چراخان حەمە عەزیز: تەکنەلۆژیا دیوە دوورەکەی مرۆڤ.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تەکنەلۆژیا واتای چی یە؟
تەکنەلۆژیا وشەیەکی کۆنی ئیغریقی یە لە دوو بەش پێک دێت ( techno) بە واتای سەلیقە و پسپۆڕی هونەری وە وشەی ( logos ) بە واتای زانست و زانیاری دێت. لە ئێستادا زاراوەی تەکنەلۆژیا بە واتای ( ڕێکخستنی کارووباری پسپۆڕی هونەری) دێت.
تەکنەلۆژیا بریتییە لە بەکارهێنانی زانیاری زانستی بۆ مەبەستی پراکتیکی، یان بەکارهێنان. جا چ لە پیشەسازیدا بێت، یان لە ژیانی ڕۆژانەماندا. کەواتە لە بنەڕەتدا، هەر کاتێک ئێمە زانیارییە زانستییەکانمان بەکاربهێنین بۆ گەیشتن بە هەندێک مەبەستی دیاریکراو ئێمە تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنین. تەکنەلۆژیا بەزۆری پارچە ئامێرێکی دیاریکراو لەخۆدەگرێت. بەڵام ئەو ئامێرە دەتوانێت بە شێوەیەکی ناباوەڕ سادە بێت یان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئاڵۆز بێت.
دەتوانم ببێژم؛ تەکنەلۆژیا بریتییە لە ڕێکخستنی زانین بۆ گەیشتن بە ئامانجە پراکتیکییەکان. هەبوونی تەکنەلۆژیا واتە بزانیت چۆن شتێک بکەیت و بتوانیت بیکەیت. وە بزانیت چۆن شتێک دروست بکەیت و دواتر بزانیت چۆن بە شێوەیەکی متمانەپێکراو و سەلامەت بەکاری بهێنیت.
هەرشتێک مرۆڤ دەستی لەدروستکردنیدا هەبێت، هەر خۆشی دەتوانێت بەهایی پێ بدات، نەوەکو ئەوەی ئەو شتە لەخۆیدا خاوەنی بەهایەک بێت، بەڵکو ئەوە مرۆڤە ئەو بەهاییەی پێ دەدات.
تەکنەلۆژیاش کەمرۆڤ دروستی کردووە هەر خودی خۆشی دەتوانێت خۆی بۆ ڕادەست بکات، یاخود کۆنترۆڵی بکات. بەڵام لەسەردەمی ئێستماندا کە تەکنەلۆژیا بەتەواوی بەسەرماندا زاڵ بووە، هەر لەبەر ئەو هۆیەشە ئەوە تەکنەلۆژیایە پێمان دەڵێت؛ کە پێوویستە چۆن بیربکەینەووە، چی بکەین،چیمان بووێت، نەوەکو ئەوەی خۆمان لەراستیدا چیمان دەوێت.!
ئامانجی تەکنەلۆژیا لەدرووستکردنیدا بریتیبوو لەڕەخساندی (ئازادی و بەختەوەری) بۆ مرۆڤ. بەڵام بۆچی نەیتوانی لەژیانی واقیعیدا ئەوە بەدیبهێنێت؟لەبەر ئەوەی تەکنەلۆژیا مرۆڤی ڕادەستی خودی مرۆڤ خۆی نەکرد، بەڵکو ئازادی و بەختەوەریشی بەخودی ئامێرەکەوە پەیوەستکردوو، لەخودی خۆی دور خستەوە، تەنیا لەچوارچێوەی خۆیدا ئەو (ئازادی و بەختەوەریەی) پێبەخشی. مرۆڤ تەنیا لەناو تەکنەلۆژیادا ئەو ئازادی و بەختەوەریەیی بەدەستهێنا، لەدەرەوەی تەکنەلۆژیادا نەئازادی هەیەو نە بەختەوەری. لەدەرەوەی چوارچێوەی تەکنەلۆژیادا مرۆڤ ئازادی و بەختەوەریش جێدەهێڵێت.
لەتەکنەلۆژیادا دەتوانیت ببیت بەشتێک کەنیت، هاوکات واشت لێبکات شانازی بەو بوونە ساختەوە بکەیت. واتا دەتوانیت چەندان ڕۆڵ بۆخۆت دروست بکەیت کەلەواقیعدا وانیت، واتا دوو ڕۆڵ بۆخۆت دروستبکەیت کەلەگەڵ یەکتریدا ناکۆکن، بەڵام هێشتاش هەر بەردەوامیت، بۆیە (سۆکرات)دەبێژێت: باشترین ژیان بەشکۆوە ئەوەیە،کەبەم شێوەیە بین کەنیشانی دەدەین). هەروەها ونت دەکات و بچیتە هەر شوێنێکیش پێت دەڵێت؛ تۆ لێرەیت.
لەوێشدا دڵنیایی بوونت دەبێت کەبەوانی تری نیشان بدەیت کەلێرەیت، واتە ئەوان دەبنە (سەبجێکت) منیش (ئۆبجێکت ) بۆ بوونم.
بوونی من ئەو کاتە دەردەکەوئ کەبەوانی تر بڵێم من لێرەم. بەمانایەکی تر ئەگەر لەبەر ئەوانی تر نەبێت بوونم لێرە دەبێتە جێگای گومان! من دەبێ لێرەبم؟! چونکە خۆم بەتەنیا ناتوانم سەلمێنەری ئەو بوونەم بم!
لەتەکنەلۆژیادا بوونت بەوە دەبەستێتەوە کەئەوانی تر لەو بوونەتدا بەژداری دەکەن، هاوکات تەکنەلۆژیا لەخواستەکانی خۆت دورت دەخاتەوە لەوەی کەدەتەوێ چۆن بیت، یاخود دوو ڕۆڵت بۆ دروست دەکات کەلەگەڵ یەکتریدا دژی یەک دەوەستنەوە. هەروەها دەیەوێ بتکات بەئامرازێک بۆ خواستەکانی ئەوان. مرۆڤ نابێتە ئەوەی کەلەتەکنەلۆژیادا هەیە، چونکە خۆی بۆ ڕادەستکردوەو بوونی خۆی پێداوە، بوونێکیش ڕادەست بکرێ ڕەسەنی خۆی لەدەستدەدات کاتێکیش خۆت دەبەخشیە ئامێرێک ئەوا دەبیتە ملکەچ بۆی. بۆمن گرنگە لەتەکنەلۆژیادا چۆن دەردەکەوم.
مارتن هایدیگەر”لەکتێبی (فەلسەفەی ئومێد)دەبێژێت؛ تەکنەلۆژیا بوونی ناڕەسەنی مرۆڤە، لای وایە تەکنەلۆژیا چەندێکیش بەسوود بێ هیچ لەو مەترسیە فیزیکی و ڕوحیانە چارەسەر ناکا کەڕووبەرووی مرۆڤ دەبنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت