ئەیوب شێخ بابۆ بارزانی: قڕکردنی بنەماڵەی حەمەد ئاغای مێرگەسۆری لە ئاداری 1975 و قرکڕدنی بارزانیەکان لە مانگی ئابی 1983.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕان لە زمانی عەرەبی بۆ سەر زمانی کوردی: مـرید هۆستانی.
پێم وایە تا ئێستا ئەم بابەتە بەشێوەیەکی بابەتیانە و دوور لە سۆز و عاتیفە چارەسەر و سەرەدەریی لەگەڵ نەکراوە وێڕای ئەوەی کە زۆرێک بەسوپاسەوە لەم بارەیەوە نوسیویانە، بەتایبەتی کەسوکاری قوربانیەکان ناچاری بێدەنگی کراون، لە کەیسی یەکەمدا بکەرانی تاوانەکە دەستیان گرتوە بەسەر ئەو ناوچەیەی کە تاوانەکەی لێ ئەنجامدرا و کۆنتڕۆڵیان کردووە.
سەبارەت بە تاوانی دوەمیش لە کۆمەڵگای زۆرەملێی (قوشتەپە)، ئەو کات سەدام حوسێن لەبەغدا جڵەوەی دەسەڵاتی توند گرتبوو و تاکو ساڵی 2003 لەهاوپەیمانی دابوو لەگەڵ ئەنجامدەرانی تاوانی یەکەمدا.
ئەمانەش، تاوەکو ئێستا کە لە سەرەتای 2024داین، بەردەوامن لە دەسەڵات، ئاشکراشە کە کۆمەڵێک هەرەشە لەسەر کەسوکاری قوربانیان ئەنجامدراوە، هەندێکیشیان بەپارە کڕدران بۆ ئەوەی بەتەواوەتی بێدەنگ بن، ئەگەر نا ئەوانیش پەشیمان دەبنەوە.
پەیوەندیەکی ئۆرگانیکی هەیە لەنێوان تاوانبارانی قڕکردنەکەی ساڵی 1975دا، کە بکەرەکەی سەرکردایەتی پارتی بوو، و تاوانی 1983کە بکەرەکەی سەدام حوسێن بوو، تاوانی دووەم پەیوەستە بەیەکەمەوە، ئەو زنجیرە ڕووداوانەی کە مەلا مستەفا دەسپێشخەریان بوو بۆ ئەوەی پڕۆژەی تەوریس (جێنشینکردن) بێتەدی لە ماوەی چوار ساڵدا، دەرگای بەڕووی زنجیرەی ڕووداوە یەک لەدوای یەکەکان و لەکۆنتڕۆڵ دەرچوونیادا کردەوە، ئەمەش وا پێویست دەکات بزانرێت کەچی لە مێشک و خەیاڵی مەلا مستەفای سەرکردەی باڵای پێشمەرگە و سەرۆکی حزب و فەرمانرەوای ڕاستەقینەی کوردستانی ئازادکراو دەگوزەرێت، ئەمەش لە ڕێگەی هەڵوێستە ئاشکراکان و هەنگاوە تاکەکەسیەکان و وپیلانە نهێنیەکانیدا کە بە بەرگی نەتەوایەتی دیزە بە درخۆنەکراون.
لێرەدا دەبێت کۆمەلێک پرسیار بخەینەڕوو، دواتر هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە کاتێک هەموو لاینە نهێنیەکان ڕوون و ئاشکرا دەبن.
یەکەمین ئەوشتانەی کە سەرنجەکان ڕادەکێشێت ئەوەیە کە ئەم تاوانە لە ئاداری 1975ڕوویدا، ڕێکو ڕاستەوخۆ لە دوای شکەستەکەی سەرکردایەتی کورد، لێردا ئەو پرسیارە کە لە مێشکمان گەڵاڵە دەبێت، کە لە دوای ئەوەی کە سەرکردایەتی کورد بڕیاریاندا بەرەو ئێران هەڵبێن و بزاڤی کوردی لەناو ببەن و چەک ڕادەست بکەنەوەو لە دوای ئەوەی کە هیچ نەما لە کوردستان بەرگریی لێ بکەن، لەم سەروبەندەدا بۆچی مەلا مستەفا فەرمانیدا بە لەناوبردنی ئەوکەسانەی کە لەبنەماڵەی حەمەدئاغای مێرگەسۆری ماون؟ واتا لەناوبردنی هەموو نێرەکان؟
ئایا بۆچی ڕەشید و ئەسعەد کوڕانی حەمد ئاغا کە هیچ پەیوەندیەکیان بە سیاسەتەوە نەبوو لەناو برد؟ حەمد ئاغا خۆی نەخۆش و لەناو جێگا کەوتبوو و هیچ مەترسیەکی بۆسەر مەلا مستەفا دروست نەدەکرد، بەو پاڵتۆیەی کە مەلا مستەفا خۆی پێشکەشی کردبوو، کوژرا و بەخاک سپێردرا، بێ ئاگا بوو لەوەی ئەو پاڵتۆیە کە دیاری بوو، دواجار دەبێتە کفنی. یەکەم جار هاوژینەکەیم ، ( هەمین خان) کە دەکاتە دایکی فاخر دەناسی ، لەوکاتەی کە دەچوو بۆ گەڕان و پشکنین بەدوای قوربانیانی تاوانەکە لە دەوروبەری زیندانی ڕایات، نزیکەی دوو هەفتە دوای 26ی ئازاری 1975، گەیشتە لای شوێنەواری چاڵێک کە تازە هەڵکۆڵرابوو، لە نزیک ڕوبارێکدا بوو، زوو دەستیان کرد بەهەڵکۆلینی شوێنەکە تا تەرمەکان دەرکەوتن.
بۆچی هەموانی لەناوبرد و یەک کەسی لێ نەهێشتن؟ کاتێک بڕیار دەدەیت دەست بە کوشتن بکەیت؟. دەبێت پاڵنەرێکی زۆر بەهێزت هەبێت، ئایا ترست هەیە لێیان؟ یان هەست‌ بە مەترسیەکی نزیک دەکەیت؟ ئایا هەموو ڕێگاکانی چارەسەری نەمان؟ ئایا بیری نەکردەوە لە چارەنووسی منداڵە بێ باوکەکان و بێوەژنەکان و کچانی بێ سەرپەرشت و بەخێوکەر کە ژمارەیان لەسەروی شەست کەس دەبوو چی دەبێت؟ یان ئەو بە سروشت توندڕەو بوو مانای ڕەحمەت و بەزەیی نەدەزانی، تەنانەت لەگەڵ کەسوکاری خۆشی؟ ئایا ئەمە پێویست بو بۆ گەیشتن بە پڕۆژەی جێنشینکردن و شایانی ئەم نرخە زۆرە بوو؟ ئایا پاڵنەرەکە بۆ خزمەتکردنی ئامانجە نیشتمانیەکان بوە؟ یان پڕۆژەیەکی تەواو کەسی و خێزانی بوو؟ ئەو لە مێژبو ئامادەکاریی دەکردو هێز و وزەی خۆی خستبووە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بێتەدی. ئەو ماوەیەکی زۆر بوو خۆی ئامادە دەکرد و تەحەدای هەمو ئاستەنگ و ئاڵنگاریەکانی دەکرد بۆ ئەوەی پڕۆژەکەی خۆی بەجێبگەینیت. هەروەها جینۆسایدکردنی بنەماڵەی حەمەد ئاغای مێرگە سۆری تەنیا بەشێک بو لە پڕۆژەیەکی زەبەلاح، وەک لەم بابەتەدا بە کورتی ئاماژەمان پێدا.
لە 14ی شوباتی ساڵی 1971، پاراستن (جەمیل)ی تازە گەنجیان لە هەولێر تیرۆر کرد کە دەکاتە کوڕی محمد ئاغا مێرگەسۆری، لەهەمانکاتدا مەلا مستەفا دوو کوڕەکەی خۆی بەناوی ئیدریس و مەسعود بەناوی خۆیەوە نارد بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لە “خاڵە” حەمەد ئاغا بکەن، ئەوان قەناعەتیان هەبوو کە ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنەکە بە نهێنیەکی تەواو ئەنجامدراوە و بابەتەکەیان ئاشکرا نابێتەوە، بەڵێنیشیان بە باوکی جەمیلدا کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئەنجامدەری ئەو کارە ئاشکرا بکەن و بیگەینن بەسزا.
بەڕێکەوت لە ڕێگادا بوم بەرەو هەولێر دەچوم، کاتێک زانیم ئەو ئۆتۆمبێلەی کە تێمانپەڕاند فاخر مێرگەسۆری تێدایە، وەستاین و فاخریش وەستا، و بڕیارماندا مەودایەک لە نێوان شەقلاوە و هاوینەهەواری سەڵاح الدیندا بەپێیاندا بڕۆین، ئۆتۆمبێلەکانیشمان بە هێواشی بەدوای ئێمەدا دەهاتن، فاخر بەهۆی تیرۆرکردنی براکەیەوە (جەمیل)زۆر دڵتەنگ و نیگران بوو، هەروەها پێشوازیکردنی مەلا مستەفاش لە مەحمود ئاغای زێباری و کوڕەکانی و گەیشتنیان بۆ پۆستی گرنگ و باڵا لە سەر ئاستی سەربازی لە بەرەی ئاکرێ و شێخان، مایەی نیگەرانی و قەبول نەکردن بوو.
فاخر بازنەیەکی فراوانی لەهاوڕێیەتی و دۆستایەتی هەبوو، بۆیە زوو ڕۆڵی دەزگای پارستانیان لە کوشتنی براکەیدا و ناسنامەی تاوانبارەکەیان کە (حەمە رەئوف) بوو بۆ ئاشکرا کرد، سەعید کە برای فاخیرە ڕیشی نەتاشی تا تۆڵەی کوشتنی جەمیلی برای سەندەوە، بڕیار بوو مەسەلەکە لێرەدا کۆتایی پێبێت، بەڵام مەلا مستەفا ڕەتیکردەوە ئەمە قبوڵ بکات، سەعیدیش دەستگیرکرا، و یەکسەر لەگەڵ خەلیلدا کوژرا و بەپێچەوانەی هەموو دابونەریتەکان تەرمەکانیان ڕادەستنەکرایەوە.
فاخریش، کە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بو دەستگیرکرا. و دواتر هەموو ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە و بەبێ جیاوازی و لەسەر شێوازی حزبی بەعس دەستگیرکران، لێرەدا ئەو دەقە دەخەینەڕوو کە عیسمەت شەریف وانلی نوسیویەتی لەبارەی هۆکارەکانی هەرەسهێنانی بزاڤی کوردی، هەروەها ئاماژە بەکوشتنی فاخیریش دەدات.
فاخیر مێرگە سۆری، کۆمۆنیستێکی کوردە کە تۆمەتبار بوو بەوەی کە پەیوەندیی لەگەڵ هەواڵگری بەعسدا هەیە لە لایەن دەزگای پاراستنەوە ئعیدام کرا، فاخیر ئەو کەسە بوو کە گرنگترین شەڕی شۆڕشی بەدەست هێنا، پاڵەوانی شەڕی هندرێن لە مانگی ئایاری ساڵی 1966 بەبێ دادگایکردن لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی، و بەبێ ئەوەی بەڵگەی خیانەتەکەی بخرێتە بەردەم دادگایەکی شۆڕشگێڕانە، ئعیدام کران.’
فاخیر بەدزی کوژرا و شوێنی ناشتنەکەشی شاردراوەتەوە، هەمین خان دایکی فاخیر هەموو هەوڵ و کۆششێکی داوە بۆ ئەوەی چارەنووسی کوڕەکانی بزانێت، بەڵام بێسوود بوو. لە ماوەی حەوت جاران لە سەردانیکردنی بۆ بارەگای مەلا مستەفا، نەیتوانی مەلا مستەفا، یان یەکێک لە کوڕەکانی ببینێت.
لە لایەن پاسەوانەکانی مەلا مستەفا دەردەکرا وقسەی زبری پێ دەوترا، بەڵام هەرگیز بێ ئومێد نەدەبوو ، خۆشبەختانە لەدوای هەرەسهێنانی بزووتنەوەی کوردی توانی تەرمی حەمەد ئاغای هاوسەری لەگەڵ کوڕەکانی بدۆزێتەوە، بەڵام تائێستا شوێنی بەخاکسپاردنی (فاخیر و سەعید و خەڵۆ)برادۆستی نازانرێت لەکوێیە ومەسعود ڕەتی دەکاتەوە شوێنەکەیان ئاشکرا بکات.
دیارترین تایبەتمەندی لە هەڵسوکەوتی مەلا مستەفا لە دواین دەیەی ژیانیدا ئەوە بوو کە توندوتیژی زیاد کرد و فەرمانی تیرۆر زیادی دەکرد، لە دژی بارزانیەکان و هێزە چەپە کوردی و عێراقیەکان بە شێوەیەکی گشتی، هەروەها حزبەکەی خۆی لە ناوبرد، ملکەچیی و جێبەجێ کردنی فەرمانەکان بەسەریدا سەپاند، هەروەها جاشە بەکرێگیراوەکان بەسەر ڕێکخستنەکانی پێشمەرگەدا سەپاند لە بەرەی ئاکرێی شێخان و بەرەی ڕانیە، و شۆڕشیشی لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵکردەوە. لە ڕاستیدا مەلا مستەفا زۆربەی فاکتەرەکانی هەرەسهێنانی بزوتنەوەی کوردی ئامادەدەکرد لە بەرامبەر هاتنی هێزە عێراقیەکان کاتێک شەر لە ساڵی 1974 دەستیپێکردەوە، هەروەها پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەرەی سوسیالیزم و هێزە چەپەکانی جیهانی عەرەبی تێکدا. شا بەدەستێکی بڵاوەوە پارەی دەڕژاند و هەمویان دەگەیشتنە دەستی سەرۆکی حزب، سەروەت و سامانەکان کەڵەکە دەبون و زیادیان دەکرد، لەبەرامبەردا شکستەکان لە بەرەکانی جەنگ یەک لەدوای یەکدا بەردەوام بوون.
بڕیاری کۆتاییهێنان بە بزووتنەوەی کورد دانپێدانانێکی ڕوون بوو بە شکستی سەرکردایەتیەکەی و بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی خۆی لە دروستکردنی کارەساتی نەتەوەیی، دکتۆر مەحمود عوسمان لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمەی بەڕوونی ڕاگەیاند؛ ئێمە بەردەوام نەبووین لە بەرخۆدان، چونکە سەلماندمان کە سەرکردایەتیەکی شکستخواردوین و لە کاتە سەختەکاندا بەرپرسیارێتی هەڵناگرین، پارە و چەک و کەرەستە بەردەستبوون. هەروەها جەنگاوەری زۆرمان بوو و ڕوبەرێکی فراوانمان لەژێر دەست بوو، درێژەدان بەو بەرخۆدانەش مومکین بوو، بەرەنگاری نەکردنیش بڕیاری ئێمە بوو،کەسیش ناچاری نەکردین لەسەر ئەو بڕیارە، خۆ سەدامیش دانی بەوەدانا کە سوپای عێراقی چەکی پێویستی پێ نەماوە.
لەدەرئەنجامی ئەم وەرچەخان و گۆڕانکاریە کارەساتبارانە لەسەر ئاستی سەرکردایەتیدا دەگەینە ئەم هاوکێشەیەی خوارەوە: ئەوانەی کە مەلا مستەفا، یان کوڕەکەی بە نەیاری دەزانن، وەک عوبێدولڵا بارزانی و لوقمان و عوسمان و نەزیر بارزانی و هەزاران بارزانیی تردا، ئەوە سەدام حوسێن لەناویان دەبات
فاخیر مێرگەسۆریش کە یەکێکە لە قارەمانەکانی شەری هەندرێن لەگەڵ باوک و بنەماڵەکەیدا کە حکومەتی عێراق بەدوژمن دایاندەنێت، مەلا مستەفا لە ناویان دەبات. چ بە ئاگاداری، یان بێ ئاگاداری، ئەو دوو لایەنە خزمەتی هاوبەشیان پێشکەشی یەکتر کرد. هەروەها ئەمڕۆ ئامادەبوونی شوێنکەوتوانی سەدام حوسێن بە شێوەیەکی چڕ لە هەولێر بەڵگەیەکە لەسەر قووڵایی پەیوەندی نێوان ئەو دوو لایەنە. هەموو ئەمانە لە خزمەتی پڕۆسەی جێنشین کردن و بەهێز کردنی ڕەوتی بەکرێگیراویی لە سەر حیسابی ڕەسەنایەتی شۆڕشگێڕانە بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت