بەهرۆز جەعفەر: کاتێک قەیرانی دارایی ڕوودەدا: چۆن ڕووبەڕووی دەبیتەوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەم تا زۆر، هەمووتان قەیرانی قەرزە حکومییەکانی «یۆنان» تان بیستوە، ئەوەی کە بەتایبەت لەساڵی 2009 ەوە ترس کەوتە ناو وەبەرهێنەرەکان کە حکومەت بە باشی ناتوانێت بە وەفا بێ بەرانبەر پارەکانیان، ئەمە سەرەتاکەی بو، ناوەڕۆکەکەشی ئەوەبو کە بو زیاتر لە 7 حەوت ساڵ بەدوای یەکدا کورتهێنان لە بودجەی ساڵانەی یۆناندا بەچڕی دەستی پێکرد، واتە هاوسەنگی ئابوری نەما؛ هاوسەنگی لەنێوان زیادەی بودجە، زیادەی وەبەرهێنان وە کورتهێناندا نەما..
بەرئەنجامی ئەوە؛ بەهەزاران هاوڵاتی تووشی خۆکوشتن و بە دەیان هەزار یۆنانی تووشی گرفتی دەروونی جۆراوجۆربون. کێشەکە ناوچەی یۆرۆی تەنیەوە. بەهۆی ئەوەوە، ساڵی 2015 بومەلەرزەیەکی سیاسی و ئایدۆلۆجیش یۆنانی گرتەوە، کە هەڵە نابێ بڵێین ئەوەتای «کارل مارکس» مردووە گۆڕانکاریی وەها و پرسیاری وەها نەکەوتۆتە سەر هێزی میعیاریی ( Normative Power) ی ئەوروپا [ هێزی نۆرماتیڤ، واتە بوونی تواناکان بۆ هێنانەدی گۆڕانکارییەک، یان بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی گۆڕانکارییەک]، سەرەتای گۆڕانکارییەکەش ئەوەبو، حیزبی ( سیریزا) وەک پارتێکی چەپی رادیکاڵ لە یۆنان دەستەڵاتیان گرتە دەست. ئەلیکس تسیبراس بو بە سەرۆکوەزیران ، ئەم گەنجە خەریکی مەعمەعەو فەیسبوک و دەستبادان نەبو لەناو یۆناندا. بەڵێنیدا تا قەیرانەکە چارەسەر نەکات بۆینباخ نابەستێت.
یەکێک لەگەورەترین دە بیرمەندە ئابورییەکەی جیهان « یانیس ڤارۆڤاکیس -Yanis Varoufakis» بوو بە وەزیری دارایی یۆنان. ڤارۆڤاکیس، لە بێرمنگهام لە بەریتانیا ماتماتیک و ئابوریی خوێندوە. لە ئوسترالیا ژیاوە، پڕۆفیسۆرە، یۆنانیەو ڕاوێژکاری حکومەتی بەریتانیا بوە بۆ دەربازبون لە تەڵەزگە ئابورییەکان، لە زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیا، لە زانکۆکانی ئەسینا و تەکساس مامۆستا بوە. کتێبی (لەبارەی ئابورییەوە بۆ کچەکەم قسە دەکەم) ی نوسیوە. ساڵی 2011 کتێبەکەی ( مینۆتەوری جیهانی- ئەمریکاو ئەوروپاو ئایندەی ئابوریی جیهانی) بە باشترین تێز دەست نیشانکرا بۆ دۆخی ئابوریی لە دوای قەیرانە جیهانیەکەی ساڵی 2008.
بەم هەموو تەحەدایەوە، سیریزای یۆنانی نەیانتوانی بنەبڕی قەیرانەکە بکەن، بەڵام بایی ئەوەیان کرد کە تسیبراس بۆینباخ ببەستێت. ڤارۆڤاکیس، وەک ژیانی خۆی سادەبو، وەک بیروڕای خۆی نەک بۆ بەر کامێرا هەمیشە بە ماتۆڕ هاتوچۆی دەکرد. لەبەرئەوەی سیریزا بەگشتی و، بەتایبەتیش «ڤارۆڤاکیس» هەر لەسەرەتاوە وەک کەسێکی پرۆفیشناڵ زانی ئەستەمە فاڵتۆیی- حوکمڕانی و لاوازبوونی دامەزراوەکان لە یۆنان لە بنەچەوە چارەسەر بکرێ؛ ماوەی کابینەکە تەواو نەبو-بوو دەستی لەکارکێشایەوە.
هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2014 ەوە کەوتۆتە بەردەم خزانێک، دەچێتە ڕێوە و ملیارێک دۆلار دیار نامێنێ، تۆزێک ڕێ دەکات و ئینتیمای نیشتیمانیی لای تاکەکانی کاڵ-کاڵ دەکاتەوە. لە کاتێکدا بێی بیسمیلا لە قەیرانی دارایی و ئابوریی دەکات، وە لە کاتێکدا قەیرانە ئابوریی و ئابڵوقەکە زیاتر دەکات، کەچی ڕاوچی و پێشمەرگەیەکی کۆنیان هێناوە دەیکەن بە وەزیری دارایی! فەلسەفە ئابورییەکەی وەزیر لە هەرێم ئەمەیە: بابە ئێمە نە کەممان کردوە و نە درەنگ هاتوین و باو باپیرمان هەر هەبوون و … تادوایی) ئایا پیاوێک کە نەخۆشی مێشک و دەماری هەیە دەچێ بۆلای پێڵاوفرۆشێک چوونکە باوک و برای پێڵاوفرۆشەکە تێکۆشەر بوە!؟ سیاسەت و ئابوریی زانستن، زبڵی پێشکەش بکەی زوخاو و زۆنگاوت نیشان دەدات. لە عێراقدا وەزیر لەسەربنەمای ئەوەیە متمانەپێکراوی حیزب بێ و دە دینار ببات، چواری بۆ حیزب تا بیدەن بە شەڕەجنێوو قسەی ناو میدیا، دوانیش بۆ خۆی، دوانیش بۆ شەریکەکانی، دانەیەکی بەهەدەردەچێت، یەک دیناریش بۆ میللەت!
قەیرانەکەی یۆنان لە بنەڕەتدا لە 1999دەستی پێکرد، بەڵام لە 2009 گڕی سەند، لەساڵی 2016 ەدا ڕێژەی قەرزەکە گەیشتە 177 ملیار یۆرۆ، بە دابەزینی خوار سفری تێکڕای گەشەی ساڵانەوە. وای پێویست دەکرد تا هەستانەوە 350 ملیار یۆرۆ بەردەست بخات. لەوماوانەدا ئەوەی تێبینیم کرد لە حکومەتی یۆنانی و هاونیشتیمانیەکانی ئەوە بو کە لە یۆنان حکومەت لەقەیراندا بو، بەڵام خەڵک دەژیا و ژیانی خۆیان دەکرد، کەچی لە کوردستان خەڵک لە قەیراندایەو حیزبەکان و وەفدی حکومەت پێ دەکەنن! بەردەوام حیکایەتی ململانێی شەست- حەفتا ساڵەی نێوخۆیی کوردستان بیری کادیران و خەڵک دەخەنەوە.. باشترین شت ئەوەیە بوترێ؛ شکستمان هێنا لە نیشتیمانسازیی، لە پێکەوەژیان، لە بەرپاکردنی شۆڕشێکی فەرهەنگیی؛ نیشتیمانسازیی بۆڕییەک نەوت و چاڵێک و چەند دۆلارێک نییە؛ پێش ئەوە کەلتور و فەرهەنگ و شێوازی تێگەیشتنە بۆ دیاردەکان.
لە جیهاندا، کە قەیران ڕوو دەکاتە حیزب، وڵات، شار، کیانێک؛ یەکسەر دەستەیەکی کەم و پسپۆڕ خێراو وردبینانە دێنە دەست. کەچی لەهەرێمی کوردستان ئێستا بڵێ؛ کێ دەبێتە وەزیری نەوت، دارایی، پیشەسازیی، کاروباری دەرەوەو… تاد، بە هەزاران کەسی نا-شایستە دەست هەڵدەبڕی و ئێژێ «من..من..م» لە دواییشدا نا-شایستەترینیان دێت و پۆستەکان بەڕێوە دەبا؛ بنەمای کار و بەرەو پێشچوونی نیشتیمان ئەوەیە هەنگاوی مۆدێرن و کرەیتیڤ بنرێ، لێ تازە لە دۆڵێکدا پەنجا حیزبی کوردیی شەڕە-شەق و قسە سواوەکانی جاران دەکەنەوە! بیست ساڵ کورد لە کەرکوکدا باڵادەست بوون و نوێنەری خۆیان هەبووە، تەنها بۆ ئەوە بوو کە دە-پانزە- بیست کەسێک ببنە ملیۆنێر و ملیاردێر؛ ئیتر خەمی هەستانەوە نەبوو؟ نییە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت