عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی بیست و دوو.

ڕێز لێنانم لە مەڵبەندی کۆییانی ماڵەباوان لە سلێمانی
کاک حەمە عەباس ( هەڵوێست ) لە فێس بووک شتێکی بڵاوکردبووەوە لە بارەی کوردیزانێکی مۆدێڕن. دەڵێ باسی بزن دۆشینی دەکرد و لێکدا لیکدا دەیگوت پڕۆسەی بزن دۆشین بە ڕادەیەک من پڕۆسەم لێ بوو بە پرسە. من دەڵێم گوناحە هەندێک نەزانی نەشارەزا لە داب و نەریت و ژیانی لادێ باسی هەندێک شت بکەن کە نەیاندیوە و لیی نازانن. ئەوەی من بیزانم کورد لەم ڕووەوە دەڵێ: مەڕدۆشین, بزن دۆشین, مانگادۆشین و پێویست بە پڕۆسە ناکات. گۆرانییەکی فۆلکلۆری دەڵێ:
ئێوارە وەختە مانگای دەدۆشی| پێمگوت بۆ ماچێ خۆی دادەپۆشی
ئینجا خۆ ئەگەر بە قسەی ئەو جەنابە بێ دەبێ بڵێین: ئێوارە وەختە پڕۆسەی مانگا دۆشینی ئەنجام دەدا.
جارێکیان هەندێک ژنی خزمی خۆمان بەسەردان چووبوون بۆ کانی وەتمان. بەیانییەکەی بزنیان دۆشیبوو و ئەوانی ئێمەش خۆیان هەڵخڕاندبوو بۆ یارمەتی دانیان و یەکێکیان گونی نێرییەکی گرتبوو بیدووشێ . ژنی خانەخوێ پێی دەڵێ : کچێ ئەوە تۆ چی دەکەی, ئەوە نێرییە خۆ بزن نییە, ژنە میوانەکەش گوتبووى, چووزانم هەموویان بنێشتى دەجوون. تومەز کاوێژ کردنی بە بنێشت جوین زانیبوو و گونی نێرییەکەش بە گوان.
ئێمەی نەزان دەبێ لەمەودوا بچینە لای ئەو زانایەی ئاخرزەمانە فێری پڕۆسەی نووسین و پڕۆسەی قسەکردن و پڕۆسەی نان خواردن و پڕۆسەی ڕۆیشتن و پڕۆسەی هەستان و دانیشتن و چەندان پڕۆسەی دیکە بین. بۆ خوا بەو زانا دەڵەمەیە دەڵێم قسە مەکە لەو جۆرە بابەتانەی لێیان نازانی. یان بڕۆ بۆ خۆت فێری کوردی بە ئینجا قسە بکە. تکات لێ دەکەم تۆش وەک ئەوانی دیکە ئەو زمانەمان لێ مەشێوێنە. لە شیعرێکمدا دوور لە ڕووی ئەو کەسە گوتوومە:
زمانی کوردی چەندی بڵێی شیرین وجوان و بێ گەردە
خەریکە وا دەیشێوێنێ ئەو نەزانە ئەستۆ وردە
کوردێ زمانی خۆی نەزانێ دیارە ناپاک و نامەردە
هەر وەک حاجی قادر دەڵێ بێ گومان بە زۆڵە کوردە
پێرێ 13- 3 سەنتەری کۆییانی ماڵە باوان ڕێوڕەسمى ڕێز ڵێنانێکیان بۆ ساز کردم. سوپاسیان دەکەم بۆ ئەو ئاوڕ لێدانەوە ئەو و لوتفەی بەرانبەر بەمن نواندییان. لەوەتی ئەو سەنتەرە کراوەتەوە بە دەست پێشخەریی دکتۆر دڵشاد محمد خدر کە هەندێک لە کۆێێە چالاکی وەک کاک قوباد جەلیزادە و خوا لێ خۆشبوو محمود تایەر سادق بوونەوەو شانیان دایە بەر کارەکەو ئەو سەنتەرەیان کردەوە بۆ چاو پێ کەوتن و دیدارى دۆستانەی نێوان کۆییەکانی دانیشتووی سلێمانی. ئەوەی تێبینیم کردووە ئەو کەسانەی لەناوچەیەکەوە هاتوون بۆ سلێمانی هەوڵ دەدەن لە گەڕەکێک یان ناوچەیەکی لێک نزیک نیشتەجی بن , بۆیە هەمیشە لێک نزیکن . بەڵام ئەوە بۆ کۆییەکانی دانیشتووی سلێمانی نەڕەخساوە و لە گەڕەک و ناوچەی جیا جیا نیشتەجێ بوون , بەڵام لێک دانەبڕاون و ئاگایان لە یەکدی هەیە و کوردایەتی و کۆییاتییان بە کۆییاتی خۆییاتییەوە گرێ داوە . سروشت و خەڵکی سلێمانی و کۆیە زۆر لێک نزیکن و تەنانەت ئاوهەواو هەڵکەوتە جوگڕافییەکەشی . ئەوەتا سڵیمانی لە دامێنی گۆیژەو ئەزمڕە و کۆیەش لە دامێنی هەیبەسوڵتان و چنارۆکە و لەڕۆژئاواشیەوە باواجی . وەرە تۆ سەیری ڕەشەبایەکەشیان بکە کە هەڵ دەکات , هى هەردوو لا , گا بە بارەوە هەڵدەگرێ , جگە لە بارە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکەیان کە ئەوە هەر زۆر لێک نزیکن .
لەمێژە خەڵکی کۆیە ڕوویان لە سلێمانی کردووە و نیشتەجێ بوون و خەریکی کارو کاسبیی خۆیان بوون. ئەوەی دەزانرێ یەکێک لە ناودارەکانی شاری سلێمانی ( کەریمی عەلەکە) ی دیان ( مەسیحی )ی هەرمۆتەیە کە گوندێکە نزیکەی نیو سەعات لە کۆیەوە دوورە و ئێستا گەڕەکێکی کۆیەیە. ئەلیاس پەتڕۆسی گەورە بازرگانی ناوچەی کۆیەو باوکی کەریمی عەلەکە لە سەردەمی عوسمانییەوە هاتۆتە سلێمانی بۆ برەودان بە کارە بازرگانییەکەی، چونکە ئەوسا سلێمانی دواى کەرکو , یەکێکە بووە لەشارە گەورەکانی کوردستان و مەیدانی کاری بازرگانیی تێدا فراوان بووە. لە سلێمانی برەوی بە کارەکەی داوە و هاتوچۆی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووەو ڕایەڵی پەیوەندیی بازرگانیی بەناو شارەکانی ئەو بەشەى کوردستاندا بڵاو کردۆتەوە, بە تایبەتیش شاری سنە. پیاوێکی خێرخواز و مرۆڤدۆست بووە و کاری چاکەی زۆری کردووە. منداڵەکانی هەموویان لە سلێمانی لە دایک بوون و کەریم کوڕە گەورەی بووە دوای کۆچی دوایی کردنی ئەو پیاوە خێرخوازە, کوڕە گەورەکەی کە بە (کەریمی عەلەکە ) بەناوبانگ بووە, جێی باوکی گرتۆتەوەو ئیش کارەکانی زیاتر برەو پێداوە و پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ گەلێک ناوچە هەبووە, بە تایبەتی بەغدا و بە کەڵەک بابەت و کەلوپەلی بۆ بەغدا ناردووە و لە وێشەوە کەلوپەلی پێویستی بۆ سلێمانی هێناوە. کەریمی عەلەکە کاری زۆر باشی کردووەو منداڵ و نەوەکانی ئێستا لە سلێمانی جێی ڕێز و خۆشەویستیی خەڵکی سلێمانین وناوی باوک و باپیریان هەر بە زیندوویی هێشتۆتەوە.
یەکێکی دیکەی کۆیی کە هەر لە سەردەمی عوسمانی هاتۆتە سلێمانی ( تەها عەبدوڵلا ) ى ناسراو بە تەها کۆیی بووە و لەساڵی 1894 هاتووە بۆ سلێمانی خەریکی تووتن و جگەرەفرۆشتن بووە. سەعیدى کوڕی لە ساڵی 1909 لە سلێمانی لە دایک بووە و کە پێ گەییوە ئەویش هەر خەریکی کاسبی بووە , بەڵام بەلای تووتن و جگەرەوە نەچووە و چایخانەی داناوە و ماوەیەکیش لە 1948 ـــ 1968 گەراج و نەقڵیاتی نێوان کەرکوک و سلێمانی هەبووە و هەر لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و ناوچەیەکى بازاڕ لای مزگەوتی شێخ سەلام هەر بەناوی سەعەی تەها کۆیی بەناوبانگە و ئێستا کاک حاجی کەریم و کاک کەمالی کوڕی دوو پیاوی ناوداری شارن.
دوای ئەوە کویی دیکە ڕوویان لە سلێمانی کردووە, لەوانە حاجی تایەر کە محمد و قادری کوڕی ڕۆڵێکی گرنگیان لە بزووتنەوەی سیاسی, بە تایبەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا گێڕاوە . ئینجا با ئاوڕێک لە حاجی مەلا عەبدوڵڵا ( خادم )ى شاعیر بدەینەوە کە دوکانەکەی مەڵبەندی شاعیران بووە چونکە خۆشی شاعیر بوو. یەکێکی دیکە کە لە ساڵی 1942 ی سەدەی ڕابوردوو هاتووە بۆ سلێمانی ( سابیر عەتار)ە. ئەو پیاوە لە ئەنجامی تێک گێرانی لەگەڵ ئاغایەکی دەستڕۆیشتووی کۆیە بە کوشتنی یەکیک لەپیاوە دڕندەکانی ناچار دەکرێ کۆیە جێ بهێڵێ و ئەویش سلێمانی بە داڵدە و پەناگە زانیوە و سەرەتا چۆتە قەڵادزێ و دوای ئەوە لە سلێمانی جێگیر بووە و هەر لێرەش کۆچی دوایی کردووە . ئێستا منداڵ و نەوەی ماون و هەموویان کەسانی دیارو بەڕێزی ئەم شارەن.
ئینجا محەمەد خدری باوکی دکتۆر دڵشاد و گەلێکی دیکە کە بۆم ناکرێ ناوی هەموویان بنووسم. خۆشم, بەندەی موخلیستان هەر وەکو مام جەلالی نەمر دەیگوت, ئەوە لە ساڵی 1964ەوە دوای ئازاد کرانم لە بەندیخانە کە دوو ساڵ مامەوە, گوێزرامەوە بۆ سلێمانی و ئەوە پەنجاو هەشت ساڵە لە سلێمانیم.
سەنتەری کوییانی سلێمانی کە ناوم ناوە ماڵە باوان کە بەداخەوە من پێش ئێستا نەمتوانیوە سەردانیان بکەم, دەست پێشخەرییان کرد و بە تایبەتی دکتۆر دڵشاد محەمەد کە خۆبەخشانە ئەو مەڵبەندە بەڕێوەدەبات و شاعیری هەست ناسک کاکە قوباد جەلیزادە, لە ڕۆژی 13ى 3 سەعات 3ی دوای نیوەڕۆ ڕیوڕەسمی ڕێز لێنانێکیان بۆ ساز کردم لە بارەگای سەنتەرەکە و بەشێکی زۆری کۆییانی سلێمانی بە ژن و پیاوەوە بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە بوون. سەرەتا دکتۆر دڵشاد محەمەد بەخێر هاتنی ئامادەبوانی کرد و وەک برازایەکی بە ئەمەک باسی منی کرد. ئینجا کاک ڕابەری سەید برایم بە پەخشانێکی ناسکی شیعر ئامێز ئاهەنگەکەی ڕازاندەوە کە لوتفێکی زۆری بەرانبەر من نواند و نازانم چۆن سوپاسی بکەم. دوای ئەوە من بە کورتی باسی هەندێک قۆناغی ژیانی خۆم و تێکەڵ بوونم بە ڕەوتە ئەدەبییەکە کرد و کاکە قوبادى جەلیزادە کە لە لامەوە دانیشتبوو پرسیاری لێ دەکردم و زۆر جارهەندێک شتى بیر دەهێنامەوە. لەو بۆنەیەدا گەلێک کەسم بینی کە لە مێژ بوو نەمدیبوون, یان هەندێکیانم هەر لە دوورەوە لەسەر فێس بووک دیبوو. ئەوە بۆ من بۆنەیەکی زۆر خۆش بوو دوای بۆنەی ڕێز ڵینانم لە لایەن کاک عەتا مەحمودی خاوەنی چاپخانەی کارۆ کە ئەویش خەڵکێکی زۆری لە دەورم کۆکردەوەو لەبەر بارودۆخی تەندروستی ڕێوڕەسمەکە هەر لە ماڵی خۆمان بەڕێوەچوو. ئەو ڕۆژە کاتێکی خۆشمان لە سەنتەری ماڵە باوانی کۆییان بۆ ماوەى سێ سەعات بە خۆشی بردەسەر و لەگەڵ زۆربەی ئامادەبوان وێنەی زۆرمان بۆ یادگاری گرت. سوپاسی هەموو ئامادەبوان دەکەم کە لوتفی زۆریان بەرانبەرم هەبوو, بەتایبەتی ( عەمید ئامینە شێخ ئەحمەد شێخ محەمەد ) کە پێشتر بە خزمەتی نەگەییبووم فەرمووی پێم خۆشبوو لە نزیکەوە عەبدولکەریم شێخانیم ناسی, زۆر سوپاسی دەکەم. ئەو بۆنەیەش ڕۆژێکی گەش و پڕشنگدارە لە ژیانم و سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە لوتفیان بەرانبەرم نواند.

 

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies