مەحمود عەبدوڵا: یەکگرتویی چەکە تاقی نەکراوەکەی کورد.

بەدرێژایی مێژوو کورد جەنگاوەری باشبوون، پێویستناکات ناوی ئەو نوسەرو مێژونوسانە ڕیزبکەین کە وەها دەڵێن. ڕەنگە هەموشمان داستانەکانی ئازایەتی کوردمان لەیادەوەریدابێت، داستانی قەڵای دمدم لە ڕابردودا نمونەیەکی بەرچاوە، لەسەدەی بیست و یەکیش داستانەکانی گارێ و کۆبانێ نمونەی زیندو و بەرچاون. بەڵام هەموو داستان و ئازایەتیەکانی ڕابردومان، چونەتە خانەی شەڕی خێڵەکی نەک نەتەوەیی، چونکە هیچ کات هزری سەرکردەکان سنوری بەرژەوەندی حیزب و خێڵی نەبڕیوە. شۆڕشەکانی کوردیش زیاتر بنەماڵەو دەرەبەگە گەورەکان سەرکردایەتیان کردووە. ئەمەش وایکردووە، شۆڕشەکان سروشتێکی پارچە پارچە و لێکدابڕاویان هەبێت، و دژی یەکتر بکەونەوە، بەحەقەت ناوی شۆڕش یان بەبەردا نابڕێت، تەنها یاخیبون و ڕاپەڕینی کاتی و کاردانەوە بوون. هزرێکی ڕۆشنیان لەپشتەوە نەزووە، زیاتر مەیلی دەسەڵات خوازی شێخ و دەرەبەگ و بنەماڵە بووە. هەربۆیە هیچ کات داخوازیەکەیان لە ئۆتۆنۆمی تێنەپەڕیوە، دیارە ئۆتۆنۆمی ڕێک داخوازی سروشتی سەرکردە فیوداڵەکانی کوردبووە، لەگەڵ بەرژەوەندیان گونجاوە. بۆیە دەتوانم بڵێم پارچە پارچەبونی ڕاپەڕینەکان یەکنەگرتن دەرەنجامی ئەودابەشبونە سروشتیە ی سیستەمی کۆنی دەرەبەگییە،کەماوەتەوە. ئێستاشی لەگەڵدابێت هەر سەرکردەیەکی خێڵەکی ئامادەیە لەسەر حیسابی شۆڕشی بەشەکانیتر تەمەنی دەسەڵاتی خۆی درێژبکاتەوە، باشور نمونەیە کی ڕۆشنە، بۆ ئەو دابەشبونە سروشتیە.
لە کۆنگرەی ئاشتی سەرۆکی ئەمریکا وتبوی کوردەکان وەک خۆیان دەمێننەوە”واتا دەوڵەتیان نابێت” چونکە خێڵ و عەشیرەتن و پارچە پارچەن. دیارە ئەوە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە، ئەقڵیەتی ناسیۆنالیزمی سەرەتایی، سەرەڕای بانگەشەکانی، بەڵام دژی ماف و ئازادی گەلی کوردە. بە پێی سروشتی بەرژەوەندیەکانی،ناسیۆنالیزمێکی خێڵەکی ناوچەیی بێ فیکرو دەستەمۆ و گرێدراو بەناوەند و ناسەربەخۆ یە. ئەمە دەرەنجامی ناهۆشیاری گەلە، کە بەردەوام دوای داخوازی و بەرژەوەندی سەرکردە خێڵەکیەکان کەوتووە و بەو پارچە پارچە بونە ڕازیبوە و کەوتوەتە ژێر کاریگەری گوتاری ناسیۆنالیزمی سەرەتایی. ئەم سەرکردانە هەریەکەیان ناوچەیەک بە موڵکی خۆیان دەزانن،تەنانەت حیزبەکانیش هیچ نین لەئامرازێک بۆ ڕامکردنی خەڵک بۆ ئەو ئەقڵیەتە دەرەبەگیە ناوچەییە. بۆ پارتیەکی کوردستان، واتا ناوچەی ژێردەسەڵاتی پارتی. بۆ یەکێتیش بەهەمان شێوە. ئیدی بێ گوێدانە ئایندە و بەرژەوەندی نەتەوەیی، تەنانەت ڕۆشنبیرە دەربارەکانی حیزب لەو حەقڵیەتە تێپەڕنەبوون و درێژە بەکلتوری سیاسەتی نزم دەدەن و ڕەوایەتی پێدەدەن. بۆنمونە تورکیا لەشکرکێش دەکات بەڕەزامەندی پارتی دەنگیان لێنایەت، بەڵام حەسەن پلایس قسەیەک بکات داوادەکەن خەڵک بێتە دەنگ و ڕوبەڕوی دوژمنن بزنەوە! بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوەی پێی دەوترێ ڕۆشنبیر و ئەکادیمی، لەژێر کاریگەری و ویستی سەرکردە عەشایەریەکان دەجوڵێتەوە و ناچارە وەک نەخوێندەوار بڕوانێتە کێشەی کورد، ئەگینا نان بڕاو دەبێت. ئەوەی خوێندەوار و ئەکادیمی لەدەوری حیزبەکانی باشور کۆکردۆتەوە جگە لەپارەو بەرژەوەندی کەسی هیچیتر نییە.
هیچ ڕۆشنبیرێک بەتەواوی لەو مێنتەلێتە خێڵەکیە ناوچەییە تێپەڕ نەبووە. ئەم مێنتەلێتەوایکردوە کە سەرکردە خیانەتیش بکات لەکاردانەوە نەترسێت،چونکە سەرکردە لێرەدا وەک باوکە لەپێناو بەخێوکردنی خێزانەکەی دەبێتە جاش، ئیتر خێزانەکە دەنگ ناکەن،گرنگ ئەوەیە بەخێویان بکات. بۆچی یەکگرتن گرنگە و چۆن دەبێت؟
تەنانەت لەناو حەیواناتیش کاتێک مەترسی هاوبەش هەبێت جۆرێک هەستی لەسەریەککردنەوە دروست دەبێت لەناویاندا، لەناو هەموو میللەتاندا ئەوە بەدیدەکرێت کە بەرژەوەندی گشتی لەپێش بەرژەوەندی خێڵ و گروپ و حیزبێکەوە یە. هەربۆیە لە کاتی مەترسی دەرەکی جۆرێک یەکگرتن هەیە، و داخوازیە تایبەتیەکان کەمتردەبن. بەڵام لەناوکورد بەپێچەوانەوەیە هەتا مەترسی دەرەکی هاوبەش هەبێت ئاستی خیانەت بەرزتردەبێتەوە.
بێگومان بەهۆی ئەم مێنتەلێتەوە کەباسمکرد، سەرکردە خێڵەکیەکان، بنەماڵە کان، ئیرەیی سیاسیان نییە. واتا خۆیان بەراورد ناکەن بە سەرکردەی میللەتانیتر، بەڵکو خۆیان بەراورد دەکەن بەیەکتر،ئەمەش هەستی ئیرەییان دەجوڵێنێت و دەگاتە ئاستێک کەخیانەت بکەن لەپێناو بچوککردنەوەی ڕکابەر و سەرکردەیەکیتری ناوخۆ. هەربۆیە دەبینین زۆرێک لە سەرکردەکان بەدرێژایی مێژوو بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ داگیرکەران پێک دێنن. بەڵام ناتوانن هیچ خاڵێکی هاوبەش کۆیان بکاتەوە لەناوخۆدا،و دوژمنایەتیەکە قوڵتر دەبێتەوە، تا ئاستێک کە شەرمەزاری گەورە بەسەر گەلدا دێنن. بەدرێژای مێژووی کورد، هیچ داگیرکەرێک هەرچەند بەهێزبوبێت، بە ئەمڕۆشەوە کەتورکیا هێرش دەکاتە سەر قەندیل، نەیتوانیوە بەتەنیا سەرکەوتوبێت. بۆیە بەر لە هێرشەکان دەستدەکەن بەمانۆڕی سیاسی و ئەوەی هێرشی دەکەنەسەر تەنیا دەمێننەوە. هەمومان ئەوە دەزانین بەچاوی خۆمان دەبینین، کە پارتی لەم هێرشانەدا هاوکارە لە ئاستی عەسکەری، سیاسی،میدیایی، تا ئابوریش پشتیوانی بەهێزی تورکیایە. ئەمە بۆ؟ تەنها نەبونی ئیرەیی سیاسی بەرامبەر داگیرکەران و هەبونی ئیرەیی سیاسی لەناوخۆدا بەرامبەر بە سەرکردەکانی پەکەکە، یانی لە مێنتەلێتی حیزبەکانی باشوردا ، هەبونی تورکیای فاشیست باشترە لە پەکەکە بۆچی؟ چونکە بەر لەهەرشت پەکەکە هێزێکی فیکریە، و بنەماڵەیی نییە، بەڵام داگیرکەران هەمیشە هەوڵی مانەوەی بنەماڵەو خێڵ دەدەن، چونکە هەمیشە دەتوانن خێڵێک دژی خێڵێک بەکاربێنن، وە دەزانن کە ئەم بنەماڵانە بە ئاقڵی دادەنیشن هەرکاتیش بیانەوێت چەپۆکێکیان لێدەدەن. بەڵام گەر لەسەرانسەری کوردستان گەل هۆشیاربێت، سنورەکان ببڕێت، لەیەک کاتدا لە کوردستان و جیهان ناڕەزایەتی و شێوازەکانی بەرخدان هەبێت ئەوە دەبێتە ڕۆژی حەشر بۆ ئەوداگیرکەرەی هێرش دەکات. بەڵام ئێمە دەبینین ئەمڕۆ بەئاشکرا هەندێ ڕابەری دینی خیانەت دەکەن و کوردانی باکور هاندەدەن، بۆ پشتیوانی ئەردۆگان!ئەمەش واتا هاوبەشیکردن لەتاوانەکانی ئاکەپە بەرابەر کورد. هەموشمان دەزانین کە دواجار هەدەفی تورک نەهێشتنی ناسنامەی کوردە، ئیدی تەنها کوردی نۆکەریان قبوڵە، وەک سەردەمی سوڵتان سەلیم کە بە مەلا ئیدریسی دەگوت: نۆکەرە خۆشەویستەکەم.
بۆیە خێڵ و دین لەڕاستیدا گەورەترین کێشە و گرفتی بەردەم ئازادی گەلەکەمانن. هەمیشە داگیرکەران لەڕێگەی ئاین و خێڵ کورد هەڵدەخەڵەتێنن و دابەشی دەکەن. وەک ئۆجالان دەڵێت: ناسیۆنالیزمی سەرەتایی نازانێت چۆن دەبێت بەهی خۆی، شەڕ بۆکێ و بوچی دەکەن.
ئەگەر سەیری مێژوبکەین، لەڕاستیدا ئەوە خۆمانین ڕێگە دەدەین بە داگیرکاری و جینۆساید، لە هەموو پەلامارەکانیشدا کورد خۆی بەشدارە، ئەوەتا ئەمڕۆ لە زاپ و مەتیناو شوێنانیتر پەدەکە هاوکاری تورکیایە،لەڕۆژئاوا هاوکاری بوو ،لەشەنگال هەروەها.
بۆیە ئەم ئەقڵیەتە سەربەخۆیشی بدەیتێ، لەدەستی دەدات، وەک نیچە دەڵێت: هەرکیانێک ئیرەیی سیاسی نەبێت لەناو دەچێت.
یەکگرتوی، هێزێکی تاقینەکراوەیە، ئێمە هەمو شتێکمان تاقیکردەوە، ئەنجام هەرەس و تێک شکانە، تەنها یەکگرتویی هێزی تاقینەکراوەیە، تا یەکگرتونەبین،خۆمان بەشێک دەبین لەشکستەکان، پێویستە گەل هۆشیاربێتەوەو ناسیۆنالیزمی سەرەتایی تێپەڕێنێت. ئێمە دەڵێین هێزو چەکمان نیە، بەڵام لەڕاستیدا هێزی یەکگرتویی، هەستکردن بە هاوچارەنوسی، تێپەڕاندنی ئەقڵیەتی خێڵەکیانە هێزێکە دوژمنان تەسلیم دەکات بەئیرادەی ئازادی گەل. من لەوە دڵنیام ناسیۆنالیزمی سەرەتایی ئەوە ناکات، لە گەڵ هێزی وەک پەکەکە ناگاتە لێک تێگەیشتن، ئاستی فیکری سیاسیان ناگاتە ئەو ئاستە، بەڵام دەبێت گەل ناچاریان بکات. هەربۆیە نەک ئەمڕۆ و سبەی، سەدساڵیتریش ئەم چینە فیوداڵ و خێڵەکیە ناگاتە ئاستی کوردی ئازادو لەبەشێکدا درێژە بەژیانی خۆی دەدات، لەسەر حیسابی بەشەکانیتر. بەداخەوە ئەوەی هۆکاری مانەوەی ئەم دۆخە پارچە بووە، ئەقڵیەتی ڕۆشنبیرانە کە بەردەوام حیزبیانە و ناوچەییانە بیردەکەنەوە، ئەوانیش دنیابینیان بچوکە،تەنیا ئەوەیە لەخەڵکە ڕەشۆکیەکە جیاوازترن، بەهۆی ئەوەی دەتوانن پاساو بۆ لایەنداریان بێننەوە لەژێرناوی ڕەخنەدا. ئەڵبەت ئەوان سەبەبن بۆ ئەوەی جیهانبینی پەکەکەو پارتی بەراورد بکەن، هەڵەو خیانەت بەچاوێک ببینن. سەرکردەیەکی نەخوێندەوار و بیرمەندێکی جیهانی بێننە یەک ئاست و بەراورد بکەن،دیارە ئەمە ڕوکەشە، ئەگینا دنیابینی پەکەکە و پارتی ئاسمان و ڕێسمان جیاوازن. هەندێ بەناوخوێندەوار لەژێر ناوی نا ئایدیۆلۆژی بون، دژایەتی شەخسپەرستی دژایەتی پەکەکە دەکەن، بێ ئەوەی بتوانن بیسەلمێنن کە وەهایە. کوێرانە دژایەتی هەرچەشنە دونیا بینییەک دەکەن! لە کاتێکدا ئێمە لەقۆناغێکداین،کە پێویستمان بە هاوفیکرییە لە ئاستی داگیرکەران، ئێ کێ دەتوانێ ئەمە بکات؟ کام ڕۆشنبیر لەدەرەوەی حیزبەکەی دەخوێندرێتەوە؟ پاشان چ گەلێک بێ ڕێبەرێکی فیکری گەورە دروستبووە؟!مەعقوڵە ڕۆشنبیری کورد بێت کورد بەراوردی ئەمرکی و ئەوروپی بکات؟ هەموگەلێک لەکاتی دەرکەوتنیدا سەرەتا ڕابەرێکی فیکری هەبووە؟ ئێمە ئەوقۆناغەمان تێنەپەڕاندووە، تا فیکری بلاومان کۆ ببێتەوە وبزانین چیمان دەوێت. دەبێت ئەوە بزانین کە جیاوازی هەیە لەنێوان ئەوەی پێویستە و ئەوەی دەبێ هەبێت؟ ئەوەی پێویستە لەو قۆناغەدا یەکگرتویی و هەستکردنە بەهاو چارەنوسی و کۆبونە وە لەژێر سایەی فیکرێک کە ڕزگارمان دەکات، چونکە لەڕاستیدا ئەو فیکرەیە کە کەسێتیە کۆنەکەی کورد دەکوژێت. تۆ سەیربکەن ئەوەی لەزاپ ڕودەدات موعجیزەیە بێ وێنەیە، بەڵام بەداخەوە سەیردەکەین بە ڕۆشنبیرو حیزب بەمیدیاکەشەوە خۆیان ناکەنە خاوەنی، تەنانەت باسێشی ناکەن؟ بۆچی؟ ئەمە پێمان دەڵێت ئەم میدیایە سەربەخۆنیە و حیزبییە. خۆ کەڕ کردن لەئاست ئەم شەڕو ەرخۆدانە مەزنە خیانەتێکی بێدەنگە. باشوری کوردستان کە ڕۆشنبیری هەبوایە،ئێستا باشور زۆر جیاوازدەبو، دەبوە بەهەشت بۆ شۆڕشگێڕان، بەداخەوە لە سایەی ئەو ئەقڵیەتە بۆتە جەهەننەم و ئەوەی دوژمن لەقەندیل دەیدۆڕێنێت،لەباشور قەرەبوی دەکاتەوە.

 

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies