میران محه‌مه‌د : خه‌ڵوه‌ته‌که‌ی ئه‌م جاره‌ی کاك نه‌وشیروان جیاوازه .
سه‌ره‌تا ئاواته‌خوازم هه‌ر به‌ڕێزێك ئه‌م نوسینه‌ی به‌نده ده‌خوێنێته‌وه ، دڵنیا بێت له‌وه‌ی به‌نده سه‌ر به هیچ گروپ و رێکخراو و پارتێکی سیاسی نه بووم و نیشم و ناشبم. وه‌لی هه‌رده‌م گۆڕان خوازم . چونکه نامه‌وێ هیچ کات له ئهمڕۆکانمدا به عه‌قڵی دوێنێکانم بیربکه‌مه‌وه . گه‌ر جه‌سته‌ش له‌گه‌ڵماندا نه‌یه‌ت با بیر و مێشكمان به گه‌نجی بمێننه‌وه و له نوێ بوونه‌وه‌دا بن! مه‌به‌ست لێره‌دا نه دژایه‌تییه بۆ هیچ که‌س و لایه‌نێك ، وه نه لایه‌نگیری و نه پیاهه‌ڵدانه بۆ به‌ڕێز کاك نه‌وشیروان . ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له نزیکه‌وه ئه‌مانناسن زۆر باش ئه‌زانن ئه‌وه پیشه‌مان نیه‌و نه بووه و به‌رگه‌ی هه‌موو زیانهکانیشیمان گرتووه . به‌م ئاخری تهمهنهشمانهوه ئاماده‌ی ماستاو ساردکردنه‌وه نین بۆ هیچ که‌س و گروپێك . به‌ڕێز کاك نه‌وشیروانیش په‌کی له پیاهه‌ڵدان نه که‌وتووه ، به‌ڵکه به‌دڵنیاییه‌وه به پێچه‌وانه‌ی گه‌لێ سه‌رکرده‌وه پێشیان ناخۆشه و بێزیشیان لێی ده‌بێته‌وه !
ئه‌م وتاره ته‌نها خوێندنه‌وه‌یه‌که له ڕووه گشتییه گهشهدارهکهیانهوه وه‌ك سهرکردهیهكی گۆڕه‌پانی خه‌باتی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی دیار و هه‌ڵکه‌وتووی گه‌له‌که‌مان . مه به‌ست له‌م نوسینه ته‌نها و ته‌نها گۆڕینی بۆچوون و پێشبینیهکانمانه ده‌رباره‌ی سه‌رکرده‌یه‌کی هه‌ڵکه‌وتووی بێ ڕکابه‌ری ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی گه‌له‌که‌مان له هه‌سته‌وه بۆ وشه‌و ده‌رهێنانیانه له حه‌شارگه‌ی مێشکه‌وه بۆ سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی میدیای کوردی و به‌رز نرخاندنی سهرکردهیهكه له ژیاندا .
هه‌رچه‌نده که‌س فریشته نیه و به‌ڕێزیشیان وه‌ك هه‌ر مرۆڤێك ده‌شێت ڕه‌خنه ههڵهبگرن ، وه‌لی لێره‌دا ناخوازین ڕه‌فتار و کردار و ناخ و که‌سایه‌تیه خودی و تایبه‌تیه‌کانی به‌ڕێزیان هه‌ڵبسه‌نگێنین ، چونکه ئه‌وانه موڵکی خۆیانه‌و بێ مۆڵه‌تی به‌ڕێزیان شیاو نیه که‌س له‌سه‌ریان بدوێت .
نه‌وشیروان مستەفا له دیدی دۆست و نهیارانیهوە
خوێنده‌وار ، ئه‌کادیمی ، میدیاکار ، ڕۆشبیر ، ئاگادار و شاره‌زا و توێژه‌ر و نوسه‌ر له بواری وێژه و مێژو و جوگرافیا و پێکاهاته و بنه‌ما و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی گه‌له‌که‌ی . ئه‌رشیفێکی دۆکومێنتاری ده‌وڵه‌مه‌ندی دیوه ئاشکرا و شاراوه‌کانی ڕوداو و پێشهات و کاره‌سات و که‌سایه‌تییه ده‌رکه‌وتووه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌ی به باش و خراپیانه‌وه . سیاسیهتمهدار و پێشمه‌رگه‌و جه‌نگاوه‌رێکی ئازا و به جه‌رگ و لێزان و کارامه . ورد و به‌رچاو ڕوون له خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی مرۆڤه‌کان ، دۆخه‌کان ، پێشهات و پێشبینییه‌کان . مه‌نگ و پشو درێژ . پلانداڕێژێکی سه‌رکه‌وتوو . سه‌رکرده‌یه‌کی به‌ئاگا و به‌ته‌نگه‌وه هاتووی خه‌ڵك و خاك ، شۆڕشگێڕێکی دڕ و به هه‌ڵپه و چاو نه‌ترس ، ده‌س و داوێن پاك و نه‌فس به‌رز ، خۆ نه‌ویست ، خاکی و ساده و ساکار ، قسه له ڕوو ، خاوه‌ن بیرێکی مۆدێرن و داکۆکیکارێکی سه‌رسه‌خت له ئازادی و دادپه‌ره‌ری و یه‌کسانی و سه‌روه‌ری یاسا و پیاده‌کردنی سیتمی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌م . تاسه‌ر یه‌سقان دژ به سیستمی کۆنه‌په‌رستی بۆگه‌نی خزمایه‌تی و خێڵه‌کی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی . قۆزهرهوهی ژیرانه‌ی هه‌ڵه‌و لاوزی دوژمنان و هه‌له‌کانی سه‌رکه‌وتن . شاره‌زا و به‌توانا له خه‌مڵاندنی هێزو توانا ، وه له هه‌مان کاتدا لاوازی و بێهێزی خۆێ و گه‌له‌که‌ی بۆ گه‌شتن به ئامانجه‌کانی به که‌مترین زیانه‌وه . ئه‌مانه هه‌ندێکن له‌و خهصلهتانهی لێره و له‌وێ له زۆر مناسه‌به‌دا ناحه‌ز و نه‌یارانی نه‌وشیروان مستەفا پێش هه‌وادارانی ستایشی به‌ڕێزیانی پێده‌که‌ن !
ئه‌وه‌ی به چاوی خۆم بینیم
به‌هاری 2012 خۆشبه‌ختانه به ڕێکه‌وت له نیوه‌ڕۆ خوانێکدا ، له ماڵه ئاساییهکهیاندا له‌سلێمانی ، هه‌رچه‌ند بۆ یه‌که‌م جار بوو ڕوو به‌ڕوو به دیداری به‌ڕێزیان بگه‌م ، وه‌لی به ساده‌یی و میوانداریه جوان و پڕ ڕێز و پرسیاره زۆره کورت و پڕ مه‌به‌سته‌کانیان ، وه به‌هه‌نده‌وه گوێگرتنیان بۆ وه‌ڵام و بۆچوونه‌کانمان ، پۆشین ، شێوه و شوێنی دانیشتن ، ئه‌تیکێتی گفتوگۆ و به‌شداری کردنیان له ئاڵوگۆڕی ڕاکان و به‌هه‌ند وه‌رگرتنیان وه‌ك هه‌ر یه‌کێك له ئاماده‌بووان ، هێنده ئارامیان کردبووم ، هه‌ستم ده‌کرد له خزمه‌تی برا گه‌وره‌یه‌کدا دانیشتبێتم نه‌ك سه‌کرده‌یه‌کی مه‌زن .
که‌ولوپه‌لی ماڵ و جێی دانیشتن و حه‌وانه‌وه‌یان هێنده سانا و ساکار بوون ، له‌گه‌ڵ ماڵی که‌سوکاره‌کانم هیچ جیاوازیه‌کیان نه بوو ، گه‌ر هی هه‌ندێکیان باشتریش نه بووبێت ! سه‌رکرده‌یه‌ك بواری هه‌بێت به ئاسانی ببێته خاوه‌نی هه‌رچییه‌ك که چاوچنۆکترین و تێرنهخۆرترین دیکتاتۆر خه‌ونیان پێوه ده‌بینێت ، که چی تێ‌یان هه‌ڵبدات و تا ڕاده‌ی ئه‌و په‌ڕی توانای هه‌وڵبدات وه‌ك خه‌ڵکه ئاساییه‌که‌ی گه‌له‌که‌ی بپۆشێ و بخوا و بژی ، هه‌میشه بیری لای معاناتهکانیان بێت و به‌رژه‌وه‌ندی و ته‌ندروستی و خۆشی و ئاسوده‌یی خۆی و خانه‌واده‌که‌ی بکاته قوربانی به‌ده‌س هێنانی ماف و ئاسوده‌ی و خۆشگوزه‌رانی و چاوکراوه‌ییان ، گه‌واهین که به‌ڕێزیان هه‌رچه‌نده سه‌رکرده‌یه‌کی بیرتیژی چاو نه‌ترسی خاوه‌ن پێگه‌و پایه‌ی بڵندی کۆڕی خه‌بات و سیاسه‌ته ، له هه‌مان کاتدا پیاوێکی ده‌روێش و ساکاری ناو ڕۆڵه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌که‌یه‌تی !
خـهڵـهوهت
به دڵنیاییه‌وه گه‌ر ئه‌و خهصلهتانهی له سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌یان پێ کراون پێوه‌ریك بن بۆ نرخاندنی مه‌زنی سه‌رکرده‌یه‌ك ، بێ دوو دڵێ کاك نه‌وشیروان گه‌ر تاقانه نه بێت ، ئه‌وا بێ ڕکابه‌ر له پێشی پێشه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانی ئه‌مڕۆی گه‌له‌که‌مانه‌وه ده‌گیرسێته‌وه . به مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندن ، له خود پرسینه‌وه، به خۆدا چوونه‌وه و سه‌ر له نوێ داڕشتنه‌وه‌ی پلانی هه‌نگاوه ئایندهییهکانیان ، له مێژوی دوور و نزیکی گه‌لاندا ، وه‌ها سه‌رکرده‌یه‌کی هه‌ڵکه‌وتوو ، جار و بار پێویستیان به دوورکه‌وتنه‌وه و ته‌نیایی و که‌نارگیری کاتی ده‌بێت ، که له کورده‌واریدا به خه‌ڵوه‌ت ناوی ده‌به‌ن . لای هه‌موان ئاشکرایه، کاك نه‌وشیروان ڕه‌نگه تاکه سه‌رکرده‌ی ئه‌مڕۆی کوردبێت که پڕاکتیزه‌ی ئه‌و چوونه خهڵوهتهیان کردبێت . ڕکابه‌ر و نه‌یارانی به‌ڕێزیشیان به ناڕه‌واو به بوغز و قینه‌وه به خۆشاردنه‌وه و خۆدزینه‌وه له ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیه‌کان بۆیان له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن ! له کاتێکدا هه‌مووان باش زانیویانه و ده‌شزانن ، که زۆربه‌ی به‌رهه‌مه فکری و سیاسی و ئه‌ده‌بی و مێژوییه‌کانیان زادی ساته‌وه‌ختی ئه‌و خهڵوهتانهیانن و به‌ڕێزیان دوای هه‌ر خه‌ڵوه‌تێکی به گوڕ و تین و پلان و ستراتیجێکی نوێوه به سه‌ر به‌رزی و شکۆمه‌ندیه‌کی زیاتره‌وه گه‌راونه‌ته‌وه باوه‌شی جه‌ماوه‌ر و هه‌ڤاڵانی گۆڕه‌پانی شۆرش و خه‌بات و ململانێ سیاسیه‌کانه‌وه .
خه‌ڵوه‌تی ئه‌م جاره‌یان جیاواز ده‌بێت
گه‌شتێك به ناو ژیانی نه‌وشیروان مستەفادا ئه‌وه ده‌رده‌خات ئه‌و پیاوه ساته‌کانی ژیانی بێ پلان و به‌رنامه به‌سه‌ر نه‌بردووه . بۆیه به دڵنیاییه‌وه دوا ساته‌کانی ژیانیان هه‌ڵگرتووه بۆ کۆتا خه‌ڵوه‌ت ، که تێیدا بواری نوسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و تێڕوانین و دوا به‌رهه‌مه‌کانیان هه‌بێت و ته‌مه‌ن یار بێ به چاپیشیان بگه‌یه‌نێت .
وه‌ك هه‌موو مرۆڤێك له‌و ته‌مه‌نه‌ی به‌ڕێزیاندا ئاساییه باری ته‌ندروستیان ناچار به پشودان و وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ریان بکات . نه‌وشیروان مصطفی مرۆڤێکی سیاسی بیر قوڵ و واقع بینه ، گه‌ر بیانزانیایه له‌م ساته وه‌خته‌دا ئه‌وه‌ی له مێشك و پلانیاندایه به وجودی خۆیان له‌پاڵ ههڤاڵانیا دێته دی ، به هیچ شێوه‌یه‌ك گوێیان به باری ته‌ندروستیان نه ده‌دا و بێ سڵه‌مینه‌وه قۆڵیان لێ هه‌ڵده‌ماڵی . کاك نه‌وشیروان به ئاگایه له‌وه‌ی عیزرائیل ده‌مێکه ده‌ورو خولی هاوسێکانی لا ڕاست و چهپیانی داوه ، بۆیه به بۆچوونی به‌نده هه‌ڵبژاردنی دوورکه‌وتنه‌وه و بێدەنگی و پشو درێژی ئەم جاره‌یان ، له‌گه‌ڵ تهممهنای ته‌مه‌ن درێژی بۆ یان ، خه‌ڵوه‌تی پێش کۆتا خه‌ڵوه‌تی ژیانیانه .
هه‌رچه‌نده ئه‌مریکا و ڕۆژئاواییه‌کان به ئاشکرا ماوه‌یه‌که له سیاسه‌ته نالۆژیکی و سه‌ره‌ڕۆ و په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی و بازرگانیه گوماناویه‌کانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ تورکیا‌و وڵاتانی که‌نداو و ڕکخراوه تیرۆریستییه‌کاندا نیگه‌رانن ، وه‌لی پارتی به لوت بهرزیو غه‌را بوونیان و بێ ده‌سه‌ڵاتی ، چاو لێ پۆشین یان هاندان و هه‌ماهه‌نگی لایه‌نانێکی تر ، له پایته‌ختی هه‌رێم و به به‌ر چاوی نوێنه‌رانی وڵاتانی دونیاوه به له ژێر پێ نانی یاسا و ئه‌تکردنی حکومه‌ت و په‌ڕله‌مان ، به ده‌ستی خۆیان گۆڕیان بۆ پێگه‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان هه‌ڵکه‌ند . ئه‌مانه له پاڵ ئاشکرابوونی گه‌نده‌ڵی به‌رپرسان و هه‌ڵکشانی به‌رده‌وامی ژماره‌ی ده‌نگه ناڕازیه‌کانی هاوڵاتیانی هه‌رێم ، بێ ئه‌وه‌ی د‌رك به خۆیان بکه‌ن ، سه‌لماندیان که ناتوانن ئه‌و مۆدێله دیموکراسیه نمونه‌ییه خوازراوه بن ، که پلانی هاوپه‌یمانان بۆ داهاتوی ناوچه‌که به‌ره‌و پێکانی ئامانجه‌کانیان ده‌بات . بۆیه بیرکردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانان له گۆڕین و هێنانه پێشه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌کی نوێ و گه‌یاندنیان به کورسی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی ده‌کاته ئه‌گه‌رێکی چاوه‌ڕوان کراو !
ئه‌مانه‌ش دوایین ده‌رفه‌تی زێڕینی ژیانیان به‌خشیه کاك نه‌وشیروان بۆ زیاتر نزیك بوونه‌وه له گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی . ده‌رفه‌تێك که پێوستی به خه‌ڵوه‌تێكی دوو ر دێژ ده‌کرد بۆ به ئارامی و هێمنی بیرکردنه‌وه و پلان دانان . خه‌ڵوه‌تێك که به ڕێزیان یه‌که‌م جاره وه‌ك که‌سی یه‌که‌می پارتێك بچنه ناوییه‌وه . بۆیه له جێی خۆیدایه به په‌رۆشبن و مهبهستیانبێت ئه‌م خهڵوهتهیان به‌هێزترین و کاریگه‌رترین ده‌سکه‌وت و ده‌رهاویشته‌ی هه‌بێت له ره‌نگینتر و پرشنگدارترکردنی مێژووی خۆیان و گه‌له‌که‌یاندا .
ڕه‌نگه هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه بێت لایه‌نه نه‌یار و ڕکابه‌ره‌کانی له هه‌رێم ترسیان لێ نیشتبێت و ئیراده‌ی بڕیاردانێکی گرنگی کاریگه‌ریان له‌ده‌ستدا نه مابێت ! ناحه‌قیشیان ناگیرێت ، چونکه ئه‌وان له ئێمه‌مانان باشتر ده‌یان ناسن و ئه‌زمونیان له گه‌ڵیان زیاتره و دڵنیان له‌وه‌ی که هه‌روا به هه‌وانته ناگه‌ڕینه‌وه !
به پێچه‌وانه‌ی گه‌لێك له هاوڕێ و هاوخه‌باتانی شاخیان، کاك نه‌وشیروان له شاریش ڕووی له گه‌له‌که‌ی وهرنهگێڕاو دوای ( زینة الحیاة الدونیا ) نه‌که‌وت و گۆڕه‌پانی خه‌باتی بۆ به‌دیهێنانی که‌رامه‌ت و ماف و خواسته‌کانیان چۆڵ نه‌کرد !
بۆ سه‌رکرده و بیرمه‌ندێکی وه‌ك کاك نه‌وشیروان ئاشکرایه ماهیه‌تی خه‌باتی شار و شاخ نایه‌نه‌وه یه‌ك . له ناو شاریش لێخوڕینی براده‌ران به هه‌مان گێڕ وعه‌قڵیه‌تی شاخ و هه‌ڵپه‌و ڕاکهڕاکهیان به دوای پۆست و سامانی نا شه‌رعیدا ، هه‌ر زوو هانی به‌ڕێزیان و هاوبیرانیانی دان بۆ جیابوونه‌وه و خۆ ڕێكخستنه‌وه له ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیرانه‌ی شاری و سه‌رده‌میانه‌ی سه‌ربه‌خۆدا و کارکردن له‌پێناو به ئاگاهێنان و هۆشیارکردن و ئاماده‌کردنی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی بۆ درێژه‌دان به خه‌بات له فۆڕمێکی نوێی شارستانیانه‌ی دوور له توندوتیژی و خوێن ڕشتن .
ئه‌م مهلهکردنهش به پێچه‌وانه‌ی ته‌وژمی لافاوی ڕوباره لێڵهکهوه به هیچ شێوه‌یه‌ك کارێکی ئاسان نه بوو ! ئه‌وه بوو هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ڕکابه‌ر و نه‌یارانیان له هه‌موو بواره‌کاندا ئه‌وه‌ی پێیان کرا بۆیان لواوا دژ به خۆیان و هاوڕێ و هاوڕێبازه‌کانیان درێغیان نه‌کرد و کۆڵیشیان نه‌داوه . وه‌لی به کارامه‌ی و سه‌نگینی و ئیراده و پشودرێژی به‌ڕێزیان و هاوڕیبازیان و متمانه‌و هاوکاری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی هۆشیاری گه‌له‌که‌مان لهسهرکهوتنێکهوه بۆ سه‌رکه‌وتنێکی مه‌زنتر ڕێگه‌ی پڕ دڕکیان ده‌بڕی و به‌رده‌وامیشن . له‌گه‌ڵ هه‌ر ههنگاوێکی سهرکهوتوانهیاندا په‌تی سه‌بری نه‌یارانیان قرچۆكتر و باریكتر ده‌بووه‌وه ، تا گه‌شته ئاستی پچڕاندن . په‌لامار و لێدانی په‌ڕله‌مانتار و شاربه‌ده‌رکردنی وه‌زیر و په‌ڕله‌مانتار و سه‌رۆکه ههڵبژێردراوهکهیان ئه‌و به‌رکاره نا بهپرسیارانهیان بوو ، که ئاماژه‌ی سه‌رلێشێواوی و ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و کاردانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌شه‌و پچڕانی په‌تی سه‌بریان بوون .
له‌م خهڵوهتهیاندا ، له پاڵ کاره که‌سی تایبهتیهکانیاندا بۆی ده‌چم کاك نه‌وشیروان :
1 – باکوره‌ی ده‌ره‌نجامی ڕه‌نجی ساڵانی 2006 تا ئه‌مڕۆیان به شێنه‌یی هه‌ڵسه‌نگێنن. شیکاری بۆ خاڵه لاواز به هێزه‌کانی ڕێکخراوه‌که‌یان بکه‌ن . هۆکاری ئه‌و گرفت و ته‌گه‌رانه ده‌سنیشان بکه‌ن که بون وه ده‌بنه مایه‌ی هه‌ڵتۆقینی لاوازیه‌کان . وه‌ك چاودێرێکی کارامه و به ئه‌زمون له دووره‌وه و به‌ئارامی پێشنیاره‌کانی به‌ڕێزیان بۆ چاره‌سه‌رکردنیان گه‌ڵاڵه و ئاماده‌که‌ن بۆ خستنه سه‌ر مێزی تاوتوێ و گفتوگۆ له‌سه‌رکردن له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی پارته‌که‌یان بۆ گه‌یشتن به بڕیاری گونجاوی کاریگه‌ری دهسهجهمعییانه ده‌رباره‌یان .
2 – له شوێنی خهڵوهتهکهیانهوه ناوه‌نده جیهانیهکان له ڕوداو و پێشهاته نه‌خوازراو ناته‌ندروست و لادان له بنه‌ما دیموکراسیه‌کان و و ناڕه‌زاییه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ئاگادار بکه‌نه‌وه و قه‌ناعه‌تی گۆڕانی سیاسه‌ته‌کانیان ده‌رباره‌ی هه‌رێم و حیزبه‌کانیان پێ بگۆڕن .
3 – دروست کردنی ده‌رفه‌تی گونجاو ، وه بانگهێشت کردنی هه‌ندێك له هاوڕێ و فێرخوازانیان بۆ تێکه‌ڵبوون و ده‌رخستن و ناساندنیان به ناوه‌نده سیاسی و دبلوماسیه ناودار و کاریگه‌ره جیهانیهکان .
4 – دڵنیا بوونه‌وه له‌وه‌ی که هه‌ڤاڵان و فێرخوازنی گه‌یشتونه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی له غیابی خۆیاندا پارته‌که‌یان دروست و کارامه و ژیرانه و سه‌رکه‌وتووانه به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و کاتی ئه‌وه هاتووه بێ دڵه‌ڕاوکێ ئاڵاکه‌یان راده‌ست بکه‌ن و ته‌لیسمی سه‌رۆکی تا ناو قه‌بر بشکێنن و به ئاسوده‌ییه‌وه بچنه دواخهڵوهتی ژیانیانه‌وه .
له‌و بڕوایه دام کاك نه‌وشیروان تا ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه به‌جێنه‌گه‌یه‌نن ئه‌سته‌مه بتوانن کۆڕی خه‌بات چۆڵ بکه‌ن ! بۆیه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی لێره‌و له‌وێ بڵاوده‌کرێنه‌وه ، ئه‌م جاره‌ش دره‌نگ یان زوو ده‌گه‌ڕێنه‌وه کوردستان . گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك تاسێنه‌ری نه‌یاران و دڵ ڕفێنی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ده‌بێت ، وه له ساته‌وه‌ختێکدا ده‌بێت زۆرێك له ڕکابه‌رانی پێش هه‌وادارانی ته‌مه‌نای گه‌ڕانه‌وه‌یان بکه‌ن و له پێشوازیاندا ڕیز ببه‌ستن !
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت
- بابەتەکانی تری میران محەمەد
-
میران محەمەد: 138 پاڵاوگەی نایاسایی نەوت تەنها لە یەك پارێزگا!؟
- -
میران محەمەد: تکایە مەبنەوە مقاشی دەستی دوژمن؟
- -
میران محەمەد: جەنگی کۆرۆنا.
- All Posts