ئارام حه‌مه‌ ساڵح: بازرگانیكردن به‌ حیجابی ژنانه‌وه‌.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرچاوەی ئاینی ئیسلام، عەرەب و کۆمەڵگای عەرەبیە. ئیسلام غەرقە لە کلتورو داب و نەریتی عەرەبی، لەماوەی نزیکەی 1500 ساڵی ڕابردودا عەرەب باشترین کەڵکیان لە ئیسلام وەرگرتوەو لەو رێگایەوە توانیان زمان و ئەدەب و کلتوری خۆیان بەسەر گەلانی دونیادا بسەپێنن. لەهەمان کاتیشدا توانیان چەندین زمان و کلتورو نەتەوەی دی لەناوبەرن، یان زەلیل بکەن و بچوک بکەنەوە. بەڵام کاتێک بەم دواییە پێیان زانی کەچیتر ناتوان ئەو کارە بکەن و چیتر ئیسلام بەرگەی دونیای زانست و گلۆبەلایزەیشن و کرانەوە ناگرێ، بۆیە بە ناچاری وا خەریکن وردە وردەو لەسەرخۆ بە پێی پلان و پرۆسێسێکی هێواش واز دێنن و خۆیانی لێدەکێشنەوە. ئەوەتا بەچاوی خۆمان دەیبینین کە میسر و تونس دەستپێشکەریان کردو خوێندنی وانەکانی ئاینی ئیسلامیان لە قوتابخانەکاندا قەدەغەکرد بۆ ئەوەی مێشکی منداڵان نەشۆنەوەو چیتر تێرۆریست و خۆکوژ و بێچوە داعش دروست نەکەن. وڵاتی سعودیەش کە مەرکەزو سەرچاوەی بنەڕەتی ئیسلامە، دەستیان بە چاکسازی و دورخستنەوەی ئیسلام و شەریعەت کردووە. بەم دواییەش تا بۆیان لەسەر کیژانی بێ حیجاب هەڵگرت و روخسەتی ماشێن لێخورینیاندا بە ژنان، وا خەریکن کافیتریاو ریستۆرانت و شوینە گشتیەکانیش بۆ هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ فەراهەم دەکەن.
سەدجار حەیف و مەخابن تازە بەتازە لەکوردوستانی ئێمەدا مەلاو بانگخوازو بازرگانانی ئیسلام خەریکی بەئیسلامکردن و تەعریب کردنن و برەو بە خوێندنی ئاینی ئیسلام دەدەن و سەدان حوجرە و مەردەسەی ئیخوانی سەلەفی دەکەنەوە بێچوە داعش بەرهەم دێنن!
تازە بە تازە هەرساڵەو پەلاماری شارێکی هەرێمی باشوور دەدەن و ئاهەنگی حیجاب بەستن بۆ ژنان کیژانی منداڵ و تازە پێگەیشتوو ساز دەکەن و دەیانخەنە ژێر عەبای ڕەش و حیجابی ئیسلامیەوەو لە خشتەیان دەبەن و بەو منداڵیە مێشکیان دەشۆنەوە! نەگبەتیەکە لەوەدایە بۆچی هیچ شارێکی عێراق جگە لە شارەکانی هەرێمی کوردوستان ئاهەنگی حیجاب هەڵگرتن چێناکرێ! ئەگەر ئەمە پیلانی دوژمنان نییە بۆ لەناوبردنی زمان و ئەدەب دابو نەریتی کوردی! بەچ هەقێک پۆشاکی جوان و رازاوەو سەروپێچی ژنانی کورد بە حیجاب و نیقاب و عەبای ڕەشی عەرەبی پڕ بکرێتەوە! لە وەش ناخۆشتر ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبەر دزی و گەندەڵی ناپەرژێنە سەر ئەم بابەتە گرنگ و چارەنوس سازە و بێدەنگیان هەڵبژاردووە وەکوو نەبایان دیبێ و نە بۆران.
باسەرانی هەرێم ئاگاداربن ئەگەربێتوو دەسەڵات بکەوێتە دەست ئیسلامیەکان هەمویان تێرۆر دەکەن، ئەنوەرساداتی میسر باشترین نمونەیە کەهەموو کارێکی بۆ ئیخوان و ئیسلامیەکانی میسر مەیسەر کردو ئەوپەڕی موجامەلەی کردن، بەڵام هەرئەوەندەی بۆیان هەڵکەوت بستیان بەقەرز نەداو تێرۆریان کرد! ئەنوەر سادات لە میسردا بەپێی خواست و ویستی ئەزهەر و ئیخوانەکان دەجوڵایەوەو باشترین پەیوەندی لەگەڵیاندا هەبوو، هەر لەسەر قسەی ئەوان دەستکاری پرۆگرامی خوێندنی کردوو ئەو وانانەی کە بۆ ئیسلام نەدەگونجا وەکوو وانەی بایۆلۆژی و خویندنی بیردۆزەکانی چارلس داروین دەربارەی نەشونماو پەرەسەندن لابرد، دواتر هەزاران کەسی نیشتمان پەروەر و چەپ و مارکسی و کۆمنیستی لە بەندیخانەکان توند کرد، یان دەربدەری کرددن بۆ ڕازیکردنی ئەزهەرو ئیخوانەکان، پێویستە سیاسی و دەسەڵاتدارانی هەرێم سادات لەبیر نەکەن پەندێکی لێ وەرگرن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت