هەڵمەت عوسمان: کەژاڵ نووری و گەڕان بەدوای نیوەکەی دی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تەواوم کە
حەزم لە نیوە بوونم نیە
تەواوم کە
ئەوەتای دروست بووم، یەک دەستم هەیە لەلای راست
لای چەپیشم هەر یەک دەست
قاچەکانیشم هەر وەها و
گوێچکەی چەپ و راستیشم هەمان شت .
رێک بە بێ تۆ
ئەم لام نیوە و ئەو لام نیوە
ئەزانی چی ؟
ئەم لای راست و ئەولاکەی چەپی تۆم دەوێ .
من و تۆ بە نیوەی یەکتر تەواو دەبین .
تەواوم کە
من عەبدێکی مەئموری گوێ رایەڵی تۆم
نەک مانگانە، تەنانەت ساڵی جارێکیش نیوەی خۆتم بدەیتێ،
هەر رازیم و ؛
هەموو نیوەکانم دەرژێنمە نێو نیوەکانی تۆوە نەک شەقام
سرودەکانم هەرگیز ( بروخێ ) تۆ نابن .
کە هاتیتە سەرجێگەکەم
هەرگیز ( چۆڵی کە ) دروشمی من نابێت .
تەواوم کە
ئەی نیوەکەی گیانی ( نیوە گیانەکە) ی من
تەواوم کە
تا کۆتایی لەم سەلتەنەتی گەنجیەتیەم
دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆت راگەیەنە و
تەریب تەریب لە تەنیشت هەر دوو نیوەکەمەوە راکشێ
کورسییەکی شاهانە لە ئێسک و پروسکم داتاشە و
راستت لەسەر راستم و چەپیشت لە سەر چەپی گیانم، موتوربەکە
بێنە دەستی راست و چەپت،
من بروام بە دەستاودەست کردنی دەستەڵاتی تۆ نیە، میرم
وەرە ئەی نیوەکەی تری من
داگیرم کە
لە سەرمەوە تا کۆتایی
چەند بێ تۆ نیوەگیانم من
بی تۆ کوشتوومی تەنیایی

شیکردنەوەی شیعرەکە:
دەقی زیندوو، ئەو دەقە نییە پرسیار و گومان دروست بکات، بەڵکو دەقەکە خۆی پرسیار و گومانە! پرسیارێک؛ عەوداڵی وەڵامەکەیت بکات و گومانێ؛ بە ڕاستیت بگەیەنێت. لە شیعری زیندوودا؛ زۆرجار؛ ڕۆحی شاعیر و ناوەڕۆکی شیعرەکەت بۆ لێکجیا ناکرێتەوە، ئەویش بە هۆی بتەوی پەیوەندی دەق و دەقنووس. واتا ئەوکاتەی دەقنووس؛ بەوپەڕی ئاگاییەوە دەست دەکاتە نووسین، تەواو ئاگای لەخۆیەتی و تەواو لەوەش دڵنیایە چی دەنووسێ و بۆ چی و کێ دەنووسێ، ئەوەش وادەکات ئەو پەیوەندییە؛ هێندە لێکیان نزیک بکاتەوە، کاتێ سەیری دەقە دەکەیت، ڕاستەوخۆ ڕۆحی دەقنووسەکەت دێتە پێش چاو. ئەو دەقانەی(بە تایبەت شیعر) پابەندی یەک ڕیتم نین، لەبەرچاو جوانتر و لە دڵدا شیرینترن، بۆیەش وادەڵێم؛ چونکە زۆرجار دەقێک دەخوێنیتەوە، تا کۆتایی یەک ئاواز هەست پێ دەکەیت، یان بەرز یا نزم، بەڵام ئەو دەقانەی جارێک دەتگەیەنن بە هەورەکان و جارێکیش بۆ بنی خەرەندەکان لێژت دەکەنەوە، ئەوسا هەست بە شڵەژان دەکەیت و نایابی دەقەکەت بۆ دەردەکەوێت. کاری دەقنووس ئەوەیە شتەکانی دەوروبەر بکاتە ناو دەقەکەی، کاری لێکۆڵەریش ئەوەیە هەمان ئەو کەرەستانە بە وریاییەوە لەدەقە دەربهێنێتە دەرەوە، وەک چۆن ڕووی ئاوێنەیەک خاوێن دەکاتەوە. شیعر زادەی ڕووداوە، هەستی مرۆڤ هەمیشە لە کاروکاردانەوەدایە لەگەڵ دەوروبەری، بە ڕووبەڕووبووەوەی ڕووداوی ناخۆش جۆرێک لە کاردانەوەی هەیە، جیایە لەوەی ڕووداوێکی خۆشی یا هەواڵێکی خۆشی پێبگات.
لەوەتەی دوو ڕەگەزەکەی مرۆڤ بوونیان هەیە بەدوای بەشە ونبووەکەیاندا دەگەڕێن، هەر یەکە لای خۆیەوە هەست بە کەمییەک دەکا و لە هەوڵ دایە ئەو کەمییە تەواوبکات، ئەم (گەڕان)ەیە دەیان داستانی دڵداری دروستکردووە؛ تەنانەت هەندێکیان ناو و دەنگیان جیهانی تەیکردووە.

(ئەزانی چی؟
ئەم لای ڕاست و ئەولاکەی چەپی تۆم دەوێ .
من و تۆ بە نیوەی یەکتر تەواو دەبین .)
کاتێ مرۆڤ دەگاتە خاڵی دۆزینەوە، ئینجا دەست بە دەستپێشخەری دەکات لە ڕێگای داوا و تکا.. ( ئەزانی چی؟) ئەم جۆرە لە دەربڕین، هەستێکی نەرمی تیایە، جیاوازە لەوەی بڵێ (وەرە یا دەبێ وابکەین)، چونکە لەم قۆناغی سەرەتای دۆزینەوەیە، دیکتاتۆرییەت و بەرد بوون قبوڵ نییە، بەڵکو بە ئاو و هەڵم بوون دەتوانی جێگای خۆت لە لای ئەو چێ بکەیت، ئاخر دواجار (ئەو)یش گرنگە، چونکە دەبێ ئەو شێوازە بدۆزیتەوە کە چۆن قەناعەتی پێ دەهێنی کە هەریەکە بەشە وونبووەکەی ئەوی دیکەیانە…
(تەواوم کە
من عەبدێکی مەئموری گوێ رایەڵی تۆم
نەک مانگانە، تەنانەت ساڵی جارێکیش نیوەی خۆتم بدەیتێ،
هەر رازیم و ؛
هەموو نیوەکانم دەرژێنمە نێو نیوەکانی تۆوە)
(تەواوم کە) سەرەتایەکی باشە بۆ دەستپێشخەری، ئینجا قۆناغی خۆگونجان دێتە پێشەوە، ئەم قۆناغە کلیلی دەرگای (تەواوبوون)ە، دەبێ ژینگەیەکی لەبار بۆ نیوەکەی دیکە (ئەو) لە لای نیوەکەی دیکە (من) دروستبکرێت… واتا دابینکردن و دروستکردنی ژینگەی لەبار لە ئەستۆی (من)دایە، تا ئەو ڕاستییە لەلای ئەو دروستبێت، کە بەڵێ (ئەوەی ئەو لێی دەگەڕا، لەلای من دەستدەکەوێت).
مرۆڤ بوونەوەرێکی سەیرە، کە لە دۆزەخە، بە هاتنە دەرەوە ڕازییە، بەڵام کە هاتە دەرەوە، وردەوردە داوای زیاتر دەکات، تا دەگاتە بەهەشت! لە دەستپێکی تەواوبوون دا، (من) ئامادەم ببمە ئەڵقە لەگوێی (ئەو). بەس ڕازیبێت بێتە ناو (من)ەوە! ئاساییە هەرچۆنێک و هەرکاتێک خۆی دەیخوازێ با هەڵیبژێرێ، بەس بێت، ئیتر هاتنەکەی کەیە و چەند دەخایەنێ گرنگ نییە، بەڵام کە هات دەبێت بە تەواوی تەواومبکات و ببینە یەک جەستەی بێکەموکوڕی و ئۆخژنمان لێبڕژێ. لێرەدا هەستکردن بەوەی بەرانبەرەکەشت نیوەیە و پێویستی بە نیوەکەی تۆیە، ئەوپەڕی درککردنە بە تەنیایی و چۆڵی ڕۆح!
(نەک شەقام
سرودەکانم هەرگیز ( بروخێ ) تۆ نابن.
کە هاتیتە سەرجێگەکەم
هەرگیز ( چۆڵی کە ) دروشمی من نابێت .)
لەو جۆرە لە تەواوکردنە، پەنا نابرێتە پاڵ بێزاری و ڕەتکردنەوەی ئەوی دی، بەجۆرێک هەستیاریی تێدایە و دەبێت بە ئاگایییانەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکرێت، ناڕازیبوونێک هەستپێ ناکرێت، چونکە خەونی (من) هاتووەتە دی، ئیتر (ئەو) دەبێتە خاوەنی هەموو شتێکی من و بە پێچەوانەشەوە.
(تەواوم کە
ئەی نیوەکەی گیانی ( نیوە گیانەکە) ی من
تەواوم کە
تا کۆتایی لەم سەلتەنەتی گەنجیەتیەم
دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆت راگەیەنە و
تەریب تەریب لە تەنیشت هەر دوو نیوەکەمەوە راکشێ)
ڕۆح کە هەستی بە چۆڵی کرد، ئیتر هیچ شتێک ناتوانێت پڕی بکاتەوە، مەگەر بە هاتنی ئەو، (نیوەگیان ) بە (نیوەگیان)ێکی دی تەواو دەبێت، نەک بە (نیوە مادی)، کەواتا لێڕە شتە بەرجەستەکان بێکەڵکن. هاوتەریبی دوو گیان، جیهانێکی نوێ دەخوڵقێنێ، هەرچەند لە کۆتایی جوانی و چالاکی دابێت، بەڵام هێشتا ئومێدێک ماوە بۆ دروستکردنی کۆشکێکی ڕازاوە و جوان، بەقەت باڵای دەوڵەتێکی پتەوی خۆشەویستی.
(کورسییەکی شاهانە لە ئێسک و پروسکم داتاشە و
راستت لەسەر راستم و چەپیشت لە سەر چەپی گیانم، موتوربەکە
بێنە دەستی راست و چەپت،
من بروام بە دەستاودەست کردنی دەستەلاتی تۆ نیە ، میرم
وەرە ئەی نیوەکەی تری من
داگیرم کە
لە سەرمەوە تا کۆتاییم
چەند بێ تۆ نیوەگیانم من
بی تۆ کوشتوومی تەنیاییم)
ببە بە خاوەنی من، بە جۆرێک لە ئەندامەکانی لەشم کورسی هەتاهەتاییت دروستکە، کورسییەک چووی بۆ هەر شوێنێ، منت لەگەڵبم و لێت دانەبڕێم، کورسییەک تاهەتایە خۆت خاوەنی بە و لەمنیشەوە چاوەڕوانی (بڕۆ و چۆڵیکە) مەبە، چونکە ناتوانم جارێکی دی تۆ بگۆڕم، هەر خۆت پاشای عەرشی خۆشەویستییم بە. موتوربەکردنی دوو جەستە، چاوەڕوانی بەرهەمێکی نوێی. ژیانێکی نوێی لێ دەکرێت، ئاخر تەنیایی تاقەت پڕوکێنە و تاریکییەکی بێ ئومێدە، بۆ تیشکێکی ڕووناکی.
ئەوەی سەرەوە شیکردنەوەی دەقێکی شیعرییە، نووسەرەکەی چالاکوانێکی بواری ژنانە، جارجار کە وشە دەژەنێ، گوێت لە ئاوازێک دەبێت، ئاوازێک نەجارێکی دی بیستوتە، نە جارێکی دی دەیبیستی، ئەو خاوەنی شیعری (ئەگەر لە پاریس دەژیام)ە، ئیتر چاوەڕوانی دەقی جوانتریشی لێ دەکرێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت