ئامانج نەقشبەندی: تاوەکو (فٶاد مطر) باشتر بناسین و نەبینە پوستەچی بۆ ئەویش.

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس

ئەوەی لەم نوسینەدا ئاماژەی پێدەکەم کورتەی ووتاریکمە کە زیاد لە شەش ساڵ بەر لە ئێستا بە زمانی عەرەبی لە هەردوو پێگەی ئەلکترۆنی ووتاری کورد و کوردستان نێتدا بڵاوم کردەوە سەبارەت بە نووسەری لوبنانی (فٶاد مطر) کە لەم ماوەیەی پێشوودا کتێبێکی نووسیوە سەبارەت بە مەسەلەی کورد ، ناوی ناوە (الکوردی المخذول – کوردی دەستخەڕۆ کراو) کە بەو پێیەی لە هەشتاکانەوە ئەم نووسەرە دەناسم و خوێنەرێکی هەمیشەیی گۆڤاری (التضامن) بووم کە لە لندن بە پاڵپشت و فەندی عێڕاق دەردەچوو ، هەر خۆی خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەریشی بوو ، کتێبیش وەک دەڵێن بەناونیشانەکەیدا دەردەکەوێت.. بینینی ئەم کتێبە بەو ناونیشانە هیچ تووشی شۆک و سەرسوڕمانی نەکردم، ئەوکاتەش لە هەشتاکاندا ووتارەکانیم دەخوێندەوە تەنها یەک خاڵ سەرنجی ڕادەکێشام، ئەویش ئەو ڕق و کینە ناکۆتاپەنگ خواردوەی ناخی فٶاد مطر بوو بەرامبەر بە کورد و سەرکردەکانی…
پێویستە ئەوەش بزانین کە خودی فٶاد مطر نووسەری (السیرة الذاتیة- بیوگرافیا)ی صدام حسین بوو لە کتێبێکدا ناونرابوو (صدام حسین الرجل و القضیة و المستقبل) بە هەردوو زمانی عەرەبی و فەرەنسی.
(فٶاد مطر) ناسراو بوو بە پەیوەندیە بەهێزەکەی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری حکومەتی ئەوکاتی عێڕاق و تێچووی چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری (التضامن) یش لە لایەن حکومەتی بەعسەوە بۆ خەرج دەکرا، ئەم گۆڤارەش تاوەکو داگیرکردنی کوێت لەلایەن صدامەوە بەردەوام بوو، بەڵام دوای ئەو ڕووداوە و وەستانی یارمەتیی دارایی عێڕاق بۆ نووسەر تەنانەت یەک ژمارەی دیکەی دەرنەکرد و ساڵانێکی دوور و درێژ کەس هیچی لەبارەی نووسەرەوە نەبیست..
دەگەڕێمەوە سەر مەسەلەی ڕق و کینەی نووسەری ناوبراو بەرامبەر کورد ، تا ئەو ڕادەیەی نەک درۆ و بوهتانی دوور لە ڕاستی بۆ سەرکردە کوردەکان هەڵدەبەست بەڵکو بەهەوەس و هەوای خۆی کلتوور وپەندی پێشینانیشی دەشێواند تاوەکو وەک چەکێک دژی کورد بەکاری بهێنێتەوە و بەناشرینترین شێوە بیخاتە بەردەست خوێنەری عەرەب بە گشتی و عێراق بە تایبەتی، بۆ ئەم مەبەستەش گەلێک جار پەنای دەبرد بۆ سەرلێشێواندن و بە لاڕێدا بردن و تێکدانی ڕاستیەکان.
لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە پاش شەهیدکردنی سەرکردەی دیاری کورد د. (عبدالرحمن قاسملو) لە گۆڤاری ناوبراودا چەندین ووتار و لێکۆڵینەوە بڵاوکرانەوەکە بەوپەڕی توانا هەوڵ درابوو بۆ شێواندنی ڕاستیەکان – بێگومان بە بەرژەوەندی دوژمنانی کورد، بەشێوەیەک کە ڕووداوە تیرۆریستیەکە بکەنە پیلانێک لە نێوان کۆماری ئیسلامی و خودالێخۆشبوو (جلال تاڵەبانی) ناونیشانی ووتارەکەش بە مانشێتی گەورە نووسرابوو (الاكراد یقتلون بعضهم بعضاً) ، کە بەداخەوە نە خودی مام جلال و نە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نە ئەوکات و نە دواتریش هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد تەنانەت کلتوور و پەندی پێشینانی کوردیش لە دەستی فٶاد مطر دەرنەچوو بە سەلامەتی، دەستی و ناخی ڕەشی نووسەر ئەوەشی گرتەوە.. بۆ ئەوەی کورد بخاتە قەفەسی تۆمەتباریی و شەڕەنگێزی نووسەرە دڵسۆزەکەی ڕژێمی بەعس سەبارەت بەو پەندە کە دەڵێت (شەڕ لە بەتاڵی باشترە) بە مانشێتێکی گەورەو گران نووسیبووی (قصة شعب ٲوهموه بٲن الحرب احسن من البطالة)؟!.
هەرچەندە تا ئەم ساتە کتێبەکە لە بەردەستمدا نییە. بەڵام بەهۆی ناسین و شارەزاییم لە چۆنیەتی بیرکردنەوەی (فٶاد مطر) کۆنە قین و گرێ دەروونیەکانی تێنەپەڕاندووە دژ بە کورد، دڵنیام ئەکادیمیانەو بە پشت بەستن بە لۆژیک و شرۆڤەی بابەتیی و زانستیانە و بێ لایەنانە دەستی نەداوەتێ .
هەر بۆیە لە کۆتاییدا ئەوە دەڵێم تکایە با دوژمنەکانمان بناسین و نەبینە پۆستەچی بۆ قەڵەمفرۆشێکی ڕەگەزپەرستی بێ مۆڕال و نەیکەینە پاڵەوان و بە دۆستی بزانین .

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس