رەزا شـوان: کامـەرانی ئـازادیخـواز.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چـیرۆک بـۆ منـداڵان
مـن لە پـۆلی شـەشی بنەڕەتـیم، کـاکـم کامـەران لە پـۆلی پـێـنجی ئامـادەییە. کاکـم زۆر حـەزی لە دەنـگی بـاڵـندەیـە، بە تایبـەتیـش لە دەنـگی کـەو. بـۆیـە دوو کـەوی جـوانی کڕیبوو. لەناو قەفـەزێکی دوولایی داری دەرگا داخـراودا بوون. هەموو رۆژێک دان و سەوزە و ئاوی لەبەردەم کەوەکانی دادەنا. سەرسامی دەنگە خۆشـەکانیان بوو. منیش حـەزم لە قـاسـپە قـاسـپی کـەو هـەیە، بـەڵام حـەز بـە بەنـدکـردنی هـیچ بـاڵـنـدەیـەک نـاکـەم. لە سـروشـتـدا دەنـگـیان سـروشـتی و خـۆشـتـرە.
ئەوەی کە ئازاری هـەستی منی دەدا، دەمـبینی کەوەکان نا ئارامـن و هـەمیشە سەریان لەنێـوان دارەکانی قـەفـەزە تەنـگەکەیـانەوە دەردەهـێنان و هـەوڵی خۆ رزگـاربـوونیان دەدا. لە تـرسی کاکـم نەمـدەوێـرا، ئەگـیـنا هـەر لە یەکەم رۆژی کـڕینیانـەوە، هـەردوو کەوەکەم بەرەڵا دەکـرد. نەمـدەزانی چـۆن کاکـم رازی بکەم، تا کەوەکـانی ئـازاد بکات.
رۆژێک کاکم بیـنی، پەرتـووکـێکی لەسەر ئازادی دەخوێـندەوە. بە هەلێکی باشم زانی.
* کاکە کامەران ناونیشانی ئەو پەرتووکەی دەیخوێنیتەوە ئازادییە. ئازادی مانای چییە؟
کاکـم: شـۆخـان گیان، ئـازادی ئەوەیە، کە مـرۆڤ دیـلی کەس نەبێـت و بە سەربەستی بژیت. بەڵام نابێت لە سنووری ئـازادی لابـدات و ئـازادی لە کەسانێکی تـر تـاڵ بکات.
* دەمخـۆش کاکـە گیـان. کـەواتە ئـازادی مـافـێکی پـێـویسـتی هـەمـوو کەسـێکە.
کاکـم: بـەڵی شۆخـان، رێک وایە، ژیـان بەبێ ئازادی، هـیچ واتا و خۆشـیـیەکی نیـیە. سامـانی زۆر و پـارە، بەچـی دەچـن ئەگـەر مـرۆڤ بـە ئـازادی نـەژیـت.
* جـا کاکە تـۆ بە راسـتی بـڕوات بە ئـازادی هـەیە؟ بە کـرداری جـێـبەجـێی دەکەیـت؟ یان هـەر بە قـسە بـڕوات بـە ئـازادی هـەیە؟
ئـەوە یەکـەم جـارم بـوو، کە بـەم شـێوازە لە کاکـم بـپـرسـم. بـۆیە کـاکـم گـرژبـوو.
کاکـم: شۆخـان دەزانیت چی دەڵـێیت؟! مـن چی کارێکی ناشیرین و نابەجـێم کـردووە؟ چی کارێـکـم بـە پـێچـەوانـەی ئـازادییـەوەیـە؟ بـڵێ بـزانـم ئـازادیـم لـە کێ تـێکـداوە؟
* ببـوورە کاکە گیـان، مـن تـۆم زۆر خۆشـدەوێـت. ئـەی ئەوە نـیـیە دوو کەوت لەناو قەفـەزێکی تەسکـدا بەنـد کـردوون و ئـازادیت لـێـیان داگـیرکـردوون؟ ئەوانیش وەک ئـێـمە، حـەز بـە ژیـانی ئـازادی دەکـەن. ژیـانی نـاو قـەفـەز کـەی ژیـانـە؟
کە ئەم قـسانەم کرد، کاکم ساردبووەوە. بۆ ماوەیەک داما و بێـدەنگ بوو. وا دیاربوو قـسەکانـم کاریـلـێکـردن. بەزەیی بـە دوو کەوەکەیـدا هـات. ئیـنجـا زەردەخـەنـەیـەکی ناسکی کرد و باوەشی لێدام، سەرمی ماچکرد. چوو بە لای قەفـەزەکەوە و دەرگاکەی کردەوە و هەردوو کەوەکەی ئـازادکرد. کەوەکان دایان لە شەقـەی باڵ و هەڵـفـڕین و رۆیشـتن و لەچـاو ونبـوون. ئینجا کـاکـم بە پێـیەکـانی، قـەفـەزەکەی شکانـد.
کاکـم: بـژی شـۆخـان گیـان، خـوشـکە زیـرەک و ژیـرەکـەم، فـێری وانـەیەکی بـاشی ئازادیـدت کردم. بەڵـێن بێـت لە ئەمـڕۆوە، بە راستی دەبـم بە کامەرانی ئـازادیخـواز. حەزیش لەو کەسانە نەکەم، کە راوی باڵنـدە و ئاژەڵی کێوی بکەن و بەندیان بکەن.
* چـەپـڵەیـەکی بەهـێـزم بـۆ کـاکـم لـێـدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت