ئاودێر لوقمان: مێژووی شارەزوور.

شارەزوور دەشتێکی پان و بەرینی کوردستانەو کەوتۆتە باشووری کوردستانەوە و لە ئێستادا بەو زەویە دەگوترێت کە لەخواروی عەربەتەوە بۆنزیک هەڵەبجە درێژ بوەتەوە، وەکو جوگرافی ناسەکان وەسفی دەکەن دەشتێکی گەورەو فراوانەو دەکەوێتە خۆرهەڵاتی سلێمانیەوە، شێوەی بەگشتی درێژکۆلەیە، لەپێچاوپێچێکی چاڵ و چۆڵاوی پێک هاتوە، لەبەشی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتیدا دوو ڕووباری پێدا دەڕووات یەکێکیان بەناوی تانجەرۆو ئەوی تریان بەزەڵم ناسراوە.
لقەکانی ئەم ڕووبارە لەشاخەکانی کوردستانەوە سەرچاوەدەگرن و بەناودەشتەکەدا دەڕۆن تادەگەنە بەنداوی دەربەندیخان، ڕووبەری دەشتەکەبە 656 کم چوارگۆشەدانراوە، لەڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا نزیکەی 60 کم ، ژمارەیەک زنجیرە چیا چواردەوریان گرتوە کە بەرزیەکەیان لەنێوان 1200 ـ 1500 م لەهەموولاکانیەوە درێژ بوونەتەوە لەدوایدا تەسک دەبنەوە، لەبەشی خۆرهەڵاتەوە ڕیزە شاخەکانی هەورامان دواسنوریەتی کەبەرزیەکەی 3000 م، هەروەها بەرزی دەشتەکە بەتێکڕای نزیکەی 450 ـ 600 م لەئاستی ڕووی دەریاوە، کەشوهەوای ئەم ناوچەیە زستانی باراناویەو هاوینی گەرم و وشکە.
وەکوزانراوە بەدرێژای مێژوو شارەزوور لانکەی شارستانیەت بوەو هەر لەم ناوچەیەدا مرۆڤ فێری کشتوکاڵ کردن بوە، یەکەمجار مرۆڤ لێرەوە کشتوکاڵی کرد. لە گردی بێستانسور کە شوێنەواری یەکەمین گوندی کشتوکاڵی لەلایەن تیمێکی زانکۆی ڕیدینگی بەریتانیەوە دۆزرایەوە کە مێژوەکەی بۆ 9000 ـ 10.000 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوەو بەو دۆزینەوەیەش بێستانسور بوە یەکەم گوند کە کشتوکاڵی لێکرابێت کە بە 2000 هەزار ساڵ پێش چەرمۆ کشتوکاڵی لێکراوە.
هەروەها هۆزەکانی گۆتی و لۆلۆی لەنزیکەی 3000 ساڵ پ ز ، دەوڵەتێکی بەهێزیان لەناوچەکە درووست کردوەو کەناوچەیەکی زۆری گرتۆتەوەوکە مێژوونوسان ئەمانە بەباپیرەگەورەی گەلی کورد دادەنێن. بەڵگەش بۆ کۆنی ناوچەکە ئەو هەمووگردو تەپۆلکەو ناوچە شوێنەواریانەیە کەلەناوچەکەدا لەبەرچاو دەبینرێن و ژمارەیان نزیکەی 200 گردوتەپۆلکەیە. لەگرنگترین ئەو گردانەش:
گردی (یاسین تەپە، مالوان، قەڵابۆ، قلرخ، بەکراوا، گردی قازی،گردی گۆ، شاملو، بەکراوا، بەگم، سۆیلەمیش و… هتد ) لەبەر ئەوەی ئەم ناوچەیە ئاوی زۆربوەو خاکی بەپیت بوە هەرلەبەرئەمە شوێنی نیشتە جێبونی مرۆڤ بوە.
هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی هەبوە لەڕوی شوێنی جوگرافیەوە، چونکەکەوتبوە نێوان دووشارستانی گەورەوە کە شارستانیەتی میسۆپۆتامیاو ئێرانی کۆنەوە. دەشتی شارەزوور لەزوەوەلەلای ناوەندەکانی ئاسەوار ناسراوە، هۆکاری ئەوەش بۆبونی پاشماوەی زۆری گردو تەپۆلکەی مێژووی دەگەڕێتەوە. هەروەها دۆزینەوەی ئەو پارچە شوێنەواریانەدەری دەخەن کە ناوچەکە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە، بەڵگەش ئەو بەردە ئەسێ یانەیە کەلەگردەکانی ئەم ناوچەیە دۆزراونەتەوە، کەمێژوەکەی بۆچاخی بەردینی کۆن دەگەڕێتەوە، هەروەها دوو شارستانیەتی گرنگ لەم ناوچەیە دەرکەوتون کە یەکێکیان لەگردی بەگم دۆزراوەتەوە،کە بۆ هەزارەی شەشەمی پێش زاین دەگەڕێتەوە کەلەکۆمەڵێک کۆزەو گڵێنە دەردەکەون کەبەشێوەیەکی جیاواز درووست کراون وێنەی جوانیان بەچەند ڕەنگێک لەسەر کێشرابوون کە ناچنەوە سەر هیچ شارستانیەتێکی تر، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو ڕۆژگارەی تێیدا درووستکراون، ڕۆژگارێکی ئاوەدانی و دەوڵەمەندبووە، دانیشتوانەکەشی خاوەنی چەژی هونەری بەرز بوون،کەبەشارستانیەتی عەلەفی باکور یان شارستانیەتی شارەزوور ناسراوە. هەروەها لەکۆمەڵێک ناوچەی تردا لەشارەزوور لەم جۆرە سواڵەتە دەرکەوتوە وەک ناوچەی گرێزە کەبۆ ئەوسەردەمە دەگەڕێتەوە.
هەروەها شارستانیەتی دووەم بۆ ناوەڕاستی هەزارەی دووەمی پ ژ . دەگەڕێتەوە. کەبە شاملۆ ناسراوە واتە بەناوی گردی شاملۆ کەکەوتۆتە خوارووی پردەکۆنەکەی زەڵم، بەدووری چەند کیلۆمەترێک لێوەی. لێرەدا کۆمەڵێک پارچە دۆزراوەتەوە کەتائێستا وێنەیان نەلە میسۆپۆتامیاو نەلە وڵاتە دراوسێکاندا بەرچاو ناکەوێت مێژووی ڕۆژگارەکەش بۆ چاخی خوری میتانی دەگەڕێتەوە، ئەم دووشارستانیەتەش بەڵگەن بۆ ڕۆژگاری دێرینی شارەزوور.

سەبارەت بەناوی شارەزوور
ناوی شارەزوور لەزۆر سەرچاوەو لەزمانی هەندێک لەمێژوو نووسانەوە هاتوە:
1- لەکتێبی شەرەفنامەدا بەناوی (شهرەزول )هاتوە کەبووەبە (شەهرەزور )کەبەمانای شارێکی گەوورە دێت.
2- هەروەها یاقووتی حەمەوی کەلەبوولدانی وەرگرتوە لەسەدەی چوارەمی کۆچیدا ژیاوە، دەڵێت شارەزوور دەکەوێتە هەرێمی چوارەمەوە، شوێنێکی گەورەیەو پڕلە خانوە بەگوندو شار دەورەدراوە، لەنێوان ئەربیل و هەمەدان دایە، بۆچونەکەشی لەسەر ناوی (زوری کوڕی زوحاک )بیناد کردوە.
3- موهەلهەل دەڵێت: شارەزوور شارێکی گەورەو پڕ دێهاتەو لەئێستادا پێیدەگوترێت (نیم ئەزرای )واتە (نیوەی ڕێگا)هەروەها دەڵێت: ئەم شارە ئەستووری شوراکەی هەشت باڵەو دوپشکی کوشندەی تێدایە،کەلەدووپشی نسیبین خراپترە لێرەدا شاخێک هەیە بەناوی شەعران (هەورامان) شارەکەکەش لەنێوەڕاستی ڕێگاکەدا بووە، لەنێوان (مەدائینن) و پەرستگای ئاگری لە (شیز) لەئازەربایجان قوبادی کوڕی فەیرۆز درووستی کردوە، ئەم ڕایەش ڕەنگە لەسەر پاشماوەی قەڵای خورماڵ بنیاد نرابێ.
4- ڕایەکی تر هەیە دەڵێت: ناوی شارەزوور لە( شهر) بەمانی شاردێ( زوور )یش بەمانای نزم دێت ، واتە شاری نزم. ئەم ناولێنانەش لەگەڵ شێوەی نزمی دەشتی شارەزوور دەگونجێت
5- هەروها لەبەر ئەوەی سنووری شارەزوور فراوان بوەو چەندین شاروو گوندی ناوچەی گرتۆتەوە ئەم ڕایەش دەڵێت لە (شاری زۆرەوە )هاتوە.
6- ڕایەکی تریش دەڵێت: شارە زۆر، واتەشاری گران، چونکە خەڵکەکەی یاخی بوون و ملنەدانیان پێخۆشبوەو بەئاسانی داگیر نەکراوە لەلایەن داگیر کەرانەوە بۆیە پێی گوتراوە شاری (زۆر )قورس یا گران.
وەچەند بۆچونێکی تریش هەیە لەسەر ناوی شارەزوور . هەروەها سەبارەت بەشارەکەش واتە پایتەختەکەی چەند ڕایەک هەیە لەگرنگ ترینیان
1- کلۆدیۆس جێمس ڕیچ گەشتەکەی بۆشارەزوور لە 1820 دەسپێدەکات لەو ڕوەوە دەڵێت: گەڕان و پشکنینم بەشوێن شاری شارەزوردا هەر وەکو گەلێک لەکوردەکانیش هانیاندام بیر لەم کارەبکەمەوە. ئەمڕۆ میروتی لای وابێ شارەکۆنەکە دەکەوێتە لای (قزقلەحسی )( قەلایکچێ) نزیک بێستانسوری ناوچەی شارەزوور، کەئێستا پاشماوەیەکی زۆری کەلاوە ماوە لە ناوچەکەدا .
2- سپایزەر ئەفرایم ئەفیکدۆر خۆرهەڵات ناسی ئەمریکای لەگەشتێکی دا بۆ سلێمانی لەزستانی 1926 بۆ ئەوەی باسێک لەسەر لەشکر کێشی ئاشور ناسرپاڵی دووەم (883 _ 859) پ ز . بۆسەروڵاتی زاموا بنوسێت. بەڕای ئەو گردی (یاسین تەپە )شارەکۆنەکەیە.
3- هەروەهائەدمۆز دەڵێت: شاری شارەزووری کۆن شوێنەکەی یان خورمالی ئێستایە یان شوێنەواری یاسین تەپە.
4- هەتاوەکو ئێستا بەتەواوەتی یەکلای نەبۆتەوە کەئایا شارەکۆنەکەی شاری شارەزوور قەڵای خورماڵە یاخود گردی یاسین تەپەیە.
وەلێرەدا ئەوەی گرنگە باسبکرێت ئەوەیە ناوچە شوێنەواریەکانی ئەم ناچەیە بەتەواوی پشت کوێ خراوەو تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەوناوچە شوێنەواریانە بپارێزرێن وەبەشێک لە مێژووی ناوچەکە و کورد لەناو شوێنەوارەکانی ئەم ناوچەیە پارێزراون . پێویستە حکومەت هەڵسێت بە پاراستنی ناوچە شوێنەواریەکانی ئەم ناوچەو وە کنەو پشکنین بکرێت لە گررد و تەپۆلکەکانی ناوچەکەو وە ئەوپارچانەی کە دەدۆزرێنەوە پێوویستە لە مۆزەخانەیەکدا لە ناوچەکەدا نمایش بکرێت و مۆزەخانەیەک بۆ ناوچەکە درووست بکرێت کە تاوەکو ئێستا ئێمە لەم ناوچەیە خاوەنی مۆزەخانەیەکی حوکمی نین.