Ayland1

نوری بێخاڵی : لە بارەی دووبارە شەپۆلی کۆچکردنەوە .

بڕێ جار ، مردن خۆشترە لە ژیان ، ئەگەر ئەو مردنە ، ڕاکردنیش بێت .

تێبینی / ئەو نووسینەم لە ڕوانگەی ژیانی ئاسایی و عەلاحەددەی ( خۆم ) نا ، بەڵکو لە گۆشەنیگای ژیانی ( زۆرینە ) یەکی ماندوو و شەکەتی ئەم وڵاتە نووسیوە ، کە دەنگیان ناگات ، یان وەک خۆی نایگەیەنن ، یاخود لە بنەڕەتدا گوێیەک نییە ئامادەی ژنەوتی ئازارەکانیان بێت !

بەر لەوەی پەنجەی تۆمەتی نانیشتمانی بوون و ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی بدەینە پاڵ هەموو ئەو گەنج و خێزانانەی ئەمڕۆ ، کە سواری شەپۆلی دووەمی کۆچ و سەرهەڵگرتن بوونە ، دەبێ دیوی پشتەوەی ئەو ویستەی مرۆڤەکان بۆ خۆدانە دەست قەدەری نادیاری ڕاکردن ببینین . دیوی زەمینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی وڵات ، کە بە درێژایی زێدەتر لە بیست ساڵ ، لە بێهوودەیی زیاتر ، شتێکی دیکەیان بۆ مرۆڤی ئێرە بەرهەم نەهێناوە . ئەوە ڕاستیێکە و تاڵاوەکەی هەرچەندە قورسیش بێت ، دەبێ ئامادەیی چەشتنی بین و بەشوێن دۆزینەوەی هۆکار و دواجاریش چارەسەرییەکانیدا بچین .
بەلایەنی کەمەوە پێویست دەکات ئەو هوشیاری و درک کردنەمان هەبێت ، کە نیشتمان پتر لەوەی سەرزەمینێکی جوگرافی بێت ، سەرزەمین و ژینگەیەکی کولتوورییە ، کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی . بۆیە کاتێ ئەو ژینگە کولتوورییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بۆگەن دەکات ، مانایەک بۆ ئێرە ، وەک شوێن لە زەینی مرۆڤەکانیدا نامێنێتەوە !
واتە نیشتمان ئێرە و ئەوێی جوگرافی نییە ، بە قەد ئەوەی ئێرە و ئەوێی کولتوورییە ، ئەوێیەک کە بڕێکی زۆری کاریگەرییەکانی ( بە دیوی ئەرێنی و نەرێنیدا ) بەسەر ناوەوەی مرۆڤ خۆی ڕەنگ دەدەنەوە . بۆیەشە دەشێ و ئاساییە کە ئێرەی نیشتمانی بۆگەن بوو لە ئاستە کولتوورییەکەیدا ، نیشتمانی ناوەوەی مرۆڤ وێران بکا ، وەک چۆن ڕێی تێ دەچێ ، ئەوێی نا نیشتمانت ، وێرانەی ناوەوەت ئاوەدان بکاتەوە . ئەوە نە کوفرە و نە گوناه ، بەتایبەتی کە بە درێژایی ژیان و لە ئاستی پەروەردەییدا ئێمە هێند دەرگیری ئێرەی جوگرافی کراوین و نیشتمانی ناوەوەی خۆمانمان بیر چووەتەوە ، پێمان وایە ئەگەر بیر لە تێپەڕاندنی ئەو پەروەردە و دۆخە کولتوورییە بکەینەوە ، ئەوا تاوانێکی گەورەمان ئەنجام داوە .
ڕاستیێک هەیە و ئەگەر ڕێژەییش بێت ، بەڵام ناتوانین خۆمانی لە گێلی بدەین ، ئەوەیش ئەوەیە ، کە بەدرێژایی ئەو بیست ساڵەی حوکمڕانی کوردی ، ئەو حزب و سەرکردە و سیاسییانەی لەناو بازنە و دەرەوەی بازنەی حوکمڕانییەکەشدا بوون ، هەموویان بەشی خۆیان هۆکار و سەرچاوەی گرفت و کێشە و قەیرانەکانی ئەم وڵاتە بوونە . هەر بۆیە بەردەوامی ئەو گرفت و کێشانە و دووبارەبوونەوەشیان لە شوێنکات و لە سای هەلومەرجی جیاوازدا ، هۆکارەکەی دیسانەوە هەر ئەوەیە ، کە ئەو حزب و سیاسی و سەرکردانە ، کێشەکان ( ئیحتوا ) دەکەن و ئیدارەی کاتیی ناکۆکییەکانیان دەدەن ، نەک هەوڵی چارەسەرکردن و بنبڕکردنیان . لەوەشدا هەر حزب و سەرکردە و سیاسییەک بە گوێرەی قەبارەی خۆیان ، بەشێکی بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە ناچیزەیەیان دەکەوێتە ئەستۆ ، کە ئەم گەلە بەدبەختەیان بە دەستییانەوە گیرۆدە کردووە .
گرفتی سەرەکی لەو نێوەدا ، بڕی کەم و زۆری بەرپرسیارێتیی فڵان و فیسار حزب و سەرکردە و سیاسی نییە، بەقەد ئەوەی نەبوونی نیاز و ویست و ئیرادەیەکی ڕاستەقینە و شێلگێڕانەی هەر یەکێکیانە بۆ کۆتایی هێنان بەم کێشانە . ئەو کێشانەی هێندەی ڕەنگدانەوەی ململانێی مێژوویی و خەونی زۆرترین بەرخوردبوونیانە لە دەسەڵات و ئیمتیاز و وردەکارییەکانی ، ئەوەندە بەرهەمی جیاوازی دونیابینی و تێڕوانینیان نییە بۆ شێوازی حوکمڕانی و چاکسازی و خەم و خزمەتی گشتی ( بە دروشم و قسەی میدیاکان نییە !).
دڵنیانیم ، بەڵام ئیتر یان ئەوەتا ناتوانن ، یاخود ئەوەتا لە بنەڕەتدا نایانەوێ کێشە و گرفت و قەیرانەکان چارەسەر بکەن .
ئاخر حزب و سەرکردە و سیاسیی کوردی ، هێندە دەستتەڕ و بەدەستوبردە لە دروستکردنی گرفت و خوڵقاندنی قەیران ، چارەگی ئەوە توانای تێپەڕاندنی دۆخەکە و خستنەڕووی میکانیزم و نەخشەڕێگای دروستی نییە ، بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان ، کە بە هۆیەوە بە درێژایی ململانێکانیان لە دوێنێوە تاکو ئەمڕۆ ، خەڵکی بەدبەخت و ڕەشوڕووت باجەکەی دەدات !.
ئەوەی ئەوان لە ڕابردوو و ئێستا کردوویانە و دەیکەن ، زیاتر وەک ئەوەیە دەرزیێکی هێورکەرەوەی ژان و ئازار لە نەخۆشێکی درێژخایەنی تووشبوو بە نەخۆشیێکی درم بدەیت ، کە ڕۆژێک هەر دێت ئەو ژان و ئازارە ئەگەر نەیشیکوژن، ئەوا ئیفلیجی دەکەن .
ئەگەر هەموویشی نەبێت ، بەڵام بە دیوە ڕاستەقینەکەیدا ، بەشێکی هەرە زۆری هۆکار و ئامانجی ئەو ناکۆکییەی کە ئەمڕۆ دەگوزەرێ ، پەیوەندی بە بردنی بەشێکی زیاترە لە داهات و پێچکە کورسی و ئیمتیازاتەکانی . بەشێکی تاوان و گوناهی شاردنەوەی دیوی ڕاستەقینەی ئەو ئامانج و هۆکارەش ، لە ئەستۆی هەموو ئەو دەروێش و موریدانەیان دایە ، کە هەر یەکە و بەسەدان بیانوو ، پاساوی بەرە و سەنگەری خۆی دەداتەوە و حەقیقەتە ڕەهاکانی بە خەڵک دەفرۆشێتەوە ، لە بەرامبەریشدا بە وەعز و تەلقین و بەشێوەیەکی ڕەها ، ڕەوایی بە بەشەیتانکردنی سەرلەبەری بەرامبەرەکانی دەدات !
واز لە مەترسییەکانی داعش بێنن . ئەمڕۆکە بە بەرچاوی ئێوە ، حزب و سەرکردە و سیاسییەکان – هەمووتان بەبێ هەڵاواردن ، ( برسێتی ، نەبوونی ، هەژاری ، بێکاری ، بێنەوایی ، لانەوازی ، بێ دەرەتانی ژیان ، نەخۆشی ) جەستەی ئەم گەلە ستەمدیدە و خێرلەخۆنەدیوە هەلا هەلا دەکات ، گەلێک کە دەبووا ئێستا لە سای دروشمە بریقەدارەکانتاندا ( قەرزاری خوێنی شەهیدان ، ئەنفاکراوان و کیمیاباران ) و میزڵدانی موژدەکانتان لە هێنانەدی و فەراهەم و بەرجەستەکردنی ( ئازادییەکان ، دیموکراسی ، بێدادی ، سەروەریی یاسا ، چاکسازی و …هتد) لە فۆڕمێکی دیکەی ( شیاو و شایستەتر) ی ژیان و گوزەران ، دۆخێکی دیکەی ( دڵنیا و سەقامگیرتر ) ی دەروونیدا بژیابووایە ، بە جۆریک بەرچاوی ئاییندە و ئاسۆی ئامانج و خەونەکانی ڕوون و ڕۆشن بێت ، کەچی ئەوەتا بێئومێدی وەک خۆرە ، گیانی مرۆڤەکانی دەخوا .. ڕەشبینی وەک مۆرانە ، لێی داون !
لە شوێنیکی دیکەش گوتوومە ، کە لەگەڵ ئێمەدا ، ئومێدێک ئەگەر هەبێت ، بێ ئومێدییە . ئاخر ئومێد ئەوەیە ، خۆت نەدەیتە دەستی حەشامات ، بە شوێن سێبەری خۆتدا بچیت و سەرابی عەوام فریوت نەدات . ئومێدی هەمیشەیی لە دونیادا ئەگەر وەک ئەوەی ( کامۆ ) دەڵێ هەبێت : سوکنایی ئەم دونیایە لەوە دایە ، نائومێدی هەمیشەیی نییە . ڕێک سوکنایی دونیای ناوەوەی خۆتە ، هێوربوونەوەی خود و نەکەوتنە داوی ژاوەژاوی دونیای دەرەوەی شەیدا بە هەڵچوون و کەفوکوڵە . سوکنایی ویژدانت ، کە بە ناشیرین کردنی ژیان و مرۆڤ ، بیمار و بریندار دەبێت .. سوکنایی بێداربوونەوەیە لە خەونی خۆش فریوی سواربوونی شەپۆلی ( ئێمە! ) ، ئێمەیەک کە تەنیا ئیشی ، کوشتنی ئومێدە لە خەیاڵ و ئەندێشەی ( من) ی سەرشار لە ویستی ڕەهابوون ، (من) ی ئالوودە بە مەستیی خودبوون !
سوکنایی کام دونیا و دونیای کامە سوکنایی ؟ کام ئومێد و چ فۆڕمە هەمیشەییەک و هەمیشەی کام ئومێد ؟
سوکنایی ناو هەمیشە وەسوەسەی شەڕ، یان سوکنایی بەردەوام بارگاوی بە ترسی بەریەککەوتن و یەکترسڕینەوە ؟ دونیای سەراپا تارمایی مێگەل ، یان دونیای ژەهرڕێژ لە بەیەکدا هەڵشاخان ؟ ئومێدی ناو بێ ئومێدی لەدایکبوون و گەورە بوون ، یان ئومێدی سیخناخ لە ڕەشبینی و ئومێدی چاوی ئاییندەبین ، کوێر ؟ هەمیشەیی جەنگ و مردن ، یان هەمیشەیی ڕاکردن بە شوێن دەروازەکانی خۆکوشتن؟
(کامۆ) ڕاست دەکات ، سوکنایی دونیای کەسێک و خوبەستینەوەی بە ئومێدەوە ، پەیوەستە بە توانای ئەو کەسە بۆ کێشانی سکێچی سوکنایی خۆی لە دونیای ناوەوەی خۆیدا .. بە ویست و ئیرادەی ئەو کەسە خۆی ، بۆ بەرهەمهێنانی خودئومێدییەک لە دەرەوەی شەپۆلەکانی ئومێدی ( گشت ) ، ئەو ( شتە ) ی کە سەرچاوەی نائومێدی هەمیشەیی مرۆڤە وەک تاک ، وەک خودێکی ڕاچەنیو لە تەوقی موژدە کوشندەکانی ( ئێمە ) .
ئێستا مرۆڤی ئەم نیشتمانە ( کەمینەیەکی کەمی لێ دەربچێ ) هێندەی ئاتاج بە مردنن ، ئەوەندە دەرگیری ژیان نین . دیوێکی هەرە دیاری ئەو بێهوودەبوونەیشیان لە ژیان ، ویستیانە بۆ مردن . دەی خۆ ویستی مردن ، هەر تەنیا پەنابردن نییە بۆ خۆکوشتن ( کە لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا ژمارەکانی کەم نین ) ، بەڵکو مەیل و هەوڵدان بۆ ڕاکردن و هەڵاتن لەو واقیعە نەخوازراو داسەپاوەشدا ، بۆ خۆی جۆرێکی دیکەی کوشندەی ویستی مرۆڤە بۆ مردن . مەرگێک کە لە کەمترین حاڵەتدا ، هێور و کەم ئازارترە لەو ژیانەی ، ڕۆژانە بەدەست ژان و ئازار و کۆڤان و دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانییەوە دەتلێتەوە .
ڕاستە ” شام شەکرە و وڵات شیرینتر ” ، بەڵام ( ئەحمەد سەنگاوی ) هاوڕێم گوتەنی ” وڵات تووشی نەخۆشی شەکرەت دەکات “، ئیتر مرۆڤ کە تووشی شەکرە بوو ، ئەو شیرینییەی وڵات بە ژەهری مار بێت .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies