ئارام قزلەریی : کورتە نامەیەک بۆ سەرۆکی کۆریای باکور .

بەڕێز ( جیم گۆنگ ئانی ) سڵاوتان لێ بێت هیوادارین نمونەتان زۆر بێت بۆ سزادانی گەندەڵکاران .

زۆر خۆشحال ئەبین جەنابتان بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت ببنە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەمان  پێویستی بە سەرکردەیەکی بوێری هاوشێوەی جەنابتانە .

تەنها کەسێکی وەک ئێوە  ئەتوانێت  ئەم وڵاتە بێسەرو بەرەیەمان بۆ چاک بکات و سەرجەم هەموو ئەو دزو گەندەڵکارانەی  بونەتە میکرۆبێکی کوشندە و کوردستانیان  وێران کردوە ، وەک ئەوانەی لای خۆتان  سزیان بدەیت و ڕەوانەی دۆزەخیان بکەیت .

کە تەشریفتان فەرموو ـ هاتن ، لە گەڵ خۆتاندا کۆمەڵێک سەگی برسی بهێنن و زۆرێک  لەو  گەندەڵکارانەیان  دەرخوارد بدەن و هەندێکیشیان ببەستن بەچەند موشەکێکەوە و  ڕەوانەی دۆزەخیان بکەیت و چیتر ئاو هەوای کوردستان هەڵنەمژنەوە .

ئێمەی گەلی کوردی ستەم دیدە ،  تەنها و تەنها سەرکردەیەکی وەک تۆی بوێر ئەتوانێت میللەتەکەمان  ڕزگار بکات  لەدەست ئەو هەموو دزو گەندەڵ و مافیایانەی  دەستیان خستۆتە بینە قاقای میللەتەکەمانەوە و بە ئارەزوی خۆیان داهاتی  وڵاتمان تاڵان فرۆش ئەکەن و میللەتەکەشیان برسی کردوە .

بەڕێز جیم گۆنگ ئانی ،  ئەوانەی تۆ لە وڵاتی خۆتاندا دەرخواردی سەگیان ئەدەیت و لە گەڵ موشەکەکاندا ئەیان تەقێنیتەوە  بڕوا ناکەم بە قەد بچوکترین بەرپرسی گەندەڵی وڵاتی ئێمە خیانەتیان لە خاک و نیشتیمان و هاوڵاتیان کردبێت .

ئەوەی دەستی میللەتەکەمانی گرتوە ناتوانێت وەک وڵاتانی عەرەبی لەوانە ـ میسرو  تونس و  لیبیا  ، ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری بکەن و هەموە گەندەڵکاران ڕەوانەی دۆزەغ بکەن ، تەنها لە ترسی ئەوەی هەمانە لەدەستی بدەین ، کە بەدیوارە پتەوەکانی گۆشت و ئێسقانی هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە هەڵچنراون و ، دەکرێت بە چەند ساتێک لەیەک هەڵیوەشێننەوەو بمان گەرێننەوە بۆ خاڵی سفر . کاتێک ئەوان باکیان نەبێت لەتاڵانکردنی وڵات و پرۆسەی پرسی کردنی کۆمەڵگا ، زۆر ئاسانە لایان ئاسمان و زەویی وڵاتیش بە بڕیارێکی ترسنۆکانە بە داگیرکەرانی وڵات بفرۆشن . دەنا گەلەکەمان هێندە بێزارن لەچەند چرکە ساتێکدا دەتوانن  بڕژێنە سەر شەقامەکان و تەخت و تاراجی ئەم حکومەت و دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان تەفروتونا بکەن .

بەلاتانەوە سەیر نەبێت بەڕێز جیم گۆنگ ،  لە وڵاتێکدا کە سەرخان و ژێر خانەکەی هەموی خێرو بێرو کانزاو بیرە نەوتە . تازە بەتازە گرفتی ئاوی خواردنەوەمان هەیە  ، کارەبای وڵاتمان گەڕاوەتەوە بۆ نیو سەدە لەمەو پێش ، موچەی فەرمانبەران  موچەخۆرانیش بەچەند مانگ جارێک دەدرێت ، بەڵام بە پێچەوانەوە وڵاتانی دراوسێمان  حەساونەتەوە بە بۆنەی نەوت و غازی سروشتی وڵاتەکەمانەوە ئێمەی گەلی کوردیش ڕۆژ بەڕۆژ هەنگاو ئەنێن بەرەو برسێتی و نەهامەتی و خاک و نیشتیمان بەجێ دەهێڵین و سەری خۆمان هەڵئەگرین لە داخی بەرپرسانی وڵاتەکەمان ، هیچ جۆرە ناڕەزایی و مانگرتن و ڕەخنەو نوسینێکیش سودی نیەو بەخەیاڵیاندا نایەت ، وا ئەزانن هەموو گەلی کورد خزمەتکاری ئەوانەو ئەوان بونەتە میراتگری گەورەو پچوکی هەرێمی کوردستان  .

بەکلیكێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies