کەژاڵ نوری: ڕۆژی ژنان و ئۆتۆریتەی کۆمەڵایەتی دایک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەیوەندیی مێ ئەندامی دایک و هێما ئاینیەکان- بۆچی فۆرمی کونی بەردە رەشەکەی کەعبە لە سەر شێوەی قوزی ژن دروستکراوە؟
بۆ یەکەمینجار بیست و پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا، یەکەمین خێزانی کۆمەڵگەی کلانی لەنێو ئەشکەوتەکانی زاگرۆس و تۆرۆس و کەوانەی زێڕیندا لە کوردستان دروستبوو، لەم کۆمەڵگەیەدا ئۆتۆریتەی کۆمەڵایەتی هەبووە کە دەسەڵاتەکەی لە لای دایکبووە. لەنێو کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتییدا زیاتر لە بیست هەزار ساڵ ئەو ئۆتۆریتەیە بەردەوام لای دایکبووە، ئەمە پێی وتراوە چاخی دایکسالاریی.
لە ماوەی چاخی دایکسالارییدا ژن داهێنەری شارستانیەت بووەو بەدەستی دایک بناغەی شارستانیەت دانرا. بۆ یەکەمجار ژن ئاژەڵی ماڵی کرد، کە ئەویش دووانزە هەزار ساڵ پێش ئێستابوو، کە مانگای ماڵی کرد و بەکاری هێنا بۆ گواستنەوەو گەیاندن. کەواتە ژنان ئامرازەکانی گواستنەوەو گەیاندنیان بۆ یەکەمجار لە مێژودا بە خەیاڵدا هاتووە.
دواتر بەرازییان ماڵی کرد، دوای ئەوە ئینجا پیاویشیان ماڵی کرد. پیاو بەهۆی راوشکارەوە هەمیشە لەدەرەوە بووە، ژنان بەهۆی بەڕێوەبردنی خێزانی کلانییەوە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون و ئۆتۆریتەی کۆمەلایەتییان هەبووە و سەرۆکی خێزانی کلانیی بوون، وردە وردە ژنان پیاوانیشیان ماڵی کرد. بۆیە ئەو ماوەیەی کە کۆمەڵگەی کلانیی تیاداژیاوە کۆی خودا پەرستراوەکانیش ژن بوون. تەنانەت هەرسێ خودا بتە پەرستراوەکەی سەردەمی قورەیشیش لە مەککە، “لات ( الاة) و عوزا و مەنات: هەر ژن بوون و. کە تەنانەت دواتر ناوی ( اللە) لە ناوی بتی لات ( الاة – ئەلات) وە وەرگیراوە. ئەویش بەلابردنی تای خڕ(ة)، دواجار کاتێک کە سەرەو بۆرە و خاڵ و فاریزە بۆ قورئان دانرا، وشەی (ئەلا) شەددەی لەسەر دانراوەو بووە بە (الله). لەسەردەمی قورەیشدا، ئەو شوێنەی کە بتی گەورەی ئەلاتی تیادابووە، بتپەرستەکانی یەمەن مەوسمی حەج و زیارەتکردنی ئەلاتیان هەبووە، لە سەنعاوە هاتوون بۆ سەردانی ئەلات و لەوێ قوربانیان کردووە بۆ خوداوەند و بە دەوری ئەلاتدا سوڕاونەتەوە. دواتر ئیسلام ئەم تەقسەی وەرگرتووەو کردوویەتی بە مەوسمی حەج و زیارەت بۆ ئایینیی ئیسلام و سوڕانەوەی بە دەوری کەعبە و دواتر قوربانی کردنیش لە جەژنی قورباندا لە ماڵی خودادا، هەر لەمەوە وەرگرتووە.
بۆ یەکەمین جار لە مێژودا، لە یۆنانی کۆندا، ژن لۆکەی دۆزییەوەو بەکاریهێنا بۆ خۆداپۆشین و، دواتر وردە وردە رستن و چنینی لێبەرهەمهێنا، کەواتە داهێنانی جلوبەرگ و رستن و چنین لە عەقڵی ابتکارانەی ژنەوە هاتووە. ژن داهێنەری جلوبەرگە.
بۆ یەکەمجار ژن کشتوکاڵی داهێنا و گوندی دروستکرد، قاپ و قاچاخ لە دار دروستکردن بۆ یەکەمجار لە داهێنانی ژن بووە. یەکەم شاعیری دنیا لە مێژودا لە سەردەمی سۆمەرییەکاندا بووەو ژن بووە.
پانزە هەزار ساڵ لە ژیانی مرۆڤایەتیی، مرۆڤ هەر وای زانیووە کە باوک هیچ رۆڵێکی لە دروستکردنی مناڵدا نیە، بۆیە لە ئایینی جولەکەدا کە پێش مەسیحیەت و ئیسلامیشە و هەتا ئێستاش لە لای جولەکە توندڕەوەکان مناڵ هی دایکە، بە هەمان شێوە ئەفسانەی لە دایکبوونی عیسا بەبێ باوک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیروباوەڕە و، کە عیسا بە تەنیا کوڕی مەریەمە هۆکارەکەی ئەو خاڵەیە، دواتر لە ئایینە ئیبراهیمیەکاندا هەتا هاتنی سەردەمی ئیسلام، دایک لەناو پەیڕەوانی ئایینەکاندا خاوەن مناڵ بووە، کە ئیسلام هات، ئەم ڕۆڵەی لەسەر زەوی لە دایک سەندەوەو دای بە باوک، بەڵام نەیتوانی لە ژێر زەوییدا لێی بسێنێتەوە، بۆیە مناڵ لەو دنیا ( قیامەت) لە سەرناوی دایکە.
لە دوای مردن و لە کاتی زیندووبوونەوەدا لە ئەفسانەی ئیسلامدا، مرۆڤ لە لایەن دوو مەلائیکەتەوە بەناوی دایکەوە بانگ دەکرێت و زیندوو دەکرێتەوە. لە گەڵ ئەمەشدا دوو سیمبولی زۆر گرنگی ئایینیی جولەکە و ئیسلام، شێوەی مناڵدان و قوزی ژنیان وەرگرتووە. سمبولی ئاینیی جولەکە، دوو سێگۆشەی بەیەکدا چوون، سێگۆشە هەڵگەڕاوەکە، کە دوو گۆشەی لە سەرەوەیە، سیمبولی هەردوو هێلکەدان و یەک گۆشەی خوارەوەش سیمبوولی ملی مناڵدان و دەرچە و قوزی ( ژن) دایکە. ئەم وەرگرتنی سیمبولی مێ ئەندامەی دایک ( قوز)ە، لە بەردە رەشەکەی کەعبەدا زیاتر چڕکراوەتەوە و جوانتر دیارە، کە بەتەواوی فۆرمی قوزی ژنی وەرگرتووە، واتە دوو هێمای ئایینیی زۆر گرنگ، لە ئایینە ئیبراهیمیەکاندا، ( ئیسلام و جولەکە) لە یەکەمین پەرستشی تەوتەمیزمەوە کە داوێنی دایکە، وەرگیراون، کە ئایینی سەردەمیی دایکسالاریی و دایک پەرستنی پێش ئایینەکانی سەردەمیی شامانیزمە، ئەویش سێگۆشە هەڵگەڕاوەکەی ئایینی جولەکە کە لە لای ماسیۆنیەتی جیهانیی چاوێکی تەنیای تیخرا و، چاوەکە نیشانەیە بۆ کونی دەرچەی دایک، وە کونی بەردە رەشەکەی کەعبەش کە هەر بەتەواوی لە شێوەی قوزی ژندا دروستکراوە. ئەمەش بەڵگەیە بەوەی کە خودی ئایینە نێرتەوەرەکان لە سەر رێچکەی دایکە خوداوەندەکانەوە وەرگیراوەو هێشتا مۆرکی دایکسالاریی و ئۆتۆریتەی کۆمەڵایەتی دایکیی ( لە فۆرمی دەسەڵاتیی خوداوەندا) پێوەیە و، ونی نەکردووە و خودیی ئایینە نێرتەوەرەکان، لە مناڵدانی تەوتەمیزمەوە هاتوونەتە دەرێ، کە خوداش لە تەوتەمیزمدا دایکە.
پەیامبەریی ئیسلام، کە بەهەشت ئەخاتە ژێرپێی دایکەوە، دیسان ئەو دیفاکتۆ مێژوییە گرنگەیە کە ئایین دەباتەوە نێو مناڵدانی تەوتەمیزم، لە لایەکی تریشەوە، ئەمە جوانترین هەڵوێستی پەیامبەری ئیسلامە، کە پێشکەشی کردووە، با دیفاکتۆیەکی مێژویی پاشخان ئاینییشی هەبێت.
تێهەڵکێش:- “”بەتێڕوانینی ئۆجەلان کۆمەڵگەی نیۆلۆتیک سەرەکیترین ناوچەی لەدایکبوونی خوداوەندی ژنە، خوداوەندی ھۆریی ”ھەپتا”، دواتر وەک یەکەمین دایک لەکتێبە ئاسمانیە پیرۆزەکاندا ناونراوە حەوا، لای ھیتەکان بوە بەکوپاپا، لای فریگیەکان بوە بە کیبلە، لای عەرەبەکان بوە بە قەیبلە ومەککە وەک (قیبلە)جێگیرکراوە. لەڕیشەی ھەموویاندا کلتوری ستێرک ھەیە، کەلەئاسمان لەمیانەی ئەستێرەکان نوێنەراییەتی خوداوەندی ژن، خولقێنەری نیۆلۆتیک دەکات. لای سۆمەر بوە بە ئینانا_عەشتار، لای میسرییەکان بەئیسیس، لای یۆنانیەکان ئافرۆدێت، لای ڕۆمانیەکانیش ڤینۆس، لای مەسیحەکانیش مەریەم. تەواوی ئەو خوداوەندە مەزنانەی ناومان ھێنان، پاشمەوەی قۆناغی نیۆلۆتیکن ”خوداوەندی زایین”، ھەر ژنە بەمشێوەیەش ئاینی کۆنی تەوتەم دەخاتە پلەی دووەم. دەسەڵاتداریی ژنمان لێرە بۆ ڕونئەبێتەوە چەندە مەزن بووە. کاتێک ئەنکی خودای فێلبازی سۆمەر دەستبەسەر ھەمووئەمانەدا دەگرێت و بۆخۆی دەبات، قۆناغی کۆیلەبوون دێتە ئاراوە. ھەرچەند ئەوکاتەش ژن نیوەی بریارەکانی کۆمڵگەی بەدەست بووە، یەکەمین جێگەی سۆزانیەکان داھێنانی سۆمێرییەکانەکە بە مۆساکدیم ناودەھێرا. ئینانا پێشتر لەشاخ ناوی نینۆھۆرساکە، ئەمەش بەواتای ژنە خوداوەندی ناوچەی شاخاوی دێت.””
واتە لە خودی هێما ئایینییە نێرسالارەکانیشدا، دایک بە سەنتەریی پەرستن دانراوە “( پیاوان کە سەرئەکەن بە کونی بەردە ڕەشەکەی کەعبەدا) تقوساتی لەدایکبوونی مناڵە کە سەری مناڵ لە قوزی دایکەوە دێتەدەرەوە و، دەرچەی کۆئەندامی زاوزێی دایک بە دەرچەی هاتنە ناو ژیان ئەژماردەکرێت. فۆرمی بەردی پیرۆز ( کەعبە) خراوەتەوە ناو فۆرمی ئەم دەرچەی دایکەوە( قوز)”.
ئەمە جگەلەوەی کە لە زیندوو بوونەوەو تەڵقین دانی مردوودا هەر ناوی دایک دەهێنرێت و باوک رۆڵی ونە. ئێستاشی لەگەڵ بێت، “”نموونەی کۆمەڵگەیەکی داخراوی سەرەتاییمان لە دوورگەکانی کاریبی هەیە، هەر وا ئەزانن، مناڵ دروست بوون لە ئەنجامی هەڵکشانی شەپۆلەکانی دەریاوەیە، ئەگەر نەیانەوێ مناڵ دروست بکەن، ئەوە لە رۆژانی باران بارین و هەورە بروسکەدا ژنانی ئەو هۆزە ناهێڵن پیاوەکان لە گەڵیان بخەون، چونکە هێشتا هەروائەزانن مناڵ دروستبوون بەهۆی شەپۆلی دەریاوەیە( ئەم قسەیە قسەی وێڵ دۆرانتی مێژونوسی ئەمەریکییە)

هەشتی مارس و ئۆتۆریتەی کۆمەڵایەتی دایک.
کاتێک باوکەکان و دراوسێکان و خزمەکان و پیاوانی بە ئایین قانگدراو، ژنی دووەم و سێیەم و چوارەمیان هێنایەوە، هەشتی مارس نەبوو.
کاتێک بکوژەکان، ژنەکان و کچەکانیان کوشت، هەشتی مارس نەبوو.
کاتێک پیاوە تاوانبارەکان، دەستدرێژیی سێکسیی و فیزیکیی و دەروونییان کردە سەر ژن و کچەکان، هەشتی مارس نەبوو.
کاتێکیش پیاوانی ئایینی بەناوی پێغەمبەراتییەوە، کتێبەکانیان نوسییەوەو ناویان نا ئایینی ئاسمانی و قسەی خواو بە دەمی خواوە پڕییان کرد لە نێرسالاریی و نێرتەوەریی و پیاویان کرد بە سەنتەریی ژیان و ژنیان کرد بە کاڵای سێکسیی و خزمەتکردن و مناڵ خستنەوە، هەشتی مارس نەبوو.
کاتێکیش دەسەڵاتی پیاوسالاریی و سیستمی سەرمایەداریی، پیاوی کرد بەخاوەنی مالکیەتی فەردیی و هەموو شتێکی ژیان و، ژنی کرد بەکاڵای بازرگانی و سێکس، دیسانەوە هەر هەشتی مارس نەبوو.
تەواوی ئەو نەهامەتییانەی لە مێژوی مرۆڤایەتییدا بەسەر ژندا هاتووە، لە کۆی رۆژەکانی ساڵدا بەسەر ژناندا هاتووە، بە هەشتی مارسیشەوە.کەواتە کۆی رۆژەکانی ساڵ، رۆژی ژن و ژیان و، رۆژی ژن و خەبات و، رۆژی ژن و ئازادییە. خەباتی هەشتی مارس و خەباتی خوشکانی میراباڵ لە هەموو رۆژانی ساڵدا، بەردەوامی هەیە.
* ببورن ئەگەر نووسینەکە وشەیەکی تیادایە و بە وشەی نووسین ئەژمار ناکرێت و هەندێ کەس پێی هەرس نابێ.
* لەم نووسینەدا نەمتوانی وشەی مێ ئەندام یاخود، دەرچەی زاوزێ، یاخود دەرچەی مێینە بەکاربهێنم. بۆیە زۆر ناچاربووم کە وشەی قوز( فێرجین) بەکاربهێنم. هەر وشەیەکی ترم بەکاربهێنایە نەدەبوو. چونکە من مەبەستم لە فۆرمی دەرەکی قوز بوو، کەوایە ئەگەر بموتایە دەرچە، ئەوە ملی زێ و مناڵدانیش دەگرێتەوە، وەئەگەر بمنووسیایە مێ ئەندام، ئەوە مێ ئەندام= قوز+ ملی مناڵدان+ ناو بۆشایی مناڵدان+ هێلکەدانەکان و بۆڕی ڤالوب) یش دەگرێتەوە، کە ئەو بەشانە مەبەستی نووسینەکەی من نین، بۆیە دیسانەوە ناچاربووم هەر وشەی قوزەکە بەکاربهێنمەوە. ئەگینا دەزانم بۆ خوێنەری کورد وشەی قوز زۆر زەحمەتە لە وتارەکاندا بیخوێنێتەوە، جگە لەوەش نوسەرە رۆژئاواییەکانیش هەمیشە ئەڵێن ڤێرجین، واتە وەکو خۆی وشەی قوز دەنووسن و پەنا نابەنە بەرپێچاوپێچ پێکردن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت