عوسمان عومەر: دیموکراتیه‌تی ئێمه‌و ئه‌وان!

ڕوداوێکی ئاسایی، به‌ڵام ڕێڕه‌وی ژیانی هەموو خه‌ڵکی به‌ڕیتانیای گۆڕی..
له‌ ته‌مموزی ساڵی 1969 ژنێکی به‌ڕیتانی له‌له‌نده‌نی پایته‌خت چوه‌ بازار بۆ کڕینی که‌ل و په‌ل و پێداویستی خۆراک,لەوێ واباوە لیستێک دەنوسن بۆ کاتى بازارکردن, بڕەپارەیەک هاوتاى ئەوەى دەیانەوێ بیکڕن هەڵدەگرن, کاتێ ویستی ماسی بکڕێ تێبینی کرد نرخه‌که‌ی ‌ بو زیاتر له‌ 30٪ بەرز بۆتەوە, ئه‌و پاره‌یه‌ی پێی بوو به‌شی نه‌ده‌کرد… توره‌ بوو، بڕیاری دا یه‌کسه‌ر بچێته‌ مجلس العموم واته‌ په‌رله‌مان که ‌له‌و شوێنه‌وه‌ نزیک بوو… ڕاسته‌وخۆ ڕوی کرده‌ ده‌رگای هۆڵی کوبونه‌وه‌,که‌ کۆبونه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌درا بۆ چاوپێکه‌وتنی ئەو ئه‌ندامەى ‌ئەو هه‌ڵی بژاردبوو, پاسه‌وانه‌کان زۆر هه‌وڵیان دا که‌ نه‌هێڵن، چونکه‌ کۆبونه‌وه‌یه‌. پێویسته‌ چاوه‌ڕوان بکه‌ی تا پشو وه‌رده‌گرن، به‌ڵام هه‌ر موکڕ بوو له‌سه‌ر چونه‌ ژووره‌وه‌و دیتنى, به‌ده‌نگی به‌رز و بانگەبانگ کردن تا سه‌رنجی سه‌رۆکی مجلس العمومى ڕاکێشا، سه‌رۆک له‌جێی خۆی هه‌ستا و ڕووی کرده‌ لای ژنه‌که‌و به‌ویقارو ڕێزو به‌هێمنی لێی پرسی که‌چی گه‌ره‌که،‌ له ‌وه‌ڵامدا گوتی سکاڵایه‌کم هه‌یه‌, ده‌مه‌وێ بیگه‌یه‌نمه‌ ئه‌و نوێنه‌ره‌ی هه‌ڵم بژاردوه‌… قۆڵی له‌قۆڵی کرد و بردیه‌ لای شوێنی قسه‌کردنی نوێنه‌ران و میکرۆفۆنه‌که‌ی دایه‌ ده‌ست و گوتی فه‌رموو: هه‌مومان گوێگری به‌ڕێزتین…. ژنەکە‌ میکرفۆنه‌که‌ی گرته‌ ده‌ست و گوتی:
زۆر شوره‌ییه‌ که‌پێمان ده‌گوترێ خه‌ڵکی به‌ڕیتانیای مه‌زن وله‌دورگه‌یه‌کدا ده‌ژین و چوارده‌ورمان ده‌ریایه‌و گه‌شتی گه‌لێکمان هه‌یه‌ بۆماسی گرتن له‌ ده‌ریا و زه‌ریاکان که‌چی ناتوانین ژه‌مه‌ ماسیه‌ک بخۆین به‌هۆی گران بونی نرخه‌که‌یه‌وه‌، ئێمه‌ ئێوه‌مان بۆ ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردوه‌ که‌پشتیوان و پاڵپشتمان بن و بمان پارێزن له‌بازرگانه‌ چاوچنۆکه‌کان ڕووی له‌و ئه‌ندامه‌ش کرد که‌ هه‌ڵی بژاردوه‌ و پێی گوت: من تۆم هه‌ڵنه‌بژاردوه‌ تا پاڵپشتی له‌و بازرگانه‌ گه‌مژه‌و چاوچنۆکانه‌ بکه‌یت و به‌توڕه‌یی مایکڕۆفۆنه‌که‌ی فرێ داو ڕۆیشته‌ ده‌ره‌وه‌ …
ده‌زانن دوای ئه‌وه‌ چی گوزه‌را؟
یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌که‌ ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ بوو که‌ ووته‌کانی ئاراسته‌کرا پێش ئه‌وه‌ی ژنه‌ بگاته‌ ده‌رگای ده‌ره‌وه‌… دواتر یاسایه‌ک دارێژرا له‌ مجلس العموم هه‌رکه‌سێ نرخی ماسی له‌ئاست که‌م ده‌رامه‌تترین چینی به‌ڕیتانیا به‌رز کاته‌وه‌ سزای توند بده‌درێ …
له‌و ڕۆژه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ ژه‌می ماسی و په‌تاته‌ هه‌رزانترین ژه‌مه‌ له‌ زۆربه‌ی کافتریاو ڕیستۆڕانته‌کان له‌به‌ڕیتانیا… لای خۆمان نرخی له‌فه‌یه‌کی فه‌لافله‌… تا ئێستاش هیچ ڕێژه‌یه‌ک به‌رز نه‌بۆته‌وه‌ که‌له‌ئاستی بژێوی ژیانی خه‌ڵک زیاتر بێ بۆیە(Fish&Chips) به‌ژه‌می نه‌دارو که‌م ده‌رامه‌ته‌کان داده‌نرێ و له‌زۆربه‌ی شه‌قام و کوچه‌و کۆڵانه‌کان و ڕیستورا‌نته‌کانی شارو شاره‌ دێیه‌کانی به‌ریتانیا به‌ربڵاوه‌ …
ئه‌وه‌یه‌ گه‌لی زیندوو هۆشیار که‌ ده‌یانه‌وێ به‌سه‌ر به‌رزی بژین… هیهات من الذلة…
لای خۆشمان په‌رله‌مانتار خانه‌نشیی خۆلی پێشتر بووه‌ 48 ملیۆنی وه‌رگرتوه‌ و ئه‌مجاره‌ش په‌رله‌مانتاره‌و موچه‌ی په‌رله‌مانتاری وه‌رده‌گرێ که‌چی ئه‌و پاره‌یه‌ی نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه‌… لای خۆمان دزی و گه‌نده‌ڵی له‌قوتی خه‌ڵک ده‌کرێ ئه‌ویش خه‌ریکی ووشه‌ سازییه‌.
له‌وولاتی خۆمان سه‌رۆکی په‌رله‌مان و سه‌رۆک وه‌زیران و جێگری هه‌ردوکیان ده‌بێ ڕه‌تله‌ سه‌یاره‌یان به‌دواوه‌ بێ… که‌چی له‌وێ به‌پایسکل ده‌چێ بۆمارکێت یا گه‌ر به‌ئۆتۆموبیل بوو په‌نجه‌ره‌ ده‌کاته‌وه‌و بای بایی و چاک و چۆنی له‌خه‌ڵک ده‌کا…
له‌وێ که‌بانگه‌شه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌کرێ ڕاستگۆن له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌رانیان و بۆ پاره‌و پڕۆژه‌و سه‌فه‌ریات و ڤیلا وپاره‌ی خانه‌نشيني نابن به‌ئه‌ندامی مجلس العموم له‌په‌رله‌مانی لای خۆمان بۆ ئه‌وانه‌و ئێنجا خه‌ریکی فێڵ و تەڵەکەوشتي ترن….. له‌وێ هه‌موکه‌س ده‌توانێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆکی مجلس العموم بئاخڤی… بەلام لاى خۆمان گه‌ر له‌ئۆتۆمبیلی سه‌رۆک وه‌زیران يا ج. سه‌رۆک وه‌زیران و ج. سه‌رۆکی په‌رله‌مان ته‌نانه‌ت هەندێ بەرپرسیش نزیک ببیه‌وه‌ له‌ڕه‌تله‌که‌ی یا ده‌یشکێننه‌وه‌ سه‌رت و وه‌رت ده‌گێڕن یا له‌په‌نجه‌ره‌کانه‌وه‌ لوله‌ی چه‌کت نیشان ده‌درى گه‌ر هه‌ر به‌رده‌وام بی ڕه‌نگبێ چه‌ند فیشه‌کت لێبدرى یا گه‌ر پیاده‌ بوو بته‌وێ لێی نزیک ببیه‌وه‌ ئاخۆ چه‌ند پاڵ و چه‌ند قۆناغه‌ کلاشینکۆف یا ئێم سکستینت به‌رده‌که‌وێ… خۆ گه‌ر بته‌وێ بچیه‌ ناو په‌رله‌مان پێشمه‌رگه‌ جل خه‌ت خه‌ت و بڕنه‌و به‌ده‌سته‌کان یا پاسه‌وانه‌کان به‌پرسیارو به‌پاڵ و قسه‌ی نه‌شیاو یا فڕێدت ده‌ده‌نه‌ پشتی مێک زه‌مینی و بۆ ئاسایش بۆ لێکۆلینه‌وه‌ ئینجا زیندان… چ جای ڕێگه‌ پێدان بۆ قسه‌کردن و چونه‌ ژووره‌وه‌…
پاره‌ی نه‌وت و داهات حی علی الصلا و به‌ڕۆژی ڕوناک ده‌دزرێ که‌چی به‌رمیله‌ نه‌وتێ به‌هاوڵاتیان نادرێ ئینجا 21٪ له موچه‌ی فه‌رمانبه‌ر ده‌بڕدرێ و که‌س وورته‌ی لێوه‌ نایه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیمه‌ كه‌ بێته‌ په‌رله‌مان ده‌بێ پێی بگوترێ بانگێشت و میوانداری ئینجا له‌وێ که‌قسه‌ى زل زلت بۆ ڕێکده‌خاو خه‌ڵکی پێ چه‌واشه‌ده‌کا… باسبه‌ی که‌سێ بیه‌وێ خۆی بکا به‌هۆڵی په‌رله‌مان دا ئایا وه‌ک ئه‌و ژنه‌ ڕێگه‌ی پێده‌درێ قسه‌ی خۆی بکا؟ ڕوو بکاته‌ په‌رله‌مانتارێ پێیان بڵێ به‌نزین نرخی به‌رزبۆته‌وه‌ 25 دیناری تری چۆته‌ سه‌رێ؟ یه‌خه‌ی کێ بگرێ که‌ حکومه‌ت و بازرگان پشتی یه‌کبن چ په‌رله‌مانتارێ یا وه‌زیرێ ده‌ست له‌کار ده‌کێشێته‌وه‌ به‌هۆی سه‌خت کردنی باروگوزه‌رانی خه‌ڵک سه‌ره‌ڕای سه‌ختیه‌کانی تر…
گه‌ر شتێ له‌سه‌ر دزی و گه‌نده‌ڵی بنوسی وه‌ک ئه‌وانه‌ی بادینان تۆمه‌تی تێکدانی ئاسایش و سیخوریت بۆ هه‌ڵده‌به‌سترێ وله‌کونجی زیندان ده‌په‌سترێى و شه‌ش ساڵ حوکم ده‌درێى …

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies