عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی هەشتەم.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

ئەمڕۆ 6- 11- 2021 بۆیە بەروارەکەم نووسی، چونکە هەندیک کەس دەنووسن و دەڵێن ئەمڕۆ بێ ئەوەی ئاماژە بۆ بەروارەکە بکەن و تۆ ئەگەر دوای چەندان مانگ و ساڵی دیکەش بیخوێنیتەوە هەر وا دەزانی مەبەستی ئەو کاتەیە کە تۆ بابەتەکەى تێدا دەخوێنیتەوە.
بەڕێزینە هەر وەکو سێ ڕۆژ لەمەو پێش بەڵێنم دابوونێ وا خرتکەوپرتکەیەکی دیکە دەخەمەوە بەر دەمتان و هەر ئەوەم هەیە ئینجا نازانم بە دڵتان دەبێ یان نا. بەڵام با جارێ ئەو ڕووداوەتان بۆ بگێڕمەوە و ئەگەر بە دڵیشتان نەبوو هەر لەبەر خاتری من کەمێک بگرژنەوە وەکو پێکەنین با زگم بەخۆم نەسووتێ و تەریق نەبمەوە.
خوا لێ خۆشبوو ( عەزیز عەلائەدین) ی خاڵۆزاز و زاوای دکتۆر فۆئاد و باوکی دکتۆر ( دلاوەر عەلائەدین)، وەکو دکتۆر فوئاد گێڕایەوە: لەساڵی 1988 لە گەرمەی کیمیابارانی ناوچەی سەرگەڵوو و بەرگەڵوو و دەست پێ کردنی ئەنفال تەریوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ و لە سەقز دەگیرسێنەوە. ڕۆژێکیان تەماشا دەکات پیاوێک سێو و پرتەقاڵ و لیمۆ و لالەنگی لەسەر عەڕەبانەیەک داناوە بۆ فرۆشتن. عەزیزیش دەچێتە لای و پەنجە بۆ لالەنگی درێژ دەکات و دەڵێ: کیلۆی خۆشداکەنە بەچەندە. کابرا دەڵێ: کاکە قسەی باش بکە. عەزیز دەڵێ: برا قسەی خراپم نەکردووە و دەڵێم کیلۆی خۆشداکەنە بەچەندە. کابرا دیسان دەڵێ, ئاغا دەڵێم قسەی باش بکە. ئیدى قسەیان لێک گیر دەبێ و لەوانەیە دەست بدەنە ئێخەی یەکدی. دوکاندارێکی نزیک لەو شوێنە فریا دەکەوێ و لێکیان دەکاتەوەو عەزیز دەباتە سەر دوکانەکەی خۆی. عەزێز دەڵێ من هەر ئەوەندە گوتم کیلۆی خۆشداکەنە بەچەند نازانم ئەو کابرایە بۆ ئاوەها ئاگری گرت. دوکاندارەکە دەڵێ ئاخر تۆ قسەیەکی خراپت کردووە, چونکە دایکى ئەو پیاوە بە ( فاتە خۆشداکەنە بەناوبانگە).

ئیجا با بچین بۆ لای هێمنى نەمر و سەرێکی لێ خوار کەینەوە.
سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی 1977 چووین بۆ بەغدا, خێزانم بردەوە لای دکنۆر ( کەمال حوسێن). ئیوارە چووینە لای و دواى پشکنین و ئازمایش و تیشک گرتن, نامەیەکی داینی بۆ ئەوەی سبەینێ دوای نیوەڕۆ بچین بۆ نەخۆشخانەی ئەهلیی ( خەییال ) بۆ نەشتەرگەریی زراوی. بەیانییەکەی پێش چوونمان بۆ نەخۆشخانە. چووین بۆ زیارەتی ( شێخ عەبدولقادری گەیلانی ) بۆ دوعا و نزا و گوتی: من دەچمە ژێر چەقۆیان. هەندێک نووسینم پێ بوو ویستم بیبەم بۆ ( دار الثقافة و النشر ) کە لەوێوە نزێک بوو, گوتی مەچۆ نەوەک لەوێ هاوڕێ و دۆست دوات بخەن و لە ڕاستیشدا خێری تێدا بوو. نەشتەرگەریی بۆ کرا و ئەو شەوە لەگەڵ جوانەمەرگی کورم بە دیاریەوە بووین. بۆ بەیانی چووم بۆ گەڕان بەشوێن کتێبخانەیەک کە ڕۆژنامەیەک بۆ خوێندنەوە پەیداکەم دەستم نەکەوت. ژوورەکەی تەنیشتمان کوڕێکی لێ بوو بە دیار براکەیەوە و ڕۆژنامەی ( الثورە) ی پێ بوو. لە ناوەڕاستی لاپەڕەی یەکەم وێنەیەکی بڵاو کردبووەوە و کوژرانی ( عوسمان محەمەد فایق )ی بەڕێوەبەری ئەو شوێنەی بڵاو کردبووەوە کە من بە نیاز بووم بۆی بچم. لە ڕاستیدا کوژرانی ئەو کوردە نۆکەرە ئەڵقە لەگوێیەى بەعس بە ڕۆژى رووناک و لە ناوەڕاستی بەغدا ئاڵنگارییەکی گەورە و بێ منەتانە بوو بەڕانبەر بە بەعس کە گونی گونداری دەردێناو دەسەڵاتی ئەوانی زۆر بە توندی ڕاتەکاند, چونکە ئەوان پێیان وابوو هیچ دەسەڵاتێک نییە بەرهەڵستییان بکات و دوای ئەوەی لە حزبی شیوعی هەڵگەڕانەوەو بەندەکانی بەرەی نیشتمانییان خستە ژێر پێ و کەوتنە گرتن و ڕاونانی شیوعییان و تەنانەت تێرۆر کردنیشیان. دواى دوو سێ ڕۆژ بە پارێزو ترسەوە چووم و لەوێ مامۆستا ( عەبدوڵلای حەسەنزادە) م بینی. دوای چاک و چۆنی گوتم دەمەوێ مامۆستا هێمن ببینم. تەلەفۆنی بۆ کرد, خواو ڕاستان لە کۆڕ بوو و قسەمان کرد و گوتی ئێوارە سەعات شەش لای سینەما ( سندباد) چاوەڕوانم بکە. ئێمە زۆربەمان ئەو بایەخە بە ( موعد ) نادەین گەلێک جار دوا دەکەوین و گوێمان لێ نییە, بەڵام من وام نەکرد و پێش ئەو کاتەی مامۆستا هێمن گوتی بە 10 خولەک چووم و لەوناوە خۆم خەریک کرد و دوو خولەک پێش سەعات شەش پەیدا بوو. دوای چاک و چۆنیەکی گەرم چووین بۆ باڕێک کە وا پێ دەچوو ئەو شارەزابێ و جاری دیکەش چووبێ بۆ ئەو شوێنە. ئیدی بە دەم قسە کردنەوە گوتی: شیعرێکی تازەم نووسیوە بەناوی ( عیشق و ئازادی) و ناردوومە بۆ گۆڤاری (ڕۆژی کوردستان ) و جارێ بڵاو نەبۆتەوە. چەند دێڕێکی خوێندەوە:
ئەگەر چی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کەوا ئەمشەو سەری هەڵــدا لە ناخمــدا خەمێکـی تر
گوتی بۆ (شەهاب و دوو شەهیدەکەی دیکەم ) گوتووە. من ئەوەم بە برادەرێک گوت کە خەریکی نووسین بوو لەبارەی هێمنەوە, بەڵام پێم وایە بڕوای بە قسەکەم نەبوو. کە چى مامۆستای پایەبەرز ( مەلا محەمەدی شەڵماشی) لەو دیدارەی کاک (فەیسەڵ ) لەگەڵی کردبوو گوتی: یەک دوو ژن هاتن و بە پاڕانەوە داوایان لە مامۆستا هێمن کرد کە بڕایانی حزبی دیموکرات ئەگەر هەوڵ بدەن و نەهێڵن لە سێدارە بدرێن. بەڵام بە داخەوە بەعس نە بە قسەی ئەوانی کرد و نە بە قسەی ( حۆرج حەبەش) سەرۆکی ( جەبهەی شەعبیی فەلەستینی ) ئەو تاوانە گەورەیەی هەر جێ بەجێ کرد. ئەو شیعرە حەمەجەزای هونەرمەندی نەمر بە مەقام گوتوویەتی و مامۆستا هێمن خۆشی گوێی لێ گرتووە. هەروەها مەرزییەی نەمریش بە ئاوازێکی دیکە گوتوویەتی و ئەویش گیانی بە بەردا کردووە.
ئەو ماڵەکەی لە ( بغداد الجدیدة ) بوو و ئەو گەڕەکەش مەسیحیی زۆری لێ بوو. گوتی: رؤژێکیان کچێکم بینی باڵابەرزى سوورو سپیی چاوشینی قژ زەرد, جلێکی سپیی وەک چوڕی شیری لەبەر بوو. بە چاوى کڕیار لێی وردبوومەوە, سحان اللە هەتا بڵێی بێ کەموکووڕی بوو دەتگوت خوای گەورە بە تایبەتی دروستى کردووە. کەچی هەر ئەوەندەم زانی خۆی بە کەنیسەدا کرد. لە دڵی خۆمدا گوتم تۆ بڵیى خوا ئەو جوانە بسووتێنێ. شیعرێکم گوتووە، بەڵام بۆکچە لادێییەکی ئیمانداری خۆمان. لە گوند و ئاواییەکانی لاى خۆمان ئەو خەڵکە نەخوێندەوارە, بە ژن و پیاوەوە کاتی نوێژ هەر هەموو ڕوو لە خوا دەکەن و ناهێڵن نوێژیان بچێ. مامۆستا هێمن تەواوی کرد و گوتی ئەو کچە بوو بە ئیلهامی ئەو شیعرەی کە بۆ کچێکی گوندنشینی خۆمانم گوتووە:
دیم کچێکی لەباری لادێیی
بۆ نوێژ ڕادەخا بەرهەڵبێنی
گوتم کچی جوان کە ڕوخسارت
هەموو بەهەشتی خوا دێنێ
تۆ پێت وایە ئەو خوا گەورە
هێندە بێ ڕەحمە تۆش بسووتێنێ
داوای لێ بوردن دەکەم ڕەنگە شیعرەکەم بە تەواوی لەبیر نەمابێ و ئەگەر هەڵەم کردبێ بە گەورەیی خۆتان بمبەخشن.
هەروەها گوتی: ئەو ماوەیە کەمێک نەساغ بووم. چوومە لای دکتۆرێک بە ناوی ( حقی عبدالکریم ). کە نۆرەم هات چووم و بە عەڕەبییەکی شەقو شڕی کەلوپارچە دەمویست تێی گەیەنم. لەو کاتەدا فەڕاشەکەی هاتە ژوورەوە و دکتۆر بە کوردی قسەی لەگەڵ کرد. گوتم دکتۆر دەبەرت مرم خۆ دەبوایە بەو فڵتە فڵتەی بتزانیبا من عەڕەب نیم. ئینجا بە کوردی بۆم باس کرد و گوتم, جارێ پێت ناڵێم ناوم چییەو خەڵکی کوێم. بەڵام چەند بەلەش نەخۆشم زۆر لەوە زیاتر لە ناخەوە نەخۆشم. ئیدى دکتۆر تیشک و هەندێک ئازمایشی بۆ نووسیم و گوتی ئەوانە تەواوکە و بۆم بێنەوە. تومەز دکتۆر شەو دواى تەواو بوونی دەچێ بۆ یانەی کوردان و باسی منیان بۆ دەکا ( وەک بۆ سبەینێ کە چوومەوە لاى گوتی ) و کە وەسفم دەکات, هاوڕێکانی دەڵێن هەبێ و نەبێ ئەوە هێمن بووە. بۆ بەیانی کە چوومەوە لای, چاوەڕوانی نۆرەم دەکرد. بە ڕیککەوت بەرانبەر دەرگای ژوورەکەی دانیشتبووم. دەرگا کرایەوە و منی بینی و هاتو ڕووى لە خەڵکەکەی ئەوێ کرد و گوتی: نەڵێن دکتۆر نۆرەبڕی دەکا, ئەمە باوکمە و بانگی کردم و کە دانیشتم گوتی: سەلامەت بێ تۆ بۆچی دوێنێ خۆت لێ نەناس کردم. سەیری ئەنجامی پشکنینەکانی کرد و گوتی شتێکی وانییە مایەى مەترسی بێ. ئینجا ڕاچێتەیەکى نووسی و 10 دینارییەکی دا بە فەڕاشەکەی و گوتی بڕۆ ئەو دەرمانانەم بۆ بێنە. کە دەرمانەکانی هێنا پێی گوتم چۆنیان بەکاربێنم و دواى ئەوە سەرێ لێ بدەمەوە. گوتیشی خۆم بە شەرمەزار دەزانم کە دوێنێ سێ دینارم لێ وەرگرتووی و حەزدەکەم بۆتی بگێڕمەوە, بەڵام من قبووڵم نەکرد. ئینجا چاوی گێڕاو دەستی دایە قەلەم پاندانە شیفەرزەکەی و گوتی حەز دەکەم شتێکت بە دیاری پیێشکەش کەم و ئەم قەڵەمە با دیاریی من بێ تا هەر شیعری بۆ کورد یپێ بنووسی.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت