عەبدولکەریم شێخانی:خرتکە و پرتکە/ بەشی یەکەم.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

زۆر جار لە ماڵەوە هەندێک وردە کەلوپەلی بڵاوبووەو لەبیرکراو دەبینیەوەو شتێکی باشیان لێ پێک دێنی، بەو جۆرەکەلوپەلە دەڵێن خرتکەو پرتکە.
منیش جارێ پێشەکی هەندێک لەو وردە ڕووداو و قسانەتان پێشکێش دەکەم و دوای ئەوە بەڵای شتی گەورەتردا دەچم.
پیاوێک بە ژنەکەی گوتبوو: گیانەکەم هیچ لێ مەنێ، ئەمڕۆ لای ژنی دووەم نان دەخۆین. ژنەکەش نەیکردبووە نامەردی ئاسنێکی کێشابوو بە سەریدا و کابرایان گەیاندە نەخۆشخانە. ئاخر ئەو نەگبەتە مەبەستى ئەو چێشتخانەیە بوو کە ناوى ( ژنی دووەمە).
ژنێک کە خواى گەورە ئەوەندەی ناشیرینى پێ بەخشیبوو, لە دزێویدا بەشی کەسی نەدابوو. رۆژیکیان دەچێتە لاى دەستەخوشکێکی و هەر کە دەگاتە ئەوێ دەست بە گریانێ دەکات. دەستەخوشکەکەی بە بێزارییەوە دەڵێ: بۆ دەگری؟ چیت لێ قەوماوە؟ ژنەکە بە هەنسکەوە دەڵێ: داوای پێنج هەزار ریاڵم لە مێردەکەم کرد تا نەشتەرگەرییەکی جوانی بۆ روخسار و دەموچاوم بکەم. ژنەکە پرسی: ئێ ئەو پارەیەى نەدایتێ؟ گوتی بریا ئەو چوارپێیە نەیدابامێ, پانزدە هەزاری دامێ و گوتی پێم وایە بەشیش ناکات.
ژنەکە بە مێردەکەی دەڵێ حەیوان و من حەیوانم بەکار نەهێنا گوتم نەوەک بڵێن عەڕەبییە هەرچەندە ئەو وشەیە تا ڕادەیەکی زۆر بۆتە کوردى و وەک هەندێک کوردیزانی ئاخر زەمانیش نەمگوت ئاژەڵ، چونکە پێم ڕاست نییە و چوار پێ بە هەموو حەیوانێک دەکوترێ.
تەماشایەکی ئەم وەرگێڕانەى خوا لێ خۆشبوو خاڵە ڕەجەبی کارگوزاری زووی شارەوانیی سلێمانیی بکەن بۆ شیعرە جوانەکەی بێکەس ( ئەى مانگ).
ئەى مانگ من و تۆ هەردووک هاودەردین
هەردووک گرفتار یەک ئاهى سەردین
تۆ وێڵ و ڕەنگزەرد بە ئاسمانەوە
منیش دەربەدەر بە شارانەوە
بێ گومان من ئەوەم لە خەڵکی دیکە بیستووە و گوتم با بزر نەبێ و بینووسم.
(( یا گمر آنی و انت مبتلین بفد بلوە
أنت وجهک أصفر بالسما
و آنی سرسری افتر بالدرابین ))
ڕۆژێکی هەینی گوتاربێژ دواکەوت. پیاوێکی شێت هەستاو چوو بۆ سەر مینبەر بۆ ئەوەى گوتار بۆ خەڵکەکە بخوێنێتەوە. چەند نوێژکەرێک ویستیان بیهێننە خوارەوە, بەڵام بەرپرسێک کە لەوێ بوو فەرمانی پێ کردن وازی لێ بێنن با گوتارەکەی بدات. شێتە گوتی: سوپاس و ستایش بۆ خوا کە ئێوەى لە دوو هێناوەتە دى و کردووشنی بە دوو بەش. هەندێکتانی دەوڵەمەند کردووە تا سوپاسی بکەن, هەندێکیشتانی هەژار کردووە تا ئارام بگرن. بەڵام نە دەوڵەمەندەکانتان سوپاسی خواتان کرد و نە هەژارەکانیشتان ئارامتان گرت, نەفرەتی خوا لە هەمووتان. دەی دووڕووینە هەستن بۆ نوێژەکانتان. (وەرمگرتووە)
ئەم جارەیان با ئەوەندە بەس بێت, بە پشتیوانیی خوا لە نووسینەکانی داهاتوودا هەندێک خرتکەو پرتکەی دیکەتان پێشکێش دەکەم.

ئینجا با هەندێک باسی کاری چاکە و پیاوەتی بکەین.
تۆوی چاکەو پیاوەتی بچێنە بۆ خۆی شین دەبێ
دەشتی چاکەو بەخشینەکەت سەوزو جوان و ڕەنگین دەبێ
چاکە بکە هەرگیز بیر ناچێ و هەمیشە هەر لەبەر چاوە
هەم خوداداد پێی دەزانێ و هەم لە لاى خوداش نووسراوە
چاکــە بکـەو دڵنیــابە ڕۆژێــک دێ هــەر دێتــەوە ڕێت
پاداشتەکەی یەک بە دەیە و لە هی خۆت زۆر زیاتر دەبێت
چاکە بکەو بە ئاوێی دادە , پەندێکی کوردیی خۆمانە
لەوە زیاتر خێر دێتە ڕێت سەلماندوویەتی زەمانە
ڕۆژێکی هەوروهێڵ ژنێکی دەوڵەمەندی شیکپۆش بە ئۆتۆموبیلەکەی لە شارێکەوە دەچوو بۆ شارێکی دیکە. لە پڕئۆتۆموبیلـەکەی پەکی کەوت و لەکار کەوت و ئەویش هیچی لێ نەدەزانی. هاتە سەر شەقامەکە و دەستی لە ئۆتۆموبیلان رادەگرت, بەڵام هەموویان تیژ تێدەپەڕین و نەدەوەستان. خەریک بوو باران دەیپڕووشاند و دنیاش تاریک دادەهات و خەمی ئەوەى بوو ئەگەر شەوی بەسەردا بێت لەو چۆڵەوانییە چی بکات. لەوکاتەدا ئۆتۆموبیلێک هات و دەستی لێ ڕاگرت و کابرا وەستا. سەیری کرد شوفێرەکە گەنجەو ئۆتۆموبیلەکەش کۆنە. سەرەتا دوودڵ بوو ترسا لەگەڵێ سەرکەوێ, چونکە کوڕەکە گەنج بوو و نیگەرانی ئەوەش بوو نەوەک بۆ پارە شتێکی بەسەر بێنێ, بەڵام دوایی بە ناچاری سەرکەوت. کوڕێکی گەنم ڕەنگ و بە ئەدەب و بە شەرم و شکۆ دیار بوو. لێی پرسی ناوت چییە, گوتی ئادەم. کوڕەکە تەماشاى ئەوى نەدەکرد. کە گەیشتنە شار, ژنەکە داوای وەستانی کرد و گوتی کرێکەت چەندە؟ شوفێرەکە گوتی هێچ ناکات. ژنەکە هەوڵێ زۆری دا, کوڕەکە گوتی: من بۆ خوا و مرۆڤدۆستى کردوومە و تۆش ئەگەر بۆت ڕێک کەوت هەمان شت بکە. ئیدی هەر یەکە بە لایەکدا ڕۆیشتن, ژنەکەی لایدایە کۆفییەک و داوای قاوەیەکی کرد. ئەو شاگردەی قاوەکەی بۆ هێنا ژنێکی دووگیان بوو و دیاریش بوو کە کاتی منداڵ بوونەکەی نزیک بۆتەوە. پێی گوت بۆ ناچی بۆخۆت لە ماڵەوە پشوو بدەیت و بحەسێیتەوە تا منداڵەکەت دەبێ. شاگردەکە گوتی ئاخر چی بکەم خۆ دەبێ بایی خەرجیی منداڵ بوونەکە پارە پەیدا کەم. ژنەکە گەڵایەکی درشتی دا بە شاگردەکە و ئەویش چوو بۆ لای خاوەن کۆفێکە وردی کاتەوە. کە گەڕایەوە ژنەکە لەوێ نەمابوو, چاوی گێڕا, دیار نەبوو. سەیری کرد کاغەزێک لەسەر مێزەکەیە و لەسەری نووسرابوو باقییەکەی بۆ خۆت. ئەو باقییە دە ئەوەندەی نرخی قاوەکە بوو. دڵی خۆش بوو. کە سەیری دیوی دووەمی کاغەزەکەى کرد لە سەری نووسرابوو: هەندێک پارەم لە ژێر مێزەکە بۆ داناویت بۆ خەرجیی منداڵ بوونەکەت. کە هەڵیگرت دیتى پارەکە بە قەد مووچەی شەش مانگیەتی. چوو بۆ لای خاوەن کۆفێکە و داوای مۆڵەتی لێ کرد و بە پەلە خۆی گەیاندە ماڵەوە و باوەشی بە مێردەکەیدا کرد و گوتی ئادەم, خوا دەرگای لێ کردینەوە. مێردەکەی وایزانی کاتی منداڵ بوونیەتی. ژنەکە لە خۆشیانا قاچی زەوی نەدەگرت و شتەکەی بۆ گێڕایەوە و لە وەسفی ژنەکە ئادەم بۆی دەرکەوت کێیە و لە دڵی خۆیدا گوتی: دوا جار بە قسەی کردم.
* کوڕی خێزانێکی نەداری دەستکورت بوو. بە ڕۆژ دەچوو بۆ قوتابخانە و کە دەشهاتەوە شتی دەفرۆشت بۆ ئەوەى دەسبارێک لەگەڵ باوکە هەژارەکەی بگرێ و کەمێک ئەرکی سەر شانی سووک کات. بە کۆڵاناندا دەسووڕایەوە بەو هیوایەی شتێک زیاتر بفرۆشێت و دەسکەوتی زیاتر بێت. ڕۆژێکیان زۆر سووڕابووەوە و شەکەت و ماندوو و برسی بوو و وەکو دەڵێن هێلینگی لێ بڕابوو. ڕووی لە ماڵێک کرد بە نیازى ئەوەی کەمێ خواردن, پارچە نانێک داوا بکات. لەدەرگای دا, کچێکی پارچەڵە دەرگاکەی کردەوە. کوڕەکە ڕووى نەهات پێی بڵێ برسیمە, بەڵکو داوای پەرداخێک ئاوى کرد. کچەکە بینی ڕەنگی هەڵبزڕکاوە و ئاسایی نییە, هەستی بەوە کرد کە ڕەنگە برسی بێ. چوو کووپێک شیر و پارچە کێکێکی بۆ هێنا. لێی وەرگرت و بە تاسەوە کێکەکەی خوارد و شیرەکەی بەسەردا کرد, ئیجا پەرداخێک ئاویشی بۆ هێنا. کوڕەکە زۆر سوپاسی کرد و ڕۆیشت. ئەو منداڵە زۆر زیرەک بوو ئاواتی ئەوە بوو ببێت بە پزیشک. هەوڵی زۆری دا و کوێرەوەریی زیاتری بینی و ئاواتەکەی هاتە دی و بوو بە پزیشک و دواتریش پزیشکى پسپۆڕی نەشتەرگەری و ناو وناوبانگی دەرکرد و لە نەخۆشخانەیەکی دیار کاری دەکرد. ڕۆژێکیان ژنێکی نەخۆشیان هێنا کە پێویستی بە نەشتەرگەری بوو. کەسوکاری نەخۆشەکە خەرجیی ئەو نەشتەرگەرییەیان بۆ هەڵنەدەسووڕا, بۆیە بەڕێوەبەری نەخۆشخانە بڕیاری دا پاڵی پێوەنێت و دەریکات. دکتۆر کە سەیری دۆسییەکەی کرد, دیتی خەڵکی شارەکەی خۆیەتی. بۆیە چوو بۆ لای و لێی ورد بووەوە بۆی دەرکەوت ئەو کچەیە کە کووپە شیر و لەتە کێکەکەی دابوویە. دکتۆر بە بەڕێوەبەری گوت: من بۆ خۆم نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەکەم و هەموو خەرجییەکی نەخۆشخانە لە ئەستۆ دەگرم وخۆم دەیدەم. هەرچەندە نەشتەرگەرییەکەی زۆر قورس بوو, بەڵام ئەو هەوڵێ زۆری دا و پشت بە خوا سەرکەوت و لە مردن ڕزگاری کرد. کەسوکاری نەخۆشەکە کە دۆسیەکەیان بۆ چوو لە خەمی ئەوەدا بوون چۆن ئەو پارە زۆرە پەیدا کەن. بەڵام کە چاک سەیری دۆسیەکەیان کرد نووسرابوو: ( پارەی ئەو نەشتەرگەرییە بیست ساڵ پێش ئێستا دراوە. کووپێک شیر و لەتێک کێک ). ئینجا دکتۆر خۆی لە کچەکە ئاشکرا کرد.
خزمینە من زمانی قسە کردنم نییە و ئێوەى بەڕێز بفەرموون لە جیاتی منیش قسەیەک بکەن. تا گوتارێکی دیکە ماڵتان هەزار جار ئاوەدان بێت و خواى گەورە لەهەموو نەخۆشی و ناخۆشییەک بتانپارێزێ.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت