ئیبراهیم عەباس: مەترسییە جدییەکان لێرەوە دەستپێدەکەن!

هێرشکردنە سەر سێ چێشتخانەی هەولێر، تەقاندنی سەدان فیشەک بە کەل و پەلی سەروپێخانەو دیواری چێشتخانەکان، مەترسییەکی جدیە بۆ ئاسایش و سەلامەتی خەڵکی سادەو تەنانەت دامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش.
ئاسانترین وتەو لێدوان لەم پرسەدا ئەوانەن کە هەریەکێکمان ئەیانڵێنەوەو بەیەقینەوە دەڵێن جگەلە میلیشیاو پیاوانی دەسەڵات کەسی تر جورئەتی ئەم کارانە ناکات. راستی ئەم وتە هەقیقەتانە هیچ لەو مەترسییە کەم ناکاتەوە، کە بەقەدەر هاوڵاتیان ژیانی پیاوانی ئاسایش و پۆلیس دەکەوێتە مەترسی. هەر چەکدارو میلیشیا و دەسەڵاتدارێکی حزبی ئەمڕۆ بتوانێت بەم شێوەیە تەقە لە چێشخانەکانی خەڵکی سادە بکات، سبەی رۆژ دەتوانێت هەمان کرداریش بەرامبەر دامودەزگاکانی حکومەت بکات، لە دۆخی لەم شێوەشدا بەقەدەر هاوڵاتیان دەسەڵات و حکومەت زەرەرمەند دەبن.
باوەڕ ناکرێت هیچ بەرپرسێک هەرچەند دەستڕۆیشتووشبێت فەرمان بەچەکدارەکانی بکات، لەسەر نەمانی پاچەو سەروپێ سێ چێشخانە بداتە بەر ڕێژنەی گولـلە. کەواتە ئەم کردەوانە لە غروریدا روودەدەن، غروریەک کە لە بێ ئەهمیەتکردن و بێ بایەخکردنی یاسا دروست بووە.
رووداوەکەی شەوی رابردووی شاری هەولێر زۆر جیاوازە لەو رووداوەی پایزی ئەمساڵ کە لە سلێمانی روویدا، چونکە ئەمیان کێشەکە پەیوەست بوو بە موڵکداری، بەڵام ئەوەی هەولێر بەغرورەوە کەسانێک کردوویانە کە ئەشێت رۆژێک غرور بیانگرێت و پەلاماری گەورەترین کەسی وڵاتیش بدەن.
لەسەرانسەری کوردستان و لەناو دامودەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس کەسانێکی زۆر دڵسۆز هەن هەموو خەیاڵیان دابینکردنی ئەمن و سەلامەتیە، هەر ئەو دڵسۆزیەش تائەم ساتەوەختە زەمانەتی ئاسایش و سەلامەتی بوارە گشتیەکەیە، گەرنا هەموو ساتێک چ لە حزب و چ لە ناوخودی حکومەتیش کەسانێک هەر هەن، جگەلە ئەجندا کەسییەکانیان باکیان بە بواری گشتی و بەرژەوندی گشتی نیە.
ئەشێت لێپرسینەوە لە رووداوی لەم شێوەیە بەجۆرێک بێت، خەڵکی سادەو کاسبی بازاڕ متمانەی ئەوەی بۆ بگەڕێتەوە کە کەس ناتوانێت مەترسی بخاتە سەر ژیانیان، بەپێچەوانەوە، ئەمن و ئاسایشیش بێ بایەخ دەکرێت، کە تاکە بوارە تا گرێنزێکی زۆر ژیان و کەرامەت و سامانی خەڵکی تێدا پارێزراوە.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies