بەیان ئیبراهیم: داخی نەسرین لە ژێر سێبەری سمێڵدا.

نەسرین گوێم بۆ بگرە
داخێکت لە کۆڵوانە بۆ دەدورم سەرپۆشێکت لە میهربانی بۆ دێنم
لە ڕۆژی بوکێنیدا سەرچۆپی پێ بگرە
نەسرین گوێم بۆ بگرە
کراسێک لە خەیاڵی هەور
کوڵوانەیەک لە خوێن
فەقیانەیەک لە جوانی بکەینە ڕێگا
لە پەنای خەنجەری سمێڵێکی نوستودا
کراسی خوێناوی عوسمانیەکان ببینین
نەسرین تۆ دەزانی
هەمو شت دەشکێ
شکانی ئاو لە خەیاڵی کۆنکرێتدا
شکانی ئاوێنە لەبەردەم حکومی ئاسندا
شکانی لاسکی گوڵێ
لەبەردەم ڕەشەبای ڕقێکدا
نەسرین بۆت دەخوێنم
ئایەتێکت بۆ دەخوێنم
بە خەتی سەرپۆشی ژنێتیم نوسرا بێ
ئینجلێکت بۆ دەخوێنم
بە ڕێنوسی هەوری و لەسەر ڕیتمی گوارە بێ
تەوراتێکت بۆ دەخوێنم
لەسەر لاپەڕەی کۆڵوانەیەک نەخشێنرا بێ
نەسرین وەرە پێکەوە
ژن بونمان ببەینە بەردەم
دادگایەک لە ڕیش
لاشەی مردوی میهرەبانیمان
هەڵبواسین بە لولەی تفەنگەکاندا
وەرە تاقانە خوشکەکەم نەسرین
بێکەس بەرینە بەردەم سەرا و بڵێین
بست و حەوت ساڵە شەرم دەمانکوژێ
بیست و حەوت ساڵە ئێمە ڕەنجبەرین
بە نان و ئاو و دوگیانی خۆمانەوە
بڵێین
میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق چۆن ئستقلال ئەگا
واسیەتی بەرزی و تەرەققی هیممەتی ژنانەیە
نەسرین وەرە پێکەوە
ئاوابونی هاوڕێکانمان
بە تابلۆی ئاوابونی ڕۆژێکی نوێدا هەڵبواسین
بە دیار ئایەتەکانەوە
نوێژ بۆ ڕەنگەکان بکەین
دوا پرسە لەسەر لاشەی فڵچەیەک بگێڕین
ئەو کاتانەی تابلۆیەک لە ژن
لە حاویەی شارێکدا دەمرێ
من و نەسرینی خوشکم
گەردانەی کچێتیمان
لە توڕە بونی دایکمانا دەشارینەوە
لەگەڵ زاواکانماندا دوا تۆبە دەکەین
لای براکانمان … من و نەسرین پێکەوە
قەفەزێک بۆ ئازادی ژنێتیمان دروست دەکەین
دەچینەوە لای دایکمان
پێکەوە لەسەر بەرماڵەکەی
دوا شایەتومان دەهێنین
ئێمەی ژن چی لەم هەمو دیوارە بکەین
دیوارێک لە کلتور
دیوارێک لە سمێڵ
دیوارێک لە ڕیش
دیوارێک لە خەنجەر
نەسرین دەمێکە داخت لە دڵاندایە
با چی تر قبوڵ نەکەین
لاشەی شیعرە ژنێکمان
بە دوای گالیسکەی پیاوانا ڕابکێشرێ
با چی تر ڕازی نەبین
شەمەندەفەری ژنێتیمان
بەسەر سکەی خەنجەردا بڕوا
چی تر دەبێ تێبگەین
کچێتیمان لە دڵی باوکماندا ئاسکێک بوو
لە بەر باخەڵی پیاواندا
مەحکوم بوو بە نوکی چەقۆ
قبوڵی نەکەین
بوکە شوشەی سەر ستەیجەکان بین
ڕازی نەبین نرخی بونمان
بەهای ئازادیمان
دوا نمایشی لەش و لارمان بێ
نەسرین وەرە با بخوێنین
قەسیدەیەک لە لای لایە
بە دیار بێشکەی کوڕەکانمانەوە بنوسین
ڕێچکەی ڕوبارەکان بگۆڕین
باڵای ئۆقیانوسەکان بەرزتر بکەینەوە
مەریخ بێنە سەر شەقامەکانی شار
بە دیار تونێتی کانی کوێرە دێیەکەوە بگرین
بە باوکمان بڵێین بۆ ئەوەی نەمری
بۆنی بەرماڵەکەی دایکمان بکا
بە پیاوە باخەوانەکە بڵێین
پاوانەی پێی ژنان بکاتە ملی گوڵە تایبەتەکان
بە نەسرین دەڵێم
داخت لە دڵمە
کە ناتوانی گۆرانیەک دەستەمۆ بکەی
موزیک بۆ سەمای بەهار بژێنی
نوێژێکی ژنانە بکەی
پێی دەڵێم نەسرین گیان
سەرپۆشەکەت بکە بە
توێشویەک بۆ نێرگز
پێی دەڵێم شەرم مەکە
تۆ دەتوانی گوڵ لە باخچە مارە بکەی
نەسرین دەتوانی
سەرچۆپی بدەیتە دەست هەور
هەمو ئایەتەکانی سمێڵ بدڕێنی
شورای ڕێش ببڕیت
تا بگەیتە مێرگوزاری میهربانی خۆت
نەسرین .. من تۆ
دەتوانین دڵەکان وەک گۆزەی سەر شانمان
پڕ بکەین لە میهرەبانی
سەرپۆشەکانمان فڕێ نەدەین
بیکەینە دەوارێک بۆ جوانی
لە جێی هەر داخێک لە دڵاندا
نیشتمانێک بڕوێنین.

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies