بارزان شێخ عوسمان: ئەودیوی فاکتەرەکانی توندوتیژیی دژی ژنان!

وام دانابو مانگانە وتارێک بنوسم، بەڵام ڕووداو و قەیرانەکانی جیھان و ناوچەکە و عێراق و کوردستانی لەمەڕ خۆمان، ھێندە زۆرن کە ھەمو سەعاتێک بابەتێک بنوسرێت ھەر تەواو نابێت. ئەمڕۆش ھەر پەیوەستە بە شانزدە رۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە نەتەوە یەکگرتوەکان لە 17ی دیسامبری 1999ەوە بەرەسمیی بڕیاری لەسەرداوە وەک رۆژێکی جیھانیی بۆ رێزگرتن لە مافەکانی ژن وەک مرۆڤ و رێگرتن لە توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان ھەر لە توندوتیژیی خێزان، دەستدرێژیی سێکسیی، لێدان تا دەگاتە بە سوک و کەم سەیر کردنی و جیاوازیی لە کرێی کارکردنیان.
بە کورتی مێژوی بیرۆکە و ھەوڵ و خەبات بۆ رێگرتن لەم توندوتیژییە، مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1960 لەکاتی تێرۆری وەحشیانەی چالاکوانانی سیاسیی (خوشکانی میرابال) بە فەرمانی ڕافاییل تروخیلۆ ی دیکتاتۆری دۆمۆنیکان تا چالاکوانانی ژنان لە ئامریکای لاتیین و دەریای کاریبی 25ی نۆڤامبریان دیاریکرد بۆ ئەم رۆژە.
لەو کاتەوە بۆ ماوەی شانزدە رۆژ ھەوڵەکان بە ھەمو شێوازێک چڕ دەکرێنەوە بۆ ھوشیار کردنەوەی خەڵک و دەسەڵات و ھێزە سیاسییەکان و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان تا سنورێک بۆ ئەم دیاردە و نەریتە دابنرێت و بننبڕ بکرێت. لە عێراق و کوردستانیش ھەمو ساڵێک ئەم رۆژە تایبەت دەکرێت، کۆڕ و سیمیناری و چالاکیی ھوشیار کردنەوەی دەسەڵات و کۆمەڵ و ناوەندەکانی بڕیار بە شێوازی جیا جیا رێک دەخرێن.
بە بڕوای من رێزگرتن لە مرۆڤ و مافەکانی لەو نێوەشدا رێز گرتن لە کچان و ژنانی کۆمەڵ پەیوەستە بە بیرکردنەوە و کەڵچەر و ئاستی وشیاریی رەفتاری ھەر مرۆڤێک خۆی بەرامبەر بە ژنەکەی،کچەکەی،خوشکەکەی،کچان و ژنانی ھاوکاری لە ئیش و کارەکانیدا، تەنانەت لەسەر شەقام گەڕەک و شوێنە گشتییەکانیشدا. جاری واھەیە کەسێک لە پێشکەوتوترین وڵات لەدایکبوەو و ژیاوە و بەرزترین خوێندنیشی تەواو کردوە، لە ناودارتری زانکۆش مامۆستایە، کەچی روانینی بەرامبەر بە ژن وەک نەخوێنەوار و نەزانێکی نێو جەنگەڵەکانی شارستانیی نەدیوە، کەسێکی تریش لە نێو گوندێکی دورە دەست و جادەیشی نەدیوە کەچی روانین و مامەڵەکردنی لە تەک ژناندا زۆر پێشکەوتنخوازانە و مرۆڤ دۆستانەیە.
بۆیە رێزگرتنی ژن، رێگرتن لە توندو تیژیی بە بەیاننامە و قسەی زل ی نوسین و سەر شاشەکان نیە، بەڵکو بە کردارو ھەڵسوکەوتی رۆژانە بەرجەستە دەکرێت. لای خۆمان بە بڕوای من ئەگەر رەھا نەبێت تەنیا سەرۆک مامجەلال راستی ئەکرد بۆ رێز گرتن لە مافەکانی ژن و پاراستنیان لە توندو تیژیی.
لە 25ی نۆڤامبردا بەیاننامە و لێدوانی لێپرسراوان تەنانەت پیاوانی ئاینی بە یەکتر دەڵێن بڕۆ بەولاوە کەچی رۆژ نیە توندوتیژییەکان بە ھەمو جۆرەکانییەوە دژی ژنان و کچان نەبینین و نەبنە روداوی رۆژ. ھەر لە کوشتنی شەرەف، دەستدرێژی، روتکردنەوەی سەرشاشەکان و باڵاپۆشکردنیان بۆ مەرامی جیاجیای بازرگانیی و سیاسیی و موزایەدەی ئاینیی، تا دەگاتە بەشودانیان لە خوار تەمەنی ھەژدە ساڵیی، خراپ مامەڵە کردنیان و لێدانیان.
ھەقە وەختێک لێپرسراوێکی حکومی یا سەرکردەیەکی سیاسیی قسە بکات لەسەر رێزگرتن لە مافەکانی ژن و ڕێگرتن لە توندو تیژیی بەرامبەر بە ژنان کەسەرتاپای قانونەکان لەبەرژەوەندیی ژناندا بن. زۆر سەیرە کاکی ئەفەندیی،کاکی مێزەر بەسەر و ریشدار لەم رۆژەدا قسە فڕێ دەدەن ،کەچی لە دادگاکان کچی خوار شانزدە ساڵ مارە دەکرێت. کەچی بەئاشکرا ئەو دەقانەی ئاینی ئیسلام پەیڕەو دەکرێن کە بێ ھیچ شەرم شاردنەوەیەک بانگەشە بۆ چوار ھاوسەریی دەکەن، مافەکانی لە میراتدا کەمترە لەھی پیاو، ئەوە زەقترینیانە و ناچمە ناو وردەکاریی و زوڵمە زۆرەکانی تری ئایین بەرامبەر بەژن. پێم مەڵێن ئەو ڕێگرتنەی توندوتیژیی بەرامبەر بەژن مەبەستی ھەموو جیھانە تەنیا ئێرە نییە!، بەڵێ وایە ھەر لە چرکەیەکدا سێ ژن دەستدێژییان دەکرێتە سەر لە جیھاندا، بەڵام وڵاتانی پێشکەوتو و شارستانیی قانونەکانیان ئەگەر سەرلەبەری لە بەرژەوەندیی ژنیشدا نەبێت بە تایبەت لە کرێی کارکردندا، ئەوا زۆربەی ھەرە زۆری بەقازانجی ژنانە. وەی لەحاڵی ئەوەی مافی سەرەتایی ژن پێشێل بکات. بۆیە تا قانونە مەدەنییەکان بەقازانجی ژنان و کچان نەبن، تا تەواوی دەقەکانی ئاینی ئیسلام دەرھەق بە ژن ھەڵنەپەسرێن و جیا نەکرێنەوە و پەک نەخرێن و دور نەخرێنەوە لە ژیانی مەدەنی کە، ئەوانە فاکتەری سەرەکیی ئەو دیوی توندوتیژییەکانن، ئەوا ھەر قسەکردنێک لەسەر رێگرتن لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، فارس وتەنی ئەرزشی نییە و بایی پولێکە. ئەوە قانونەکانن دەبنە زامنی رێگرتن لەو توندوتیژییانە، نەک بەیاننامە و ھەڵپەڕکێ و خەڵات دابەشکردن.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies