کـوڕێـکـی ژیـر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی: محەمەد بەرزی
منداڵە زیرەکەکان: سەرلەئێوارەیەکی درەنگ، باوکێک پاش تەواوبوونی لە کارەکەی، بە شەکەتی و ماندووبوونێکی زۆرەوە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە. کوڕەکەی بە ڕوویەکی خۆشەوە چوو بۆ لای و بە گەرمی بەخێرهاتنەوەی لێکرد . پاش تۆزێک زۆر لەسەرخۆ وتی: تکایە بابە گیان دەتوانم پرسیارێکت لیێ بکەم؟. باوکەکەشی لە وەڵامدا وتی: بە دڵنیاییەوە، فەرموو چ پرسیارێکت هەیە بیکە؟. ئنجا کوڕەکەی وتی: باوکە گیان: کاتێک ڕۆژانە کاردەکەیت، تکایە سەعاتی چەند پارە پەیدا دەکەیت؟. باوکەکەی ئەو پرسیارەی بە لاوە ناخۆشبوو، بۆیە بە ڕوویەکی گرژەوە وتی: ئەوە ئیشی تۆ نییە ئەو جۆرە پرسیارانە بکەیت، باشە ئەو پرسیارە بۆ دەکەیت؟. کوڕەکەشی وتی: تەنها حەزدەکەم ئەوە بزانم ، تکایە پێم بڵێ سەعاتی چەند پارە پەیدا دەکەیت؟. لە وەڵامدا باوکی وتی: سەعاتی دوو هەزار دینار.
کوڕەکەی سەری داخست و وتی: ئۆف زۆر بە داخەوە، دەی باشە بابە گیان دەکرێت ( 500 ) دینارم بە قەرز بدەیتێ؟. باوکیشی بە بیستنی ئەو داوایە، هۆش لە کەلـلەیدا نەما و بە توڕەییەوە وتی: جا ئەگەر پرسیاری سەعاتی چەند پەیدا دەکەی، تەنها بۆ ئەوەبوو، تا داوای قەرزم لیێ بکەیت و بچیت یاری و شتی پڕوپوچ و بێ کەڵکی پیێ بکڕیت، بە ڕاستی زۆر شەرم و شورەییە بۆ تۆ، دەی فەرموو لە بەرچاوم مەمێنە و بچۆرەوە بۆ ناو ژوورەکەت و لە جێگاکەتدا بۆ خۆت بنوو. بە ڕاستی نەمدەزانی ئەوەندە منداڵێکی چاوچنۆک و نەفامی، من هەموو ڕۆژێک لە بەرەبەیانی زووە وە دەچم کار دەکەم و ماندوو دەبم، کەچی تۆش دێت و بەم حاڵەوە داوای قەرزم لێدەکەیت، بە ڕاستی حەزم لەمجۆرە هەڵسوکەوتە منداڵانەی تۆ نییە.
کوڕە پچکۆلەکە بە بێ دەنگی چووەوە بۆ ژوورەکەی خۆی و دەرگاکەی لەسەر خۆی داخست. لەملاشەوە باوکەکەی دانیشت و بەو پەڕی بێزارییەوە بیری لە داوای کوڕەکەی دەکردەوە و لەبەرخۆیەوە زوو زوو دەیوت: باشە ئەم کۆڕە هەر بۆ ئەوەی داوای قەرزم لێبکات، چۆن دەوێرێت ئەم جۆرە پرسیارە نابەجێی یەم لێبکات؟.
پاش ماوەیەک باوکەکەی هاتەوە سەرخۆی و هێور بۆوە و کەوتە بیرکردنەوە، لە دڵی خۆیدا وتی: لەوانەیە منداڵەکەم بە ڕاستی پێویستی بە ( 500 ) دینار بێت و پێویستییەکی خۆی پیێ بکڕێت، هیچ کاتیکیش نەمدیوە ئەم کوڕەم داوای پارەم لێبکات!. ئنجا هەستا و چوو بۆ ژووری کوڕەکەی و بە ئەسپایی دەرگاکەی کردەوە و بە دەم و لەبزێکی شیرینەوە پرسیاری لێکرد و وتی: ئەوە هەتا ئێستاش نە نووستوویت؟. کوڕەکەشی لە وەڵامدا بە نەرمی وتی: نەخێر بابە گیان. پاشان باوکەکەی وتی: داوای لێبوردنت لێدەکەم ، کە بەو جۆرە وەڵامم دایتەوە، خۆت دەزانی ڕۆژانە کاردەکەم و هەموو لەش و مێشکم شەکەتو ماندوون، هەر بۆیە نەمتوانی بە ئارامی لە گەڵتا قسە بکەم، فەرموو ئەوەش ( 500 ) دینارەکەی داواتکرد .
کوڕە پچکۆلەکە بەو پەڕی خۆشییەوە هەستایە سەر پیێ و پارەکەی لە باوکی وەرگرت و بە دەنگێکی بەرز و ڕوویەکی خۆشەوە سوپاسی باوکی کرد و خێرا چوو دەستیکرد بە ژێر سەرینەکەیدا و هەندێک پارەی تری دەرهێنا. کاتێک باوکی ئەو پارانەی بینی و زانی پارەی تری هەیە، سەری سوڕما و سەرلەنوێ لە کوڕەکەی تووڕە بۆوە. بەڵام کوڕە پچکۆلەکەی بە بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات، هەموو پارەکانی کرد بە یەک و لە بەرچاوی باوکی کەوتە ژماردنییان، ئنجا بە بزەیەکی شیرینەوە تەماشایەکی باوکی کرد. بەڵام
باوکەکەی بەو پەڕی بێزارییەوە بە کوڕەکەی وت: باشە تۆ، کە پارەت هەیە ، ئەی ئیتر بۆچی داوای قەرز لە من دەکەیت؟!. کوڕەکەش لە وەڵامدا وتی: ئاخر ئەو کاتە پارەی تەواوم پیێ نەبوو، بەڵام ئێستا پارەی تەواوم پیێ یە. ئنجا کۆرەکەی بە ڕوویەکی زۆر خۆش و گەشەوە وتی: بابە گیان ئێستا دوو هەزار دیناری تەواوم پیێ یە، تکایە دەتوانم لە جیاتی یەک سەعاتی کارکردنی بەڕێزتان، بیی بەخشم بە تۆی ئازیز، تا سبەینێ سەعاتێک زووتر بگەڕییتەوە بۆ ماڵەوە، چونکە زۆر زۆر حەزدەکەم لەگەڵ تۆی خۆشەویستدا نانی ئێوارە بخۆم؟.
باوکەکەی بەو قسانەی حەپەسا و گورج باوەشێکی زۆر گەرموگوڕی بە کوڕەکەیدا کرد و سەری خستە ناو دەستێوە و هەتا توانی تێر تێر ماچیکرد و وتی: ئەی ئافەرین بۆ تۆ ، کە ئەوەندە کوڕێکی ژیریت و بە تەنگ باوکی خۆتەوەی.
تێبینی: ئەم چیرۆکەم بە دەستکارییەکی کەمەوە لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی. ناوەکەی ( گفتوگۆی باوک و کوڕێک ) بوو، بەڵام کردم بە ( کوڕێکی ژیر ).. چیرۆکەکەش ناوی نووسەری لەسەر نەبوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت