتەوەو ئەم کارە ناشییانە هەڵدەوەشێنێتەوەو سنوورێکیان بۆ دادەنێت .
گەورەم بۆیە بەم زمانە توندە دەنووسم ، یەکەم / چونکە ئەمە یاسایەکی پیرۆزی کوردەواریی خۆمانە ، کە قسەی هەق رەقە .
دووەم / چونکە لەم ولاتەدا نە دەستوور هەیە ، نە یاسا ، نە ئەخلاق.
لەم وڵاتەدا هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەک بۆ هیچ جۆرە تاوانێک نییە . خیانەت ، خەڵک کوشتن ، رۆژنامەنووس کوشن ، قایمقام کوشتن ، پاسەوانی سەرەکی سەرۆک کوشتن ، چاوکوێرکردن ، مردنی دەیان کرێکار لە کاردا ، ژن سووتاندن ، ولات فرۆشتن . دزیی ، داگیرکاریی ، گەوادیی ، داوێنپیسیی ، نەوت بەتاڵاندان ، قاچاغچێتیی. خاکفرۆشتن . شەرەففرۆشتن . ئەمانە هەموو لە ئاسایی ئاساییتر کراون.
لە لایەکی تریشەوە کوردستان ولات نییەو سەروەیی نییە.. بە دەستوورو یاسای نێونەتەوەیی بەشێکە لە عێراق. بە واقیع کۆلۆنییەکی تورکیی و ئێرانییە ، لەمە زیاتر هیچ كیان و ستاتوویەکی تری یاسایی لە قانوونی نێونەتەوەیی دا نییە . بۆیە بە (نۆمانزلاند) حسێبەو کەس نازانیت چارەنووسی چی لێ دێت و بۆ كـێ دەبێت ؟ .
ئێستا بە نهێنیی زۆربەی سەرچاوەکانی باشوور هی شەریکاتی نەوتی تورکی و غەربییە .. بازارو بازرگانییەکەشی بۆ تورکیایە . بەبێ ئەوەی کەس کەین و بەینی ئەم خاکفرۆشییە بزانێت .. ئەوەی ماوەتەوە مافیای حیزبیی و سەرمایەدزان و ملێونەرانی حەرام هەڵیانلووشیوە..
وڵاتیک ئیعتیرافی پێنەکرابێت ، ستاتووی یاسایی نێونەتەوەیی باوەرپێکراوی نەبێت ، هیچ شوێنێکی لە نەتەوە یەکگرتۆکاندا جگە لە پاشکۆی عێراق نەبێت ، دەستوور و سسیستمی سیاسیی نەبێت ، دادگای دەستووریی و یاسای نەبێت و ، سەروەریی لە ناو سنووری دیاریکراوی خۆیدا نەبێت ، نەتوانیت بەرگری لە پێتەختەکەی خۆی بکات و ئۆباما لەو دوورەوە گرتنەکەی رابگرێت ، ولاتی ئاوا قەت ئاسایش و سەقامگیریی و زامنی پاشەرۆژی نابێت . کەس نازانێت راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دەبێتە ملكی کێ ..
ئەوەی بە سەد سال دروست دەبێت ، بە دە رۆژ لە ناو دەچێت سەیری سوریا و ناوچەکانی داعشاوی عێراق بکە. بۆیە بینای تەلارو تاوەر بیرکردنەویەکی چاک نییە .
دروستکردنی مرۆڤ و کۆمەڵ کاریکی چاکترو پیرۆز ترە . من وام بیردەکردەوە بەرێزتان بەو رۆشنبیریی و پێشینەی مارکسیی و میراتی زانایی خێزانەکەتان هەیەتی ، هەوڵی یەکەمی ئێوە بۆ ئەوە بێ گەورەترین کتێبخانە لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا لە سلێمانی بنیاتبنێن ، تا ببێتە نێوەندێکی زانستیی نەتەوەیی و هەموو کۆنە دەسنووس و پارچە نووسینێكی شرو پەروازەو بێکەس و هەموو نووسراوەکان و ئەرشیفی کۆن و نویی دنیا لەسەر کوردو باشترین کتێبی مێژوویی و ئەکادیمی و زانستی بە زمانە زیندووەکان لەو کتێبخانەدا بەشێوەی کتێب و دیجیتاڵ لەبەردەست خەڵکی کوردا بن .. ئەمە ببێتە شانازی تۆ بۆ نەوەکانمان هەتا هەتایە .
من وام دەزانی لەم کاتە ناسکەدا کەشەرەفی کورد لەدنیادا هەڕاج دەکرێت ، چت لەدەست دێت بۆ ئازادکردنی کچە شەنگالییەکانمان دەیکەیت و یارمەتی ئاوارەکانیان دەدەیت ، نەک بنکەیەکی تری گەشت و گەوادیی بۆ کچ کڕین و کچ فرۆشتن راست بکەیتەوە .
وام دەزانی ئیدی شارچێتیی و خڕکردنەوەی پرۆژەکان لەناو شاری سلێمانی بەسە چونکە لەوە زیاتر هەڵناگرێ و خوانەخواستە لە حالەتی بوومەلەرزە ، کارەساتی سروشتی یان هیڕشی جەنگیی ، بێ ئاویی ، هەمووی بە ماوەیەکی کەم لە ناو دەچێت. بۆ بیر لە شارۆچکەکانی تر ناکەنەوە . بڕۆ بزانە حالێ هەلەبجەی شەهید چۆنە ، کە بێشکەی شارستانیێتیی کۆنمان و رەمزی هیرۆشیمایی قوربانیدانمانە ؟ حالی سەیدسادق ، چەمچەماڵ ، کەلار ، کفری ، قەلادزە ؟ بۆ هەر سلێمانی ؟ بۆ بیر لە دێهاتی وێرانکراو ناکەنەوە؟ .
بۆ ئەو پارە زەبەلاحە بۆ ژیاندنەوەی دێهات و دروستکردنی گوندو کۆمەلگاو شارۆچکەی نموونەیی لە ناوچە دوورو شاخاوییەکانی کوردستان بەکارناهێنن هەم بۆ ژیاندنەوەی ئابووری کشتوکالی و ژیانی کۆمەلگای دێهاتی و کەلتووری کوردیی و هەم بۆ زامنکردنی ئەوەی لە کاتی لێقەوماندا دێهاتە دوورەکان و ناوچە شاخاوییەکان جێگایەکی دەولەمەندو پەنایەکی ئەمین دەمێننەوە ؟
دواییش ، کێ ئەم هەموو خاک و زەوی و زارەی خەلک ئاوا بە ئاسانی ، بێ دەستوور ، بێ یاسا ، بێ رێفراندۆم ، بێ راوێژی فراوان و دوورخایەن و وەرگرتنی رای خەڵکەکە ، وا بەئاسانی بۆ پرۆژەکانی گەشت و گەوادیی و خانووبەرەو شوققە دەدات ؟ بە ئیمزای چ گەوادێک ئەم خاکەو زەویوزاری خەڵک و مڵکی گشتی وا بە بێباکیی دەبەخشرێت ؟ بە چ دەسەلاتێکی دەستووریی کە دەستوورمان نییە ، ئەم ئیمزایانە دەکرێن؟ هەندێک لەم پرۆژانە ئەوەندە گەورەو گرنگن کە پێویست بوو یاسای تایبەتیان بۆ دەرچێت و رێفراندۆم لە ناوچەکە بکرێت داخۆ ئەو پرۆژانەیان دەون یان هی تر ؟.
لە پێناوی خۆت و ناوچاکیی خێزان و بنەمالەکەت ، هیوادارم کاکە فاروق دەست لەم جۆرە تاوەرو پرۆژانەی گەشت و گەوادیی هەلگریت کە دوورنین لە گەندەڵیی بڕیاری سیاسیی و ، پرۆژەی ئینتاجیی و بەرهەمهێنان نین و ئابووری ولات بەهێز ناکەن و یەک زەررە بەرژەوەندی و خەمی هەژارو ئامانجی نەتەوەیی و دیمۆکراتییان نییە و تەنیا لە خزمەتی دەولەمەندو سەرمایەدار و بێگانە و گەشتیارن و زیاترو زیاتر پرۆسەی گەواداندنی کۆمەڵگای کوردیی بەهێز دەکەن ؟
دیارە بەرێزتان زۆر پرۆژەی گرنگتان هەن کە جێی دەستخۆشین من تەنیا مەبەستم تاوەرەکان و پرۆژەکانی دوکان و هەر پرۆژەیەکی تری گەشت و گەوادی یە ..

http://xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=7203&Jor=1