کەژال نوری: زانکۆکانی کوردستان پرۆژەیەک بۆ لەکارخستنی ئەقل.

کاتێک کە پرۆگرام و ناوەندی خوێندن لە کورستاندا لەلایەن ئیسلامی سیاسیی هاوردەوە لە بری ئەوەی عەقلی خویندکار پڕکات لە رەخنە لە کەڵتوری ئایینی و توانای عەقڵیی ئەنالیزەکردنی شتەکانی بەشێوەیەکی زانستی پێ فێربکات و گەشە پێبدات، کاتیک کە ناوەندی خوێندن دێت لەبری ئەمە خوێندنگاکان پڕ ئەکات لە مامۆستای سەلەفی و ئەویش لەبری زانست و فێرکردن، قۆناغی ئایدۆلۆژییی کردنی سیستمی خویندن دەست پێ ئەکات و تەنانەت ئەیپەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی ئەبستمۆلۆژیا ( خورافەی دیینی)، ئیدی ئالێرەدا قۆناغی پووچگەرایی و گەندەڵ بوونی عەقل دەست پێ ئەکات و، خوێندکار لە جیاتی ئەوەی فێری ئەوە بێ کە باران بارین سوڕی ئاوە لە شلییەوە بۆ هەڵم و لەهەڵمەوە بۆ شلیی و ئەمەش بە تەواوی دیاردەیەکی فیزیایی سروشتییە و پەیوەندی بەناوەندی گەرمیی و گۆرانی کەش و هەواوەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە میتافیزیکا و ئەودیوی عەقلەوە نیە، کاتێک کە زانکۆ دێت لە بری گەڕان بەدوایی دروستکردنی ئامێرەکانی باران بارینی دەستکرددا، خویندکار فێری نوێژە بارانە ئەکات و رۆژێک دەست نیشان ئەکات بۆ نویژە بارانە، ئیدی ئاساییە هەموو کۆمەلگە ببێ بە بکوژ و لەهەرکۆلانێکدا شێرزاد حەسەنیان بینی بیکوژن.
حاکم لە بکوژەکەی فەرەج فۆدەی رووناکبیری گەورەی عەرەبی پرسی: بۆ کوشتت؟ ئەویش وتی چونکە کافربوو؟ حاکم پیێ وت چۆن دەزانی کافربوو؟ ئەویش وتی چونکە کتێبێکی نوسیووە کەهەمووی کوفرە؟ حاکم پێی وت: تۆ خۆت کتێبەکەت خوێندۆتەوە؟ بکوژەکە وتی: نەخێر، من خوێندەواریم نیە، تەنیا هاوڕێیەکم بۆی باسکردووم.
ئا لەمەوە بۆمان دەردەکەوێ بکوژەکان هەمیشە ئەوانەن کە بە قۆناغێکی مەترسییداری گەندەڵیی فکرییدا تێپەڕینراون، ئا لەمەوە بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو کۆمەلگەیەی تاک تیایدا بکوژە، سیستمی خوێندن و پەروەردەو پەروەردەی کۆمەلایەتی تیایدا لەبری بەرهەم هێنانی بلیمەت، شێت بەرهەم دەهێنێت، شێت بەو مانایە کە مرۆڤێکە بە قۆناغی لەکارخستنی عەقلییدا براوە، شێت بەمانای پوچێتی هزر و بە دوالیزم کردنی عەقڵی شرۆڤەگەرا، شێت بە مانای پرۆژەی لەکارخستنی عەقلی زانستی و بەکارخستی ئارکیۆلۆژیای عەقلی سەلەفیزم لە پرۆسەی خوێندن و زانستدا ، شێت رێک بەو مانایەی کە شێرزاد حەسەن ئەڵێ: پرۆسەی خوێندن لە کوردستاندا لە قۆناغی یەکی سەرەتاییەوە هەتا پۆلی سێی ناوەندی داعش بەرهەم دەهێنێت و ئەم داعشە دێت هەڕەشەی کوشتن لە شێرزاد ئەکات لەسەر وتنی ئەو راستییە، شێت بە مانای کوشتنی عەبدولخالق مەعروف و فەرەج فۆدە، لەلایەن ئەو کەسانەوە کە لەبری ئەوەی فێری دروستکردنی ئامێری تەکنەلۆژیای باران بارین و سەوزکردنی ژینگە بکرێن، فێری رێک وەستان و ریزبەستنی نوێژی جەماعەت بۆ نوێژە بارانە و چۆنیەتی فیشەک تەقاندن و چەقۆ وەشاندن دەکرێن.
شێت بەمانای ئەوەی کە تۆ بێیت و یەک جڕتی شێتانە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم و وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا لێبدەیت و پێیان بڵێی: ئێوە چەند بلیمەتانە لە پرۆژەیەکی گەندەڵیی سیاسیی دا، عەقلی گەورەی زانستیی ناو زانکۆکانتان بچوک و پووچ کردەوە و لەکارتان خست، بۆ ئەوەی خۆتان لە کۆمەڵگەیەکی سەراپا شێت کراودا، بتوانن بمێننەوە و بە بلیمەتانە هەتا ئەتوانن سامانی گشتی بدزن!

تێبینی :
یەکەم/ ئەم وتارە هەرگیز مەبەست لێی بێریزی کردن و سوکایەتی کردن نیە بە ئایینی کۆمەلگە، بەلکو رەخنەگرتنە لە عەقلی پەروەردەکار و ناوەندی زانکۆکان کە لەبری ئەوەی بەشیوەیەکی زانستییانە و بە ئامێری تەکنەلۆژیی پیشکەوتوو چارەسەری وشکە سالی بکەن، دێن بە نویژە بارانە داوا لە هێزی ئەو دیوی عەقل ئەکەن بۆیان چارەسەر بکات لەکاتیکدا ئەگەر ئەو هێزەی لەو دیوەی عەقلە، راست بێ و هەبێت، ئەوە عەقلی بۆ دروستکردوون بۆ ئەوەی خۆیان چارەسەری کێشەکانی سەر زەویی بکەن بۆ خۆیان و بۆ هەموو شتیک پەنا بۆ ئەو هێزە میتافیزییکیە نەبەن.
دووەم/ دەسەلاتی سیاسیی پێی خۆشە گەنج وابیربکاتەوە و هێزی حوکمرانی بە هۆکاری سەرەکی وشکەساڵی نەزانێت، وشکەسالی بە نوێژە بارانە چارەسەرناکرێت، بەڵکو بە سەوزکردن و تەڕکردنەوەی ژینگە چارەسەردەکرێ، وەکو ناشتنی درەختی سەروو، نەمام و بە دارستان کردنی چیاکان و چاندن و کشتوکال کردن و بە شینایی کردنی دەشتەکان و سەوزکردنی ژینگە و دروستکردنی ئامێری باران بارین بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، دروستکردنی بەنداوی گلدانەوەی ئاوی باران و بە فیڕۆ نەدانی و بەکارهێنانەوەی بۆ سەوزکردنی ژینگە و دەیان پرۆژەی دیکە کە هەمووی بودجەی دەوێ و دەسەلات نایەوێت ئەو بودجەیە سەرف بکات، چونکە دەیەوێ ئەو پارەیە خۆی بیدزێ و لەپالیشدا خەلک بیەوێ بە نوێژەبارانە داوا لە خوا بکات کێشەکەیان بۆ چارەسەربکات.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies